کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاڵه‌بانی له‌ دوكان ڤێللایه‌ك‌و دوو خانوو 1500 مه‌تر زه‌وی‌ ده‌به‌خشێته‌ تارق هاشمی‌و عادل عه‌بدولمه‌هدی

Thursday, 05/11/2009, 12:00


 به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست لڤین كه‌وتوون له‌دوای روخانی رژێمی به‌عسه‌وه‌ تاڵه‌بانی سێ خانووی له‌ هاوینه‌هه‌واری دوكان به‌خشیوه‌ به‌ هه‌ریه‌ك له‌ تارق هاشمی‌و عادل عه‌بدولمه‌هدی جێگره‌كانی‌و ئێستاش ئیداره‌ی گشتی له‌سه‌ر بڕیاری تاڵه‌بانی له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان (1500) مه‌تر زه‌وی له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی تاپۆبكه‌ن به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی میوانخانه‌یه‌ك.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌سكرتاریه‌تی تاڵه‌بانی له‌دوكان به‌لڤینی راگه‌یاند دوای پرۆسه‌ی روخانی رژێم، تاڵه‌بانی له‌گه‌ڕه‌كی (ئاشتی)ی شارۆچكه‌ی دوكان خانوویه‌كی داوه‌ به‌ تاریق هاشمیی جێگری خۆی.
سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی لڤین باسی له‌وه‌شكرد ئه‌و خانووه‌ كه‌له‌سه‌ر رووبه‌ری (1800)مه‌تر دووجا دروستكراوه‌، پێشتر (رۆئێل شه‌معون كه‌لۆ)ی به‌ڕێوبه‌ری پێشووی به‌ربه‌ستی دوكان به‌عه‌قد خاوه‌نی ئه‌وخانووه‌ بووه‌‌و ناوبراو ماڵی له‌وخانووه‌دابووه‌، به‌ڵام به‌بێ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ لێیانسه‌ندووه‌ته‌وه‌‌و له‌سه‌ر داوای تاڵه‌بانی دراوه‌ به‌ تارق هاشمی، پاشان له‌سه‌ر بودجه‌ی ئیداره‌ی گشتی نوێكراوه‌ته‌وه‌‌و سه‌دان ملیۆن دیناری تێداخه‌رجكراوه‌‌.
له‌ئێستاشدا به‌پێی دیزاینێكی نوێ كراوه‌ به‌ڤێللایه‌كی مۆدێرن‌و به‌درێژایی ڤێللاكه‌ تاسه‌ر ده‌ریاچه‌ی دوكان كراوه‌ته‌ باخێكی گه‌وره‌‌و له‌سه‌ر ناوبراویش تاپۆكراوه‌.
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه‌ی سكرتاریه‌ت باسی له‌وه‌كرد پاسه‌وانی تایبه‌ت بۆ ڤێللاكه‌ی تارق هاشمی دابینكراوه‌ تابه‌رده‌وام پاسه‌وانیی ئه‌و ڤێللایه‌ بكرێت، چونكه‌ زۆربه‌ی كاته‌كان به‌تایبه‌ت له‌وه‌رزی به‌هارو هاویندا خانه‌واده‌كه‌ی هاشمی تێیدا ده‌ژی.
هه‌ر به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست لڤین كه‌وتوون له‌گه‌ڕه‌كی بانووی شارۆچكه‌ی دوكان دووخانوو له‌و (5)خانووه‌ی كه‌ كراونه‌ته‌ موڵكی ئیداره‌ی گشتیی یه‌كێتی‌و دراون به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدیی جێگری جه‌لال تاڵه‌بانیی سه‌رۆك كۆماری عێراق.
ئه‌و سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌ی لڤین ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد ئه‌و دوو خانووه‌ی كه‌دراون به‌عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ ریزی ئه‌و سێ خانووه‌ی تردان كه‌دراون به‌هه‌ریه‌ك له‌ عومه‌رفه‌تاح، جێگری پێشووی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم‌و ته‌ها محێدین مه‌عروف جێگری سه‌دام حسێنی سه‌رۆكی پێشووی عێراق‌و هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی.
سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی لڤین وتی یه‌كێك له‌ودووخانووه‌ی كه‌دراون به‌عادل عه‌بدولمه‌هدی پێشتر دراوه‌ته‌ دارۆی شێخ نوری‌و پاشان دراوه‌ته‌ ئه‌رسه‌لان بایزو دواجار له‌گه‌ڵ خانووه‌كه‌ی ته‌نیشتیدا به‌بڕیاری تاڵه‌بانی دراوه‌ به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی.
سه‌رچاوه‌كه‌ وتیشی زۆربه‌ی كاته‌كان خێزانه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌یه‌كێك له‌و خانووانه‌دا كات به‌سه‌رده‌به‌ن به‌تایبه‌تیش له‌وكاتانه‌دا كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری هه‌بێت له‌ هاوینه‌هه‌واری دوكاندا‌و خانووه‌كه‌ی دیكه‌ش یه‌كێك له‌كوڕه‌كانی تێیدا ده‌ژی كه‌ تازه‌ ژیانی هاوسه‌ریی پێكهێناوه‌.
سه‌رچاوه‌كه‌ی لڤین وتیشی هه‌ر پێنج خانووه‌كه‌ له‌لایه‌ن تیمێكی شه‌ش كه‌سیی بنكه‌ی ئاسایشی دوكانه‌وه‌ پاسه‌وانی ده‌كرێن.
هه‌ر به‌پێی ئه‌وزانیارییانه‌ی ده‌ست لڤین كه‌وتوون له‌گه‌ڕه‌كی ئاشتی له‌نزیك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌ربه‌ستی دوكان (1500)مه‌تر دووجا زه‌وی دراوه‌ته‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌و بڕیاریشه‌ دوای كاری ئیفراز‌و جیاكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن شاره‌وانیی دوكانه‌وه‌ له‌رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی ‌وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی كاری تاپۆكردنی بۆ ئه‌نجامبدرێت‌و پاشان بكرێت به‌میوانخانه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ ناوبراو.

ئه‌ندازیار فه‌ره‌یدون محه‌مه‌د سه‌رۆكی شاره‌وانیی دوكان له‌لێدوانێكدا به‌لڤینی وت وابڕیاربوو له‌گه‌ڕه‌كی ئاشتی كه‌ناسراوه‌ به‌گه‌ڕه‌كی (باسكه‌ باریك)له‌ دوكان زه‌وییه‌ك له‌سه‌ر رووبه‌ری (1500) مه‌تر دووجا بدرێت به‌عادل عه‌بدولمه‌هدی كه‌به‌شێكی زه‌وییه‌كه‌ به‌ناوی ‌وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه‌وه‌ بووه‌‌و به‌شێكیشی به‌ناوی به‌ڕێوه‌بــــه‌رایه‌تیی به‌ربه‌ستی دوكانه‌وه‌ بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی نزیكیی له‌به‌نداوی دوكانه‌وه‌ نه‌مانتوانی كاری ئیفرازو جیاكردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌نجامبده‌ین، ئه‌وبراده‌رانه‌ی كه‌هه‌ستابوون به‌كاره‌كه‌، ئه‌وانیش ئاماده‌نه‌بوون به‌بێ مه‌رجی یاسایی پڕۆژه‌كه‌یان ئه‌نجامبده‌ن.
سه‌باره‌ت به‌‌وه‌ڵامی ئه‌وپرسیاره‌ی كه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان له‌شوێنێكی دیكه‌ زه‌وییه‌ك بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی دابینبكه‌ن، سه‌رۆكی شاره‌وانیی دوكان وتی من ئاگاداری هه‌واڵێكی له‌وجۆره‌نیم‌و هه‌رئه‌وه‌نده‌م زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌باسم لێوه‌كردووه‌.
بۆ به‌دواداچوونی زیاتری ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ له‌م راپۆرته‌دا هاتــوون لڤین په‌یوه‌ندییكرد به‌ (شیلان محه‌مه‌د عه‌لی)ی لێپرسراوی تێبینه‌رایه‌تیی تۆماركردنی خانووبه‌ره‌ی دوكانه‌وه‌، به‌ڵام ناوبراو به‌بیانووی ئه‌وه‌ی گوایه‌ به‌نووسراوی ره‌سمی ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ لێدوان بۆ راگه‌یاندنه‌كان نه‌ده‌ن، وتی ناتوانم نه‌ هیچ زانیارییه‌كتان پێبده‌م‌و نه‌ هیچ جۆره‌ لێدوانێكیش بده‌م.

لڤین

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە