کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا پارتی‌ ده‌ستبه‌رداری‌ یه‌كێتی‌ ده‌بێت؟

Wednesday, 14/05/2014, 12:00







مێژوی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان یه‌كێتی‌ و پارتی‌ هێنده‌ی‌ خوێناوی‌ بوه‌ هێنده‌ ئاسایی‌ نه‌بوه‌. مه‌لا مسته‌فا له‌ساڵانی‌ شه‌سته‌كان و نیوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ حه‌فتاكان، له‌سه‌ر شان و بازوی‌ تێكۆشه‌رانی‌ پارتی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كه‌ هانده‌ری‌ سه‌ره‌كییان كوردایه‌تی‌ بو، بوه‌ كه‌سی یه‌كه‌می‌ پارتی‌ و به‌تێپه‌ڕینی‌ كات، پارتی‌ بوه‌ بارزانی‌ باوك و بارزانی‌ باوكیش بوه‌ پارتی‌. دوای‌ ئاشبه‌تاڵی‌ ساڵی‌ 1975-یش پارتی‌ به‌ پراكتیكی‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ كرایه‌ ده‌ره‌وه‌. چۆڵبونی‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌، هه‌لێكی‌ زێڕینی‌ بۆ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ هێنایه‌پێشه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كاته‌ له‌ شام بو تا به‌ناوی‌ كوردایه‌تییه‌وه‌و به‌ره‌نگاریكردنی‌ ئه‌و پیلانه‌ی‌ دژ به‌ كورد له‌و كاتانه‌دا، رژێمی‌ سه‌دام به‌سودوه‌رگرتن له‌به‌زینی‌ پارتی‌ یان راستتربڵێم له‌بارزانی‌ سه‌رقاڵی‌ جێبه‌جێكردنی‌ بو.

تاڵه‌بانی‌ توانی‌ بڕێك له‌و كه‌سانه‌ی‌ خه‌ونیان به‌ئاینده‌ی‌ باشتر بۆ كورد ده‌بینی‌ و به‌شێكی‌ ئه‌وانه‌یشی‌ هۆكاری كه‌سی‌ ‌و مامه‌ڵه‌ی‌ خراپی‌ ده‌زگاكانی‌ به‌عسیان هه‌بو، كۆبكاته‌وه‌و له‌هه‌ر سێ‌ باڵی‌ (كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌ران و بزوتنه‌وه‌ی‌ سۆسیالیست و كۆمه‌ڵه‌ی‌ شۆڕشگێڕان) یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانی‌ دامه‌زراند.
یه‌كێتییه‌كه‌ی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌‌و پارتییه‌كه‌ی‌ مه‌لامسته‌فا‌و دواتر مه‌سعودی‌ كوڕی‌ له‌ ساڵی‌ 1976ه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ كه‌ ده‌كاته‌ 38 ساڵ‌، 1976-1986‌و 1994-2003 كه‌ ده‌كاته‌ 19 ساڵ‌ له‌شه‌ڕوشۆڕو حاڵه‌تی‌ نه‌شه‌ڕو نه‌ئاشتیدا بون‌و 1987-1994‌و 2003-2014 كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی‌ 19 ساڵ دۆست‌و ته‌بابون. به‌و شێوه‌یه‌ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م دو حیزبه‌ له‌ماوه‌ی‌ 19 ساڵ به‌ناوی‌ كوردایه‌تییه‌وه‌‌و شه‌ڕی‌ جاشی‌ ئیقلیمییه‌وه‌، كوڕی‌ خه‌ڵكیان به‌ كوشتداوه‌‌و هێنده‌ی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ش به‌ناوی‌ زه‌روره‌تی‌ هه‌لومه‌رجه‌كه‌و رێكخستنه‌وه‌ی‌ نێوماڵی‌ كورده‌وه‌، هه‌م رێككه‌وتنی‌ ستراتیژییان ئیمزاكرد‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتیان دابه‌شكردوه‌و پاره‌ی‌ خه‌ڵكیان دزیوه‌، هه‌میش له‌ژێر شه‌قی‌ هه‌لومه‌رجه‌كه‌ (دوای‌ ئه‌نفاله‌كان) رێككه‌وتون.

له‌ئێستادا شانۆی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان، كاراكته‌رێكی‌ سه‌ره‌كی‌ تێدا نه‌ماوه‌ كه‌ئه‌ویش جه‌لال تاڵه‌بانییه‌. ئه‌م پیاوه‌ له‌خۆشی‌ گه‌یشتنی‌ به‌پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق‌و چڵێسی‌ و نه‌وسنییه‌كه‌ی‌، گوێی‌ به‌ ته‌ندروستی‌ خۆی‌ نه‌دا به‌جۆرێك له‌ماوه‌ی‌ 2005 تا 2009 كێشی‌ زۆر زیادیكرد‌و ته‌ندروستیشی‌ روی‌ له‌خراپی‌ كرد. ئه‌وه‌بو له‌ 2009 ئه‌و چڵێسییه‌ی‌ بۆ یه‌كه‌مجارخستیه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ ئوردن ‌و دواتر له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ مایۆكلینیكی‌ ئه‌مریكا گیرسایه‌وه‌.
پرۆسه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ تاڵه‌بانی‌ تا 2012 به‌شێوه‌ی‌ پچڕ پچڕ به‌رده‌وام بوه‌. تادواجار له‌17 دیسه‌مبه‌ری‌ ئه‌و ساڵه‌دا جه‌ڵده‌ی مێشك لێیدا‌و ئێستایشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت جگه‌ له‌هه‌ندێك له‌ئه‌ندامانی‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌، كه‌س نازانێت ورده‌كاری‌ ته‌ندروستی‌ چۆنه‌. به‌گوێره‌ی‌ دوایین گرته‌ی‌ ڤیدیۆیشی‌ بێت، تاڵه‌بانی‌ لای‌ راستی‌ وشكبوه‌و چاوی‌ چه‌پیشی‌ كوێربوه‌، به‌جۆرێك وه‌كو گۆڤارێكی‌ سه‌ر به‌پارتی‌ ده‌ڵێت"عه‌قڵی‌ له‌ده‌ستداوه‌".

وه‌كو ده‌وترێت غیابی‌ تاڵه‌بانی‌، هه‌م حیزبه‌كه‌ی‌ هه‌تیوكردوه‌و هه‌میش له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ مانگی‌ سێپته‌مبه‌ری‌ ساڵی‌ رابوردودا ده‌نگی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ دابه‌زاندوه‌. دابه‌زینی‌ یه‌كێتی‌ به‌لیستی‌ جیا سه‌نگی‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئه‌و حیزبه‌ی‌ تا راده‌یه‌كی‌ زۆر خسته‌ڕو. پێش ئه‌وه‌ی‌ له‌دوایین هه‌ڵبژاردندا، به‌ ساخته‌كاریی‌ سیسته‌ماتیك به‌هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ‌ كۆمسیۆنی‌ به‌ناو سه‌ربه‌خۆ له‌ سنوری‌ ده‌سه‌ڵاتیان‌و چاوسوركردنه‌وه‌ له‌ئه‌ندامانی‌ هیزه‌ چه‌كداره‌كان‌و رێكخستنه‌كانیان، ژماره‌ی ده‌نگه‌كانیان زیادبكه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌هۆی‌ مه‌سعود بارزانی‌ شاگه‌شكه‌ ببێت‌و له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌كو سایته‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌ رۆژی‌ 11ی‌ مه‌ی‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، پیرۆزباییان لێده‌كات.

له‌گفتوگۆكانی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ندین مانگه‌ به‌رده‌وامه‌، پارتی‌ ئاماده‌نییه‌ به‌پێی‌ رێككه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ نێوانیان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات‌و ناشیه‌وێت به‌پێی‌ ژماره‌ی‌ ده‌نگه‌كانیان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ سێپته‌مبه‌ر به‌شدارییان پێبكات.
له‌و كاته‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ دانوستاندنی‌ به‌ناو پێكهێنانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ به‌رده‌وامه‌. له‌و ماوه‌یه‌دا یه‌كێتی‌ خۆی‌ شل نیشان نادات‌و وای‌ پیشانده‌دات حه‌زی‌ له‌پۆست‌و حكومه‌ت نه‌مابێت. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كگرتو‌و كۆمه‌ڵ هه‌رزو نیشانیاندا كه‌ ده‌یانه‌وێت بچنه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ پارتییه‌وه‌و له‌و رووه‌وه‌ رێككه‌وتننامه‌یان له‌گه‌ڵیدا ئیمزاكردوه‌. ئه‌م هه‌نگاوه‌ ره‌نگه‌ والێكبدرێته‌وه‌ كه‌پارتی‌ باوه‌شی‌ بۆ گۆڕان‌و حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان كردوه‌ته‌وه‌‌و یه‌كێتی‌ فه‌رامۆشكردوه‌، به‌ڵام ئایا پارتی‌ ئاماده‌یه‌ ده‌ستبه‌رداری‌ ببێت‌و بۆئه‌مه‌ له‌یه‌كێتی‌ قبوڵده‌كات؟.

درێژه‌كێشانی‌ دانوستاندنی‌ به‌ناو پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نێوانیان، له‌لایه‌كه‌وه‌ ره‌نگه‌ سیناریۆیه‌كی‌ هه‌ردولایان بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ تا چه‌ند بۆیان ئه‌كریت، به‌پێی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌سه‌ڵات راده‌ستی‌ لایه‌نه‌كانی‌ تر نه‌كه‌ن. له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌، پارتی‌ بێ‌ یه‌كێتی‌ ناتوانێت درێژه‌ به‌حوكمڕانی‌ چه‌ند ساڵه‌ی‌ بدات‌و هه‌ڵه‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر بوترێت، فاكته‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ قه‌به‌بونی‌ پارتی‌ له‌چه‌ند ساڵی‌ رابوردودا یه‌كێتی‌ بوه‌. به‌تایبه‌تی‌ سازشه‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌پێناو كورسییه‌كه‌ی‌ به‌غدا. به‌ڵام بۆچی‌ یه‌كێتی‌ ‌و پارتی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ حكومه‌ت پێكناهێنن؟ ئه‌مه‌شیان ره‌نگه‌ بۆئه‌وه‌ بێت به‌ هه‌ردولایان حیزبه‌كانی‌ تر كه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ندین ساڵی‌ رابوردودا باسیان له‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئه‌مان كردوه‌، له‌دزی‌و تاڵانییه‌وه‌ بگلێنن. ئاینده‌ش ره‌نگه‌ دروستی‌ ئه‌م سیناریۆیه‌ بخاته‌ڕو.

سه‌ره‌ڕای‌ پیشاندانی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌یه‌ك دوركه‌وتونه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌پێش هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌م دواییه‌، به‌ڵام ئه‌م دو لایه‌نه‌ درێژه‌ به‌دانوستاندن ده‌ده‌ن. درێژه‌كێشانی‌ وتوێژه‌كانیان هه‌لێكی‌ باشی‌ دایه‌ راگه‌یاندنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ له‌هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مانگی‌ ئه‌پریلدا، نزیكبونه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌پارتی‌ بقۆزنه‌وه‌. جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان چه‌واشه‌ بكه‌ن به‌وه‌ی‌ ته‌نیا خۆیان به‌ره‌نگاری‌ پارتی‌ ده‌كه‌ن. به‌ڵام هێشتا پرۆسه‌ی‌ ژماردنی‌ ده‌نگه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌واونه‌بو، سه‌رانی‌ یه‌كێتی‌ راگه‌یاندنكاره‌كانیان ده‌مكوتكرد‌و ئێستا چونی‌ به‌رپرسانیان بۆ دیوه‌خانه‌كه‌ی‌ مه‌سعود له‌مه‌سیف زۆرئاسایتر‌و خۆشتره‌ له‌لایه‌ن له‌چونیان بۆ باره‌گایه‌كی‌ حیزبه‌كه‌یان.

بۆیه‌ دیمه‌نه‌كه‌ دور له‌ هاشوهوشی‌ راگه‌یاندنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ به‌ جۆرێكی‌ تره‌و پارتی‌ له‌ئێستادا یه‌كێتی‌ به‌نزیكترین دۆستی‌ خۆی‌ ده‌زانێت، چونكه‌ ئه‌زمونێكی‌ زۆریان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌تاڵانكردنی‌ كوردستان‌و خیانه‌تكردندا. هه‌ردوكیان به‌ته‌واوی‌ گرێدراوی‌ وڵاتێكن، ئه‌میان توركیا‌و ئه‌ویان ئێران. هه‌ردوكیان به‌رژه‌وه‌ندی‌ یه‌كتر ده‌پارێزن‌و بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌‌و تاڵه‌بانی‌ له‌سه‌رو هه‌مو شتێكه‌ له‌لایان. به‌تایبه‌تی‌ وه‌كو ده‌زانرێت له‌ئێستاو دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هێرۆ جڵه‌وی‌ یه‌كێتی‌ گرته‌ده‌ست. یه‌كێتی‌ به‌فیعلی‌ بوه‌ته‌ حیزبێكی‌ بنه‌ماڵه‌یی‌ هاوشێوه‌ی‌ پارتی‌. له‌مه‌شدا پارتی‌ یارمه‌تیده‌رێكی‌ باشی‌ ده‌بێت. چونكه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابوردودا، پارتی‌ وازی‌ له‌ رێگای‌ كۆپیكردنی‌ حیزبه‌ بچوكه‌كان هێناوه‌ كه‌ له‌دوای‌ 1996 په‌یڕه‌وی‌ ده‌كرد، ئێستا له‌هه‌وڵی‌ به‌بنه‌ماڵه‌ییكردنی‌ حیزبه‌كاندایه‌. حیزبه‌كه‌ی‌ حه‌مه‌ی‌ حاجی‌ مه‌حمودو كوڕانی‌ مه‌لا عه‌لی‌ عه‌بدولعه‌زیز كه‌ باشترین فریادره‌سیان پارتییه‌، ره‌نگه‌ باشترین نمونه‌بن. به‌م شێوه‌یه‌ش، حیزبه‌كه‌ی‌ ده‌بێته‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ یه‌كه‌م‌و ئه‌وانی تریش پاشكۆی‌ ده‌بن. حیزبی‌ بنه‌ماڵه‌یی‌ و مه‌ترسی‌‌و كاریگه‌رییه‌كای‌ له‌سه‌ر خه‌باتی‌ كورد دیارده‌یه‌كه‌ شایانی‌ له‌سه‌ر نوسینه.

دوركه‌وتنه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ وایكرد، هێرۆی‌ ژنی‌ به‌فیعلی‌ جێی‌ بگرێته‌وه‌‌و له‌ئێستادا له‌گه‌ڵ‌ مه‌سعود بارزانی‌ دانیشتن‌و كۆبونه‌وه‌ ده‌كات. خۆی‌ خاوه‌نی‌ بڕیاره‌و مه‌كته‌ب سیاسییه‌كان جگه‌ له‌ ماستاوكردن‌و خۆبردنه‌ پێشه‌وه‌ هیچی‌ تریان بۆنه‌ماوه‌ته‌وه‌.
كه‌سایه‌تی‌ مه‌سعود بارزانی‌‌و هێرۆ جگه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی‌ ره‌گه‌ز كه‌ یه‌كه‌میان نێره‌و دوه‌میانه‌ مێیه‌، له‌زۆر شتدا له‌یه‌ك ده‌چن. مه‌سعود ژنه‌كه‌ی‌ زیندانی‌ كردوه‌و تا ئه‌مڕۆ كه‌سێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ نه‌یبینیوه‌. به‌ڵكو ناویشی‌ نازانن. هێرۆش مێرده‌كه‌ی‌ له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ستبه‌سه‌ركردوه‌و به‌پێی‌ سیناریۆیه‌ك نه‌بێت كه‌ بۆ ده‌نگ كۆكردنه‌وه‌و ده‌مكوتكردنی‌ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ باسی‌ جێگره‌وه‌ی‌ ده‌كه‌ن، كه‌س وێنه‌ی‌ نابینێت. كه‌ناڵه‌كه‌ی‌ (كوردسات) به‌ته‌نیا مافی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌ ده‌ستكاریكراوه‌كان‌و تاكه‌ كلیپه‌ مۆنتاژكراوه‌كه‌ی‌ هه‌بوه‌.

هه‌ردوكیان كورته‌ باڵا‌و چڕوچاویان وه‌كو ناخیان ناشیرینه‌. هه‌ردوكیان دڵیان ره‌شه‌و كه‌ رقیان له‌كه‌سێك بێته‌وه‌ ئیتر ته‌واو چاره‌نوسی‌ فه‌وتاوه‌. هه‌ردوكیان نازانن قسه‌ بكه‌ن‌و ئه‌گه‌ر قسه‌یان كرد ئه‌وا په‌نێك ده‌نێنه‌وه‌. هه‌ردوكیان رقیان له‌ چاوپێكه‌وتنی‌ رۆژنامه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌ كوردییه‌كانه‌‌و تا ئه‌مڕۆ هیچ چاوپێكه‌وتنێكیان نه‌كردوه‌. هه‌ردوكیان به‌كه‌سانی‌ ماستاوچی‌ ده‌وره‌ دراون. هه‌ردوكیان دزن‌و عاشقی‌ دۆلارن. هه‌ردوكیان بۆ مانه‌وه‌ی‌ پۆست‌و پاره‌كانیان ئاماده‌ی‌ خوێنڕشتن‌و خیانه‌تن. هه‌ردوكیان وه‌كو یانه‌سیب ئه‌و پۆسته‌یان بۆ ده‌رچوه‌. یه‌كه‌میان له‌باوكیه‌وه‌ بۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌‌و ئه‌وه‌كه‌ی‌ تریشیان له‌مێرده‌كه‌ی‌. هه‌ردوكیان له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان كوڕه‌كانیان جێیان بگرنه‌وه‌. هه‌ردوكیان ژماره‌یه‌ك مه‌كته‌ب سیاسی‌ بێ‌ شه‌خسیه‌ت‌و داوێنپیس‌و دزیان هه‌یه‌. بۆ نمونه‌ ئه‌میان فازڵی‌ میرانی‌ هه‌یه‌و ئه‌ویشیان مه‌لا به‌ختیار. ئه‌میان نێچیری‌ هه‌یه‌‌و ئه‌ویشیان قوباد. هه‌ردوكیان بازرگانی‌ به‌ كوردایه‌تی‌‌و نیشتمانپه‌روه‌رێتییه‌وه‌ ده‌كه‌ن‌و ناشزانن كوردایه‌تی‌‌و نیشتمانپه‌روه‌ریی‌ مانای‌ چییه‌. هه‌ردوكیان داكۆكی‌ له‌ئه‌ندامانی‌ حیزبی‌ به‌عس ده‌كه‌ن‌و كۆنه‌ جاش‌و مسته‌شاره‌كان له‌ئامێزده‌گرن. هه‌ردوكیان لایه‌كی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان داكیركردوه‌. هه‌ردوكیان هه‌رچی‌ ته‌زویر‌و ساخته‌كارییه‌كیان بۆ بكرێت له‌هه‌ڵبژاردن‌و ده‌نگداندا سڵی‌ لێناكه‌نه‌وه‌.

ئه‌م له‌یه‌كچونی‌ كه‌سایه‌تییه‌‌و دو بنه‌ماڵه‌ییه‌، ره‌نگه‌ زیاتر رێگه‌ی‌ خۆشكرد بێت بۆئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان زیاتر بره‌و پێبده‌ن‌و چاره‌نوسیان به‌یه‌كه‌وه‌ گرێبده‌ن به‌جۆرێك ببنه‌ دو دیوی‌ یه‌ك دراو.

پارتی‌ نایه‌وێت یه‌كێتی‌ ته‌واو لاواز ببێت‌و گۆڕان به‌ته‌واوی‌ جێگه‌ی‌ بگرێته‌وه‌. ناشیه‌وێت بكه‌وێته‌ سه‌ر پێی‌ خۆی‌ كه‌ئه‌مه‌یان ئه‌گه‌رێكی‌ زۆر قورسه‌ له‌ ئێستادا. به‌ڵكو هه‌م به‌یه‌كێتی‌ شه‌ڕی‌ گۆڕان ده‌كات وه‌كو له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابوردودا ده‌ركه‌وت. هه‌میشه‌ ئه‌گه‌ر پارتی‌ جنیوێكیان به‌گۆڕان دابێت ئه‌وا یه‌كێتی‌ دوانی‌ داوه‌. هه‌میش باشترین ده‌سكه‌لای‌ پارتی‌ ده‌بێت بۆ سه‌پاندنی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ له‌هه‌رێم‌و له‌عێراقدا. چونكه‌ سه‌ركرده‌كانی‌ زو ده‌سته‌مۆ ده‌كرێن‌و خه‌می‌ سه‌ره‌كیان پۆست‌و پاره‌یه‌.

گه‌رچی‌ نزیكبونه‌وه‌ له‌پارتی‌، وه‌كو نزیكبونه‌وه‌ له‌شه‌یتانی‌ لێهاتوه‌ به‌جۆرێك كه‌مبونی‌ ده‌نگی‌ هه‌ر لایه‌نێك‌و حیزبێك یه‌كێك له‌فاكته‌ره‌كانی‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ نزیكبونه‌وه‌ی‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌پارتی‌. به‌ڵام هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ مانگی‌ رابوردو، گره‌نتی‌ ئه‌وه‌یشی‌ دایه‌ یه‌كێتی‌، كه‌ به‌ئاسانی‌ ده‌توانێت جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی‌ بخه‌ڵه‌تێنێت‌و خۆی‌ وه‌كو ركابه‌ری‌ نیشانبدات. له‌مه‌شدا پارتی‌ ئاماده‌یه‌ گڵۆپی‌ سه‌وزی‌ بۆ هه‌ڵبكات چونكه‌ نزیكترین دۆستی‌ یه‌كترن‌و لاوازبونی‌ ئه‌میان مانای‌ لاوازبونی‌ ئه‌وه‌كه‌ی‌ تریانه‌.






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە