لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا، پارتی هانای بۆ یەكێتی بردوووه
Sunday, 16/05/2010, 12:00
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 16/4 هەردووك مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لەهەولێر كۆبوونەوە.
سەرچاوەیەك لەمەكتەبی سیاسی پارتی پێراگەیاندین كە كۆبوونەوەكە لەسەر داوای مەسعود بارزانی بووەو وەهاش بڕیاربوو كە مەسعود بارزانی بەشداری ئەو كۆبوونەوەیەی بێت، بەڵام بارزانی هەر شەو پەشیمان بوەوەو داوای لەفازیل میرانی سكرتێری پارتی كرد كە لەگەڵ كوسرەت رەسوڵ-دا كۆبوونەوەكەی هەردوو مەكتەبی سیاسی بەڕیبخەن.
سەرچاوەكە وتی: ئەو كۆبوونەوەیە لەدوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی مەسعود بارزانی دێت بەجەلال تاڵەبانییەوە و داوای لێكردووە كە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بێنە هەولێر تا گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و رۆژنامە ئەهلییەكان وا هەست نەكەن پارتی لەبەردەمی شكستدایە، بۆیە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەسوپاسەوە ئەوەی قبوڵ كردیە.
سەرچاوەكە وتی: مەبەست لەكۆبوونەوەكە تەنیا باسكردنی ئەو هەموو فشارەیە كە لەسەر پارتی دروستكراوە لەسەر شەهیدكردنی سەردەشت عوسمان و بەئاشكرا فازیل میرانی داوای لەكۆسرەت كردووە كە هاوكارییان بكەن بۆ لێدانی ئەو گێرەشوێنانە و وتوشیەتی ئەگەر ئەمڕۆ پارتی بكەوێتە خەتەرەوە واتە یەكێتی كەوتۆتە خەتەرەوە.
سەرچاوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی وتی: تێكڕای مەكتەبی سیاسی پارتی لەوە توڕەبوون و گلەیان لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە كە ئەوانیش دەستیان لەو هاندانی جەماوەرەدا هەبووە و ئەگەر یەكێتی نەبوایە ئەوا پارتی هەڵوێستی توندتری هەبووە، وتیشی: بە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیان وتووە كە هەموو ئەو گرتە ڤیدیۆییانەمان لایە كە ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتی بەشداری ئەو خۆپیشاندانانەیان كردووە.
سەرچاوەكەی پارتی وتیشی: لەكۆبوونەوەكەدا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی وتویانە ئەگەر ئێوە هاوكارمان بن ئێمە ئەم فۆناغە تێدەپەڕێنین و هەموو ئەوانەش كە قسەیان لەسەر پارتی كردووە بەسزای خۆیانیان دەگەیەنین، بەڵام لەنیو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا دەنگێك هەبووە كە ئەمە پێویستە بەئاشتی و برایانە چارەسەری بكەین نەك بە هێرش و وەزعەكە ئاڵۆزتر بكەین وتوشیانە كاتێك مەكتەبی سیاسی پارتی بەیاننامەیەكی دەركردووە نە مشاوەرەی ئێمەی كردووە نە باس كراوە، بەڵام مەكتەبی سیاسی پارتی رەتیانداوەتەوە كە مام جەلال ئاگادارە.
سەرچاوەیەك لەمەكتەبی سیاسی پارتی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست