ڕوى باوكى درۆزن ڕەش بێت، ئێوە تەنیا كۆمەڵێك چهته و دزن..
Tuesday, 17/08/2010, 12:00
پێشینان ڕاستیان وتوە كە دەڵێن (چاكى مەكە با خراپ نەبێت) هەر لەسەر ئەم پەندە لە دواى ئاشكرابوونى دزینى نەوتو ئاودیوكردنى بۆ ئێران، دەسەڵاتە دزەكەى كوردستان دەستیان بە هەڵمەتێكى گەورەى ڕاگەیاندنو خۆگیڤكردنەوە كردو كاكە (فازیلیى مۆتنى) شكایەتێكى یەك ملیار دۆلارى لە سەر ڕۆژنامەى ڕۆژنامە تۆمار كردو دەستیان بە هەڕەشەو گوڕەشەكردو ماشێنەكانى درۆكردنەكانیشیان بە گەڕخست بەو ئومێدەى دزییەكەیان پەردەپۆش بكەنو ڕاستیەكان لەپێش چاوى خەڵكى ئاوەژوو بكەن، بەڵام هەر دیسان پەندە كوردییەكە دەڵێ (پەتى درۆ كورتە) بۆیە سەرەڕایى هەموو هەوڵێكی دزەكان لەجیاتى پەردەپۆشكردنو شاردنەوەى دزییەكەیان بەلێدوانە هاودژەكانیان ڕۆژ بەڕۆژ شتى تازە لەبارەى دزینى نەوتەوە ئاشكرادەبێت.
با بێینە سەر ئەسڵى مەتڵەب، پارتى لە لایەكو یەكێتى لە لایەكیترەوە بەردەوامن لە سەر چەواشەكاریەكانیان، بەڵام بەڕاستى خەریكە ئەمانە درۆكردنیشیان لە بیردەچێ، دەنا دكتۆر خەیروڵڵا خۆى و كۆمپانیانى نۆكانیش بە درۆ ناخاتەوە، سەیرى ئەم بلیمەتە بكەن لە ژمارەى (5256)ى ڕۆژى (15/8/2010)ى ڕۆژنامەى كوردستانى نوێ دا چۆن خۆى بە درۆ دەخاتەوە جەنابى پرۆفیسۆر لەبارەى مەسەلەى بە قاچاخ ئاودیوكردنى نەوت دەڵێ: مەسفاى خەباتى هەولێرو بازیان كە نەوتى خاوى تێدەكەیت ڕۆژانە لە هەولێرو سلێمانى 20 هەزار بەرمیل دەچێتە پاڵاوگەكەوە ئەوانە هیچیان پاڵاوگەى بەنزین نین دیزاینەكەیان پێیدەوترێت دیزەرپلان تایبەت بە گازوایلو نەوتى سپى (بۆیە نەوتى سپى لە هەرێم زۆر هەرزانە) و مەنفاو هەندێ مەوادى ترى لێدەردەچێت كە دەتوانێت پێى بڵێت پاشەڕۆى نەوت! و ... پاشان دكتۆر دەڵێ: ڕۆژانە لە پاڵاوگەى خەبات 1500 بەرمیل لەو مادەیە بەرهەمدێتو لە پاڵاوگەى بازیان نزیكەى 900 بەرمیل بەرهەمدێت.
بەقسەى دكتۆر بێت ڕۆژانە لە هەرێمى كوردستان (2400) بەرمیل لەو مادەیەى كە جەنابى دەڵێن لە كوردستان ناتوانرێ سودى لێوەرگیرێ و نەوتى ڕەشە هەروەكو ئەودەڵێ ئەیبەینە ئێران و لەوێ وە بۆ كەنداو ولە كەنداویشەوە بۆ توركمانستان هەر لە شەكرشكاندنەكەیدا دكتۆر دەڵێ (باخیرەمان هەیەو دەیبەین بۆ توركانستان).
ئافەرین ئاشكراتان كرد بەخیرەشتان كڕیوە بۆ دزى، ئەبێ چیترتان هەبێتو ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەوانیش بدركێنن، بەڵێ باحیسابێكى ژمارەى قسەكانى پرۆفیسۆر خەیروڵڵا حەسەن بكەین بزانین ڕاست دەكات ڕۆژانە تەنیا (2400) بەرمیل نەوت لە كوردستانەوە ئاودیوى ئێران دەكرێ؟
ئەگەر 2400 كەڕەتى 200 بكەین دەبینین (480) هەزار لیتر دەكات، ئەگەر ئەم (480) هەزار لیترەش دابەشى (20) هەزار بكەین كە هیچ تانكیەكى گواستنەوەى ئەو نەوتە ڕەشە لە (30) هەزار لیتر كەمتر هەڵناگرێ! دەبینین تەنیا (24) تانكى دەكات، بەڵام ئەو تەنكیانەى ڕۆژانە لە هەر سێ دەروازەكەى هەرێم لەگەلأ ئێران دەچنە ناو خاكى ئێرانەوە بە سەدان تانكین! ئەى مافى میللەت نییە ئێستا بپرسن، باشە بڕوامانكرد (24) تەنكیەكە نەوتى ڕەشەو پێویستمان نییەو بیدەن بە توركمانستان ئەوانیش پاشگرى زمانەوانى (ستان)یان هەیەو وادیارە خزمین!! بەڵام ئەى ئەو سەدان تانكیانەی تر چین؟! خۆ ناكرێ بڵێن ئەوانیتر ئاویان باركردووە بۆ حاڵەتى خوانەخواستە سوتان و كوڵاندنى مەكینەى ئەو تانكیانەى نەوتە ڕەشەكەیان باركردووە.
هاوكات هەفتەنامە ڕووزەردەكەى (ڕووداو)یش لە ژمارەى (126)ى ڕۆژى (16/8/2010) گوایە چاوپێكەوتنێكى لەگەلأ (تۆم براتلى) لێپرسراوى ڕاگەیاندنى كۆمپانیاى (DNO)ى نەرویژى كردووە، ئەو كابرایە سەبارەت بە بەرهەمهێنانى كۆمپانیاكەیان لە كێڵگەى (تاوكێ)ى سە ر بە زاخۆ دەڵێ: ئێمە ڕۆژانە (23477) بەرمیل نەوت بەرهەم دێنین، ئەمە جگەلە كێڵگەكانیتر، باشە ئەو هەموو نەوتە چیى لێدێت؟ بۆیە بێگومان بن خەڵكى چاك دەزانێ ئێوەدزن و دزى ناپاكیشن، ئەم هەموو دزییە لە میللەت دەكەن كەچى بەرنامەى خوانى گەنیوى كوردستانیش ماڵە هەژارمان پیشاندەدات، توخوا عەیب نییە ئێوە حكومدار و ڕێبەرى ئەم میللەتە بن؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست