دەسەڵات هەڕەشەی کوشتن لە هاوڵاتیانی خۆی دەکات!
Thursday, 19/05/2011, 12:00
لە دوای ١٩ی نیسانەوە کە شاری سلێمانیو شارۆچکەکانی دەوروبەری بەهێزی چەکدار داگیرکراو خۆپیشاندانو کۆبونەوەو هەرجۆرە چالاکیەکی جەماوەری قەدەغەکرا، پەلامارو راونانی هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکانو نەیارانی سیاسیو رەخنەگرانی دەسەڵات بەشێوەیەکی فراوان دەستی پێکرد. هێزی میلیشیایی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری کوردستان وەکو لەشکرێك کە بۆ سەرکوتی خەڵکێکی نارازی هاتبوون، کەوتنە رەشبگیرو گرتن، سوکایەتی پێکردن، ئەشکەنجەدان، پەلاماردانی هەر شتێك کە لەچاوی ئەوانەوە نەیاری دهسهڵاتهکهیان دەهاتە بەرچاو!
شێخ جەعفەر، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتییەو جەلالی شێخ کەریم، جێگری وەزیری ناوخۆ کە بەرپرسێکی بەرزی یەکێتییە، بەو هۆیەوە کە خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی سەرەکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو حیزبەی گرتەوە، بەهاوکاری چەند بەرپرسێکی دیکەی سەربازیو ئەمنی یەکێتی ئەرکی لێپرسراوێتی سەرکوتی خەڵکی نارازی و ههر خۆپیشاندانێکیان پێسپێردراوە. ههر بۆیه ئەو دوو بەرپرسە راستەوخۆ کەوتونەتە هەڕەشەکردن لە هێزە سیاسیەکان، خۆپیشاندەران، هەڵسوڕاوانی سیاسیو جەماوەری، رۆشنبیرانو میدیای سەربەخۆی دەرەوەی دەسەڵات.
جێگری وەزیری ناوخۆ بەئاشکرا ئەوە رادەگەیەنێت کە بەهیچ شێوەیەك رێگا بە خۆپیشاندان نادەنو هێزەکانیان لە١٩/٤ە وە فەرمانی تەقەکردنیان پێدراوە. بەرلەویش وەزیری پێشمەرگە ئەوەی راگەیاندبوو کە هێزەکانیان فەرمانی تەقەکردنیان لە خۆپیشاندەران پێیە! لەدرێژەی ئەم هەڕەشەو سەرکوتگەریانەدا، سۆران عومەر کە یەکێك بوە لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەرای ئازادی، لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە ژیانی کەوتۆتە مەترسیەوە. ئەحمەد میرە - سەرنوسەری گۆڤاری لڤین لەسەرئەوەی نوسینو بابەتەکانی بەدڵی دەسەڵات نیە، راستەوخۆ لەلایەن شێخ جەعفەری وەزیری پێشمەرگەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە. بەمجۆرە ژیانی ئەو دوو کەسەو دەیانی دیکەش کە رەخنە لەدەسەڵاتی میلیشیایی ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارەی کوردستان دەگرنو سەربۆ ملهوریو دەستەمۆبوون بۆئەوان دانانەوێنن روبەروی مەترسی بۆتەوە. ئەم سیاسیەتە بەڵتەجیانەی دەسەڵاتدارانی کوردستان دژی هەڵسوڕوانی سیاسی، رۆژنامەنوسان، رۆشنبیرانو سەرجەم خەڵکی نارازی گرتویانەتە پێش، جێگای نەفرەتی هەر کەسو لایەنێکی ئازادیخوازە لە ناوخۆی کوردستانو دەرەوەی کوردستان.
ئێمە لەچەتری ئازادی، سەرهرای سەرکۆنەکردنی ئەو هەڕەشەو گوڕەشانەی کە دەسەڵاتدارانی کوردستان دژی خەڵکی نارازیو هەڵسوروانی سیاسیو رۆشنبیرانو بە تایبەتی ئەحمەد میرەو سۆران عومەر دەیکەن، هاوکات لە هەوڵی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ ریسواکردنی ئەو هەڕەشەو کارە قێزەونانەی دەسەڵات دژ بە خەڵکی کوردستان لهدهرهوهی وڵات و بەرپرسیارێتی گیانی هەردوو ئەو دوو نوسەرەش دەخەینە ئەستۆی سەرکرادیەتی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار.
چهتری ئازادی - لهندهن
19/5/2011
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست