شۆڕشی گەنجان بەسەر: هەم دەسەڵات و هەم ئۆپۆزسیۆنیشدا
Thursday, 26/12/2013, 12:00
1637 بینراوە
ئێستا وەختیتی نا وەختی نییە بەڵکو زۆریش درەنگە دەبایە زۆر زووتر گەنجان بڕیاری خۆ ئازادکردن بدەن و پۆرتی دەسەڵاتە پیر و عەشایر و کۆنەخوازەکە بشکێنن و شۆڕشی خۆیان هەڵبگیرسێنن و سیستمێکی ئازاد بۆ ژیانی خۆیان دابڕێژن و بە شێوەیەکی سەردەمییانە و گەنجگەرا خۆیان ژیانی ئێستای خۆیان ڕێڤەببەن،،،
وەلێ ئەم نکارن گلەیی لە گەنجانی ئەم هەرێمە بکەین و بەسەریاندا بقیژێنین کە چما چەند لە مێژە شۆڕشی خۆیان هەڵنەگیرساندییە چون دەزانین کە خەتای وان نییە بەڵکو هەمدیس هەر دەسەڵاتە کۆنەخواز و ئاییندار و دواکەوتووەکە خەتابارە: هەموومان وێکڕا دیتمان کە دەسەڵات بە ئاوایەکی چەندە فێڵبازانە چوار ساڵ لەوەپێش و لە 2009دا هات و ئەفیونێکی زۆر پیس و ترسناکی دەنێو خوێنی گەنجاندا بڵاوکردەوە و ناوی لێنا (ئۆپۆزسیۆن)،،،
ئۆپۆزسیۆنێک کە دوو بەشی پێکهاتبوون لە شەمشەمەکوێرەکانی ئایین کە هیچکات نەک هەر ناتوانن ببنە زمانحاڵ و دەربڕی ئازار و نەهامەتییەکانی گەنجان بەڵکو ئەوانی ئیسلامی هەر بە خۆیان بەستەر و درووستکەری هەموو تەوق و دیلە توندەکانن لەسەر ملی گەنجانی هیچ_نەدیو و چاوداخراوی ئێرە،،، ئالییەکەی دیکەش کە (نەوشیروان موستەفا) سەرۆکی تاک و تەنهای بوو هەر مشکێک بوو بۆ جێبەجێکردنی سیناریۆکانی دەسەڵاتە کۆنەخواز و پیرەکە و هەر لە سەرەتاوە دیار بوو کە نەوشیروانێکی پەککەوتە و تەمەن 70 ساڵ مەحاڵە بتوانێ دگەڵ گەنجاندا ببێتە هاوخەم و هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی یاخی بوونی ئەم گەنجانە بگاتە ئەنجامێک و بتوانن بۆ خۆیان بە شێوازی خۆیان وەڵات و ژیانی خۆیان ڕێڤەببەن و پۆرتی پیرەکان بشکێنن و چیدی هەژمێریان بۆ نەکەن،،،
لەبۆیە ئاساییە کە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەشدا گەنجان بە هۆی ئەوەی کە هیوایەکیان بە ئەفیوونی ئۆپۆزسیۆن هەبووە بۆیە سارد بوونەتەوە لەوەی کە بە خۆیان بتوانن یاخی ببن و دەست بە ئیشی خۆیان بکەن، بەڵام!!! ئێستا ئەوە گەنجان بە چاوی خۆیان دەبینن کە هەرسێ ئالی یێن ئۆپۆزسیۆن چوونەتەوە ژێر پاڵی دەسەڵات و بوونەتەوە بە بەشێک لە سیستمە سەقەت و گەندەڵە پیرەکە...
تازە تەواو: لە قوڕگی بەڵغەمدار و پیری واندا هیچ دەنگێکی نوێ ناهێتە بوون، بۆیە نووکە ڕێک وەختی هەندێیە: کە گەنجان بە قوڕگی نوێ و پڕ وزەی خۆیان هاوار بکەن و بە نەوشیروان و مەسعوودی پیر و پەککەوتە بڵێن: "ئێمە چیدی ئەنگۆمان ناوێ"
وەلێ بۆ ئەوەی گەنجان بگەنە ئامانجی خۆیان غەڵەتترین ڕێگە ئەوەیە: کە دیسان بچنەوە و چارەنووسی خۆیان بهێخنەوە بەر قوماری هەڵبژاردنەوە، لە هەڵبژاردنی بووریدا هەموومان دیتمان: پاڵێوراوانی گەنج و هونەرمەند و ژن و چالاکانی کۆمەڵی مەدەنی کەسیان دەنگێکی ئەوتۆیان نەهێنا، بەڵکو براوەی سەرەکی هەر وەکی پێشترێ هەر بەس پیر و ڕەئیس_عەشیرەت و شێخ و مەلا و کەونە جاش و موستەشار و ئەوانەی کە بەشداربووبوون لە شەڕی ئەحمەقانەی ناوخۆدا دەرچوونەوە و هەر بە خۆشیان دەستیان بەسەر پەرلەماندا گرتەوە و ئەو چەند کەسەش کە تەمەنیان بچووکە و دەرچووینە ناکرێ بە گەنج هەژماریان بکەین و هیوامان پێ هەبن، چونکە ئەوانە تەنها دەکرێ ناویان لێ بنێین (کەمتەمەن) نەک (گەنج): چونکە ئەوانە ڕاستە بە تەمەن گەنجن بەڵام پیر پیر پیرانە بیردەکەنەوە و هەمان کولتووری ترسناکی پیرەکانمان بەسەردا دەسەپێننەوە و ناکرێ گەنجان هیچ ئومێدێکیان بەوانە هەبێ کە لە پەرلەماندا ببنە بەرگریڤان لێیان و لە هەمبەر بەرە پیرەکەدا یاخی ببن...
ئێستا کاتی ئەوەیە کە گەنجان بە فیعلی، خۆیان بسەلمێنن و هەموو ڕێگاکانی شۆڕشی گەنجانە تاقی بکەنەوە گەنجان دەکرێ لە زانکۆ_ڕا دەست پێ بکەن و پشتی ملی هەموو ئەو پیرە پڕۆفیسۆر و دکتۆرانەی کە پیرانە بیر دەکەنەوە بگرن و فڕێیان بدەنە دەرەوەی زانکۆ و بیاننێرنە بەردەم مەکتەب سەرۆک و لەوێ لەگەڵ مەسعوود بارزانیدا کە ئەویش وەکی خۆیان پیرە: با بۆ خۆیان پێکڤە دۆمینە و نوێژ بکەن و گوێ لە لاوک و حەیرانی فۆلکلۆری ڕاگرن...
لەم شۆڕشەی کە گەنجان ئەمجارە هەڵی دەگیرسێنن مەرج نییە گەنجان دەست بەسەر هەموو دام و دەزگاکاندا بگرن، نا بەڵکو پێویستە خۆیان بەس بۆ ئەو دەزگایانە ماندی بکەن کە ئی خۆیانن و بۆیان گرنگن، بۆ نموونە هیچ پێویست ناکا گەنجان بچن دەست بەسەر (وەزارەتی ئەوقاف)دا بگرن چونکە ئەو وەزارەتە لۆ گەنجان هیچ گرنگییەکی نییە و هیچ ئیشیشیان پێی نییە و دەکرێ وازی لێ بهینن لۆ پیرەمێردەکان و لێ گەڕێن ئەوان لۆ خۆیان دامە و شەتڕەنجی تێدا بکەن، مەکتەبی کۆمەڵایتی حیزبەکانیش هەروەتر...
ئەوی لەو شۆڕشەی گەنجاندا زۆر گرنگە: ئەوەیە کە سەرباری ڕووخاندن و تێک و پێک شکاندنی دەسەڵاتی سیاسیی دەبێ کچ و کوڕە گەنجەکان هەوڵ بدەن سەرەتا دەنێو خێزانەکانی خۆیاندا ئیدی مەسعوود و نەوشیروانەکان دەمکوت بکەن و پێیان بڵێن: "ئەنگۆ چیدی لەبۆتان نییە تەداخولی ژیانی گەنجانەمان بکەن و دنیامان لێ قۆرخ بکەن"
شتەشکەش هەیە: کە نابێ ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی خوێنڕێژانە بێ و چەک تێیدا بەکار بێ، نا چونکە سیلاح تەنێ پیر دەزانێ و دکارێ بەکاری بهێنێ، بەڵام گەنج دەبێ سیلاحەیلی نوێ بەکار بهێنێ، لەبۆ نموونە: خۆ ڕووتکردنەوەی کوڕ کچانی یاخی لەسەر شەقامەکاندا و تێکدانی سەر و دڵی نەوشیروان و مەسعوودە پیرەکان،،،
هێشتانیش هەر دەکرێ قیچەک ئومێدمان بە شێوازی خۆنیشاندان و یاداشت هەبێ بەڵام نابێ لە یاداشتە ناڕەزاییەکانی ئەمجارەی گەنجاندا بەو زمانە مەڕ_ئاسایەی پێشوو بنووسرێ کە دەیگووت: "بەڕێز جەنابی سەرۆک" و ئەو قسە قۆڕانە، بەڵکو ئێستا ئیدی مۆدێلی ئەوەیە کە گەنجان هاوار بکەن و پێڵاوەکانیان بسرەوێننە سەر و پۆتەڵاکی ئەوانی پیر، و توند توند توند بقیژێنن بەسەریاندا و پێیان بڵێن: "ئیدی ئێوە بۆ زبڵدان ... ئیدی ئێوە تەواوبوون ... ئیدی خۆمان هەم ئۆپۆزسیۆن و هەم دەسەڵاتیشین و چاوەڕێی هەندێش ناکەین کە ئەنگۆ تەمسیل و شانۆگەرییمان لۆ بکەن و خۆتانمان لێ بکەنە دەمڕاست"