ئه‌ردۆگان سیاسییه‌کی بێڕه‌وشت و ئیسلامییه‌کی ڕاسته‌قینه
Monday, 02/03/2009, 12:00
وه‌ڵام بۆ ئه‌و نووسه‌ره‌ی ناڕاسته‌وخۆ به‌رگری له ئه‌ردۆگان ده‌کات
له (27.02.2009) ئیسلامییه‌ک له‌ژێر ناونیشانی (ئۆ‌ردۆگان سیاسییه‌کی بێڕه‌وشت یان ئیسلامییه‌کی جوامێر)دا بابه‌تێکی له (کوردستانپۆسست) بڵاو کردۆته‌وه. ئه‌وه‌ی سه‌رپێییانه سه‌رنج له‌و بابه‌ته بدات، وا ده‌زانێت نووسه‌ری بابه‌ته‌که (ئه‌ردۆگان) به سیاسییه‌کی بێڕه‌وشت و ئیسلامییه‌کی ناجوامێر ده‌زانێت، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ئه‌و برایه، که ناوی (کوردی غوربه‌ت)ی له خۆی ناوه، مه‌به‌ستیه‌تی به‌شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ بڵێت (ئه‌ردۆگان) به‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌رانبه‌ر به ئیسرائیل نواندی، ئه‌وه‌ی سه‌لماند، که سیاسییه‌کی ڕه‌وشتبه‌رز و ئیسلامییه‌کی جوامێره. دیاره من ئه‌مانه له خۆمه‌وه ناڵێم، به‌ڵکو هه‌وڵ ده‌ده‌م لایه‌نه شاراوه‌کانی ئه‌م نووسینه بخوێنمه‌وه و به‌به‌ڵگه‌وه بۆچوونه‌کانم بسه‌لمێنم. حه‌ز ده‌که‌م هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه بڵێم، که من هیچ گومانێکم له‌وه نییه، که (ئه‌ردۆگان) ئیسلامییه‌کی ڕاسته‌قینه‌یه، چونکه کاتێک به مێژووی سیاسیی ئیسلامدا ده‌چینه‌وه، به‌رده‌وام نموونه‌ی وه‌کو (ئه‌ردۆگان)مان به‌رچاو ده‌که‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه شتێکی به‌ڵگه‌نه‌ویسته، که ئه‌و پیاوه سیاسییه‌کی بێڕه‌وشته، نه‌ک هه‌ر له ئاستی کورد له کوردستاندا، بگره له ئاستی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی تورکیاش، که نیوه‌یان له سایه‌ی ڕژێمه‌که‌یه‌وه شه‌وانه له‌ناو تهرمیناڵهکاندا ده‌خه‌ون. (ئه‌ردۆگان) دوای ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی له ئاستی ئیسرائیل‌دا نواندی، بووه یه‌کێک له سیمبۆله پیرۆزه‌کانی دنیای عه‌ره‌بیی ئیسلامی و له خۆپیشاندانه‌کاندا وێنه‌که‌ی له‌پاڵ وێنه‌ی شه‌هید (سه‌دام حسێن)ی موجاهیددا به‌رز ده‌کرێته‌وه، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن ئه‌ندام و لایه‌نگرانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی تیرۆریستی دژ به کورده‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌یری ڕۆژنامه و ماڵپه‌ڕی ئیسلامییه‌کان بکه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین چۆن باس له‌و سه‌رکرده ئیسلامییه ده‌کرێت و خه‌ریکه بیهێننه ڕیزی شه‌هید (سه‌دام حسێن)ه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌سێکیان بپرسێت هه‌ر ئه‌و (ئه‌ردۆگان)ه نییه ڕۆژانه منداڵ و پیری کورد به قورسترین چه‌ک له‌ناو ده‌بات. ئیسلامییه‌کانی کوردستان ئه‌گه‌رچی هاوشانی برا عه‌ره‌ب و تورکه‌کانیان له دڵه‌وه به‌و هه‌ڵوێسته‌ی (ئه‌ردۆگان) شاگه‌شکه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه ناتوانن وه‌کو ئه‌وان ڕاسته‌وخۆ به قوربانی ببن و ئافه‌رینی لێ بکه‌ن، وه‌کو نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان. با بزانین سه‌ره‌تای نووسینه‌که‌ی چۆن ده‌ستپێکردووه:
(دوای چه‌ندین ساڵ له کوشتن و بڕینی خه‌ڵکی بێ گوناحی فه‌ڵه‌ستین و ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی گه‌مارۆ دانی غه‌زه و پاشان بۆردومان کردن و و وێران کردنی ئه‌و شاره و کوشتنی خه‌ڵکی بێ دیفاع بۆ ماوه‌ی 21 رۆژ له لایه‌ن دڕنده ترین و خوێن مژ ترین رژێم که رژێمی زایۆنی که به ناو (ئیسرائیل)خۆی ئه‌ناسێنێ ، ئا له‌م ده‌مه‌داو له گرمه‌ی ئه‌و کوشتن و برینه‌و ئێستاشی له گه‌ڵ دابێ هه‌رایه‌کی سیاسی پڕ له چه‌نگ و چهڵهمههاتۆته ئاراوه که‌به زه‌حمه‌ت یاری که‌ره‌کان هاو یاریزانی خۆی پێ ئه‌ناسرێته‌وه.)
به‌ر له‌وه‌ی هیچ شتێک له‌باره‌ی ئه‌م په‌ره‌گرافه‌وه بڵێم، ده‌مه‌وێ بپرسم: ئایا ئه‌مه زمانی کوردییه؟ ئایا کورد ئاوا ده‌دوێت و ده‌نووسێت؟ ئه‌گه‌رچی زه‌حمه‌ته له ڕووی گراماتیکه‌وه سه‌رتاپای ئه‌م نووسینه ڕاست بکرێته‌وه، به‌ڵام من هه‌وڵ ده‌ده‌م ته‌نها ڕێنووسی ئه‌م په‌ره‌گرافه‌ی بۆ چاک بکه‌م. (بێ گوناح)، ئاوه‌ڵناوه و پێکه‌وه ده‌نووسرێت: (بێگوناح)... (گه‌مارۆ دان) و (وێران کردن) ده‌بێت ئاوا بنووسرێن: (گه‌مارۆدان) و (وێرانکردن)... (بێ دیفاع)یش وه‌کو (بێ گوناح) هه‌ڵه‌یه و ئه‌مه ڕاستییه‌که‌یه‌تی: (بێ‌دیفاع). واز له‌وه بێنه، که وشه‌که نیوه‌ی عه‌ره‌بییه.... (دڕنده ترین) و (خوێن مژ ترین) به‌یه‌که‌وه ده‌نووسرێن: (دڕنده‌ترین) و (خوێنمژترین)... ئایا ڕژێمی ئیسرائیل له هی (سه‌دام حسێن) و هی (تورکیا) دڕنده‌تره؟ به‌ڵێ، له ڕوانگه‌ی ئیسلامییه‌کانی کوردستانه‌وه ئیسرائیل دڕنده‌یه و ڕژێمی (سه‌دام حسێن) و (ئه‌ردۆگان)یش مرۆڤدۆستن. (سیاسی پڕ له چه‌نگ و چه‌ڵه‌مه)، چ مانایه‌کی هه‌یه؟ (سیاسی) له‌و ڕسته‌یه‌دا ده‌بێت به دوو (ی) بنووسرێت... ئه‌گه‌رچی ڕسته‌ی (به زه‌حمه‌ت یاری که‌ره‌کان هاو یاریزانی خۆی پێ ئه‌ناسرێته‌وه)، هیچ مانایه‌کی نییه، به‌ڵام ده‌بێت هه‌ردوو وشه‌ی (یاریکه‌ر) و (هاویاریزان) پێکه‌وه بنووسرێن. به‌کورتی ئه‌و برایه بۆ ده‌رمانیش وشه‌یه‌کی ڕاستی له سه‌رجه‌می بابه‌ته‌که‌یدا نه‌نووسیوه. له‌مه‌ودوا هه‌ر په‌ره‌گرافێکی نووسینه‌که‌ی وه‌ربگرم، وه‌کو خۆی ده‌یخه‌مه ناو جووتێ که‌وانه‌وه و بۆی ڕاست ناکه‌مه‌وه.
ماوه‌ی پێشوو (سه‌فین فازیل)، که نووسه‌رێکی به ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌به، له‌ژێر ناونیشانی (مه‌لا سیاسییه‌کانی ناو کوردستان به‌ئاشکرا به‌رگری له حه‌ماس و به‌دزیی له سه‌دام حسێنی ده‌که‌ن)، بابه‌تێکی له (کوردستانپۆست)دا بڵاو کردۆته‌وه و تیایدا ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه، که چۆن ئه‌و ئیسلامییانه له ئاستی شۆفینیزمی عه‌ره‌بییدا خۆیان به که‌م ده‌زانن. ئه‌و له ڕوانگه‌یه‌کی سایکۆلۆجییانهوه ئه‌و هه‌سته‌ی شی کردۆته‌وه، که به نه‌خۆشیی ماسۆشییهتهوه به‌نده. پێی وایه ئه‌مه چێژێکی سێکسییه، که ئیسلامییه‌کانی ناو کوردستان له خۆبه‌که‌مزانینی خۆیانیدا ده‌بینن. کاتێک له‌و په‌ره‌گرافه‌ی سه‌ره‌وه ورد ده‌بینه‌وه، که وه‌کو گوتمان به کوردییه‌کی وێران نووسیویه‌تی، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت، که خاوه‌نه‌که‌ی له ڕوانگه‌یه‌کی شۆڤینیزمی عه‌ره‌بیی ڕووته‌وه له‌م کێشه‌یه‌ی جوو و عه‌ره‌بی ڕوانیوه. ئه‌و تێڕوانینه وه‌کو بینیمان هی (عیزه‌ت دووری) و (بن لادن) و (عه‌بدولباری عهتتوان) و زۆر له شۆڤینیسته‌کانی دیکه‌ی عه‌ره‌بن، که ته‌نها لایه‌نێکی ئه‌و کێشه تاوانبار ده‌که‌ن، که ئیسرائیله و لایه‌نگریی خۆیان بۆ حه‌ماس ده‌رده‌بڕن.
ئێستا داوا له خوێنه‌ر ده‌که‌م به‌وردی سه‌رنج له‌م په‌ره‌گرافه‌ی خواره‌وه بدات، هه‌تا بزانێت چۆن ئه‌و برا ئیسلامییه ناڕاسته‌وخۆ ئافه‌رین له (ئه‌ردۆگان) ده‌کات. ئه‌وه‌تا ده‌نووسێت:
(لێره‌دا من نامه‌وێ باسی براوه‌ی ئه‌و شه‌ڕه یان چۆنێتی هه‌ڵگیرساندن و یان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و هه‌موو بابه‌ت و لێدوان و تێڕوانینانه بکه‌م که له مه‌ڕ ئه‌و شه‌ڕه هاتبوونه ئاراوه به قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌وێ پێگه‌و هه‌ڵوێستی شه‌ڕانخوازی گورگێکی له‌پێستی مه‌ڕ خۆ حه‌شار دابوی وه‌ک ئۆردوگان هه‌ڵبسه‌نگێنم که به هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به شه‌ڕی غه‌زه و فرمێسک رشتنی بۆ کوژراوانی خه‌ڵکی غه‌زه هه‌موو خه‌ڵکی سه‌ر سام کرد ته‌نانه‌ت خودی ئیسرائیلییه‌کانیش چاوه‌ڕوانی ئه‌م هه‌ڵوێسته ناقۆڵایه‌ی ئۆردوگانیان نه ئه‌کرد،به جۆرێک خۆی پیشان ئه‌دا که گوایه که سێکی دڵسۆزی فهڵهستینییهکانهو خه‌مخۆرێکی تا سه‌ر ئێسقانی موسوڵمانانی جیهانه).
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی نووسه‌ره له‌م په‌ڕه‌گرافه‌دا، هه‌ر ئه‌وه‌یه، که ده‌ڵێت: (به هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به شه‌ڕی غه‌زه و فرمێسک رشتنی بۆ کوژراوانی خه‌ڵکی غه‌زه هه‌موو خه‌ڵکی سه‌ر سام کرد ته‌نانه‌ت خودی ئیسرائیلییه‌کانیش چاوه‌ڕوانی ئه‌م هه‌ڵوێسته ناقۆڵایه‌ی ئۆردوگانیان نه ئه‌کرد،به جۆرێک خۆی پیشان ئه‌دا که گوایه که سێکی دڵسۆزی فهڵهستینییهکانهو خه‌مخۆرێکی تا سه‌ر ئێسقانی موسوڵمانانی جیهانه).
به‌ڵێ، ته‌نها ویستوویه‌تی باس له پاڵه‌وانێتیی (ئه‌ردۆگان) بکات، به‌ڵام به ڕێگایه‌کی دیماگۆجییانه، چونکه ئه‌و خۆی چاک ده‌زانێت ئاسان نییه ئه‌مڕۆ ڕاسته‌وخۆ (ئه‌ردۆگان) له‌ناو کوردستاندا وه‌کو سه‌رکرده‌یه‌کی قاره‌مان و خۆشه‌ویست بناسێنرێت، با گه‌وره‌ترین پاڵپشتییشی له حه‌ماسی لایه‌نگری (سه‌دام حسێن)ی موجاهیددا کردبێت. ئه‌مه‌ش وه‌کو (سه‌فین فازیل) له وتاره‌که‌یدا سه‌لماندوویه‌تی، که ئیسلامییه‌کانی ناو کوردستان له هه‌وڵی ئه‌وه دان زه‌مینه بۆ ئه‌وه خۆش بکه‌ن، که تاوانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ناوچه‌کانی دیکه‌ی باشووری کوردستان له‌سه‌ر (سه‌دام حسێن) لابه‌رن. لێره‌دا حه‌ز ده‌که‌م یه‌ک تێبینی له‌باره‌ی ئه‌و وتاره‌ی (سه‌فین فازیل)ه‌وه بخه‌مه ڕوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که ئه‌و ده‌ڵێ ڕۆژێک دێت ئیسلامییه‌کان به ئاشکرا تاوانی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه له‌سه‌ر (سه‌دام حسێن) لابه‌رن، به‌ڵام دیاره ئاگای له‌وه نییه، که یه‌کێک له مه‌لاکان له کاتی دادگایی‌کردنی (عه‌لی کیمایی) و ئه‌وانی دیکه‌دا له سایتی کوردستاننێتدا بابه‌تێکی له‌و باره‌یه‌وه بڵاو کردۆته‌وه و ده‌ڵێت (سه‌دام حسێن) هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌و تاوانه‌وه نییه. که‌سانێکی زۆریش تێبینیی ئه‌وه‌یان کرد، که ته‌له‌فزیۆنی ئیسلامییه‌کان دادگایی‌کردنی (سه‌دام حسێن) و تاوانباره‌کانی دیکه‌یان نیشان نه‌دا. له‌و باره‌یه‌وه چه‌ند نووسه‌رێکیش وتاریان نووسی.
نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته دوای ئه‌وه‌ی بۆ چاوبه‌ست هه‌ندێک گله‌یی له (ئه‌ردۆگان) ده‌کات، که زمانی کوردیی قه‌ده‌غه کردووه، ئینجا دووباره به‌شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ به شانوباڵیدا هه‌ڵده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: (له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دوایدا داوا له سه‌رۆکی ئیسرائیل ئه‌کا که پێویسته دان به بوونی ده‌وڵه‌تێ فه‌ڵه‌ستینی بنێ).
وه‌ک له‌پێشه‌وه بینیمان، که نووسه‌ر چ شین و ڕۆڕۆێکی بۆ حه‌ماس ده‌کرد. که‌واته (ئه‌ردۆگان)ێک، که ئه‌وه‌نده لایه‌نگری (حه‌ماس)ه‌که‌ی ئه‌و بێت، بۆ پاڵه‌وان نییه؟ بۆ جوامێر نییه؟ به‌ڵێ، ئه‌و نووسه‌ره مه‌به‌ستیه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو هه‌ڵوێسته جوامێرانه‌یه‌ی (ئه‌ردۆگان)مان پێ نیشان بدات، ئینجا ئێمه لای خۆمانه‌وه ئافه‌رین له‌و سه‌رکرده ئیسلامییه بکه‌ین، که ئه‌گه‌رچی ئه‌مه به ڕواڵه‌ت دژی خواستی نووسه‌ر ده‌که‌وێته‌وه، به‌ڵام له ناوه‌رۆکدا ئه‌مه مه‌به‌سته‌که‌یه‌تی و ده‌یه‌وێت ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شانه‌ی نووسینه‌که‌یدا ناته‌با بین، که بۆ تاکتیک دژی (ئه‌ردۆگان)ی نووسیوه. ئه‌وه‌تا له دوا په‌ره‌گرافدا پێمان ده‌ڵێت: (به‌م هه‌ڵوێسته‌ی کارێکی وای کردوه که هه‌ندێک له موسوڵمانانیکوردستانیشی به لای خۆیدا راکێشاوه به جۆرێک که هه‌ندێک ده‌ست خۆشیشی لێ ئه‌که‌ن.)
ئه‌مه پڕوپاگه‌نده‌یه و بۆ (ئه‌ردۆگان)ی ده‌کات، گوایه خه‌ڵکێکی زۆر له کوردستان ئافه‌رینیان لێی کردووه، ئه‌گینا بۆ ڕه‌خنه‌ی له‌و موسڵمانانه‌ی کوردستان نه‌گرتووه، که ده‌ستخۆشی له (ئه‌ردۆگان) ده‌که‌ن. نه‌خێر، نووسه‌ر بۆیه بابه‌ته‌که‌ی به‌م ڕسته‌یه کۆتایی هێناوه، هه‌تا سۆزی خه‌ڵک بۆ ئه‌و سه‌رکرده ئیسلامییه ڕابکێشێت. ئه‌مه یه‌کێکه له‌و فێڵانه‌ی ئه‌وه چه‌ند ساڵێکه حزبه ئیسلامییه‌کان، به‌تایبه‌تی یه‌کگرتوو، له باشوورتی کوردستاندا په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن. یه‌کگرتوو هه‌میشه به ناڕاسته‌وخۆ شت ده‌ڵێت و کرداره‌کانی به کۆمه‌ڵێک لوغز داده‌پۆشێت. یه‌کگرتوو، که له نه‌وه‌ده‌کان سوودی له شه‌ڕی کوردکوژییدا ده‌بینی و به یارمه‌تیی پاره‌ی سعوودی و گرووپه تیرۆریسته‌کانی ئیسلامی خۆی له کوردستان به‌هێز ده‌کرد، ئه‌مڕۆ هاتووه باس له هاوپه‌یمانێتیی خۆی و ئه‌مریکا ده‌کات. ئه‌وان بۆ جارێکیش نه‌ک دژی شه‌ڕی کورد و کورد نه‌بوون، به‌ڵکو هه‌میشه ئه‌و هه‌له‌یان قۆزتۆته‌وه، که ببنه جێگره‌وه‌ی به‌عس و ئه‌و بۆشاییه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین پڕ بکه‌نه‌وه، به‌وه‌ی درێژه به پرۆسه‌ی ته‌عریب بده‌ن. ئه‌و دوو حیزبه گه‌نده‌ڵه‌ی کوردستان نه‌بوونایه، یه‌کگرتوو نه‌یده‌توانی ئه‌و خه‌ڵکانه به پاره‌ی شۆڤینیزمی عه‌ره‌بی بکڕێت و شوناسی کوردبوونیان لێ داماڵێت. ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ یهکلاوبوونهوهی کێشه‌کانی ناو یه‌کێتی، بارودۆخی حیزبه ئیسلامییه‌کان، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه هی یه‌کگرتوو به‌ره‌و خراپییه. ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌و راپرسییانه بده‌ین، که سایته ئێلیکترۆنییه‌کان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت، که لیستی (نه‌وشیروان موسته‌فا)، که لیستی ڕیفۆرم و گۆڕانگارییه، به‌ته‌نیا پێشبڕکێی لیستی یه‌کێتی و پارتی ده‌کات و زۆر زۆر له‌پێش لیستی ئیسلامییه‌کانه‌وه‌یه به یهکگرتووهکهشیانهوه. دیاره خوێنه‌ر ده‌زانێت، که لیستی (یه‌کێتی و پارتی) پێکه‌وه‌ن. که‌واته ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌یه‌ی ئه‌ندامانی یه‌کگرتوو بۆ خۆیانی ده‌که‌ن، گوایه هێزی سێیه‌من، زۆر له راستییه‌وه دووره. ناچێته ئه‌قڵی که‌سه‌وه، خه‌ڵک بۆ ئه‌وه دژی ئه‌و دوو حیزبه گه‌نده‌ڵه بێت، هه‌تا یه‌کگرتوو، که له پڕۆژه‌یه‌کی عه‌ره‌بی به‌ولاوه شتێکی دیکه نییه، بهێننه جێگایان. ئه‌گه‌ر وایه بۆ ڕاپه‌ڕین و به‌عسیان ده‌رپه‌راند؟ به ڕای من یه‌کگرتوو له هه‌ردوو حیزبه گهندهڵهگه گه‌نده‌ڵتره و سبه‌ینێ ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، که نایگرێت، ئه‌وه له‌سه‌ر شێوازی تاڵیبان کوردستان به‌ڕێوه ده‌بات. له ئێستاوه زۆر ڕوخساری ئه‌وانیان له خۆیاندا نیشان داوه. یه‌کگرتوو و حیزبه ئیسلامییه‌کانی دیکه‌ش وایان ده‌زانی به‌و به‌رگرییه‌ی له حه‌ماسیان کرد، به‌هێز ده‌بن، به‌ڵام هه‌ر که‌سێک به وردی سه‌رنجی له ڕه‌وشی ئه‌و حیزبانه دابێت، ئه‌وه پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی ئه‌وانی له واقیعدا بینیوه. ته‌نانه‌ت هه‌ندێک مه‌لای مزگه‌وته‌کانیش ڕه‌خنه‌ی توندیان له‌و هه‌ڵوێسته‌ی یه‌کگرتوو و ئه‌وانی دیکه گرت. ئه‌و حیزبه ئیسلامییانه به‌و هه‌ڵوێسته‌یان زۆر زیاتر له پێشوو ڕاستگۆیی خۆیان له ده‌ست دا. ئاسان نه‌بوو حیزبه ئیسلامییه‌کان داوا له جه‌ماوه‌ری ئه‌نفالکراوی کوردستان بکه‌ن بۆ حه‌ماسی لایه‌نگری (سه‌دام حسێن) بکڕووزێنهوه. کوردستانییه‌کان نه‌یانتوانی هه‌ڵوێستی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له بیر خۆیان به‌رنه‌وه، که له ئاستی ئه‌واندا هه‌یان بووه و به‌رده‌وام خۆیان به شاگردی (سه‌دام حسێن) زانیوه، به‌ڵام به ده‌گمه‌ن هه‌یه دڵی بۆ خه‌ڵکی بێتاوانی غه‌زه ههڵنهقرچابێت، که حه‌ماس وه‌کو بارمته له دژی له‌شکری ئیسرائیل به‌کاری ده‌هێنان.
وه‌کو گوتمان نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته ویستوویه‌تی ناڕاسته‌وخۆ سۆزی خوێنه‌ری کورد بۆ (حه‌ماس) و (ئه‌ردۆگان) ڕابکێشێت. مه‌لا حیزبییه‌کانی ئێستا هه‌موو ئامڕازێک به‌کار ده‌هێنن، له‌پێناوی جێبه‌جێکردنی پڕۆژه سیاسییه‌کانیان، که پڕۆژه‌ی شۆڤینیزمی عه‌ره‌بیین. هه‌ر بۆ نموونه له‌و لایهنگرییهیان بۆ حه‌ماس، ئه‌وه‌یان ته‌واو نیشان دا، که ئه‌وان ته‌نها له روانگه‌ی عرووبه‌وه له‌و کێشه‌یه‌یان ڕوانی. هه‌موومان ده‌زانین گۆرانی، چ گوتنی و چ بیستنی، له ئیسلام حه‌رامه، که‌چی ئه‌وان به‌رگرییه‌کی زۆریان له (هاوتا ئه‌سعه‌د) کرد، که گۆرانیی بۆ حه‌ماس گوتووه، ئه‌گه‌رچی ناوه‌رۆکی گۆرانییه‌که، سیاسییه و ناڕاسته‌وخۆ به باڵای شۆڤینیزمی عه‌ره‌بییدا هه‌ڵدراوه، نه‌وه‌ک ئایینی. که‌ناڵی (إقرأ)، که که‌ناڵێکی عه‌ره‌بیی ئیسلامیی په‌تییه، ئه‌و زنجیره دراما مێژووییانه نیشان ده‌دات، که باس له ئه‌نفال و پاڵهوانبازێتیی شۆڤینیزمی عه‌ره‌ب ده‌که‌ن و مێژووی ڕاسته‌قینه‌یان شێواندووه. له‌و زنجیره درامایانه‌دا دیمه‌نی نیمچه‌ڕووت و ئیرۆتیکا هه‌ن، چونکه هه‌ر ئه‌و ژنانه به‌شدارییان تیدا کردوون، که له دراما کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به جلی مۆدێرنه‌وه ده‌رده‌که‌ون. ئه‌مانه به‌پێی تێکستی قورئان حه‌رامن، بگره کفرن، به‌ڵام چونکه مه‌سه‌له‌که سیاسییه و به‌شێکه له ڕه‌واجدان به ئیدۆلۆجیای شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی، نه‌وه‌ک ئایینی، بۆیه گوێ به ده‌قی قورئانیش نادرێت. ئه‌مڕۆ لای مه‌لاکان پێوه‌ره‌که بۆ خوێندنه‌وه‌ی حه‌رام و حه‌ڵاڵ، سیاسییه، نه‌وه‌ک ئایینی. هه‌ر ئه‌و مه‌لایانه‌ی کوردستان دژی سروودی (ئه‌ی ڕه‌قیب)ن، گوایه سروودی مهجووسییانه. گره‌وتان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌م سبه‌ینێ گۆرانیبێژێکی کوردی به وشه‌ی کفر به باڵای حه‌ماس و (هه‌نیه) و (میشعه‌ل)ی قوتابیی (سه‌دام حسێن)ی موجاهیددا هه‌ڵبدات، ئه‌و مه‌لایانه نه‌ک هه‌ر وه‌کو (ئه‌ی ڕه‌قیب) دژی ناوه‌ستن، به‌ڵکو وێنه‌ی ئه‌وه‌ی (هاوتا ئه‌سعه‌د) ڕهواجیشی پێ ده‌ده‌ن. ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی خۆبه‌که‌مزانینه، لووتکه‌ی ماسۆشییهته و بینینی چێژه له ملکه‌چکردن بۆ ئه‌وانه‌ی به هیچت ده‌زانن و نکوڵی له بوونت ده‌که‌ن. له که‌مپه‌کان وه‌کو وه‌رگێڕ کارم ده‌کرد. ڕۆژێکیان له‌گه‌ڵ گرووپێک په‌ناهه‌نده چووینه سه‌ردانی چه‌ند شوێنه‌وارێکی مێژوویی. داوا له هه‌ر په‌ناهه‌نده‌یه‌ک کرا باس له شوێنه‌وارێکی مێژوویی وڵاته‌که‌ی بکات. یه‌کێک له‌و کورده ئیسلامییانه، که خه‌ڵکی هه‌ولێر بوو، باسی (مناره‌ی سامه‌ڕا)ی کرد. منیش پێش ئه‌وه‌ی گوته‌کانی بۆ وه‌ربگێڕم، پێم گوت: (بۆ باسی قه‌ڵات ناکه‌یت، خۆ هی شاره‌که‌ی خۆته و له مناره‌ی سامه‌ڕاش کۆنتره؟). وه‌ک بڵێی کفرێکی گه‌وره‌م کردبێت، تووڕه بوو و گوتی: (ئه‌من به‌حسی حه‌زاره‌تی ئیسلامی ده‌که‌م، هه‌قم به‌سه‌ر شتی مهجووسییاندا چییه؟ ئه‌گه‌ر به ده‌ستم بێت ده‌یڕووخێنم). من ناهه‌قی ئه‌و کوڕه ناگرم، چونکه مه‌لا سیاسییه‌کان وایان فێر کردووه، که (مناره‌ی سامه‌ڕا)ی سه‌رده‌می (موعته‌سه‌م)ی لا پیرۆز بێت و قه‌ڵای شاره‌که‌ی خۆی به نه‌فره‌ت بکات. ئه‌گه‌ر کتێبه‌کانی (دکتۆر جه‌مال نه‌به‌ز)ی بخوێندایه‌ته‌وه، ئه‌وسا ده‌یزانی (موعته‌سه‌م) چه‌ند هه‌زار منداڵ و پیری کوردی زینده به‌چاڵ کردووه. ئه‌گه‌ر مێژووی مێژوونووسه‌کانی عه‌ره‌بی بخوێندایه‌ته‌وه، له‌وه تێده‌گه‌یشت، که (موعته‌سه‌م)یش وه‌کو باوکی خاوه‌نی چه‌ند که‌نیزه و کوڕی جوان بووه. مادام عه‌ره‌به، پیرۆزه، با منداڵبازیش بووبێت. ئه‌وه نییه (مه‌لا کرێکار)یش (شێخ زانا) به شه‌هید ده‌زانێت، که لاسایی خه‌لیفه‌کانی کردۆته‌وه؟ گرنگ نییه (موعته‌سه‌م) و خه‌لیفه‌کانی دیکه خاوه‌نی چه‌ند که‌نیزه‌ی قه‌شه‌نگ و چه‌ند منداڵی دۆونی بوون، به‌ڵکو گرنگ ئه‌وه‌یه مه‌لای حیزبی به ڕابه‌ری خۆیانیان ده‌زانێت، به‌ڵام شاعیرێکی وه‌کو (دڵدار) به نه‌فره‌ت ده‌کرێت، که سروودی (ئه‌ی ڕه‌قیب)ی داناوه و (عه‌بدولخالیق مه‌عروف)ی زانا و ڕووناکبیر به یارمه‌تیی به‌عسی موجاهید خوێنی ده‌ڕژێت. چه‌ندین که‌س له کوردستان به فه‌توای ئه‌و مه‌لایانه تیرۆر کراون، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گومانی به‌دڕه‌وشتییان لێ کراوه، له کاتێکدا ئه‌و خه‌لیفانه‌ی به شایه‌تیی مێژوونووسانی خۆیان، له ڕابواردن چ له‌گه‌ڵ کچ و چ له‌گه‌ڵ کوڕدا درێغییان نه‌کردووه، پیرۆزن و ناویان له منداڵی کورد ده‌نرێن. چۆن گه‌رانتیی ئه‌وه بکه‌ین، کاتێ یه‌کگرتوو ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست، که دڵنیام نایگرێت، قه‌ڵای هه‌ولێر و شوێنه‌واره‌کانی دیکه‌ی کوردستان ناڕمێننن و ناوی هه‌موو شار و شارۆچکه و گه‌ڕه‌ک و قوتابخانه‌کان ناگۆڕن و ناوی سه‌رکرده شۆڤینیزمهکانی عه‌ره‌بیان لێ نانێن، به‌و بیانووه‌ی پاشماوه‌ی مهجووسییانن و وێنه‌ی مناره‌ی سامه‌ڕای (موعته‌سه‌م) پیرۆز نیین، وه‌کو ئه‌وه‌ی تاڵیبانی هاوبیر و دۆستیان له ئه‌فگانستان کردیان؟
له چله‌کان و په‌نجاکانیش هه‌ندێک له مه‌لاکان، نه‌وه‌ک سه‌رجه‌میان، هه‌موو ڕێگایه‌کیان ده‌گرته به‌ر، هه‌تا خوێندن و قوتابخانه و ژیانی مۆدێرێن لای کورد خۆشه‌ویست بکه‌ن. ئه‌وانه بوون ئه‌و کۆتهیان تێکشکاند، که کچ نابێت بچێته قوتابخانه و جلی مۆدێرن بپۆشێت. من خۆم له بیرمه هه‌ندێک له مه‌لاکان بوون له کۆتایی چله‌کان و دواتریش له هه‌ولێر خه‌ڵکیان بۆ ژیانێکی نوێ هان ده‌دا. کۆمه‌ڵگای کوردی هه‌تا ئه‌مڕۆش قه‌رزاری ئه‌و چه‌ند مه‌لا پێشه‌نگه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌م سه‌رده‌مه زۆر له مه‌لاکان، نه‌وه‌ک هه‌موویان، به‌و ئاڕاسته‌یه کار ده‌که‌ن، که کۆمه‌ڵگای کوردی به‌ره‌و دواوه بگه‌ڕێننه‌وه و مۆرکی کوردیی لێ بسڕنه‌وه. من له کاتێکدا ئه‌وه‌نده پێ له‌سه‌ر کوردبوون داده‌گرم، ئه‌وه مانای دژایه‌تیی خه‌ڵکی عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه نییه، بگره من دژی هه‌موو چه‌وسانه‌وه‌یه‌کم، به‌ڵام ئه‌مه واقیعێکه، که مه‌لا حیزبییه‌کان ده‌یانه‌وێت پڕۆژه عه‌ره‌بییه‌کان له‌ناو کوردستاندا جێبه‌جێ بکه‌ن و منیش وه‌کو زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی کوردستان دژی ئه‌م ئاڕاسته‌یه‌م.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست