جڤاتى نیشتمانى یەكسانە بە ئەنجومەنى گشتى گۆڕان
Sunday, 11/11/2012, 12:00
كۆبونەوەى 10/11/2012 ،یەكەم كۆبونەوەى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان، ڕاستتر بە پێى پرۆژەى دەستورى ڕێكخراوەیى / بەشى یانزەهەم: ئەنجومەنى گشتى گۆڕان : برێتیە لەبەرزترین دەسەڵات لە نێوان دوو كۆنگرەدا...
ئەشێ بزانیین ئەنجومەنى گشتى بۆ كرا بە جڤاتى نیشتمانى؟!....
ئەشێ جڤات جیاواز بێت لە ئەنجومەن؟!...
چركە ساتى ئەم كۆبونەوەحەوت كاتژمێریە، هەڵاتنە لەڕاى گشتى ، بەوەى كۆنگرە لە نیوەى ڕێدا چەقى بەستووە، یاخود یاریكردنە بەوەرەقەو ئەجنداى جیاواز؟!...
یاخود بە بەردێك لە هەمان كاتدا دوو ئامانج دەپێكێت؟!... یە كێكیان حیزبى ئەوى دى نیشتمانى؟!..
گۆڕان ڕاستەوخۆ لە قەیرانى كۆنگرە خۆ ڕزگارو دەرباز دەكات؟!...
بە دیوەكەى تردا فشارى بیرى ئازاد بۆ هێنانە كایەى ئەنجومەنى سیاسى تایبەتمەند ئیتر مەشهەدەكە كۆتایى پێ دێت....
ئەوەى لەژێر چەترو سەیوانى ئەم جڤاتەدا كۆبۆتەوە ، داهێنانێكى نوێ نیە ، بە هێندى ئەوەى داڕشتنى بەرزترین هەیكەلى بزوتنەوەى گۆڕانە...
پرسى بە نیشتمانى بون پێكهاتەى ڕاى گشتى و فشارى گشتى و ناوەندى بڕیارى میللى داڕێژەرى سەرەكى و تایبەتمەندێتى و تواناو كەسایەتى و ئاست و پێگەى كۆمەڵایەتى تەعریفەى دەكات...
سەیوانى ئەم جڤاتەى گۆڕان دوورە لەو تەعریفەى لاى سەرەوە.گۆڕان دیدگایەكى لێڵ و پەیامێكى كورت و بەرنامەیەكى نادیارو ئامانجێكى سەیرو ستراتیژێكى ئینتیحارى پیادە دەكات...
جوانتر بوو ، ئەم كۆبونەوە حەوت كاتژمێریە، بانگەشەى لە دایكبونى ئەنجومەنى گشتى بەپێى پرۆژە دەستورەكەى هەیكەلەى گۆڕانى بكردایە، لەبەر بارودۆخەكەو ناسكى وەزعەكە گەمەى هەڵبژاردنى لە خوارەوە بۆ سەرەوەى بەم كۆبونەوەیە كۆتا بهێنایە، لێ ئەم جڤاتە، بە پرۆسەیەكى ناتەندروست و لەبار چوو لە نێو كایەى دنیاى موشارەكەو فەزاى سیاسى هاتە دنیاوە.
بە هەموو پێوەرێك ئەم جڤاتە نیشتمانى نیە، بگرە ئەنجومەنى گشتى گۆڕانە، ئەمەش موخالەفەیەكى ڕاستەوخۆى دەستورەكەى گۆڕان خۆیەتى.
لە ژێرناوى نیشتمانى بوندا ، ئەنجومەنى گشتى وەك ئەوەى لە پرۆژە دەستورى هەیكەلى ڕێكخراوەییدا هاتوە ، خشكەیى خۆى بە ماڵى سیاسەتدا كرد.بە دوور لە كۆنگرە.
بەبارێكى تردا ئەم جڤاتە، كپكردنى پێشنیارى جڤاتى نیشتمانى حەقیقیە، ئەنجومەنى گشتى یەكسانە بە جڤاتى نیشتمانى ، ئیدى حیزب نیشتمانە و نیشتمانیش حیزب....
حیزب زیندانێكى گەورەى داهێنانە، ئامڕازەكانى جوینەوەى حیزبى تەقلیدى هەمیشە وەك تاوانبار وایە ، هەردەم بەڵگەیەك گەرچى بچوكیش ، دەبێتە سەرەداوێك بۆ دۆزینەوەى ڕاستیەكان....
گۆڕان و گۆڕانخوازى ڕاستەقینە ، نیشتمان لە جڤاتێكى دەستەبژێرو بەیدەقى شەترەنجى چڕناكاتەوە.
مەركەزیەت گەورەترین دەرچەو سەرچاوەو بونیات و تەبەنى و نغرۆبونە لە فەزاى خەیاڵى تەنها من حەقیقەتم!!...
دەبینین وەك چۆن 25/7، وەك 7/3 نەبوو، بە دڵنیاییەوە پێگەى بزوتنەوەیەكى جەماوەرى جوینەوەى ئەوانەى پێش خۆیەتى....
پەیڕەوانى دیدو ستراتیژى حیزبى گۆڕان بە دەستى ئەم گروپە گەورەترین خزمەت بە دەسەڵاتى پارتى و یەكێتى دەكات!!...
هەڵەى ستراتیژى بەردەوامى گۆڕان درێژەى هەیە...
ڕۆژان دادێ .... ڕاستى بۆچونەكان ، پەرۆشى گۆڕانخوازانى ڕاستەقینە سەنگى مەحەكە!!!...
حەقیقەت تاڵە... زۆر كەس پێى هەرس ناكرێ، دەزانم زۆرێك بەم سەرەقەڵەمەى بەندە شێلگیرانە دەبنە بەرهەڵستكارى سەرسەخت....
لێ بێ منەت لەهەر ئەگەرو بۆچونێك...گرنگ ئاسودەیى ویژدانە...
بەندە موژدەى بەچاپ گەیاندنى كتێبێك بەناوى (نیگـــارین) دەدەمە نەیارو بەرهەڵستكارانم... ئەوەى بەندە بۆ گۆڕان و بە ئامباڵاى گۆڕاندا نوسیومەو وەنیومەتەوە...وەك كچە بچكۆلەكەم هەمیشە بە چاومدا دەكوتێتەوە و دەڵێت: بێستون تۆ گۆڕان لە هۆنیا خۆشتر دەوێت، یانزە ساڵە هیچ بۆمن نەنوسیوە كەچى كتێبێك بۆ گۆڕان نوسیوە!...
ڕاستیش دەكات... هەروایەو هەرواش دەبێت....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست