ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەم جارە
Monday, 21/04/2014, 12:00
هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستانی باشوور ئەم کاتەتان لەهەموو کاتێکی تر باشتر بێ،ئەگەر چی ئێوە هەڵبژاردن ئەکەن و پێتان ناڵێن هەڵبژاردەر، بەڵکو بە دەنگدەر ناوتان دێنن ،بەڵام خۆش حالێن بەوەی کەوا پێش وەختە ئەنجامەکان وەك خۆیان بڵاو بکەینەوەو هیوادارین بەدڵی هەموان بێت و کەس ناوچەوان گرژ نەکا و مۆنی نەیگرێ. ڕەنگە هەبێ بپرسێ؛ ئەم ئەنجامە پێش وەختە تەنها وەکو ئەوە وایە سەیری بن باخەڵی خۆتت کردبێ و هیچی تر، دەنا چۆن و بەچ پێوەریك ئەو ئەنجامانە ڕوو ئەدەن. بۆیە ئێمەش بەو پێیەی ٣ دەیەیەك ژیانمان لەوێ بەسەر بردوەو لەنزیکەوە ئاشنایەتمان لەگەڵ ئەم پارت و ڕێکخراو بزووتنەوە بەناو سیاسیانە هەیەو ڕۆژگارێك کارمان تیا کردوون قامك و پەنجەمان لەگەڵیاندانەرم کردوە . بۆیە ئەتوانین چاو بنوقێنین و ئەنجامەکان دەست نیشان بکەین.
سەرۆکی پێشووی لیبیا(قەزافی) کاتێ کۆنگرەی عەرەبی لەمیسر بەسترا، نزیکەی مانگێك پێش بەستنی کۆنگرەکە دەقی ئەو نووسراوانەی لەکەناڵی (جەزیرە) وەك خۆی بڵاو کردەوە. ئەو دەمە، ئەولەشێوەی تەنز و گاڵتە پێکردن ئەو دەقانەی ئەخوێندەوە کەوا لەوەو پێش نووسرابوونەوەو ئامادە کرابوون کە لەکاتی کۆنگرەکەدا بڵاو بکرێتەوە. هەڵبژاردنەکانی کوردستانیش هیچی لەو کۆنگرانە جیاواز تر نیە کە کراون. کەم نەبووین کەوا پێش هەر پلنیۆم و کۆنگرەیەکی (یەکێتی) و (پارتی) زانیبێتمان کەوا کێ هەڵئەبژێردرێتەوەو کێ ئەکرێتەوە بە سکرتێر و سەرۆك. جا بۆ ئەم هەڵبژاردنەش بڕوا بکەن هەر وا ئەبێ. گەر بێتوو هەڵبژاردن بکرێت و ڕێگری لێنەکرێ و لەوادەی خۆیدا بکرێ، ئەوا بەم شێوەیە ئەبێ:
1- سلێمانی و کەرکوك (یەکیتی نیشتمانی کوردستان) زۆرینەی دەنگ دێنێ. گرنگ نیە تەزویرە وەیان نا.
2- هەولێر و دهۆك(پارتی دیموکراتی کوردستان) زۆرینەی دەنگەکان دێنێ(بۆ ئەمیش وەك لەهەڵبژاردنەکانی جاران بینیمان گرنگ نیە تەزوویرە وەیان نا.
ڕەنگە بپرسن بۆچی بەم شێوەیە ئەبێ، ئەوا وەڵام گەلێ ئاسانە، ئەویش ئەوەیە پارتی و یەکێتی ئامادە نەبوون و ئامادەش نابن دەسەڵات بدەنە دەست خەڵکانی تر. ئەمان هێزی میلیشیایی و مافیایین و هەڵبژاردن و دیموکراسی تەنها خەونی پرتەقاڵی و ئەرخەوانی و نیللیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست