وه‌ڵامی بروسکه: له هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌وه بۆ: علی حسن مجید
Thursday, 29/07/2010, 12:00
ژماره/ تایبه‌ت
بابه‌ت/ سوپاسنامه، ڕاسپارده و ئامۆژگاری.
دوایین برووسکه‌ی، بێ ژماره و بێ بابهتتانم پێگه‌یشت و سوپاستان ئه‌که‌م، له‌وه ئه‌چێ جێگه‌تان گه‌رم و تاریک و ناره‌حه‌ت بێ و ته‌واو سه‌غڵه‌ت بوبێتن، بۆیه بروسکهکهتان به‌و جۆره شپرزه بوو! چی‌یان لێ بشارمه‌وه، له ڕاستیدا من ئه‌و سایت و مایتانه نا خۆێنمهوه، ڕقیشم له بهعزێکیانه، به‌ڵام که بابه‌تێکم له‌سه‌ر بڵاوئه‌که‌نه‌وه، خێرا هه‌ندێ ماستاوچی ده‌وروبه‌رم، بۆ زیاتر خۆ خۆشه‌ویست کردن بۆمی کۆپی ئه‌که‌ن و ئه‌یهێنن به ده‌نگی به‌رز ئهیخۆێننهوه، منیش فه‌رمان ئه‌ده‌م، هه‌ریه‌ک له فایله‌که‌ی خۆیاندا بپارێزن و له‌دڵی خۆما ئه‌ڵێم ،ڕۆژێک دێ هه‌ر خۆم ئه‌زانم چۆنیان ته‌مێ و ته‌گبیر، بیراز و دارکارییان ئه‌که‌م و (ئه‌ده‌م به‌سه‌ری دڵیانه‌وه2)!
دوا به‌دوای په‌یامه‌که‌تان، نوێنه‌ری عه‌شیره‌ت و هۆزو قه‌بیله‌کانی(شه‌مه‌ر، مه‌مه‌ر،عه‌مه‌ر، قهمهر، عه‌نبه‌ر، دولبه‌ر، ته‌مه‌ر، سه‌عه‌ر، دوری و جه‌بووری و مهبوری، عه‌زاوی، به‌یاتی، ئهبولهێب و شیبانی، عوائد و حواتم)و ئه‌وانی تر، هه‌ر له عۆجه‌وه تا ناسریه و قوڕنه و فاو، کۆبوونه‌وه و هاتن بۆ پیرۆزبایی لێ کردنم و به(ڕه‌باب3)ه‌وه حهشرێکیان کردووه سهربهقوڕی پێ ئه‌هاته پێکه‌نین.
بۆ یه‌کتر ناسین و دنیا بینینیش نوێنه‌ری هۆزو قه‌بیله‌کانی ناوه‌ڕاست و باشوری ئه‌فریقایان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنا بوو، که تائێستا و له‌به‌ر چواری وه‌ک ئێمه و ئێوه هیچ ده‌ستێکی شارستانیانیان نه‌گه‌یشتۆتێ و گوڵۆپی شه‌ستی ببینن وا ئه‌زانن ئاسمان هه‌ناری گرتووه. ئێمه‌ش ئاهه‌نگێکی پێشوازی و چه‌ند ئێواره خوانێکمان بۆ ڕێکخستن له سه‌یرانگای (بزن ئاوا4) تا به‌که‌یفی خۆیان بای باڵی خۆیان بده‌ن و تا حه‌وت شه‌وو حه‌وت ڕۆژ نه‌وه‌ستن.
هه‌ڵبژاردم بۆ ئه‌و پۆسته هه‌ر بۆ چاوبه‌سته‌کی جه‌ماعه‌ت بوو! ئه‌گه‌رنا ده‌مێکه به‌کاروکرده‌وه تێم گه‌یاندوون، (سینیه‌ک قه‌زوان بقرتێنن، به پیاڵه‌یه‌ک چه‌قاله ئه‌یان گرمه‌وه!)و به‌نهێنیش شاره‌زایه‌کی شوێنه‌وارناسی ئینگلیز که سه‌روسه‌کوتی له ئه‌شکه‌وتی هه‌زارمێرد و قزقاپان و جاسه‌نه سپی کردبوو پێی ڕاگه‌یاندم، که کۆنگره‌که‌ی ئێمه، هیچ جیاوازیه‌کی ئه‌و تۆی نه‌بووه له‌گه‌ڵ موئتهمهرهکانی جه‌نابتاندا، ئه‌وه‌نده نه‌بێ، ئه‌وه‌ی ئێوه داڵ به نه‌جمه‌ی ئه‌وت بچۆ به‌ولاوه! ئه‌وه‌که‌ی ئێمه‌ش له پێشانگای قات‌و بۆینباخ ئه‌چوو. ئه‌وانه‌ی وه‌رزانه و ساڵانه له پاریس بۆ تازه‌ترین مۆدێلی جل و به‌رگی سازئه‌که‌ن.
بۆ مه‌سه‌له‌ی له‌قه‌ب و ناووناتۆرهش گوێی مه‌ده‌رێ و به ڕۆحی وه‌رزشی وه‌ریگره. خه‌ڵکی سلێمانی و شاره‌زوور، هه‌ر ئه‌وه خوویانه که که‌سێکیان به دڵ نه‌بوو له داره بهنیش بێ له‌قه‌بێکی بۆ دائه‌تاشن! خۆ منیش له‌وه بێ به‌ش نه‌بووم و ئیستا پێم ئه‌ڵێن(هێرۆشتاین) ئه‌ڵێن گوایه له حسابدا زۆر زیره‌کم و له‌وانه‌یه به ڕهچهڵهکهک خزمایه‌تیمان له‌گه‌ڵ ئهنشتاینا هه‌بێ.
ده‌رباره‌ی دیاری و شتی له‌و جۆره‌ش، له‌وه ئه‌چێ لای ئیوه هێشتا مه‌لیک مابێ! ئێستا باوی ئه‌سپ و حوشتر نه‌ماوه‌و ئاودیوکردنی نه‌وت و حهپهلووشکردنی بودجه خۆش بێ، باو باوی (وه‌نه‌وشه‌و تاهوو، مۆنیکا و لاڤیسکه). هه‌روه‌ها خۆ نواندن به‌تاج و نهجمهو ئه‌ستێره بۆته عه‌یبه‌و ئێستا ته‌رازووی کێشانی شان و شه‌وکه‌ت و پیاوه‌تی، به زۆری ژماره‌ی کۆمپانیا و داگیرکردن و ئاودیوکردنی پشکی نه‌وت و باڵه‌خانه‌ی باڵابه‌رزو پۆست و پاره و شتی ئاوها له‌و جۆره‌یه.
به‌ش به‌حاڵی خۆم، چه‌ندین کۆمپانیای بازرگانی و داموده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه و پرۆژه‌ی جۆراوجۆرم خستۆته‌گه‌ڕ، بۆ که‌یف خۆشی وکات به‌سه‌ر بردنیش، وورهواڵه پرۆژه‌ی گوڵ، سیرامیک، حه‌تحه‌تۆکه، زه‌نگیانه، ئه‌سپ و سه‌گ وتانجیم هه‌یه، به‌ناو بۆ خزمه‌تیش کۆمپانیای منداڵپارێزم قووتکردۆته‌وه، خه‌متان نه‌بێ منداڵی باشوری ووڵات بێ ناز نابن!
تازه‌ترین پرۆژه‌ش له دوایین سه‌ردانی نهێنیمدا بۆ ناوچه‌ی عه‌ربه‌ت، که چه‌ند ڕۆژێک به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنه‌کان سه‌ردانم کرد، پرۆژه‌یه‌کم بۆ په‌روه‌رده‌کردنی په‌له‌وه‌ر دامه‌زراند، ئه‌وه هه‌ر ناوه‌و مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی پرۆژه‌که په‌روه‌رده‌و به‌خێوکردنی دووپشکه. دووپشکی ئه‌م ده‌شته زۆر به‌ناوبانگه‌و بده‌ن به‌هه‌ر که‌سێکه‌وه ئه‌و دنیای ئه‌خه‌نه پێش چاو! به بێ ئه‌وه‌ی وه‌کو ئێوه نزیک بێ، له کووره و تهنوورو مهنجهنیقهکه.
عه‌یامی قه‌دیمیش، که باووباپیرانی هه‌ره گه‌وره‌تان ته‌شریفیان هێنا و به‌شمشێره‌وه هه‌ڵیان کوتایه سه‌رمان، بۆ ته‌مێ و ئاقڵ کردنمان له‌م ده‌شته‌دا. دووپشک ته‌نگی پێ هه‌ڵچنین و په‌رته‌وازه‌ی کردن، بۆیه منیش به نیازم ئه‌و پرۆژه‌یه په‌ره پێبده‌م و دووپشکی تیا گه‌وره بکه‌م هێنده‌ی کهڵهکێویهک بن و ئه‌و جا ڕێنمایی و ئامۆژگارییان ئه‌که‌م و هاوینان به‌ده‌سته ئه‌یان نێرم بۆ گرده‌که! تا تاقیان لێ ببڕێ.
گۆێ مه‌ده‌نێ ئێمه‌ش بایی خۆمان سه‌ریه‌شه‌مان بۆ دروست بووه‌و چه‌ند هۆزو عه‌شیره‌تێک په‌یابوون به ناوی(عه‌شیره‌تی شیڤهر و خێڵی پارکه‌ر5)، گوایه ئه‌ڵێن له بنه‌چه‌دا ده‌چنه‌وه سه‌ر بنهباوانی قه‌بیله‌ی پاندان، ئه‌مانه هه‌ر بۆڵه‌یان دێت و زوو زوو ڕاپۆرتمان له‌سه‌ر ئه‌نووسن و بڵاوئه‌که‌نه‌وه. بۆ ئه‌مه‌یان به‌ڵکو بگه‌ڕێن ئه‌گه‌ر له ئه‌رشیفه‌که‌ی خۆتاندا فایلی ئه‌مانه‌تان لایه بۆمانی ڕه‌وانه بکه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر فایلیشیان نه‌بوو به‌ڵکو بۆیان دروست بکه‌ن، تا له‌وڕێگه‌یه‌وه ڕێگرییان بکه‌ین و بیان تهزێنین و بیانکه‌ین به‌په‌ندی زه‌مانه!
به‌سه‌رۆکه نه فامهکهشتان ڕاگه‌یه‌نه، له‌شی ساغی کرمه‌ڕێز بێ بۆ کار‌و کهرێتیهک کردی و ده‌بوو ئه‌و که‌تنانه‌ی له‌و ئهخیرهوه نواندی، زووتر بیکردایه و ئێمه‌ش زووتر ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه‌مان به‌دیبهێنایه و ئه‌و هه‌موو عومر‌و وه‌خته‌مان له دیمه‌شق و تووژه‌ڵه و یاخسه‌مه‌ر به‌سه‌ر نه‌بردایه.
بۆ ئه‌وه‌ی زیاتریش نیگه‌ران بێ ئه‌و هه‌واڵه‌ی پێ ڕاگه‌یه‌نه، ئه‌و تا توانی داهاتی ووڵاته‌که‌ی هه‌ڵلووشی هه‌مووی دا به‌چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و ووڵاته‌که‌ی خۆی پێ ووێران کرد. به‌ڵام ئێمه که‌ڵکمان لێ وه‌رگرتووه‌و بهشیكێ باشیمان بۆ خۆمان لاداوه‌و به‌شه‌که‌ی تریشی له ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی ووڵاتدا خه‌رج ئه‌که‌ین. هه‌ر بۆ نمونه، چه‌ند ته‌ن دۆلارمان دا بهئێرانیهکانی دۆستمان، وه‌کو مڵه کونێکی دورو درێژیان بۆ دروست کردین، ئێوه نه‌تان بینیوه‌و پێی ئه‌ڵێن تۆنێل. ئه‌م تونێله زۆر شازه‌و عهبێکی هه‌یه که ته‌واو بوو کاره‌باو گڵۆپی تیا نه‌بوو، که پرسیمان بۆ؟ ووتیان با زۆر ڕووناک نه‌بێ، نه‌بادا ببن به چاوی ئه‌مریکیه‌کانه‌وه، و به ڵێنیاندا له باتی گڵۆپ کووژهکهمان بۆ هه‌ڵواسن!
زانایه‌کی تونێل شوناسی میسریش که کووڕو قه‌موور بوو بوو له ژێر ئه‌هرامه‌کاندا، و ئه‌یزانی حوسنی موباره‌ک به چه‌ند پشت ئه‌چێته‌وه سه‌ر فیرعه‌ونه‌کان، ووتی: خۆزگه‌م به‌خۆتان که ووڵاته‌که‌تان شاخاویه و ئه‌م شته سهیرهتان هه‌یه. ووڵاتی ئێمه بیابانه‌و ناکرێ ئه‌مه‌ی لێ بکرێ. گه‌ر وا نه‌بوایه تونێلێکمان بۆ هه‌ڵده‌که‌نن مسته‌قیم له عۆجه‌و تکریته‌وه بۆ دیمه‌شق و عمان، تا به ئازادی درێژه به کار‌و چالاکیه‌کانتان بده‌ن.
کاتی خۆیشی ئیوه گێل و نه‌فام بوون و نه‌تان کرد، پاره‌ی دوو ده‌رزه‌ن ده‌بابه و نیو ده‌رزه‌ن ته‌یاره بده‌ن به چوار تونێل و ئه‌و هه‌موو خۆێنهتان نهڕشتایه بۆ گرتنی قووڵه سه‌وزو قووڵه پوشێن ، سه‌ری دابان و ههڵلاج وحه‌سه‌ن به‌گ و به چه‌قه‌نه‌یه‌ک ئه‌گه‌یشتنه بانه.
ئێوه هه‌ڵه‌بجه، پێنجوێن و قه‌ڵادزێ و هه‌زاره‌ها گوندی دیکه‌تان به وێرانی بۆ جێهێشتین، به‌ڵام ئێمه ئاوه‌دانمان کردنه‌وه و خه‌ڵکه‌که‌شی زۆر خۆش گوزه‌رانن. ئیستا گه‌ر بیبینن سه‌رتان سووڕ ئه‌مێنێ و ڤیه‌نناو پراگ ، پاریس و له‌نده‌ن، له چاویانا فه‌لوجه‌ن!
هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌واڵه ناخۆشه‌شی بده‌رێ و بڵێ، به‌ناوی یه‌که‌میه‌وه هه‌زاره‌ها ته‌له‌به‌ی ته‌مه‌ڵی ڕه‌وانه‌ی ئه‌وروپا کرد بۆ خۆێندن و زانیاری وه‌رگرتن، که‌چی ده‌رکه‌وت شه‌هاده‌کانیان ته‌زویره‌و باڵه‌خانه‌یه‌کی پێنج نهۆمییان پێ ناچێ به‌ڕێوه!
به کاکه (به‌زه6)شت بڵێ.، ئه‌وه‌نده سووک و ڕسوانهبێت و هه‌رڕۆژه‌ی داواکارییه‌که‌ی هه‌بێ، له‌بیرم دێ له ماوه‌ی بهندیهکهشیدا به بیانووی نه‌خۆشیه‌وه له پاشاکانی سعودیه پاڕایه‌وه تا بچن به هانایه‌وه! سه‌برو تهحهمولتێن هه‌بێ و باش بزانن ئه‌وه‌ی له گه‌ل و میلله‌ته‌که‌ی خۆی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه، جێگه‌که‌ی له‌وه‌که‌ی ئێوه باشتر نابێ. بۆ مه‌سه‌له‌ی پاره‌ش، ئێمه به ته‌مانین بمرین! ئیتر بۆچی ئامۆژگارییمان ئه‌کا که بڕێک له گه‌ڵ خۆمان بهێنین.
له‌مه‌ودوا له‌م ڕێگه‌یه‌وه نامه‌و شتی وامان بۆ مه‌نێرن! ئه‌ڵێن گوایه ته‌ته‌ره‌کان نامه‌کان ئهخۆێننهوهو بۆ خۆیانی کۆپی ئه‌که‌ن، هه‌وڵ بده‌ن له ڕێگه‌ی پاشای ئه‌رده‌ن و سوڵتانه‌کانی سعودیه‌وه په‌یامه‌کانتان ئاراسته بکه‌ن، ئه‌مه‌یان ئه‌مین و سه‌لامه‌ته.
له کۆتاییدا ئه‌م شیعره سه‌قه‌ت و ناتهواوهتان بۆ ئه‌نێرم که هاوڕێیه‌کی شیوعی کاتی خۆی سه‌رده‌مێک له‌ناوچه ئازادکراوه‌کان له‌گه‌ڵمان ژیا‌و که‌مێک فێری کوردی بوو بوو، به‌ڵام که تۆپ و ته‌یاره و هێرشه‌کانی ئێوه‌ی بینی ته‌حه‌مولی وه‌زعه‌که‌ی نه‌کردو به هه‌ڵه‌داوان خۆی کرد به ئێران‌دا، له‌وێنده‌رێ له‌سه‌ر شان چووه حزبی ده‌عوه وه و بوو به موریدیان، پاش ماوه‌یه‌کیش بووه مورشیدیان، دوای هه‌ڵهاتنه‌که‌ی که‌لوپه‌له‌که‌ی به‌جێهێشت و له دووتوێی دیوانێکی مه‌حمود ده‌روێشدا ئه‌م دوو چوارینه‌یه‌ی له پارچه کاغه‌زێکدا هۆنییبۆوه. ئێوه‌ش هه‌وڵ بده‌ن تۆزێ سپی کاری تیا بکه‌ن و بیکه‌ن به نه‌شیدی وه‌ته‌نی.
ئۆخه‌ی ئۆخه‌ی له خۆمان
له قه‌ڵاچوالان، تاکو چۆمان
نه شاخمان هێشت، نه به‌ڕوو
هه‌ر هه‌مووی سه‌حراو خورمان
* * * *
کوردیمان، دووکه‌ڵ ئه‌کا و
عه‌ره‌بیه‌که‌مان عاله،
له ئوردووی تورک ناترسین
پشتیوانمان عه‌گاله. 7
ئاکۆ قادر ئه‌حمه‌د
تێبینی:
1- بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له‌م بابه‌ته، بچۆره‌وه سه‌ر بابه‌تی(برووسکه‌یه‌ک له عه‌لی حسن مجیدهوه بۆ خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د.
2- (ئه‌ده‌م به‌سه‌ری دڵیه‌وه)ئه‌مه قسه‌ی هێرۆ خۆیه‌تی، بڕوانه ژماره(115) ی خاک
3- (ڕه‌بابه) مه‌به‌ست ئامێری مۆسیقی میللی عه‌ره‌به. ئه‌وه‌ی خۆی لێی ئه‌داو خۆشی بۆی ئه‌گری.
4- (بزن ئاوا) نه سه‌یرانگایه و نه ناو، به مه‌به‌ست ئاوهام به‌کارهێناوه.
5- شیڤهر و پارکه‌ر، مه‌به‌ست لێیان دوو مارکه‌ی به‌ناوبانگی ئه‌و دوو جۆره قه‌ڵه‌مه‌یه که ناسراون له لای هه‌موو لایه‌ک. به گشتیش مه‌به‌ستم دنیای نوسین و ڕۆژنامه‌گه‌ری ئازاده.
6- مه‌به‌ست(به‌رزان تکریتی)ه.
7- شیعره سه‌قه‌ته‌که‌ش هی خۆمه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست