چەند قسەیەكی راشكاوانە بۆ كاك نەوشیروان
Saturday, 17/01/2015, 12:00
ئەوەی دەیزانین ، ئەركی مێژونوسە كە راستیەكان بێ كەمو كورتی و بێلایەنانە بۆ خەڵك دەردەخات و دەینوسێتەوە و دەیڵێتەوە، بەڵام دەبێت هەمیشە نوسەر و رۆژنامەنوس و سیاسەتمەدار وەك وەزیفەی راست ورەوای خۆیان بە دەرخستنی هەڵوێستی گونجاو لە گەڵ راستیەكاندا ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن و، جەنابیشت كاك نەوشیروان وەك شەخسی خۆت یان رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، هەڵگری سیفەتی هەرسێ وەزیفەكەی .
هیچ كەس لەو باوەرەدا نەبو كە گۆران تەنها لە پێناو بەشداریكردن لە دەسەڵاتدا بەهەر شێوەیەك بێت، دروستبوبێت و، خۆتیش چەندین جار چ لە دیدارە دو قۆڵی و سێ قوڵیەكاندا بوبێت یان تەنانەت بەئاشكرا لە راگەیاندنەكاندا ئەوەت دوبارە دەكردەوە و، بەڵكو ئەوەت دوپات دەكردەوە كە سورن لەسەر گۆڕێنی ریشەیی تێكرای سیستمی حوكمرانی كوردستان و، واتان نیشاندا كە ئەم حكومەتە بە گشتی لە گەڵ بارودۆخی ئێستادا نەگونجاوە . كەچی گۆڕانت بەو شێوەیەت بەشداری پێكرد لە حكومەتدا، كە ئێستا بە قورسی باجەكەی دەدات .
سەرەتای بەشداریكردن لە دەسەڵات لەگەڵ حزب و لایەنێك، كە تا دوێنی بە قسەی ئێوە و تا ئەمرۆش بە قسەی ئێمەومانانی خەڵكی سادەی ئەم كوردستانە هۆكاری ئەم میحنەتەن كەبەسەر خەڵكدا هێناویانە، بێ هیچ پێشمەرج و بە پێی رێككەوتنێكی حزبی دوولایەنە لە گەڵ پارتی بۆ حكومەتی كوردستان و لەگەڵ یەكێتییش بۆ حكومرانی سلێمانی و ئەم دەڤەرە بە گشتی بەشداریتان كرد، ئەم رەفتارە ئەوەی دەرخست كە تەنها ئەو ئیدعیایانەی دەكرا لە گۆڕینی بناغەی دەسەڵات هەر لە بەیاننامە حەوت خاڵیەكەوە بگرە تاوەكو هەڵوێستەكانتان لەسەر سەرجەم روداوە رۆژانەییەكانی سیاسەتی ئەو دو حزبە و دەسەڵاتیش بە ئیدیعای جێبەجێ كردنی بەرنامە تایبەتیەكانتانەوە، تەنها بۆ بەكاربردنی رۆژانە بووە .
لێرەدا دەكرێت منیش تەنها حەوت پرسیاری ئاسایی خەڵك لە كاك نەوشیروان بكەم، هیوادارم وەڵامی قەناعەت پێهێنەری بۆ خەڵكی ستەمدیدەی پێ بێت :
یەكەم : ئایا بەرپرسە باڵاكانی پارتی و یەكێتی پارەی زل و زەبەلاحیان لە بانقەكانی دەرەوە نیە، گەر هەیە، بۆچی بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی خەڵك و هەر نەبێت بۆ پێدانی موچەی پێشمەرگە بەكاری ناهێنن، یان با بەو شەفافیەتەی كە كاك نەوشیروان و گۆران داوایان دەكرد، بناغەی مەسەلەكە بۆ خەڵك باس ناكەن و وردەكاریەكانی دەر ناخەن ؟
دووەم : ئەو برە نەوتەی بە ترێلە و بۆری رۆژانە دەچنە دەرەوە كە پێشتر دەوترا بەشی مەعاشی هەموو فەرمانبەرانی كوردستان دەكات، چی لێدێت، ئێستا راستیەكان بۆ دەرناخەن كە لەحكومەتن ، ئەگەر وایە بۆ داهاتەكەی ناخرێتە گەڕ و ئەگەریش وا نیە با خەڵك بزانێت داهاتەكە كەمە و بەشی خەرجیەكان ناكات و، وا نیە كە پێشتر باس كراوە ؟ لە و كاتەدا خەڵك بە روح و ماڵ و گیان قوربانی زیاتر دەدات و متمانەی پێتان دەبێت .
سێیەم : بۆچی ئێستا باسی گەندەڵی ناكرێت وەك پێشتر دەنگە زوڵاڵەكان باسیان لێوە دەكرد . ئەم بارودۆخە گیرۆدەی دەستی گەندەڵی بەردەوامە یان نا . داهات و خەرجیەكان بۆ دەرناخرێن، چەندن ؟
چوارەم : هەڵوێست لەبارەی بە حزبیكردنی پێشمەرگە، بەتایبەتی وەزیری پێشمەرگەش گۆرانخوازە ، بۆ ناڵێن هۆكاری یەكنەخستنی چیە و كێ رێگرە و بۆ بەم شێوەیە بەردەوامە و كێ دەیەوێت بەحەقیقەت یەكیبخات و كێ ئەو ئامانجە لە بەرژەوەندیی نیە ؟
پێنجەم : بۆ باس لە وردەكاریەكانی ئەم بارە ئابوریە نالەبارە و ئەم هەموو قەیرانانە و نەبونی خزمەتگوزای پێویست ناكەن ؟ بۆ باسی شكستی ئەم حكومەتە ناكەن ئەگەر بە بەراورد بە حكومەتەكانی پێشوش بێت ؟
شەشەم :بۆچی وەك گۆڕان، پێشتر دابەشكردنی پۆستی حكومەتی و پەرلەمانیتان بە زەرەر دەزانی و رەتتان دەكردەوە و ئێستا بە خۆتان بەشدارن و بەشێكن لەو كردەوەیە ؟
حەوتەم :بۆچی هەر هیچ نەبێت هەڵسەنگاندن بۆ وەزیرەكانی خۆتان ناكەن و ئەوەی ئەركی خۆی جێبەجی نەكردوە دەریناخەن و دووری بخەنەوە تاوەكو راستگۆییتان بۆ خەڵك دەرخەن و باورەتان پێ بكرێت كە پەیمانەكانتان لە بیرنەچووە و ئەركەكانتان وەك خۆی جێبەجێ دەكەن ؟
هیودارم لە دەرخستنی ئەم راستیانە زیاتر قازانجما بە گۆرانی ریشەیی كوردستان گەیاندبێ و رێگەمان بۆ راستەرێكردنی دەسەڵات كردبێتەوە، كەسیش بە هیچ شێوەیەك تەفسیری تری بۆ نەكات، لەبەر ئەوەی پێش ئەوەی باس لە گۆڕان بكرێت،حزبەكانی تری دەسەڵات نغرۆی ئەو گەندەڵی و كەموكورتیانەن و خەڵك هیچ ئاواتێكیان پێ نەماوە كە چاكسازی بكەن و، بە خۆیاندا بچنەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست