کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كچێك ، زانكۆ ، ئاینده‌

Tuesday, 20/09/2011, 12:00




ئه‌و تا هه‌نوكه‌ى زه‌مانى ته‌مه‌نى به‌گه‌لێك نشێوو هه‌ورازدا تێپه‌ڕیوه‌...ئه‌و له‌حزانه‌ى بوارى هه‌یه‌و له‌ ڕابوردوى ده‌روانێت یه‌كه‌م چركه‌ ساتى چونه‌ قوتابخانه‌ى دێته‌وه‌به‌ر چاو " كاتێك دایكى ده‌ستى گرت و تا یه‌كه‌م ده‌رگاى خوێندنى گه‌یاندى ، به‌مامۆستاى وت مامۆستا گیان كچه‌كه‌م نازدارى دڵمه‌، وا دێته‌قوتابخانه‌و پۆلى یه‌كه‌مى و یه‌كه‌م ڕۆژى خوێندنى له‌به‌ر ده‌ستى تۆى به‌رێزدا ده‌ست پێده‌كات....تكایه‌ئه‌مانه‌تى تۆو كچه‌كه‌م!!یه‌كه‌م دانیشتنى پۆلى قه‌ت بیرناچێته‌وه‌كاتێك مامۆستا وه‌ك به‌خێرهاتن وتى به‌قوتابیه‌كان ئاده‌ى چه‌پڵه‌یه‌كى بۆ لێبده‌ن! هه‌موو هاوڕێ پۆلیه‌كه‌ى پێكه‌وه‌ڕا به شه‌قه‌ى چه‌پڵه‌یان بۆ ئه‌به‌د به‌دنیاى خوێندن و قوتابخانه‌كردیان به‌هاوه‌ڵ و ئاشنا...گه‌رچى ڕۆژانه‌ى ژیانى ئاوێته‌ى گه‌لێك گرفتى سه‌ختى گوزه ران و ڕه‌وڕه‌وه‌ى ژیانبوو به‌ڵام دنیاى قوتابخانه‌و شیرینى لوتفى مامۆستاكانى و هاتن و چونى له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ خوشكه‌كانیدا ئاوى ئاسوده‌یى و ئارامى ده‌كرد به‌ گه‌رمى كێشه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانى ژیانى دا....ئه‌و ده‌مه‌ى قه‌ت بیرناچێته‌وه‌ كه‌ له‌ زارى مامۆستاوه‌كاتێك ده‌یبیست و لێى ده‌پرسین ئێوه‌حه‌زده‌كه‌ن له‌داهاتوودا ببن به‌چى؟! دكتۆر یاخود ئه‌ندازیار یاخود مامۆستا؟!!ئاى كه‌زه‌مه‌نێكى جوانى وه‌نه‌وشه‌یى بوو كه‌له‌گه‌ڵ ده‌سته‌خوشكى هاوپۆلیدا وازى مامۆستا مامۆستایان ده‌كرد و داینابوو كه‌گه‌وره‌بوو له‌داهاتوودا ببێت به‌یه‌كێك له‌و كاراكته‌ره‌وازیانه‌...داینابوو دڵى دایكه‌خۆشى كه‌م دیوه‌كه‌ى شادو پر كه‌یف بكات و ئه‌گه‌ر بۆ دوا رۆژه‌كانى ته‌مه‌نیشى بێت هه‌ربتوانێت سوێو ئازاره‌كانى بره‌وێنێته‌وه‌و به‌كه‌یف و پر شادى بكات...ئێستا كه‌ له‌ قۆناغه‌كانى زانكۆیدایه‌و وا قۆناغ به‌قۆناغ به‌ره‌و كۆتایى خوێندن ده‌چێته‌پێش مێرده‌زمه‌ى دواى ته‌واوكردنى خوێندن ده‌یترسێنێت و جگه‌له‌تاریكى و ره‌شایى هیچ ئه‌مه‌لێكى تر وه‌دى ناكات..هاوڕێیانى پێش ئه‌م كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ خوێندنیان ته‌واوكردوه‌و سه‌ربارى دانه‌مزرانیان دیسانه‌وه‌بارن به‌سه‌ر دایك وباوك و وه‌خته‌بڵێین له‌حاڵى خۆیان ته‌ریق ده‌بنه‌وه‌زیاد له‌حه‌د زنۆقى بردووه‌..ئه‌و ده‌ترسێت بۆ زه‌مه‌نێكى تولانى نه‌توانێته‌وه‌ببێته‌یارمه‌تى ده‌رێكى باشى دایكى و ئینجا هه‌م پێكه‌وه‌به‌شه‌قامه‌كانى نه‌بونی و بێ وه‌زعیدا درێژه‌به‌شه‌قاوه‌كانیان بده‌ن....ئاخر بۆ و چۆن ده‌بێت ڕه‌وڕه‌وه‌ى گوزه‌رانى ئه‌م وڵاته‌هه‌روا قه‌ده‌ر بیچه‌رخێنێت و ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت پلانێكیان نه‌بێت بۆ ئه‌و هه‌موو ده‌رچوى زانكۆو په‌یمانگایانه‌؟! ئاخر یانى له‌وڵاتانى دنیا وایه‌دواى عومرێك خوێندن و ماندووبون و ته‌واوكردنى قۆناغ به‌قۆناغى خوێندن ئه‌بێت بێیته‌وه‌سفرو خوا خواى كارو گوزه‌رانى باش بكه‌یت! یانى ته‌مه‌نێك ڕه‌نج ئه‌نجامه‌كه‌ى ده‌ستى به‌تاڵ و چاوه‌نوارى ده‌ستى خێرخوابیته‌وه‌! نابێت و قه‌تیش نابێت وڵات بێ پلان و بێ به‌رنامه‌بچێته‌ڕێوه‌...خۆ ئه‌گه‌ر وابێت زه‌مه‌ن و رۆژگار پلان بێننه‌پێشه‌وه‌ئیتر هیچ فه‌لسه‌فه‌و داناییه‌ك له‌بردنه‌ڕێوه‌ى ئه‌و حكومه‌ته‌نیه‌و هه‌موو كه‌سێكى ساده‌و كه‌م قاویله‌تیش باشتر نه‌یبات به‌ڕێوه‌وه‌ك ئاوا ده‌یبات به‌رێوه‌...له‌م رۆژگاره‌ى وڵاته‌كه‌ماندا هه‌زارانى ده‌رچووى په‌یمانگه‌و زانكۆ چاوه‌نوارى كه‌وتنه‌سه‌ر بوارێكى تایبه‌تمه‌ندى خۆیانن و به‌ مافى خۆیانى ده‌زانن دواى ره‌نجى چه‌ندین ساڵه‌یان دابمه‌زرێن و بتوانن گوزه‌رانێكى شایسته‌ به‌رن به‌ڕێوه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتیش ئه‌ركه‌ چاره‌سه‌رى ئه‌و گرفته‌ بكات و به‌كه‌رتى گشتى و كه‌رتى تایبه‌ت به‌چاوكردن له‌وڵاتانى پێشكه‌وتوو ئه‌و فه‌راغه‌پربكاته‌وه‌و ده‌ستى خوێنده‌وارى ده‌رچوانمان له‌خزمه‌ت و داهێنان و به‌ره‌و پێش چونى گه‌شه‌ى وڵاتدا بخاته‌جوڵه‌.. ئه‌و ئێستا له‌مه‌ودواى ده‌ترسێت"له‌ نادیارى چاره‌نوس و سه‌ره‌نجامى ته‌واوكردنى خوێندنى سڵ ده‌كاته‌وه‌"وه‌خته‌كه‌ئابه‌ژیانى لێوان لێوى تاریكى بكات...خه‌ریكه‌له‌ناخه‌وه‌ئینتیماى به‌خاك و ئاوى وڵات كاڵبێته‌وه‌چونكه‌تا ئێستا واسیڵێك له‌نێوان خۆى و داهاتوى نیشتماندا نابینێت مه‌گه‌ر قودره‌تى حكومه‌ت دڵسۆزانه‌بكه‌وێته‌كارو ئه‌وو هه‌زارانى تر به‌ كارو وه‌زیفه‌ى شایسته‌ ئاشتكاته‌وه‌و وه‌ك یه‌كه‌م ساتى پیرۆزى و جوانى چونه‌ قوتابخانه‌ى به‌ چونه‌وه‌ لاى دایكه‌ ماندوه‌كه‌ى جاڕى شادى و شه‌وقى سه‌فاو خۆشى بكاته‌وه‌ به‌ ماڵه‌ بێ نازه‌كه‌یاندا...هه‌ر ئه‌وه‌ش له‌ حكومه‌تى دڵسۆز و خۆماڵى چاوه‌روان ده‌كرێت... ئەوى دى ئەو خۆر نشینە بڕیاریدا بۆ هەتایى خۆى بشارێتەوەو بە گڕى هەڵپروزانى جەستەى چاوەروانى دنیاى خامۆشى هەڵبژێرێت ، کە ئیدى زانى نەک لە هەولێرى پایتەختیشدایە چاوى بە دیدارى دامەزراندن هەڵنایەت بەڵکو گەر لە لوتکەى قەڵاتیشدا هاواربکات کەس گوێی پێ نادات ، نەیتوانى وەک هەزارانى تر بە قەلەقى و دەست نان بەروەوە کونجى نابوتى ئیختیاربکا .... نا ئەو لەدەستى ئەو حکومەتەکە بێ باکە خۆى سوتاند....!

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە