لهنوسینێكیدا ، قادر عهزیز وهڵامی محهمهدی مهلا قادر دهداتهوه
Monday, 18/05/2009, 12:00
2053 بینراوە
باشتره به حهزی خۆی قسه نهكات
سهبارهت به لێدوانێكی محهمهدی مهلا قادر ئهندامی مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، قادر عهزیز سكرتێری گشتی حزبی زهحمهتكێشانی كوردستان له نوسراوێكدا وهڵامی دهداتهوه، ئهمهش دهقهكهیهتی:
دوێنێ 16/5/2008 محمد مەلا قادر ئەندامى مەكتەبى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان لێدوانێكى لە ژێر ناوى(قادر عزیز هەقە واز لە سیاسەت بهێنێ ، پارەى زۆرە با بازرگانى بكات) لە ماڵپەرى چاودێر بۆ بڵاوكراوەتەوە ، لێدوانەكەى مامۆستا گوایە لە وەڵامى قسەیەكى مندا هاتوە كە گوتومە ((تا حزبەكان چەكداریان هەبێ ئاڵوگۆركردنى دەسەڵات روونادات)) دیارە من وتومە كارێكى ئاسان نیە ، مامۆستا لە قسەكانیدا تەنگەتاوى و پەشۆكاویەكى زۆرى پێوە دیارە ئەمە جگە لەوەى هەر بە تەنهاش وەڵامى ئەو قسەى منى نەداوەتەوە ، بەڵكو لە پەنا ئەوەدا وەك هەموو لێدوانەكانى ترى كۆمەڵێك قسەى لابەلای ترى كردووە كە ناچاربووم لەم وەڵامەدا راستیەكان بۆ راى گشتى روون بكەمەوە:
- ئەو قسەیەى كە من گوتومە(تا حزبەكان چەكداریان هەبێ ئاڵوگۆركردنى دەسەڵات ئاسان نیە) ئەوە بە تەنها قسەى من نیە ، بەڵكو قسەى زۆرێك لە خەڵكە سیاسى و ئەكادیمیەكانى شارەزاى واقیعى ئیمڕۆی كوردستانە ، تاقیكردنەوەى (17) ساڵى رابردووش هەر راستى ئەو قسەیە دەسەلمێنێ ، كاتێ یەكیەتى و پارتی هەمیشە بە یەك لیست بەیەكەوە بەشدارى لە هەڵبژاردنەكاندا دەكەن هەر لە ترسی ئەوەی كە كێشە دروست نەبێت ئەمەش هەر ئەو مانایەى قسەكەى من دەگەیەنێ،ئەمە جگە لەوەى شەرى ناوخۆش هەر بەڵگەیەكى ترە كاتێ ناكۆكى لە نێوان هەردوولا دروست بوو و هەر لایەش هێزى چەكدارى هەبوو ئەو هێزەش وەلائی زیاترى بۆ حزب بوو ئەوەبوو شەرى ناوخۆى لێكەوتەوە ، بۆیە من لە مامۆستا دەپرسم ئەگەر ئەو دوو حزبە هەردولا چەكدارى خۆیان نەبوایە ئەو شەرە دروست دەبوو ؟ یا ئەگەر بەیانى كێشەیەكى گەورە لە نێوانیاندا دروستبێتەوە ئەگەرى دروستبونى شەر لە نێوانیاندا نیە ؟ كەواتە بۆ دەبێ مامۆستا هەڵسەنگاندنێكى زانستیانە بۆ واقیعێكى وا لە كوردستان بەم شێوەیە لێك بداتەوە و ئەو كاردانەوە توندەش لە بەرامبەردا وەرگرێ ، وەك لە سەرەتا ئاماژەم پێكرد مامۆستا لە پەنا وەڵامى ئەو قسەیەى مندا كۆمەڵێ قسەى ترى كردوە كە دور و نزیك پەیوەندى بە بابەتەكەوە نیە و هەموشی خۆیان دەگرێتەوەو لەسەر واقعی خۆیان پراكتیزە دەبێ،چونكە خەڵكى كوردستان ئیمڕۆ باش دەزانێ كێ لە ئێستاو لە ڕابردودا لە گۆڕەپانەكە فاشل بوەو ئێستەش وەك دەبینین موتمانەى خەڵكى لەدەست داوەو هەقە واز لەسیاسەت بێنێ،كێ ئەمڕۆ بە ملیارەكانی داهاتى خەڵكى كوردستان خەریكى كارى بازرگانیەو ئینشقاق و كەلتورى ئینشقاقیش لە بزوتنەوەى كوردایەتى كێ دایهێناوەو تا ئێستە چەندین ئینشقاقی گەورەش لە ڕیزى چ حزبێكدا ڕوی داوە....هتد،كەواتە بۆدەبێ مامۆستا تەنها باس لە ئینشقاقی نێو زەحمەتكێشان بكات.
سەبارەت بەوەش كە بە تەنها ماومەتەوە و بەقسەى مامۆستا متمانەى خەڵكم لە دەستداوە ئەوە باشترە مامۆستا ورتر لەو قسانەى خۆى بكۆڵێتەوەو تەنها بە حەزى خۆى قسە نەكات چونكە ئەگەر وایە ئەى لیستى هاوبەشى (4) حزبە كوردستانیەكە لەگەڵ كێى تر بوەو لەكێ پێك هاتووە، لە كۆتایدا داوا لە مامۆستا دەكەم باشترە ئاخافتنەكان سیاسیانەتر بێ و هەموومان دوركەوینەوە لە قسەى لابەلا و پەلاماردانى یەكتر كە خزمەت بە پەیوەندى دۆستانەى نێوانمان و سەرخستنى پرۆسەى هەڵبژاردنى داهاتوى پەرلەمانى كوردستان ناكات .
قادر عزیز
سكرتێری گشتى حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان