حوكمرانى باشورى كوردستان و تێكدانى پایەكانى نەتەوەبوونى كورد
Saturday, 13/06/2009, 12:00
بهشی سێیهم:
لە ئەوروپا لە سەدەى حەڤدەى زاینى بە دواوە، لە درێژەى گەشەكردنى سیستەمى سەرمایەدارى و سەركەوتنى پرۆسەى رێنسانسدا، بزاڤى نەتەوەبوون لە نێوان ئەو پێكهاتانەدا سەریهەڵدا كە لە رووى زمان و كڵتور وهەستى هاوبەشەوە لە یەكەوە نزیك بوون و لە سنورێكى جوگرافى دیاریكراودا دەژیان،كۆبوونەوەى ئەو پێكهاتانە بەو شێوەیە بازارێكى هاوبەشى ئابورى لەگەڵ خۆیدا هێنا و بۆ پاراستنى ئەو بازارەش دەوڵەتى نەتەوەیى بووە پێویستیەكى قۆناغ،چینى سەرمایەدارلە یەك كاتدا رێبەرایەتى دیاردەى نەتەوەبوون و بازارى ئابورى هاوبەش و دەوڵەتى نەتەوەیى لە ئەستۆ گرتبو،كۆبوونەوە و رێككەوتنى ئەو پێكهاتانە لە چوارچێوەى نەتەوە و دەوڵەتى نەتەوەدا،پێشكەوتنى ئابورى و كۆمەلایەتى و هزرى مرۆڤدۆستى لەگەڵ خۆیدا هێنا،بۆ درێژەدان بەو قەوارەیە و بۆ زیاتر خۆ رێكخستنى نەتەوە،چینى سەرمایەدار ئایدۆلۆژیاى نەتەوەى داهێنا و لەو كاتەوە ئایدۆلۆژیاى نەتەوەبوون مۆدێلێكى نوێى سیاسیە و لە سەرتاسەرى جیهاندا بڵاوبۆتەوە.
لە سەدەى نۆزدەهەمدا رۆژهەلاتى ناوەراستیش پریشكى ئایدۆلۆژیاى نەتەوەبوونى بەركەوت،لە سەروبەندى جەنگى جیهانى یەكەمدا و پاش رووخانى دەوڵەتى عوسمانى، هەستى نەتەوەیى لە ناو گەلى كوردیشدا پێشكەوت،لەو كاتەوە تا ئەمرۆ نەتەوەبون و رزگارى نەتەوەیى و مافى نەتەوەیى كورد وەك دیاردەیەكى سیاسى سەرتاپاى ژیانى گەلى كوردى داگیركردووە.گەلى كورد پێكهاتەیەكى نەتەوەى تایبەتى ناوچەى رۆژهەلاتى ناوەراستە و هەندێك پایەى نەتەوەبوونى وەك نیشتمان و زمان و كڵتور و هەستى هاوبەشى هەیە،بەلام تا ئەمرۆش كورد نەبۆتە خاوەن چینێك(پێكهاتەیەكى) نەتەوەیى و بازارێكى سەربەخۆى ئابورى نیە تا بتوانێت هەموو پایەكانى نەتەوەبونى خۆى جێگیر بكات،دوژمنانى كورد و دەوڵەتە نەتەوەپە رستەكانى ناوچەكەش تا بۆیانبكرێت نكووڵیان لە نەتەوەبونى كورد كردووە و پایەكانى نەتەوەبوونى كوردیان بە لاواز بینوە وسیاسەتى رماندنى پایەكانى نەتەوەبونی كوردیان بەرێوە بردووە و سیاسەتى تواندنەوەى نەژادى و كۆمەڵكوژیان دژى گەلى كورد پەیرەوكردووە.لە ململانێی نێوان كورد و دوژمناندا، دوژمنان سەركەوتنیان بە دەستنەهێناوە،لە پاى قوربانیەكى زۆر و تێكۆشانێكى دروودریژدا گەلى كوردیش سەركەوتنێكى ئەوتۆى بەدەست نەهێناوە و لە مەترسى لە ناوبردن و تواندنەوەى نەژادى قوتارى نەبووە.لە ماوەی هەژدە ساڵى رابوردووى حوكمرانى باشورى كوردستاندا دەرفەتى ئەوە رەخسا پایەكانى نەتەوەبوونى كورد بەهێزبكرێن و زیاترجێگیربكرێن،كەچى رێبەران و سیاسەتمەدارانى باشورى كوردستان نەك هەر گرنگیان بە بەهێزكردن و جێگیركردنى پایەكانى نەتەوەبوونى كورد نەدا و هەوڵیان نەدا گەلى كورد ببێتە خاوەنى بنەماو پێوانەی نەتەوەیەكى دیموكراتى شارستانى،بەڵكوو ئەو سیاسەتەى لە دواى راپەرینەوە تا ئەمرۆ پەیرەویان كردوە بۆ بەهێزكردنى پایەكانى نەتەوەبوونى كورد نەبووە و بۆ لاوازكردن و تێكدانى پایەكانى نەتەوەبوونى كورد بووە.
لە دواى راپەرینى بەهارى1991،دەرفەتێكى باش بۆ گەشەكردنى زمان و كڵتور و هەست و هوشیارى نەتەوەیى كورد هاتە پێشەوە،دەرفەتێكى باش بۆ راستكردنەوە و بوژانەوەى ژێرخانى ئابورى كوردستان هاتە پێشەوە،دەرفەتێك هاتە پێشەوە تا چینێكى سەرمایەدارى نیشتمانپەروەرلە ناو كوردا پێكبێت،دەرقەتێك هاتەپێشەوە تا پێكهاتەیەكى نەتەوەیى دیموكرات پێكبێت و قۆناغى نەتەوەبونى كورد تەواو بكات،بەلام دەسەڵاتدارنى باشورى كوردستان بەو شێوازە حوكرانیە حزبى و خێڵەكى و نادیموكراتی و نا نەتەوەیەوە،سوودیان لەو دەرفەتە وەرنەگرت،نە خۆیان گۆرىنە رێگەیان دا گەل بۆ خۆى بریار لە چارەنوسى خۆى بدات و لە دەرەوەى دەسەڵاتى حزبەوە دام و دەزگاى نەتەوەیى خۆى ئاوابكات و پایەكانى نەتەوەبوونى كورد بەهێز بكات.
1.لە سەردەمى دەسەڵاتى كوردیدا لە شاخ و لە شار، زمانى حزب شوێنى زمانى نەتەوەى گرتەوە، بۆ ناونانى دەزگایەكى سیاسى حزبێك، بۆ ئەوەى دەزگاكەیان لە دەزگاى حزبە دژبەرەكەیان جیابكرێتەوە،چەندان ناوى نوێَیان داتاشى و خستنیانە ناو زمانى كوردیەوە، یەكێتى نیشتمانى كوردستان ناوى ژنانى خستە شوێن ناوى ئافرەتانى پارتى دیموكراتى كوردستان،ناوى خوێندكارى لە شوێنى قوتابى پارتى دیموكراتى كوردستان دانا،تا ئەمرۆش هەر كەسێك ناوى ژن و خوێندكار بەكاربێنێت ئەوە یەكێتیە،ئەو كەسەشى ناوى ئافرەت و قوتابى بەكاربێنێت ئەوە پارتیە،تا ئێستەش ئەم دوو ناوە لە نوسینى سیاسى و رەسمى دەسەڵاتى كوردیدا بە شوێن یەكتردا دێن وناوێكیان نەكراوەتە ناوى رەسمى،بە كار هێنانى دوو ناو لەیەك كاتدا بۆ یەك مەبەست و بۆ یەك شت زمانى كوردى قورس و ناهاوسەنگ كردووە.ساڵى 2005 رۆژنامەنوسێك لێكۆڵینەوەیەكى لە سەر زمانى كەناڵەكانى تەلەفزیۆنى حزبەكانى باشورى كوردستان كرد،هەر لە سەر پێوە بۆیدەركەوت كە 137 سەد وسى و حەوت وشەى جیاواز بۆ یەك مەبەست و بۆ یەك شت لە نێوان كەناڵى تەلەفزیۆنى كوردساتى(یەكێتى) و كوردستان تى ڤى پارتیدا بەكاردێت،لە وڵاتانى تردا یەك لە ئەركەكانى كەناڵى تەلەفزیۆنى یەكخستنى زمانى نەتەوەیە،كەچى لە هەرێمى كوردستاندا یەك لە كارەكانى كەناڵە تەلەفزیۆنەكان تێكدانى زمانى نەتەوەی كوردە.لە دواى راپەرین حزبە دەسەڵاتدارەكان زمانى كوردیان نەكردە زمانى رەسمى دەزگاكانى هەرێمى كوردستان،دەستەواژە ئیدارى و سیاسى و زانستى وپزیشكى و یاسایەكانیان وەرنەگێرایە سەر زمانى كوردى و زمانى كوردیان بە ناو و دەستەواژە و كردارە نوێیانە دەوڵەمەند نەكرد،زمانى دەزگا فەرمیەكانى هەرێمى كوردستان لە نێوان عەرەبى و كوردى ناوچەیى و تێكەلەى كوردى و عەرەبیدا مایەوە،ئەگەرچى لە هەرێمى كوردستاندا هێندە حكومەت و بەرێوەبردنمان هەبوو كەبەشى ێشخستنى زمانى كوردى بكات،بەڵام دەسەڵاتى كوردى ئەو كارەشى ئەنجام نەدا،لە پاى ئەو هەموو تواناكاریە فراوانەى رۆژنامە و گۆڤار و رادیۆ و تەلەفزیرن،لەگەڵ ئەو كادرە زۆرانەى بوارى زمان و تەكنۆلۆژیاو ئیرادەى خەڵك بۆ درووستكردنى زمانى یەكگرتوى كوردى،لە ماوەى هەژدە ساڵى ر ابوردوودا لایەنە سیاسیەكانى باشورى كوردستان و حكومەتى هەرێم و پەرلەمانى كوردستان كارێكى جدیان بۆ گەشەپێدانى زمانى كوردى و بۆ دروستكردنى زمانى یەكگرتوى كوردى نەكرد وكڵتورى كوردیان پێشنەخست،لەم ساڵانەى دواییدا بۆ ئەوەى حزبە دەسەڵاتدارەكان پشتیوانى خەڵكى ناوچە جیاكان و خێلەكانى كوردسستان بە دەستبێنن،كەوتوونەتە بڵاوكردنەوەى بەرنامەى تایبەت بە زمانى هەورامى و سازدانى ئاهەنگى ساڵانەى تایبەت بە خێڵى جاف و ناوچەى هەورامان،ئەم جۆرە چالاكیانە روكەش و كورت خایەنن و هێند لە بەرژەوەندى حزبى دەسەڵاتدار و قووڵكردنەوەى ناكۆكى خێڵەكى و ناوچەییدا بەكاردێن نیو هێندە لە خزمەتى گەشەپێدانى زمان و كڵتورى نەتەوەبوونى گەلى كوردا سوودیان لێوەرنەگیراوە.
2..یەك لە پایە گرنگەكانى ترى نەتەوەبوونى هەر میلەتێك یەكێتى خاكى ئەو میلەتەیە،لە ئەنجامى شەڕى دەسەلات و خۆسەپاندنى پارتى و یەكێتی بە سەر حوكمرانى باشورى كوردستاندا،ئەو بەشە رزگاركراوەى باشورى كوردستانى دواى راپەرین جارێكى تر بە سەر دەسەڵاتى حزب و خێڵدا دابەشكرایەوە،لە رابوردوودا یەك لە سیاسەتە شۆڤینیەكانى داگیركەرانى كوردستان و هاوپەیمانەكانیان دابەشكردنى خاكى كوردستان بووە،ئامانجى ئەم دابەشكردنە دوورخستنەوەى كورد بووە لە یەكترى و لاوازكردنى هێزى كورد بووە،لە جەنگى جیهانى یەكەمدا داگیركەران و هاوپەیمانەكانیان كوردستانیان كردە چوار پارچە،لە دواى راپەرینیش ئەو بەشەى باشورى كوردستان كە لە ژێردەستى رژێمى بەعس دەرهێنرا،وەك درێژەدان بە سیاسەتى داگیركەرانى كوردستان لە لایەن رزگاركەرەكانیەوە(پارتى و یەكێتى) جارێكى تر پارچەكرایەوە،هەرێمى سلێمانى و گەرمیان كەوتە ژێردەسەڵاتى (ى ن ك) و هەرێمى هەولێر و دهۆكیش كەوتە ژێر دەسەڵاتى (پ د ك) و تا ئێستەش بە شێوەیەكى كردارى ئەو دوو بەشەى كوردستان یەكیان نەگرتۆتەوە، بەم شێوەیە جەستەى نیشتمانى كورد هێندەى تر هیلاك بوو و ئاستەنگى زیاتر لە نێوان یەكێتى خاكى كورد و نەتوەبوونى گەلى كوردا درووستكرا،بەمەش هێزەكانى باشورى كوردستان هێندەى تریەكێتى نیشتمانى كوردیان پارچە كرد وهێندەى ترپایەى نەتەوەبوونى كوردیان لاواز كرد.
3.لە سەردەمى خەباتى شاخ و لە دواى راپەرین حزبە دەسەڵاتدارەكانى كوردستان لە باتى ئەوەى هزرى نەتەوەی كورد پێشبخەن، هزرى حزبایەتى تەسك و هزرى خێڵ و ناوچەگەرى و پارچەگەریان پێشخست.كاتێك باشورى كوردستان لە ژێر دەستى دەسەڵاتى رژێمى بەعسدا بوو و سیاسەتى سەركوتكردن و تواندنەوەى نەژادى بەرامبەر بە گەلى كورد بەرێوەدەبرد،هەستى نەتەوەیى و هەڵوێستى نەتەوەیى لە ناو گەلى كوردا لە گەشەكردندا بوو،كورد خۆى رێكدەخست و بە چالاكى هەمەجۆر خۆى لە هێرشى دوژمن دەپاراست و بە خەباتى نەتەوەیى و رێكخستنى نەتەوەیى وەڵامى سیاسەتەكانى رژێمى بەعسى ئەدایەوە و چەكى شەرەفى پێشمەرگایەتى دەكردە شانى و داواى مافەكانى خۆى دەكرد،بەڵام ناكۆكى حزبایەتى و ململانێى دەسەلات، رێرەوەى پێشمەرگایەتى بەلارێدا برد و پێشمەرگە لەگەڵ پێشمەرگەى حزبێكى تردا لە دژى یەكتر دەچوونە سەنگەر و دوژمنیان لە بیردەچووەوە و لە شەرى ناوخۆدا خوێنى یەكتریان دەرشت،ئەمەش واى لە خەڵكى كوردستان كرد كە بەرامبەر تێكۆشانى نەتەوەیى ساردببنەوە و دوورەپەرێز بوەستن.لە دواى راپەرین،شەرى ناوخۆى نێوان حزبە سیاسیەكانى باشورى كوردستان و دابەشكردنى هەرێمى كوردستان واى لە خەڵكى كوردستان كرد ئاوات بە سەردەمى دەسەڵاتى بەعس بخوازن و هەستى نەتەوەیبان لاوزا ببێت و خۆیان بە ئۆرگانێكى كۆمەڵگاى كوردستان دانەنێن.لە دواى راپەرین حزبەكانى باشور و حكومەتى هەرێمى كوردستان دەزگاى نەتەوەیى و چالاكى نەتەوەیان پێشنەخست، دەزگاى حزبیان برەوپێداو دەزگاى خێلیان زیندوو كردەوە و ناكۆكیان لە نێوان تاك و پێكهاتەكانى كوردستاندا درووستكرد،بەو شێوەیە هەستى حزبایەتى تەسك و هەستى خێڵایەتى و ناوچەگەرى گەشەى كرد و شوێنى هەست و هزرى نەتەوەیى گرتەوە، بۆیە پایەیەكى ترى نەتەوەبوونى كورد كە هەستى نەتەوەبوونە لە لایەن دەسەڵاتى هەرێمى كوردستانەوە زیانى گەورەى بەركەوت.
4.هەر لە دواى راپەرینەوە تا ئەمرۆ، دەسەلاتدارانى كورد دوور لە كارەكتەرى نیشتمانپەروەرى چینى سەرمایەدارى جیهان،نیشتمانپەروەر دەرنەچون وگرنگیان بە درووستكردنى بازارى هاوبەش و سەربەخۆى كوردستان نەدا،سەرەتا هەرچى ئەدەوات و دەزگاى ژێرخانى ئابورى هەرێمى كوردستان بوو كە لە رژێمى سەدام بەجێمابوو،دەستی بەسەردا گیرا و بە تاڵان فرۆشی ئاودیوى ئێران كرا و پارەكەى چووە گیرفانى كۆمەڵێك دەسەلاتدارەوە.دەسەلاتدارانى باشور و سەرمایەدارە هاوپەیمانەكانیان بروایان بە خۆیان نەبوو كە بتوانن ببنە خاوەن ئابوریەكى سەربەخۆ،هەوڵیان نەدا بازارێكى ئابورى سەربەخۆ لە باشورى كوردستاندا پێكبهێنن و لەسەر بنەماى یاسا و رێساى ئابورى نێودەولەتى پێوەندى لەگەڵ بازارەكانى جیهاندا ببەستن،دەسەڵاتدارانى باشور دەستیان بە سەر بازارى ئابورى هەرێمدا گرت،لە ناوەوەى كوردستان هەموو چالاكیەكى ئابوریان بۆ خۆیان مۆنۆپۆڵ كرد و دەرفەتى گەشەكردنى ئابوری كوردستانیان لە بار برد،لە دەرەوەى هەرێمیش وەك بۆرجوازیەكى كۆمبرادۆرى ولاتێكى ژێردەست خۆیان دابەدەستى سەرمایەدارنى وڵاتانى داگیركەرى كوردستان و وڵاتانى سەرمایەدارى جیهانەوە و باشورى كوردستانیان كردە بازارى ساغكردنەوەى كاڵاكانى كۆمپانیاى وڵاتانى تر و كۆمەڵگاى كوردستانیان لە بەرهەمهێنان دوورخستەوە،دواى راپەرین دەسەلاتى كوردى گوندەكانى ئاوەدان نەكردەوە و جۆگەى ئاودێرى بۆ كێڵگەكان نەبردەوە و پرۆسەى كشتووكاڵ وئاژەڵدارى و گەشت و گوزارى كوردستانى نەبوژاندەوە و كرێكار و جوتیارى كوردستانى كردە سوتماكى شەرى براكوژى و وێرانكردنى كوردستان. بۆ گەشەپێدانى پیشەسازى و زیادكردنى بەرهەمى ئابورى كوردستان، دەسەڵاتى باشورى كوردستان سوودى لە تواناى زانستى ئەندازیارانى كوردستان و تواناى فیزیكى وەستا و كرێكارانى كوردستان وەرنەگرت،لە باتى ئەوە هەر پێویستیەكى خەڵكى كوردستانى لە دەرەوەى وڵات هێنا و كۆمەڵگاى كوردستانى كردە كۆمەڵگایەكى بێ بەرهەم،دەسەلاتى كوردى نەك هەر بۆ چالاكى ئابورى و بۆ زیادكردنى بەرهەم هانى خەڵكى نەداوە ،بەڵكوو لە تەمەڵكردن و لە مشەخۆركردنى تاك و كۆمەڵدا رۆڵى سەرەكى دیوە و بەردەوام دەستى بە سەر سامانى وڵاتدا گرتووە و بە مەرجى ئەندام بوون لە حزبدا و بە مەرجى كارنەكردن لە كۆمەڵگادا،ئەوسامانەى بە جیرە بەسەر خەڵكدا دابەش كردووە،بە گوێرەى زانیارى چاودێرانى بوارى ئابورى،زۆربەى سەرمایەى هەرێمى كوردستان كەوتۆتە ژێر دەستى بەرپرسە سیاسیەكانى هەرێمى كوردستان و ئەوانیش ئەو سەرمایەیەیان لە بانكەكانى دەرەوەى هەرێم داناوە و خەڵكى كوردستان سوودى لیوەرناگرێت،لە سایەى تاڵانكردنى سامانى وڵاتدا گەلى كوردیش دوور لە دەسەڵات نەیتوانى سوود لەو سەرمایەیە وەربگرێت و بازارێكى نەتەوەیى پێ پێكبهێنێت.
لە دواى رووخانى رژێمى سەدام بۆ بە تاڵان بردنى سامانى ژێرزەمینى هەرێمى كوردستان،دەسەلاتى هەرێمى كوردستان چەندان پەیمانى دەرهێنان و فرۆشتنى گاز و نەوتیان لەگەڵ كۆمپانیا بێگانەكاندا واژۆ كردووە،بە شێوەیەك كە لە ماوەى چەندان ساڵدا سامانى ژێرزەمینى هەرێم وشك دەكات و نەوەكانى ئایندە سوودى لێوەرنەگرن،بەم شێوەیە دەبینین دەسەلاتى هەرێمى كوردستان لە باتى رێكخستن و بەهێزكردنى ئابورى كوردستان تاڵانكردنى سامانى سەرزەوى و ژێرزەوى كوردستانى بە بنەما گرتووە و هەرێمى كوردستانى كردۆتە بەشێكى بەرخۆرى بازارى وڵاتانى ترى جیهان وپایەیەكى ترى نەتەوەبونى كوردى تێكداوە و پرۆسەى نەتەوەبونى كوردى ئاستەنگ كردووە.
5.دەسەڵاتدارانى باشور لە باتى ئەوەى لە هەرێمى كوردستاندا دەزگاى نەتەوەیى ئاوابكەن، دەزگاى عراقى و عەرەبى و ناوچەییان ئاواكردوە.لە دواى رووخانى رژێمى سەدامەوە لە هەولێر و شارەكانى ترى باشوردا بەردەوام كۆنگرە و كۆنفرانسى عراقى و عەرەبى و ئیسلامى و ناوچەیى دەبەسترێن،سەركردە كوردەكان خۆیان وەك عراقى و ئیسلامى و هەندێك جاریش وەك عەرەب نیشان ئەدەن،بەلام زۆر بە ترس و لەرزەوە وەك كوردێك خۆیان دەردەخەن،پێش رووخانى رژێمى بەعس چەندان كەسایەتى ئەوروپى سەردانى كوردستانین دەكرد و وەك دۆستى كورد دەناسران،لەو كاتەوە جەلال تاڵەبانى بۆتە سەرۆك كۆمارى عراق هەرچى دۆستى كوردە كردوونى بە دۆستى عراق و هەر كاتێك ئەو دۆستانە سەردانى بكەن لە باتى ئەوەى بڵێت ئەمانە دۆستى دێرینى كوردن كاتى خۆى سەردانیان كرددوین وپشتیوانمان بوون وئێستە بوونەتە دۆستى نوێى عراقیش هەر دەڵێت ئەم بەرێزە دۆستى دێرینى عراقە و كوردستانەكە دەپەرێنێت،راگەیاندنە عەرەبیەكانى پارتى دیموكراتى كوردستان كە باس لە چالاكیى و كارەكانى مەسعود بەرزانى دەكەن،لە ترسانا ناوێرن بڵێن سەرۆكى كوردستان و دەڵێن سەرۆكى هەرێم،بەڵام لە راگەیاندنى كوردیدى (پ د ك) دا هەر دەڵێن سەرۆكى كوردستان،ئەم سیاسەتە كۆسمۆپۆلیتى وترسنۆكەى دەسەلاتى كوردى لە كاتێكدایە كە هێشتا كێشەى كورد لە باشورى كوردستانیش چارەسەر نەكراوە و بۆ چارەسەركردنى ئەو كێشەیە یەكێتى نەتەوەیى و كۆنفرانسى نەتەوەیى و ناساندنى رەوایى كێشەى كورد وئازایەتى و لیاقەى دبلۆماسى سەركردەى كوردى پێویستە،ئەم جۆرە كۆنگرە و كۆبوونەوە ناوچەیى و ئاینى و جیهانیانەى هەرێمى كوردستان لە كاتێكدایە كە دەیان ساڵە گەلى كورد خەو بە كۆنگرەیەكى نەتەوەیى نێوان پارچەكانى كوردستانەوە دەبینێت،كەچى دەسەڵاتدارانى باشور ناچن بەلاى ئەو بابەتەدا كە ئاواتى گەلى كوردن وپێویستیەكى ژیانى چارەسەركردنى كێشەى كوردن و كەمێك گەلى كورد دڵشاد دەكەن،هەربە شوێن سیاسەتى سیستەمى سەرمایەدارى جیهان و سیاسەتى دەوڵەتە داگیركەرەكانى كوردستانەوەن و ئاسانكارى بۆ جێبەجێكردنى سیاسەتەكانی ئەوان دەكەن،لە سەرەتاى ئەمساڵدالە تەنها جارێك باسیان لە كۆنگرەى نەتەوەیى كوردستان كرد،بەلام مەرجەكانى بەستنى ئەو كۆنگرەیەش وڵاتانى داگیركەرى كوردستان دایاننابو،كە خۆبەدەستەودان و شكستپێهێنانى شۆرشى پارچەكانى ترى كوردستانى لە گەڵ خۆى دەهێنا.لە دواى راپەرینەوە تا ئەمرۆ ئاوارەكانى باكورى كوردستان لە كەمپی ئاوارەییدا دەژین و لە لایەن دەسەڵاتى باشورەوە مافى هاوڵاتى كوردستانیان پێڕەوا نەبینراوە،كەچى دەسەلاتى هەرێمى كوردستان ئامادەیى تێدایە بە بێ هیچ مەرجێك سەدان هەزار فەلەستینى وەك هاوڵاتى كوردستان لە هەرێمى كوردستاندا نیشتەجێ بكات .
ئەم سیاسەتە نانەتەوەیەى دەسەلاتى باشورى كوردستان لە ماوەى هەژدە ساڵى رابوردودا،پایەكانى نەتەوەبوونى كوردى زیاتر لاوازكردووە و واى لە تاك و پێكهاتەى كۆمەڵگاى كوردستان كردووە كە لە بارى سەرگەردانى نەتەوەیى و ونكردنى ناسنامەى نەتەوەییدا بژیت و لە ئاستى نێونەتەوەییدا هەست بەنامۆ بوونى خۆى بكات،بۆیە كۆمەڵگا و تاكى كورد مۆراڵى لاواز بووە و زوو خۆى ئەداتە دەستى بێگانە و بە بابەتى بچووكەوە كاتى خۆى بەسەر دەبات و لە بێ ئۆمێدیەكى قووڵدا دەژیت و ناتوانێت وەك پێكهاتەیەكى چالاكى سەردەم كاریگەرى لە سەر رووداوەكان هەبێت.
فائیق محەمەد گوڵپى 21-5-2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست