"كەناڵ چوار سوكایەتى بە قەیرە كچان دەكات" "ئایا ئافرەتان ئەوەندە خۆیان مردوون كە ئەو سێ پیاوە داكۆكیان لێبكەن"
Wednesday, 09/06/2010, 12:00
بەرنامەى"ئارامۆ شۆ"،توڕەییەكى زۆری لاى زۆرینەى قەیرە كچانى كوردستان بەگشتى و ناوچەى گەرمیان بەتایبەتى دروست كردووە.لەو بەرنامەیەدا كە لەكەناڵی ئاسمانى "كەناڵ 4)پەخش دەكرێت،سێ كوڕ بەسیناریۆ هێنراون ڕۆڵی سێ كچ بەرجەستە ئەكەن و خۆیان كردۆتە قەیرەكچ،بەبیانووى باسكردن لەكێشەى قەیرەیی،ئەوپەڕی توندونیژى دەرونى و سوكایەتى بەرامبەر بەوان دەكەن.كچان و ژنانى گەرمیان پێیانوایە كە پێویستە رێكخراوەكانى ژنان و ئافرەتان هەڵوێستى جدییان هەبێت بەرامبەر بەم "سوكایەتییە"
یەكێك لەو كوڕانەى كە خۆی كردۆتە كچ و ناوى خۆى ناوە روخۆش لەبەرنامەكەدا دەڵێت"ئێمە قەیرە كچین و داخوازیمانیش زۆرە"،ئەڤین ئاسۆی بێژەریش بەیەكێكى دیكە لەو كوڕانە كە ناوى قیسمەتى لەخۆی دەڵێت"قیسمەت فەقیرە و بێدەنگە بۆیە شوى نەكردووە" ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت"داخوزیم هەیە و لەوەو پێش خۆشەویستم هەبووە" روخوشیش دەڵێت"باوكم ئەوەندەى بیر لەخۆی دەكاتەوە بیر لە ئێمە ناكاتەوە،كە بیرم لە كۆرێك ئەكردەوە باوكم ئەیوت نابێت".
ژیان مەحمەد، تەمەنى 38 ساڵە،كە كچێكى ناوچەی گەرمیانییە و تا ئێستا ژیانى هاوسەرێتى پێكنەهێناوە،جەختى لەسەر ئەوە كردەوە "كەناڵ چوار سوكایەتى بە ئافرەتان دەكات، بەتایبەتى قەیرەكچەكان". ئەو وتى"كەناڵ چوار كارێكى بێ مانا دەكات كە دەیەوێت بەوشێوەیە لەڕێگەى برینداركردنى هەستى بەشێك لەكۆمەڵگەوە بینەر بۆخۆی پەیدابكات".
ئەو نیگەرانە لەوەى،كە تا ئێستا رێكخراوەكانى ژنان و ئافرەتان هیچ هەڵوێستێكیان لەو بارەیەوە نەبووە"چونكە ئەو رەفتارانەى لەكەناڵ چواردا دەكرێت سەرجەمیان توندوتیژیەكى رەمزین بۆ ئافرەتان.رۆژانە بەناوى شەرەفەوە توندوتیژى دژ بە ئافرەتان بەكار دەهێنرێت و بەدەیان كێشەوە گیرۆدەن كەچی ئەو كەناڵە هەر خۆی لە قەرەشیان نادات كەچی بەبیانوى خستنە رووى كێشەى زەواجەوە ئاوا سوكایەتى بەژنان دەكەن".
بەشێك لەكچان ئەم جۆرە سوكایەتییە دەگەڕێننەوە بۆ كەمتەرخەمى دەسەڵات كە چاودێری ئەو كەناڵانە ناكات.
سازان ئەمین ئاماژەى بەوە كرد كە كەناڵ چوار دەسەڵاتێكى گەورەى لەپشتە،بۆیە بێسڵەمینەوەو حسابكردن بۆ راى گشتى بەو جۆرە ئەو بابەتانە دەوروژێنن.
ئەو وتى"كەس نازانێ ئامانج لەم بەرنامە بێمانایانە چییە و بۆ كام مەبەستە بڵاوكردنەوەیان"؟! ئەمە گاڵتەكردنە بەهەستى خەڵك،نەك لەبەر ئەوەى ئەوانەى هێناویانن كوڕن،بەڵكو لەبەرئەوەى قسەو رەفتارى ناشیرین بەكاردێنن كە هیچ كچێك وا لەخۆی ناكات".
لەمبارەیەوە توێژەرى كۆمەڵایەتى عەباس مەحمود وتى"وروژاندنى ئەو جۆرە بابەتانە، لەكەناڵەكانى راگەیاندنەوە لەگەڵ بوونى ئەو هەموو رێكخراوەى ژنان و ئافرەتان و دەزگایانەى بۆ داكۆكیكردن لەمافەكانى ژنان،خۆی لە خۆیدا بێ بەهاكردنى مافەكانى مرۆڤ و دانەنانى رێزە بۆ هەستى مرۆڤایەتى".
هاوكات دەربارەى ئەو بەرنامەو ئەو سێ كوڕە كە خۆیان كردۆتە كچ، بەرپرسی لقی گەرمیانى خوشكانى یەكگرتوى ئیسلامى كوردستان روناك علی لە لێدوانێكیدا بە ئاوێنەى راگەیاند"كە ئەمە گاڵتە جاڕیە بە ئافرەتەوە دەكرێت،ئافرەت بۆ وا بچوك بكرێتەوە كە بەدواى زەواجدا بگەرێن؟!ئەمە سوكایەتیكردنە بە ئافرەتانى كوردستان".
بۆ وەرگرتنى راى كەناڵ چوار،ئاوێنە پەیوەندى كرد بە (ئەڤین ئاسۆ)وە ووتى"ئێمە هیچ لێداوانێكمان لەو بارەیەوە نییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست