کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فرمێسكى تيمساحيانە بۆ يەكێتيى

Saturday, 26/04/2014, 12:00


لەگەڵ هەمو وەرزێكى هەڵبژاردن لەهەرێمى كوردستان، دياردەى حيزب گۆڕين باوەو بەشێكى بۆ پروپاگەندەى هەڵبژاردنەو بەشێكى بۆ بەدەستهێنانى دەستكەوتى كەسيييە. هەندێك كەس ئەم حيزب گۆڕينە بە وەرزى هاوينەو زستانەى گواستنەوەى ياريزانانى خولەكانى تۆپى پێى يانەكانى ئەوروپا دەچوێنن. دەكرێت ناوى لێبنرێت وەرزى هەڵبژاردنى حيزب گۆڕين كە لەمساڵدا تەنيا چەند رۆژێكى كەمى ماوە.
ئەمساڵ جياواز لەساڵانى پێشو، وەرزەكە گۆڕينى بەلێشاوى حيزبەكان نييە لەلايەن ئەندامانى ئاساييەوە، بەڵكو حيزب گۆڕينە لەلايەن كەسانى بەرپرسى حيزبەكانەوە بەتايبەتى يەكێتيى و گۆڕان و تا رادەيەكيش پارتى. هەرچى حيزبە ئيسلامييەكانە، ئەوا پێشتر بەشێك لەكاديرانى مامناوەنديان حيزبيان گۆڕيوە بەبێ ئەوەى بيخەينە هەڕاجى بازاڕى هەڵبژاردنەوە. بەشێكى زۆرى ئەم كاديرانە بەمەبەستى بەدەستهێنانى پۆست و پايە بەزۆرى رويان لە گۆڕان كردوەو دەيانەوێت لەنێويدا بگەن بەئامانجي كەسيان.
پێموايە رۆيشتنى عارف روشدى و كاديرە بادينييەكانى ترى يەكێتى بۆ ناو پارتى پێويست بەتێڕامان و هەڵوێستە لەسەركردن نييە. چونكە پاڵنەرو ئامانجەكانى تا رادەيەكى زۆر ديارن و بۆ ئەو پارە پێشومارە دەگەڕێتەوە كە پارتى لە دزينى ئەو پارەيەى لەبەغداوە دێت و بەتاڵانبردنى نەوتى هەرێمەوە دەستى دەكەوێت. بەشێوەيەك زۆربەى هەرە زۆرى توێژو چينەكانى باديناني بە پارەو موچە دەمكوت كردوە.
وەلێ ئەوەى لێرەدا مەبەستمە قسەى لەسەربكەم، ئەو فرمێسكە تيمساحيانەيە كە عوسمان بانيمارانى دواى گەڕانەوەى بۆ ناو يەكێتي و سالار عەزيز پاش بەجێهيشتنى گۆڕان بۆ ئەو حيزبە دەيڕێژن.
هەردو هەڵسوڕاوەكەى پێشوى گۆڕان فاكتەرى سەرەكي بەجێهيشتنى گۆڕانيان لە وەرزى هەڵبژاردنى سەنگەرگۆڕيندا بەستۆتەوە بەبارى لارى يەكێتى. بێ ئەوەى پێمان بڵێن ئەمانە تا لەناو يەكێتيدا بون چ ئومێدێك بون بۆ گۆڕينى رەوشى يەكێتيى تا ئێستا شتێكى بۆ بكەن.
بانيمارانى نايشارێتەوە كە لە ئێستادا پێويستى بە پارەيە. باشترين كاتيش بۆ دەستكەوتنى بڕێك پارە لە يەكێتى ديارە وەرزى هەڵبژاردن و كردنيەتى بە كەرەستەى ئەو ماشێنە پروپاگەندەيەى ئەو حيزبە ماوەي چەند هەفتەيەكە بە چڕوپڕى لەدژى گۆران بەگەڕى خستوە. ئەگينا لە دواى هەڵبژاردن ئەو هەنگاوەى بانيمارانى رەنگە پولێكى قەڵبى نەكردايە.
هەرچى سالار عەزيزيشە، وێڕاى دەربڕينى ناسۆر و حەسرەت بەوەى گۆڕان هەڵمەتەكەى لەسەر يەكێتيى چڕكردۆتەوەو پارتى فەرامۆشكردوە، پەتى پچڕاندوەو باس لەديكتاتۆرى نەوشيروان مستەفاش دەكات.
عەزيز لەبەشێكى پەيامەكەيدا نايشارێتەوە كە بڕيارى داوە بێدەنگ نەبێت هەرچەندە ئەمەش سەر ئێشەى بۆ دروستبكات. هەروەها خەڵكى سلێمانى بەئاگادێنيتەوە كەپلانێك بەڕێوەيە بۆ تێكدانى ئاسايشى كۆمەڵايەتى. بێئاگا لەوەى لەسايەى خودى يەكێتييەوە سلێماني شەقار شەقارەو لەچەند ساڵى رابوردودا هەميشە بوەتە جێى قوربانى ململانێى نێو باڵەكانى يەكێتيى و نێو يەكێتيى و گۆڕان.
لە كۆتايى نامەكەشيدا، هەرچەندە بێ ئومێد نييە لە گۆڕانكاريى لەهەرێمى كوردستان، بەڵام وەكو خۆى دەڵێت ئومێدى بەبەڕێوەبەرانى ئێستاى گۆڕان نەماوە.
ئەم نامەيە و ئەم هەڵوێستەى هەڵسوڕاوەكانى پێشوى گۆڕان لەم ئانوساتەدا جگە لە موزايەدەيەكى سياسيى، كە رەنگە هەندێك دەستكەوتى مادى تيابێت بڕواناكەم هيچ لەبارى گڵاوى يەكێتيى راستبكاتەوە. چونكە ئەو حيزبە واتێكشكاوە بە فرمێسكڕشتنى تيمساحيانەى لەو شێوەيە كە رەنگە كاريگەرى ئەفسوناوى تا رۆژى هەڵبژاردن بێت و دواى لەبيربچنەوە، نايەتەوە سەر رێچكە. جگە لەوەش دەربڕينى هەڵوێست لەهەر حيزب و گروپێك لە كات وساتى گونجاودا رەنگە پەيامەكەى كاريگەرترو گونجاوتربێت، نەوەكو ئەوەى ئەو هەڵوێستە ببێتە بەشێك لەخۆهەڕاجكردنى حيزب گۆڕين لەملا بۆ ئەولاو پاشان گەڕانەوە بۆ حيزبى يەكەمجار.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە