سلێمانى رۆژانە 8 سەعات كارەباى هەیە، کهچی ماڵە چۆڵەكەى بەرهەم ساڵح 24 سەعات كارەباى هەیە
Friday, 24/12/2010, 12:00
یەك لە رەفتارە نادادپەروەریەكانى دەسەڵاتدارانى باشووری كوردستان، شێوازى مامەڵەكردنیانە بە وزەى كارەباوە، ماف بە خۆیان دەدەن بیست و چوار سەعاته كارەباى نیشتمانیان هەبێت، کهچی داوا لە خەڵكى كوردستانیش دەكەن ددان به خۆیاندا بگرن و رازى بن، که رۆژانە 8 هەشت سەعات كارەباى نیشتمانی (کارهبای سهرهکیی)یان هەبێت.
لە ساڵانى رابوردودا یەك لە گلەییەكانى خەڵكى كوردستان لە دەسەڵات، ناداپەروەرى بوو لە شێوازى دابەشكردنى وزەى كارەبا، كە بەشى شێریان بۆ خۆیان دادەنا و بەشى رێویان دهدا به خەڵكى كوردستان.
ماوەیەك بوو دەنگۆى كارەباى ماڵە بهرپرسهکان و بارەگا حزبیەكان خامۆش بووبوەوە، بەڵام لەم رۆژانەدا لە كاتى گۆرینى عەموود و تەلى كارەباى شارى سلێمانیدا، بۆ خەڵك ئاشكرا بووەوە كە تا ئێستەش ماڵ و بارەگاى بەرپرس و حیمایەى بەرپرسەكان كارەباى بەردەوامیان هەیە. بارەگاى گەرەكى ئاشتى كۆسرەت رەسووڵ كە پێش چەندان ساڵ بۆ بەرهەم ساڵحی چۆڵى كردووە، بەرهەم ساڵحیش چەندان ساڵە لە سلێمانی نەماوە و لە بەغدا و لە هەولێر پۆستى وەرگرتووە،كەچى تا ئێستا ماڵ و بارەگا چۆڵەكەى بەرهەم كارەباى بەردەوام هەیە، هەر لە ماڵەكەى بەرهەمەوە، بۆ ماوەى چەندان كیلۆمەتر بە سەر هەزاران ماڵدا، بە وایەرى تایبەت كارەباى بەردەوام بۆ حیمایەكانى كۆسرەت و بەرهەم دابین كراوە.
ئەمە لە كاتێكدایە، كە فەرمانبەرانى كارەباى سلێمانى بە ڕوویەكى قایمەوە مانگانە بەرۆكى خەڵكى سلێمانى دەگرن و پارەیەكى زۆر لە بەرامبەر ئەو بڕە كارەبا چەند سەعاتەدا لە سەر خەڵك دەنووسن، لە هەمان كاتدا دەسەلاتدارانى هەرێم كارەباى بەردەومیان هەیە و پارهش نادهن بە دائیرەى كارەبا.
لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بكەین، كە بە تەنها دەسەڵاتداران (كۆسرەت و بەرهەم و حیمایەكانیان تاوانبارنین)، بهڵکو بەرپرسانى فەرمانگەى كارەبا لەوان تاونابارترن، لەبەر ئەوەى ئەو بەرپرسانەى فەرمانگەى كارەبا كارى نارەوا دژى خەڵك جێبەجێدەكەن، بێ دەنگى خەڵكى هەرێمى كوردستانیش بەرامبەر بە زەوتكردنى مافەكانیان لە لایەن دەسەڵاتەوە، ئهمهش درێژەدانە بە دیاردەى نادادپەروەیی ئەمرۆى كوردستانی باشوور.
پەیامنێرى كوردستانپۆست سلێمانى 24-12-2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست