پەلاماردانی پەیام، پلانێك پڕ لەئەجێندای شەڕخوازیی
Wednesday, 20/04/2011, 12:00
یەكێتی و پارتی دەمێكە لەهەوڵی ئەوەدان سیمای خۆپیشاندانەكانی سلێمانی بشێوێنن، بەوەی ئیسلامییە ئیسوڵیەكان لەپشت وروژاندنی شەقامەوەن، وەك چۆن دەچنە ئێران دەڵێن ئەمریكا لەپشت خۆپیشاندانەوەیە بۆ لاوازكردنی پێگەی ئێرانە لەناوچەكەداو بەهاندانی گۆڕان ئەمە دەكات، بەهەمان شێوە دەچنە لای ئەمریكاییەكانیش دەڵێن خۆپیشاندانەكان ئێرانی لەپشتەو بەهاندانی ئیسلامیەكان ئەوكارە دەكات.
لەئێستەدا ئەو ئەجێندا شەڕخوازییەی یەكێتی و پارتی بەشێكی زۆری ئاشكرابووە لای ئێران و ئەمریكییەكانیش، بەڵام ئەوەی ماوە لەئێستەدا هەوڵی جێبەجێكردنی دەدەن، بەوەی خۆپیشاندانی دوو مانگەی هێمانانەی دور لەتوندوتیژی خەڵك بگۆڕن بۆ ئەوەی كەلە سێ ڕۆژی ڕابردوودا بەرهەمیانهێنا، بەئامانجی ئەوەی:
1- كۆنترۆڵی خۆپیشاندانەكان بكەن بەداگیركردنی مەیدانی ئازادی.
2- ئەم شۆڕشە سپییە بگوازنەوە بۆ شەڕی ناوخۆی نێوان كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتوو لەگەڵ یەكێتی و پارتی تاكو وەك شەڕی ناوخۆ چاو لەبارودۆخە بكرێ و كۆتایی بەخۆپیشاندان بهێنرێ.
3- بەو مەترسییەی كەهێناویانەتە سەر پەیام و بارەگای سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان، وادەكەن لایەنگران و ئەندامان و لایەنگران و خەڵكی ئۆپۆزسیۆن لەدەوری كەناڵ و بارەگاكانیان كۆببێتەوەو تاڕادەیەك شەقام بۆ خۆپیشاندان چۆڵ ببێت.
4- كەسە دیارەكانی خۆپیشاندان بەنوسەرو مامۆستای ئاینی و ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیرەوە دەستگیر بكەن بۆ ئەوەی چاوترسێنی بێت بۆ خۆیان خەڵكیش.
5- ئەگەر ئەم پلانەیان سەركەوتوو بێت ئەوا دەتوانن تەمەنی حوكمڕانیەكەیان درێژتر بكەنەوە كە ئێستە لەبەرامبەر دەنگی ناڕازی شەقام و داخوازی ئۆپۆزسیۆندا لەمەترسی گەورەدان.
بەڵام لەبەرامبەردا ئەوە دروست بووە كە یەكێتی گەڕایەوە بۆ زمانی زەبروزەنگ و بەكارهێنانی بۆ یەكلاییكردنەوەی مەسەلەكان، ئەمەش كاتییەو ناتوانرێ بەردەوامی پێبدرێ، چونكە ئێستە ژیان لەشاری سلێمانی و دەووروبەری وەستاوەو بەرەو وەستانی تەواوی فەرمانگە حكومیەكانیش هەنگاو دەنێ پاش كۆتایی هاتنی پشووی ئەم ڕۆژە، جێی خۆیەتی یەكێتی وەڵامی ئەوە بداتەوە داخوا تاكە دەتوانێ ئەم بارودۆخە بەمجۆرە كۆنترۆڵ بكات؟ ئایا خەڵكی سلێمانی بێدەنگ دەبن كە ئەو هەموو چەكدارە شار ناشیرین بكات؟ ئایا ئەو هێزانە تاكەی توانای ئەوەیان هەیە بەوجۆرە شار داگیربكەن؟ ئایا ئەو هێزانە هەمووی لەگەڵ ئەو سیاسەتەدان؟ یەكێتی لەخۆی نەپرسیوە كە ئەو هێزە زۆرێكی تێدایە ئەگەری هەڵگەڕانەوەی هەیەو ئامادە نیە لولەی تفەنگ ئاراستەی خەڵك بكات؟ ئایا ناترسێ لەپەلاماردانی كەناڵی پەیام یان گردەكە چی كارەساتێك دەقەومێ؟ چونكە هێشتا خەڵكی كوردستان ئەو چەكانەی لەماڵەكاندا ماوە كە ڕاپەڕینی ی پێكرد، كێ سود لەوە دەبینێ جارێكی تر شەڕی ناوخۆ ڕوبداتەوە؟ ئایا هێشتا هێزەكانی ئەمریكا لەكوردستان نین؟ ئەوان ڕێدەدەن یەكێتی و پارتی بەو ئاسانییە كوردستان بەو ئاقارەدا بەرن؟ بیریان لەوە كردۆتەوە كە ئەمەی دەیكەن كۆتایی بەتەمەنی سیاسیان دێنێ؟ وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە ڕوداوەكانی ئەمڕۆو ڕۆژانی دواتر یەكلایی دەكاتەوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە خۆپیشاندان كۆتایی نایە، بەڵام چەك و هێزی چەكدار و ستەم لەبن دێت و بۆ قەزافی و موبارەك و بن عەلی سودی نەبوبێت بۆ یەكێتی و پارتی سودی هەر نابێ.
كەناڵی پەیامیش كە موڵكدارییەكەی هی كۆمەڵی ئیسلامییە، پارێزگاری لێكردنی لەئەستۆی خەڵكی ئەم شارەیە، بۆیە ئاساییە ئەگەر یەكێتی ئەو هەڵە گەورە بكات بەڵام دەبێ بزانێ ئەمەیان وەك سوتاندنی نالیا ناكەوێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست