ڕیفراندۆمی ئوسکوتلەندا
Saturday, 20/09/2014, 12:00
کارەساتەکەی ئوسکوتلەندا
ڕیفراندۆمی ئوسکوتلەندا کارەساتێکی سیاسی گەورە بوو لەو ووڵاتەدا ڕوویدا. زۆربەی زۆری پێشبینیەکان پێیان وابوو جیابوونەوە لە بەریتانیا تا ڕاددیەك مسۆگەرەو دەنگەکان بە بەڵێ زۆر پێش دەنگەکان بە نەخێر ئەکەوێ، کەچی تەواو پێچەوانەکەی ڕوویداو لە ٥٥% هاوکێشەکەیان بەتەواوی گۆڕی و مانەوەی خۆیان لە (UK) ڕاگەیاند. بەمەش کارەساتێکی سیاسی یەخەی ئوسکوتلەندیەکانی گرت لە ڕەنگە نەتوانن تا ماوەی ١٥ تا ٢٥ ساڵی داهاتوو ڕیفراندۆمێکی تر ساز بدەن و بڕیار بدەن بۆ جیابوونەوەیان بۆ هەتا هەتایی لە بەریتانیا.
ڕەنگە هۆکارێکی زۆر هەبوو بن بۆ ئەو سەرنەکەوتنە و شکسپێهێنانی جیابوونەوەکە، لەوانە هۆکاری ئابووری و زۆربەی زۆری ئەوانەی لەگەڵ جیابوونەوەکە نەبوون خەلکانی دەوڵەمەند و خاوەن پارەو سامان، لەبەرئەوەی ڕۆژێك پێش ڕیفراندۆمەکە نرخی پاوەن دابەزی و گەر جیابوونەوەکە سەری بکرتایە ئەوا دابەزینێکی گەورەتر ڕووی ئەدا و ئەو چینە پارەدارە زەرەرمەندی یەکەم ئەبوون. هۆکارێکی تر ئەوانەی دەنگی جیابوونەوەیان ڕەتکردەوە ئەوانەبوون کە لەسەرو تەمەنە گەورەکان بوون، بەشێوەیەك تەمەنە گەنجەکانی وەك ١٦ تا ٤٠ کان بە بەڵی بۆ جیابوونەوە ڕێژەیەکی زۆریان پێکهێنابوو.
ئەوەی لەو ڕیفراندۆمە ڕوویدا کاریگەری خراپ لەدوای خۆی دێنێ بۆ سەر ڕیفراندۆمەکەی ئیسپانیا و کەڕەنگە کەتەلۆنیەکانیش چاو لەوان بکەن کە هیوادارین وا نەبێ و ئەوان بەبەڵێ زۆربەی دەنگەکان بەدەست بێنن و بتوانن جیا ببنەوە. ئەمەی لە ئوسکوتلەندا ڕوویدا دەسەڵاتی خۆسەپێنی کوردستانی باشوور و لەڕێگای هەریەك لە بنەماڵەی جەلال و بارزانی وەك نمونەیەك ئەخەنە بەردەم دەنگدەری کورد کەوا لە عێراق جیانەبنەوە، ئەگەر چی لە ٢٠٠٥ زۆربەی دانیشتوانی باشوور خواست و وویستی خۆیان بۆ جیابوونەوە ڕاگەیاند، کەچی ئەنجامەکەیان گۆڕی و جارێکی تر لەڕێگای تاڵەبانی و بارزانیەوە خۆیان بە کەلاوەکەی عێراقەوە گرێدا.
خۆشبەختانە چینە گەنجەکەی ئوسکوتلەندا لە ئێستاوە ئومێدێکیان هەیە لەوەی جارێکی تر لە رێگای ڕیفراندۆمێکی هاوشێوە لە داهاتوویەکی تردا ئەم خەونە بێننە دی، بۆیە جیابوونەوەی ئەم ووڵاتە شتێکی حەتمییەو تەنها ماوەی ٢٠ ساڵێکی تری ئەوێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست