کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ئایا عەبدوڵڵا ئۆج ئالان کەسێکی ناسیۆنالیستیە؟

Saturday, 16/02/2013, 12:00







دەمەوێت بپرسم؛ ئاخۆ گرتنی ئۆج ئالان لە ١٥/٢/١٩٩٩داو ڕادەست کردنەوەی بۆ ژێر دەستی دەوڵەتی تورکیا تەنها لەبەر خاتری کورد بونەکەی بوە کە وەک یاخی بویەکی دژی دەوڵەتی تورکیا خەباتی پێشخستوە یان جیاوازتر لە کورد بونەکەی و ناسیۆنالیست بونەکەی، هۆکاری ئەسڵی تر لە پشت گرتنەکەیەوە بووە؟

بزوتنەوەی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان هەر لە دروست بونیەوە، تەنها وەک بزوتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی باوی کوردایەتی نەهاتە نێو خەباتی سیاسیەوە، بە پێچەوانەوە لەگەڵ ئەو کۆ چەوساندنەوە زۆرەی دەوڵەتی تورکیا بەرانبەر خەڵکی کورد زمان کردویەتی و تا سنوری سیاسەتی قڕ کردن و جینۆساید کردن ئاستی زوڵم و سیاسەتی ڕەگەز پەرستانەی خۆی پێشخستوە لە مێژوەکەیدا، هێشتا خودی بزوتنەوەی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان هەر لە سەرەتای هەفتاکانەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، خۆی نەخستە ئەو ئاستە لەوەی بەرانبەر سیستەمی شۆڤێنی ناسیۆنالیستی تورکی بێت بەهەمان شێوازو ئاستی سیاسەتی ڕەگەز پەرستانەی ناسیۆنالیستی پێش بخات، بەپێچەوانەوە خودی جیاوازی ئەو بزوتنەوە سیاسیە جەماوەریە لەوەدا بوو، بە پێچەوانەی تەواوی سیاسەتی باوی ناسیۆنالیستی و دینی حاکم، ئەم بە سەد و هەشتا پلە، لەو جۆرە سیاسەتانە دوور کەوتۆتەوە و پرەنسیپی سیاسەتێکی ئەلتەرناتیڤی ئازادی بەخشی، ئاواکردنی کۆمەڵگای شارستانی دیموکراتی هەڵبژاردوە. ئەلتەرناتیڤێک، بەهیچ شێوەیەک ئامادە نیە، خودی دەسەڵاتدارێتی بەبنەما بگرێت، هێندەی لە خەمی ئەوەدایە، خەباتەکەی بە سەرکەوتن بگەیەنێت تا کۆمەڵگایەک ئاوا بێت، لەسەر ئەساسی دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی، جێی خۆی بگرێت لە مێژودا.

خودی ئەو بزوتنەوە سیاسیە، بە تێگەیشتنی خۆم، سەرکەوتنەکەی بۆ ئاستی تۆخ بونەوە ناسیۆنالیستیەکەی ناگەڕێتەوە، هێندەی ئەوەی هاتوە ڕەخنەی ناسیۆنالیزمی کردوەو و خودی دەوڵەت و نەتەوەش بەبەشێ لە درێژ کردنەوەی چەوساندنەوەی چینایەتی دەزانێت. لە پەرتوکی (مێژوویەک لە ئاگر، دیمانەیەکە لەگەڵ جەمیل بایک، وتەیەکی ئۆج ئالان دوبارە دەکاتەوە لەوەی چۆن خواستویەتی خەڵکی کورد زمان ڕزگار بکات لەو چەوساندنەوە فاشیزمەی دەوڵەتی تورک، دەڵێت؛ یانی ئاپۆ
(من گووتم ببمە ژەنەراڵیکی تورکیا بۆ ئەوەی کورد ڕزگار بکەم، بینیم ئەو ڕیگایەم لێگیراوە و ئەو ڕێگایە نابێت، خۆم لە ئیسلامییەتیدا قووڵکردەوە، بینیم ئەمەش نابێت، لە کۆتاییدا بینیم سۆسیالیزم وەڵامی ئەو داخوازییانەم دەداتەوە، چونکە سۆسیالیزم ناهەقی و زوڵم پەسەند ناکات و ئازادی بەبنەما وەرگرتووە. بۆیە دەڵیت؛ بینیم مەگەر کورد تەنیا بە فیکری سۆسیالیستی ڕزگاری ببێت و بوومە سۆسیالیست و چارەسەریم لە سۆسیالیزمدا دۆزییەوە. "
دیارە مەبەستی ئەو سۆسیالیزمە بنیات نراوەی ئەزمونی شورەوی و چین و سۆسیال دیموکراتی ئەوروپا نیە، بەڵکو مەبەستی سۆسیالیزمی زانستی مارکس و ئەنگڵسە، گەر پەرتوکەکانی مانیفێستۆی شارستانی دیموکراتی، بخوێنرێتەوە، مرۆڤ بەباشی دەتوانێت تێبگات کە خودی ئاپۆ، بە چ ئەندازەیەک قوڵ بوەتەوە لە شیکردنەوەی فیکری سۆسیالیزمی زانستی و ئەو ڕەخنانەشی هەیەتی دەربارەی سەرنەکەوتنی ئەو سۆسیالیزمە زانستیە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان". گەر بە تێگەیشتنێکی ووردەوە ئەم وتەیەی هەڵنەسەنگێنین وا دەر دەکەوێت کە ئاپۆ بۆخۆی ناسیۆنالیستێکی عەیارە ٢٤ ە، بەڵام ڕاستیەکەی وانیە و ئەو تا سەر ئێسقان دژی ناسیۆنالیزم بون و ڕەگەز پەرستی قەومیە.
گرتنی ئۆج ئالان لە کینیا و ڕادەست کردنەوەی بە دەوڵوتی تورکیا، تەنها هۆکار خواستە یاخی بونەکەی بوە لە کۆی سیستەمی سەرمایەداری، چونکە گەر ئەو مرۆڤە تەنها لەبەر کورد بونی بوایە، پێ نەدەچوو تەواوی وڵاتانی زلهێزی جیهان ببنە دوژمن کاری، ئەو کات بەهەرچ جۆرێک بایە لە نێو سیاسەتی سیستەمی باودا دەیان گونجاند و کورسیەکیان پێدەدا، تا ئەوەی هەم وەک ناسیۆنالیستێک دەربکەوێت و هەم هەڵگری پەیامی ژێر بە ژێری خواستە داگیرکاریەکانی ئیمپریالیزمی جیهانیش بێت. نەچونە ژێر باری خواستی کۆی ئایدۆلۆژیای مۆدێرنێتەی سەرمایەداری لەلایەن، ئۆج ئالان و خودی بزوتنەوەکەش، بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێتەوە، کە چارەسەری یەکجاری لە نێو ئەم سیستەمە چەوسێنەرەدا نیە، کە تەنها خواستی ڕیاکاری و بردنە پێشی قازانج و دزینی زێدە بەرهەمە، ئەو زێدە بەرهەمەی کە ڕەنجی ملیاردەها مرۆڤی بن دەست و چەوساوەیە، خودی گرنگی ئەم خاڵەیە کە سەرکەوتنی ئەو بزوتنەوە و سەرکردایەتیەکەشی تا ئێستا بە پێوە ڕاگرتوە لە بەرانبەر کۆی زلهێزانی جیهانی سەرمایەداریدا.
گرتنی ئۆج ئالان نە وەک کەسایەتیەکی ئیسلامی سیاسی ئوسامەیە کە خودی سیستەمی سەرمایەداری ئەمریکا پشکی هەبوو لە دروست کردنەکەیدا و هەوڵی قەبە کردنی دا تا لەو ڕێگاوە خواستە ملهوڕی و دژە ئازادیەکانی خۆی بباتە پێشەوە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بە پێچەوانەوە ناچار کردنی ئاپۆ تا ئەوەی لە وڵاتی سوریا هەڵبێت لە ساڵی ١٩٩٨ دا و ڕوو کردنە وڵاتانی ڕۆژئاوای بەناو دیموکراسی، تەواوی ئەو گەمە قێزەونەی سیستەمی سەرمایەداری ڕوون بوەوە کە بۆچی تەنها وڵاتێکیش ئامادە نەبوو ڕێگا بەم مرۆڤە بدات لە وڵاتەکەیدا بمێنێتەوە؟ ئاخۆ گەر ئاپۆ هەمان بیرکردنەوەی سیستەمی ناسیۆنالیستی و سەرمایەداری هەبوایە بە حورمەتەوە جێگایان بۆ دانەدەنا؟ ئاخۆ هۆکاری ئەوەی کە ١٤ ساڵە ئەو مرۆڤە لە نێو گرتوخانەی ئیمراڵی بەند کراوە، تەنها بۆ ئەو بیر کردنەوە تەندروستەی ناگەڕێتەوە کە دەخوازێت بە چ شێوازێک دژایەتی کۆی سیستەمی باوی چەوسێنەر بکات؟ من وا لە خودی ئۆج ئالان تێدەگەم. گەر ئەو مرۆڤە هەر کاتێک نەرمیەک بنوێنێت لە بەرانبەر کۆی سیستەمی باوی سەرمایەداریدا و خۆی بهێنێتەوە لەگەڵ ئاستی وشیاری سیاسی باوی تێگەیشتنی ناسیۆنالیستیدا، زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لە زیندان وەدەر بخرێت و لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا سات و سەودا بکات، بە پێچەوانەوە، ئەو ڕێبازەی لە خودی کەسایەتی ئاپۆدا هەیە تا دەگات بە خودی بزوتنەوەکەش، تەنها چارەسەر لە ئاوا کردنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و داد پەروەردا دەبیننەوە کە پێچەوانەی خواستی سیستەمی خاوەندارێتی تایبەتی، باوە. خوێندنەوەی پەرتوکەکانی ئۆج ئالان ئەم ڕاستیە نیشان دەدەن. بۆیە لای من خوێندنەوەی ئۆج ئالان بەگرنگ دەزانم و خوازیارم هەر تاکێکی ئازادیخواز و چەپ و ڕۆشنبیر، بتوانێت پەرتوکەکانی ئەو مرۆڤە بخوێنێتەوە، تا لەوێوە لە کۆی نهێنی مێژوو تێبگەیت و هەم لە کۆی نهێنی ئەو گەمە قێزەونەش تێبگەیت، لەوەی لەبەر کامە هۆکار بوو، کە ئاپۆ لە گەمەیەکی نێو زلهێزان و سیخوڕانی جیهانی سەرمایەداریدا گیراو لە نێو تاریکی بەندیخانەدا هێشتویانەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خودی بەندیخانەش نەیتوانی چۆک بە ئاستی ئیرادە و بڕوا بوونی ئەو مرۆڤە دابدات کە خواستی ئاوا کردنی کۆمەڵگایەکی جیاوازتر لە کۆمەڵگای باوی هەیە و خەباتی بزوتنەوەکەشی بەستۆتەوە بە ئاوا کردنی کۆمەڵگایەک کە لەسەر ئەساسی ئەتنی و قەومی و رەگەز پەرستی ئاوا نەکرێت، بەڵکو کۆمەڵگایەک بێت بۆ هەموان و کەس لەویتر خۆی بەگەورەتر و مەزن تر نەزانێت و پارەڵڵا بنچینەی ئاوا کردنی ئەو کۆمەڵگایە نەبێت. ئاخۆ ئێستا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە گرتنی ئۆج ئالان تەنها لەبەر خواستی ناسیۆنالیست بونەکەی نەبوە؟



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە