یه‌کێتیی چیدی له قه‌لاچوالان نییه به‌ڵکوو له گرده‌که‌یه
Saturday, 29/08/2009, 12:00
ئه‌گه‌ر بێت پرسیار بکه‌ین: ئاخۆ نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ته‌مای چییه؟ ئایا نیازی دروستکردنی حیزبی سیاسیی هه‌یه؟ ئێمه سانایانه ده‌توانین وه‌ڵام بده‌ینه‌وه، بڵێین: نا نه‌وشیروان مسته‌فا قه‌ت شتی وه‌ها ناکات، چونکه ئه‌و هه‌ر یه‌کێتییه، هه‌ر به یه‌کێتییبوونیش ده‌مێنێته‌وه. هه‌رچه‌نده نه‌وشیروان له یه‌کێتیی هاتۆته‌ده‌ره‌وه، لێ له ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتییدا ئه‌و یه‌کێتیی عه‌یاره 24ه. بوونی نه‌وشیروان له ناو ئه‌م یه‌کێتییه‌دا له سه‌ره‌نجامی ئه‌وه‌وه دێت، که تاڵه‌بانی وه‌ک ئه‌ندامێکی کارای پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی ناساند و خۆی خسته‌وه باوه‌شی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیییه‌وه، تاله‌بانی ئه‌مڕۆ له پراکتیکدا لێپرسراوی لقی 66ی پارتی دیموکراته و یه‌کێتیی نییه، به‌ڵکو نه‌وشیروان یه‌کێتییه.
ڕێککه‌وتنه ستراتیژییه‌که‌ی نێوان یه‌کێتیی و پارتی دیموکرات، پلانێکی ساده و ساکارانه نه‌بوو، که وه‌ک ڕێکلامی بۆ کرا، گوایه هه‌ردووکیان له‌سه‌ر کاری ڕاگه‌یاندن ڕێککه‌وتوون. به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه، ڕێککه‌وتنێکه له‌سه‌ر ئاوێته‌بوون له‌ناو یه‌کترییدا، به واتایه‌کی دی بوونی یه‌کێتیی به پارتی دیموکرات. به‌ڵام ڕێککه‌وتنێک، که له‌سه‌رخۆ به پلانێکی سیستێماتیک به‌پێی کات، که هه‌موو ئه‌ندامێکی یه‌کێتیی له ئاینده‌دا به شانازییه‌وه بڵێ: من پارتی دیموکراتی کوردستانم. ده‌شێت ئه‌م پلانه درێژخایه‌ن بێت و پێویستیش به‌وه بکات، که یه‌کێتیی له ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموکرات‌دا وه‌ک یه‌کێتیی بمێنێته‌وه له پێناوی ڕاگرتنی ئارامیی ناو خودی یه‌کێتیی و هه‌وادارانیدا. بۆ نموونه له ئه‌وروپادا کاتێک کۆمپانیایه‌کی گه‌وره کۆمپانیایه‌کی تری بچکۆک‌تر ده‌کڕێت، له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌کی داراییی و سیاسه‌تی کۆمپانیاکه و باج، ناوه‌که‌ی وه‌ک خۆی ده‌هێڵته‌وه، تا له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا وه‌ها ببینرێته‌وه. ده‌کرێت به‌و شێوه‌یه‌ش ته‌ماشای پارتی دیموکرات بکه‌ین، که یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستانی کڕیوه، ناوه‌که‌ی وه‌ک خۆی هێشتۆته‌وه، نایه‌وێت له خۆیدا ئاوێته‌ی بکات، به‌ڵکوو له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا وه‌ک موڵکی خۆی ده‌یهێڵێته‌وه. منداڵێک له ده‌ره‌وه‌ی سکی دایکیشیدا هه‌ر موڵکی دایکێتی هه‌تا مه‌رگ.
ئه‌وانه‌ی ئاماده‌بوون ببن به پارتی دیموکرات له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانییدا مانه‌وه، ئه‌وانه‌شی نه‌یانویست هاتنه‌ده‌ره‌وه، نه‌ک له‌ناو یه‌کێتییدا به‌ڵکوو له ماڵی یه‌کێتیی هاتنه‌ده‌ره‌وه، ئه‌مانه چاوه‌ڕوان ده‌که‌ن، ڕۆژێک بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌وه، هه‌ر بۆیه ئاماده نین ماڵێکی دیکه بۆ خۆیان چێبکه‌ن، چونکه ئه‌وان بێجگه له‌و ماڵه نایانه‌وێت هیچ ماڵێکی تریان هه‌بێت، چونکه یه‌کێتی به موڵکی خۆیانی ده‌زانن. که‌واته نه‌وشیروان هه‌ر یه‌کێتییه، ئه‌وه جه‌لال تاڵه‌بانییه بووه به پارتی دیموکرات. کاره‌کانی نه‌وشیروان له ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتییدا بۆ ڕزگارکردنی یه‌کێتییه له به پارتی دیموکراتبوون. به‌شێکی گه‌وره‌ی یه‌کێتیی به شانازییه‌وه بوون به پارتی دیموکرات، به شانازییشه‌وه پشتگیریی له هه‌موو کردارێکی پارتی دیموکرات و خودی مه‌سعود و نێچیر ده‌که‌ن.
دوای ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابوورددا توانی بگات به‌و ئاسته‌ی به لیستێکی سه‌ربه‌خۆ به‌شداریی له هه‌ڵبژاردندا بکات، به‌ڵێنی ڕزگارکردنی به هه‌موو یه‌کێتییه‌کانی دا. ئیدی ئه‌و یه‌کێتییانه‌ی، که ئاماده نه‌بوون، ببنه پارتی دیموکرات هه‌موو هاتنه گرده‌که، له نووسه‌رانیانه‌وه هه‌تاوه‌کوو جاش و ئه‌نفالچییه‌کانی ناو یه‌کێتیی.
ئێمه پشتگیریی گۆڕانمان هه‌تا دوا چرکه کرد، چونکه ده‌مانه‌وێت ژیان و بیری خه‌ڵکی کورد بگۆڕێت، به‌ڵام ئێمه پشتگیریی که‌سایه‌تییه‌کانمان نه‌کردووه وه‌ک تاک، به‌ڵکوو پشتگیریی بیره‌که‌مان کردووه، که به‌رهه‌می ئه‌قڵی خۆمانه وه‌ک کوردستانپۆست نه‌ک وه‌ک گرده‌که. ئیمڕۆ ئه‌م هه‌موو نووسه‌ر، کۆنه پێشمه‌رگه، ئه‌ندامانی ڕێکخستن و مه‌ڵبه‌نده‌کان، ته‌نانه‌ت جاشه‌کانی ناو یه‌کێتیی، که ده‌چنه گرده‌که و ده‌بن به گۆڕان، پێویست ناکات چیدی ئێمه ماندووبین پێیانه‌وه، چونکه ئه‌وه‌ی، که گرده‌که نه‌یویست ئاشکرای بکات، ئێمه ده‌یکه‌ین، ئه‌ویش ڕاکێشانی به‌ڕه‌ی یه‌کێتییه له‌ژێر پێی جه‌لال و یاوه‌ره‌کانیدا. ئێمه چاک ده‌زانین، که ئه‌وانه‌ی له 9 ساڵی ڕابووردا به ناشریینتریین شێوه دژایه‌تییان ده‌کردین ئیمڕۆ هه‌موویان له گرده‌که‌ن، ئێمه له گرده‌که هیچ شتێکی نوێ نابینین بێجگه له یه‌کێتیی نیشتیمانی کوردستان وه‌ک خۆی. با هه‌موو ئه‌و ڕاستییه بزانین، که یه‌کێتیی چیدی له قه‌لاچوالان نییه به‌ڵکوو له گرده‌که‌یه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست