بانگەوازێک بۆ ئەو مامۆستاو مەلا بەڕێزانەی کە ویژدانی خۆیان کپ ناکەن
Wednesday, 02/03/2011, 12:00
تکایە ئەم هەینیە لە مەیدانی ئازادی نوێژی هەینی بکەن.
دوعا بۆ ڕیژوان و زمناکۆ و شێرزاد و سورکێو و گەرمیان و شەهیدەکانی تر و بریندارەکان بکەن.
رۆژی یەکەمی مانگی سێ لە سایتی ئاوێنە بابەتێکم خوێندەوە بە ناونیشانی:
" وەزارەتی ئەوقاف: نوێژەکەی سەرای سلێمانی بەتاڵە".
تیایدا هاتوە کە مەریوان نەقشبەندی وتویەتی:
" نوێژی ئەو کەسانەی لە دوای مامۆستا محەمەد نەسروڵاوە دەیانکرد بەتاڵە، چونکە لەرووی شەرعەوە هەر خوتبەیەک فیکەو چەپڵەڕێزانی تێدابێت، نوێژی هەموو ئەو کەسانە بەتاڵ دەبێت".
دیارە ئەم قسانەی لە هەولێرەوە کردوە.
من پرسیارێک دەکەم: ئایا مەریوان نەقشبەندی سەرچاوەی داهاتەکەی لە کوێوەیە؟ لە بیرێتی خەتیبێک هەبوو لە سلێمانی قەرەداغی بوو؟ ئایا لەبیریشێتی کە لە شارەزور مەلایەک هەبو ناوی مەلا محەمەدی شارەزوریی بو؟
مەریوان من دڵنیام تۆ لەو کەسانەی کە بەرد ناخەیتە بیرێکەوە کە ئاوی لێ دەخۆیتەوە. جا ئەو بیرە گەر پیسیش بوبێت و نەخۆشی تاعونیش بڵاوکاتەوە.
من لە بیرمە موسڵمانان دەیانگێڕایەوە کە یەکێک لە خەلیفە بەرێزەکانی موسڵمانان خەریکی نوێژکردن دەبێت کە دێن بیکوژن. پێشی دەزانێت کە دێن شەهیدی بکەن، بەڵام دەست لە نوێژەکەی هەڵناگرێت. ئایا ئەو نوێژە دروست بو لە کاتێکدا دەیزانی کە جەریمەیەک بەڕێوەیە؟
تۆ لە هەولێرەوە بەیانەکەت بڵاوکردۆتەوە.
ئێمە ئەمرۆ دەزانین کە لە هەولێر ترس لە سەر ژیانی هەرکەسێکە کە لە دژی خوێنڕشتنی مناڵەکان، و لە دژی گەندەڵیەکەی دەسەڵاتدارانی ئەوێ قسیەک بکات. دەشزانین نمونەی خەتیبەکەی سلێمانی، کە خەتیبی بەعس بو و سەر بە ئەوقافی ئەوسا بو، هەن و لە هەولێر و سلێمانی و شوێنانی تریش.
تۆ ڕەخنە لەو سەرچاوەیە ناگریت کە نانت دەداتێ، و منداڵانی موسڵمانی بە گوللە قەتڵوعام کردوە، کەچی خەمی هەرە گەورەت ئەوەیە ئایا ئەو نوێژەی سەرا دروستە یان نا.
رۆژانە ملیۆنەها نوێژ دەکرێت کە دروست نین.
ئەمرۆ کە مەلا محەمەد دێت و ویژدانی خۆی نافرۆشێت و دژی خوێن ڕشتنی موسڵمانان قسە دەکات، ئەمرۆ کە مەلا محەمەد دێت و هەزاران گەنج کە لە ژیانیاندا نوێژیان نەکردوە بەهۆی ئەوەی خەزێنەداری پاروە چەورەکەت نوێژی لەبیر بردونەتەوە، ئەو دێتو فێری نوێژیان دەکات، فێریان دەکات کە ئیسلام لەگەڵ حەق و لایەنگری ستەملێکراوانە.
تۆ دێیت و بە ئەمری ئاغاکانت خەریکمان دەکەیت بەوەوە کە ئایا ئەو نوێژە دروستە یان نا. دەتەوێت ماناو ئەساسی ئەو کۆبونەوەیە لەبیر خەڵک ببەیتەوە، دەتەوێت پەیامی ئاغاکانت بگەیەنیت کە هەر مەلایەک لایەنی غەدرلێکراوانی گرت ئەوا رێگەپێدراو نیە. ئەوە من تەنیا بە یەک شت لێی تێدەگەم. تۆ لە هەولێریت و پشتی پیاوکوژەکان دەگریت. یان ناچاریان کردویت وا بڵێیت.
دواجار من لەبەر ئەوەی کەسوکارم هەمویان موسڵمان بون و هەمیشە گوێم لێ بوە کە خوا گەورەیە، ئەوا خوا تەنیا خۆی دەزانێت و بڕیاردەدات کە ئایا ئەو نوێژەی سەرای ئازادی دروستە یان نا. تۆ و کەسی تر ناتوانن بە هیچ بەڵگەیەک پێمان بڵێن ئەو نوێژە قبوڵ نیە. تەنیا خوا خۆی ئەوە دەزانێت و هەڵی دەگرین بۆ رۆژی پاداشت. تۆ ناتوانیت بە ناوی خواوە قسە بکەیت. ئەستغفیرەڵا.
ئەوا باسی خەتیبمان کرد کە چۆن ئاینی پیرۆزی ئیسلامی بەکاردەهێنا بۆ حەڵاڵ کردن و بە شەرعی کردنی کوردکوشتن. ئەویش سەر بە ئەوقاف بو.
لە هەمان کاتدا مەلایەک هەبو ویژدانی خۆیی و ئاینی ئیسلامی نەدەفرۆشت و بە ئاشکرا و بە بێ ترس لە زەمەنی بەعس و سەدامدا کە ئیسلام کپ دەکرا، ئەو دەهات و لە نان بڕین نەدەترسا، ئەو هات و ویژدانی خۆی مورتاح دەکرد و فەتوای ئەوەی دەدا کە بەعس زۆردارە. وەکو مەلا محەمەد نەسروڵای بەڕێز هەزاران گەنجی فێری نوێژو ئیسلامەتی دەکرد.
ئەمرۆ تۆ لە نمونەی کامیانیت؟
بانگەوازی من وەکو موسڵمانێک بۆ هەمو ئەو مەلا بەڕێزانەی کە سەر بە ئەوقافن و دەیانەوێت ویژدانیان مورتاحکەن، ئەوەیە با ئەم هەینیە وەکو بەڕێز مەلا موحەمەد بچن بۆ مەیدانی ئازادی و نوێژ بە خەڵک بکەن. داوا لە هەمو مانگرتوەکانیش دەکەم کە ڕێنماییەکان بە جێبهێنن و فیکە لێنەدەن، چەپڵە لێنەدەن و نوێژ بۆ ستەم لێکراوان بکەن. نوێژ لە دژی فیرعەونی سەری ڕەش و قەڵا چوالان بکەن.
با ڕێبازەکەی خوالێخۆشبو مەلا محەمەدی شارەزوری بگرنەبەر. فیرعەونەکان چارەنوسیان لە ناوچونە. مەلا موسڵمانە بە ویژدانەکانیش جێگەیان حەتمەن بەهەشتی پیرۆزە.
هەندێک تێبینی تر کە لەسەر قسەکانی مەریوان نەقشبەندی:
دەڵێت: "مامۆستا مەلا محەمەد لە کابینەی پێشوش چەندین جار لە وتارخوێندنەوە دورخراوەتەوە، بەڵام لەسەر داوای لایەنگرانی پارتی گەڕێنرایەوە بۆ وتارخوێندن."
ئەم قسەیە دەری دەخات کە حیزبەکەی سەری ڕەش ڕێنمایی بە ئەوقاف دەدات. بە هەمان شێوە کە تۆی ڕاسپاردوە نوێژەکەی سەرای ئازادی نادروست و بەتاڵ بکەیت. تۆ ناشوێریت بڵێیت سەرای ئازادی، بەڵکو دەڵێیت سەرای سلێمانی. کەواتە پارتی گەر ئەوقافی ناچار کردبێت مەلا محەمەد هەر دەبێت بۆی هەبێت وتار بخوێنێتەوە، ئەوا ئەوانیشن تۆیان ناچار کردوە ئەو قسانە بکەیت.
دەڵێیت وەزارەت هیچ ئیجرائاتێک لەگەڵ مەلا محەمەد ناکات.
مەبەستت ئەوەیە نانبڕاوی ناکەن؟
من تەنیا یەک شت دەڵێم: ئەمرۆ ئێمەی موسڵمانان مەلا محەمەد بە مەلای خۆمان دەزانین و گوێ لەو دەگرین نەک لە تۆ.
ئەی تۆ بۆ قسەیەک ناکەیت لە دژی ئەوەی کە نامەی پڕ فیشەکیان داوەتێ و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردوە؟ خۆ ئەو سەر بە ئەوقافەکەی تۆیەو ئیوە دەبێت دژی هەر هەڕەشەیەک بن بۆ سەر ژیانی هەر ئەندامێکتان. وا نیە؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست