كەس لە كوردستان پۆستەكەى جێناهێڵێ
Sunday, 08/08/2010, 12:00
لەماوەى 19 ساڵی حوكومڕانى هەرێمى كوردستان تا ئێستا یەك وەزیر دەستى لەكارنەكێشاوەتەوە،لەكاتێكدا بوونى ئەو هەموو كەموكورتى ئەو سەدان بەڵگانەى لە رۆژنامەو گۆڤارەكاندا لە سەر تێوەگلانى بەرپرسە حكومى و حزبیەكان لە گەندەڵی دەخرێنە روو،لە بەرامبەردا لەماوەى شەش ساڵی حكومڕانى عێراقدا،نۆزدە وەزیر بەهۆی نەبوونى خراپی كارەباو خزمەتگوزارى بەفەرمى دەستیان لەكار كشاندوتەوە كە دواهەمینیان (كەریم وەحید)ە.
لەو بارەیەوە بەرپرسی مەڵبەندى حیزبی سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان، مەلا تەحسین گەرمیانى پێیوایە كلتورى دەستلەكاركێشانەوە لە هەرێمى كوردستان نەبووەتە كلتورێكى مەدەنیانە تا وەزیرەكان دەستلەكاربكێشننەوە.ئەو دەڵێت"یەكێك لەو گرفتانەى ئێمە لەكوردستاندا لە ڕوى حیزب و حوكومدارییەوە نەریتێكە كەس دەستبەردارى پۆستەكەى نابێت،گرفتێكى تاكى كوردیش ئەوەیە كە چووە پشتى كورسی بە ئاسانى دەستبەردارى نابێت،لەكوردستاندا زۆر وەزیر لەكارەكەیان شكست دەهێنن،بەڵام دەستلەكارناكێشێتەوە،یان دەبێت لایبدەیت یاخود دەبێت تامردن لەسەر پۆستەكەى بێت،بە كورتى لە كوردستان كەس دەست لە پۆستەكەى هەڵناگرێت".
پەرلەمانتارى حیزبی شیوعی كوردستان،هاژە سلێمان لە لێدوانێكدا بۆ ئاوێنە رایگەیاند كە لەهەموو دونیادا هەر كەموكورتیەك هەبێت وەزیرەكە خۆی دەستلەكار دەكێَشێتەوە،"تائێستا لەكوردستاندا یەك وەزیر بەهۆی گوشارى خەڵكەوە دەستى لەكارنەكێشاوەتەوە،ئەو وەزیرانەى لای خۆمان هەمووى لەلای حیزبەوە پاڵێوراون بۆ ئەو پۆستە،دەبێت پابەندبن بەپرەنسیپەكانى حیزبەوە كە بۆی دیارى كردووە،لەوانەیە حیزب نەیەوێ خۆی ئەو وەزیرە بگۆڕێت،زۆرجاریش گەیشتۆتە ئەوحاڵەتە كە وەزیر دەستلەكاربكێشێتەوە،بەڵام حیزب قبوڵی نەكردووە،بۆیە بەبڕواى من ئەو وەزیرانە ناتوانن دەستلەكاربكێشێنەوە".
ناوبراو جەختى لەوەكردەوە كە ئەو كەسانەى بەرپرسن لەدامودەزگاكانى حكومەت كاتێك پۆستێك وەردەگرن دەستبەردارى پۆستەكە نابن،تەنانەت ئەگەر كەموكورتیشیان هەبێت،بۆیە لەبەر ئەو پۆستە وایكردووە وەزیرەكە دەستلەكارنەكێشێتەوە.
هەروەها بێستون ژاڵەیی نوسەرو رۆژنامەنوس ئاماژە بەوەدەدات كە یەكێك لە خەوشە گەورەكانى دیموكراسیەتى كوردی" غیابی كلتورى دەستلەكاركێشانەوەیە،"دەڵێت"فەزاحەت نەما لە ساڵانى ڕابردوودا لە دەسەڵاتى ئەم وڵاتە نەقەومێ،بەڵام كەس دەستى لەكارنەكێشایەوە،هەر لەو عێراقەدا كە بڕیاربوو ئەزموونى خۆمانى بۆ كۆپی بكرێ،لەماوەى ڕابردوودا دەیان وەزیر دەستیان لەكاركێشاوەتەوەو دراونەتە دادگا".بەبڕواى ژاڵەیی نەبوونى كلتورى دەستلەكاركێشانەوە لەم وڵاتەدا پەیوەندى بە بونیادى خێڵەكیانەى حیزب و دەسەڵاتى كوردیەوە هەیە و،دەڵێت"وەكو سەرۆكى خێڵ سەیری پایە حیزب و حكومییەكان دەكەن و وای لێتێدەگەن كە ئەو پلەو پۆستانە لەكەسانێكى دیاریكراو دێن".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست