لە كەركوك كەمپینێ بۆ هاوكاری رۆژئاوای كوردستان راگەیاندڕا
Thursday, 09/08/2012, 12:00
پێنچ شەممە رێكەوتی(9/8/2012) ، بەدەستپێشخەری جوڵانەوەی هاوڵاتی ئازاد و یەكسان ئەنجومەنی كەركوك، لە قەڵای كەركوك بەرامبەر كۆمەڵەی روناكبیری و كۆمەڵایەتی كەركوك كەمپینێ بۆ هاوكاری كوردانی رۆژئاوای كوردستا راگەیاندرا، لە گردبونەوەیەكدا نوینەری چەندین رێكخراو و پارت و لایەنی سیاسی ئامادەی كەمپینەكە بوون، سەرەتا لەو بارەوە لەلایەن ئەنجومەنی هاوڵاتی ئازاد و یەكسان ئەنجومونی كەركوك، بەیاننامەیەك لەژێر دروشمی(هاوكاری رۆژئاوای كوردستان ئەركێكی نەتەوەییە) ئاراستەی هەموو لایەن و پارت و كەسایەتی شاری كەركوك كرا، لە بەیاننامەكەدا هاتوە: دوابەدوای سەرهەڵدانی گەلان و گۆڕانكاری گەورە لەسەر ئاستی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوین و گۆڕینی چەندین دەسەڵاتی دیكتاتۆری ناوچەكە و بەهۆی ئیرادەی ئازادیخوازی گەلانی ناوچەكە هێدی هێدی تەمنیان لە كورت بوونەوەدایە، بزوتنەوەی رزگاریخوازی رۆژئاوای كورستانیش لە چوار چیوەی ئەو گۆڕانكاریەدا توانی لە پێناو بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان هەنگاوی ئەرێنی لە ناوچەكەدا بنێت و ئەمەش جێگای دڵخۆشی هەموو كوردێكە، بۆیە بەو بۆنەیەوە سەركەوتن وتێكۆشانەی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان بەرز و پیرۆز رادەگرین، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێروانینە سەرانی توركیا بەقبووڵ نەكردنی كوردستانێكی ئازاد دەستیان كردووە بەپیلانگیری و دژایەتی كردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان و دەیانەوێت ببنە بەربەست لەبەرامبەر بە تێكۆشانی ئازادیخوازی گەلەكەمان، بۆیە ئێمە وەكو ئەنجومەنی هاوڵاتی ئازاد و یەكسان لەو روانگەیەوە و هەستكردن بەبەرپرسیاریەتی مێژوویی و ئەركێكی ئەخلاقی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی لە شاری كەركوك داوا لە هەموو كەس و لایەن پارت و كەسایەتی ئاینی شاری كەركوك دەكەین بەدەنگەوە هاتنی گەلەكەمان بەدرێژكردنی دەستی هاوكاری بۆ رۆژئاوای ئابڵۆقەی ئابووری بوونەتەوە، بۆیە پێویستە بەئەركی نەتەوەییمان هەڵسین بەدابین كردنی كۆمەك و هاوكاری بۆ گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان وەك وەفایەك بۆ ئەوە بەشەی كوردستان كەبەردەوام لە هەمو شۆرش و جوڵانەوەكانی كوردستان پێشرەو و پیێشەنگ بوونە.
(دوكتۆر حسین) نوێنەری پەیەدا(pyd ) لە باشوری كوردستان ئامادەی گردبوونەوەكە بوو، وتەیەكی پیشكەش كرد: رۆڵ و بەدەنگەوە هاتنی جوڵانەوەی هاولاتی ئازاد و یەكسان و پارت و رێكخراوەكانی شاری كەركوك بۆ هاوكاری و پشتگیری رۆژئاوای كوردستان بەرز دەنڕخێنین و سوپاسیان دەكەین، ،شاری كەركوك كە تائەمرۆ لە ناو زەحمەتی مەزندایە سەرەرای ئەو مەینەتی و زەحمەتیە هەڵسان بە خاوەنداریەتی لە گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان، خەباتی گەلەكەمان لە رۆژئاوا گەیشتوتە ئاستێكی زۆر بڵندی تێكۆشان و بەرخودان و بەدەست هینانی مافە نەتەوەییەكانمان، كە چەندین ساڵە بێبەش لە ماف و چەوسانەوەدایە، لەلایەن رژێمی بەعس هەوڵی بەهەژار كردنی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان دەدرا ، لە برسیەتی نەتەوەكەمان ناچار بوون رووبكەنە بازارە عەرەبیەكان و حەلەب و دیمەشق بۆ كاركردن ، هەر بۆیە ڕەوشی ئابووری رۆژئاوای كوردستان خرابەو لە هەژاری و هەزران كەسیان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، شارە عەرەبیەكان لەلایەن سعودییەوە هاوكاری دەكرێن ، گەلی كورد كەسی نییە تەنها خاوەنی نەتەوەكەیەتی هەر نزیك بونەوەیەكی كوردستان هێڤی و ئاوات و هیوامان مەزنتر دەكات، باوەڕمان بە پرسی نەتەوەیی گەورەتر دەكات، با داگیركەران نەڵێن كورد بی كەسەو بە دروستكردنی ناكۆكی هەوڵی پارچە پارچە كردنی ریزەكانی بدات، دەبێ یەك ریزی خۆمان بپارێزیین، لە كۆتایی سوپاس هەڵوێستی پارتە سیاسیەكانی باشوری كوردستان دەكەین ،ئەو ئەركەی دەكەوێتە سەریان لە هاوكاری و راگەیاندن جێبەجی بكەن كەخواستی ئێمەیە، بۆ هاوكاری نزیكایەتی بەپیرۆز دەبینین، بە بیروباروەری نەتەوەیی لێمان دەركەون، دووبارە سوپاس بۆ جوڵانەوەی هاوڵاتی ئازاد و یەكسانی كەركوك كەبەئەركی نەتەوەیی داكۆكی لە گەلەكەیان لە رۆژئاوای كوردستان دەكەن.
هاوكات یەكێتی گشتی قوتابیانی كوردستان بە وتەیەك ئامادەیی خۆیان بۆ پشتگیری و هاوكاری كوردانی رۆژئاوای كوردستان دەربڕی، شایانی باسە بۆ پشتگیری كۆمەك و هاوكاری كردنی رۆژئاوای كوردستان سێ لیژنە لە 20 نوێنەری رێكخراو و پارت و كەسایەتی كەركوك دروست بوو، بەمەبەستی سەردانی پارێزگاری كەركوك و فەرمانگەی ئەوقاف و زانایانی ئیسلامی كوردستان و كەسایەتی نیو بازاری كەركوك بكرێت بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری و بانگهێشتی هاوڵاتیان بكرێت بۆ ئەوەی لە پرسێكی نەتەوەیی مەزنی وادا بەشداربن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست