کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەكێتى:لە تەكەتولاتەوە بۆ شەڕە كتێب. (لەپەرێزو پەراوێزى شاكارەكەى مەلا بەختیارەوە)

Tuesday, 07/02/2012, 12:00



لەسەردەمى خۆیدا،هیچ كەسێك بەقەد "سوقرات" نابوت و ناشیرین نەبووە،بەلام ئەوخۆى كرد بەسرودێك هەموومان ئەیڵێینەوە.دایكى "مەسح" حەزى نەئەكرد،كوڕەكەى بێ باوك لەدایك بێت،هاتوو گشت دنیاى گۆڕى.خۆ "مەسیح"هیچى نەبوو،جگە لەشانەكەى.ئەویشى بەخشى و لەئەستێڵێكدا بەپەنجەكانى قژى دائەهێنا،نە "بیرە وەرییەكان" ى نوسى و نەبودجەو نەداهات.لە ئەفلاتۆنەوە كاخەنەوادەیەكى نەجیبزادەو دەوڵەمەندبوون هەتا ئەگاتە ماركس.هەتا ئەگاتە دوا بیرمەندى تیۆرى ڕەخنەیش.لەكۆتاییەكانى سەدەى بیستەمدا.هەرهەموو ئەمانە ئەیانتوانى بەقسەى باوكە گەورەیان بكەن و خۆش خۆش بژین.ئەیانتوانى سەری خۆیان كزبكەن و هیچ نەكەن و نەنوسن.نا ئەوان خۆیان سوتاندو ڕووناكیەكیان بۆ مرۆڤایەتى جێهێشت.ئەوان خولانەوە وەكو هەنگ.گوڵى جوان و قەشەنگیشیان بەخشیە دواى خۆیان.هەموو ناكۆكیشیان تەنها بابەتى فكربووە،نەك پلەو پایەو بەرژەوەندى.
یەكێتى،كەئێستا گڵۆڵەى كەوتۆتە لێژى،بەهۆى ناجۆرى و نا بەرپرسیارێتى سەركردایەتیەكەیەوە،وەها خۆى نیشان ئەدا كەتەكەتول نەماو بەهێزتریش بووین لەجاران.ڕاستیەكەى ئەوەیە:شەڕى براكوژى و چاڵ هەڵكەندن نەماوە،ئەوانەى دوگەدوگیان لەگەڵكردن نەمان،ئەوەشى لەسەر غەربیلەكە ماوەتەوە، كۆمەڵگەو ئامرازەكانى سەردەم ڕێگاى پێنادەن جوڵە بكات،سەرەنجام بازاڕیان كەساس و،دێوانە ئاسا دێن و ئەچن.ئەگەر (خوێنەر) بتوانێت باوەرٍِم پێبكا،یەكێتى خاوەنى سەرمایەیەكى گەورەوپشتێنیەیەكى بەهێزى كادرى وەسەتى و ڕۆشنبیرو بەتوانایە،كە هەمیشە لەشەقامدان.هەریەكەیان ئەوەدێنێ حزبێك بەڕێوەببا.ئەمما لەوەتەى یەكێتى دروستبووە،یەك گرفتى هەیە،ئەویش"سەركردایەتیە".یەكێتى لەهەموو شوێنێك هەیە،تەنها لەناو سەركردایەتى یەكێتیدا نەبێت.هەمووشت ئەكەن و ئەخۆن،تەنها خزمەتى یەكێتى و گەلەكەیان بەڕەوانابینن.ئیًستا كۆى دەسەڵات و یەكێتى بەتایبەتى،وەها تەوژمێكن كە هەمیشە لەڕابردوودا ئەژین،بەدیار دەستكەوتەكانى دوێنیەوە (ئەگەر هەیانبێ) خەویان لێكەوتووە.نەماڵى ئێستان و نەبایی داهاتووشیان پێیە.هەرچى دەسكەوتێك ئەوان شانازى پێوە ئەكەن،خەڵكى بێدەرەتان بۆی مەیسەركردوون.ئەوان ئێستا نەك بەرامبەر خەڵك،بگرە بێباكترین و لاوازترین،پارتى لانى كەم ناوچەكەن.ئەوەى نەیبێت،قسەیەكە بۆ ئایندە،ئەوەى نییەتى وەلایە بۆ كەسەنزیك و دلسۆزەكانى خۆى،بۆ شەهیدان و بۆ دەست و پێقرتاوەكان.هێزێكە:گوێی لێ نییە بۆكوێ ئەچیت بچۆ..؟ قەناعەتمە هەرچی كەسێك لەم وڵاتە چووبێتە ناوحزبى بەعسەوە،هەرچى جاش و موستەشار هەیە،لەداخ و بێچارەیی دەستى ئەمانە ئەو ڕێگەیەى هەڵبژاردووە.هەرچى تۆرا ئەوان هۆكارەكەى بوون،زۆرنمونە هەن.باشترینیان،"بەكرى حاجى سەفەر" بوو،ئەو بەرپرسى چى بووە و چۆن دەركراوە،ئەوە بابەتێكى ترە،بەڵام "بەكرێك" (41) ساڵ،بەدواتانەوە بووبێت.خزمەتى كردبێت.لەپڕ بێتە سەرشاشەو بڵێت:" من نەك هەر وازم هێناوە،بەڵكو یەكێتیش نیم،هیوادارم ئەوەى بەرامبەر من كردیان بەرامبەر كەسى تر دووبارەى نەكەنەوە.".بەڵى "بەكر وایئەووت".یەكێتیەك پەیدابووە،تەنها سەرى گەندەڵى و دەسەڵاتى هەندێك كەس،سەلامەت بێت،تەنها بۆئەوەى بمێننەوە،خاك و تاك و دەرامەت و ژینگەو مێژوو هەمووی لەناوئەدەن،هێرش ئەكەنە سەر گشت كەسێك،كەس ناناسن.
بۆیە بادڵنیابن ئەوان ناتوانن،نهێنى پلان و كۆبونەوەكانى خۆیان بپارێزن،چ جاى ئاسایشى نەتەوەیی و تێرمە قەڵەوەكانى تر.هەر لەپلانێكى وا كە بۆ تیرۆرى سەركردە ئۆپۆزسیۆنەكان داڕێژرابوو،تائەگاتە ئەوەى هەموو ڕۆژ ئاگادارم بكەنەوە،كەهەندێك بەنیازن لێت بدەن و ئاگات لەخۆت بێت.یان "یەكێتى ئەیەوێ لەناوت بدات بەس بەخشكەیی ئیش ئەكات".بەڵام نازانن ئەو باوكەیان مرد.ئیتر بەشەق لەخەڵك بدەن و بكوژن وببڕن.بۆیە كەوتونەتە خۆكۆكردنەوەو،تەسفیەى حیسابى خۆیان.

*برایم جەلال چیكرد و چی وت..؟؟
لە سەرەتاى ئەمساڵى (2012) یە،(مەلا بەختیار) كتێبێكى بەناوى (چۆن چەپكێك و كام مێژووى كۆمەڵە) بڵاوكردۆتەوە،كە سەراپا وەڵامە بۆ كتێبە پڕفرۆشەكەى "بریم جەلال" بەناوى (چەپكێك لەمێژووى كۆمەڵە).پێشووتریش،مامۆستا جەعفەر كتێبێكى بەناوى (هەورێكى نەزۆك و مێژوویەكى ناكۆك) بلاوكردۆتەوە،دیسان وەڵامە بۆ "برایم جەلال".ڕاستییەكەى،منیش وەكو (مەلا) لەسەرەتاى نوسینەكەیدا وتویەتى،لەسەرەتاوە پشتگوێم خست و ئەم چەپكەى كۆمەڵەم هەر نەخوێندەوە،دواتر منیش پێم سەیربوو،ئەم هەموو هاژوو هوژەى لێبكەوێتەوە..!!."تا مامۆستا جەعفەركتێبەكەى خۆى بەدیارى دامێ"، دوایش كتێبەكەى (مەلا) ش هاتە بانى.
باشترین شت،پێش تانووت دان،لە ڕاستى و نادروستى كتێبەكەى "برایم جەلال" ئەوەیە خوێندنەوە،بۆ خودو كەسێتى نوسەرەكە بكەین،ئەوەى یەك جار لەگەڵ برایم جەلال ژیابێت،یان ناسیبێتى،ئەزانێت كە:" نەكڵۆك و نەسازە،،ناتوانێت یەك كاتژمێر لەگەڵت دانیشێت و ئاژاوە یان شەڕێك نەكات.".ئەمە بەبڕواى من ئەوەنە وتراوە.بووە بەنەگۆڕێك.بەڵام بیرمان نەچێت كۆدەنگیش لەسەر هەقوێژى و یەك ڕێبازى و قوربانیدان و خەبات و خیانەت نەكردنى برایم جەلالیش هەیە.دووشت هەن كە مەكتەبى سیاسى یەكێتى پێ قەڵس بووە،بەڵام لەبنەڕەتدا هۆى قەڵسى و دۆنگى یەكەش ئەم دووشتە نییە،یەكەمیان: عێراقچێتى یەكەى شەهید "ئارام" (خۆزگە ئەماى).دووەم: مام جەلالى وەكو فیرعەون شوبهاندووە،كە توڕەبێت،كەس ناتوانێت بەرامبەرى بوەستێت.یان ناتوانیت ڕاى جیاوازت هەبێت بەرامبەر بەو.
لەواقیعدا،لەمدواییە یەكێتى هەستى كرد لە ڕووى مێژووەوە "برایم جەلال" بەڕەكەى لەژێر پێ دەرهێناون،ئەگەر زوو فریانەكەون دوور نییە بونیادو ستراكچەرە كانى كە یەكێتى لەسەر دروستبووە،لەم سەردەمى فەیسبوكەدا بەتەواوى لەبەریەك هەڵوەشێت.هەر كەسێك كتێبەكەى برایم جەلال بخوێنێتەوە بەو شێوە لەداڕشتن.وە ئەوەش ببینێ كە هەمیشە لەسەر زمان و ووتنى ڕاستییەكان،باجى دەرنەچوونى لەكۆنفرانس و كۆنگرەكاندا داوە.وە دوور خراوەتەوە.(بەدەم خوێندنەوەى كتێبەكەیەوە زۆرپێكەنیم). دوو دەركەوتە هەیە،یەكەمیان: لە ڕووى زانستى سیاسیى و مۆراڵەوە،نەئەبوو بەیەكجار "برایم جەلال" ئەو هەموو نهێنیەى سەركردایەتى حزبەكەى و كۆمەڵەوا بەو ڕەقیە،بدركێنێت،ئەگەرچى راستییە. لەلایەكى تریشەوە مێژوو سۆزو شەرمى لەكەس نییە.هەزار پینەو پەڕۆ و وەڵام ناتوانن یەك هەقیقەت بشارنەوە.
دووەمیان: لەبنەڕەتدا،یەكێتى لەسەر ڕەگ و بنەماى "كۆمەڵە" دروست بووە،بۆیە هەریەكەو ئەیەوێ بەكتێب و كاردانەوەى كتێب خۆى بكاتە شۆڕەسوارى ئەو مێژووە،ببینن كۆى مێژووى (36) ساڵى یەكێتى بەقەد (5) ساڵى یەكەمى كۆمەڵە ئاڵۆز نییە.
* مەلابەختیار چى ئەڵێت...؟
هەر لەپێشەكى و (ل11) دا،ئەڵێت،"قەناعەتمە درۆ چەوسێنراوەكان دایانهێنابێت و،ستەمیش چەوسێنەرەكان".هەر دەسپێكى بەرگى یەكەمى ئەم كتێبە هەڵئەگرێت،بەیەك كتێب وەڵامبدرێتەوە،ئاخۆ مەلا نازانێت و دواتریش خۆى ئاماژەى پێنەكردووە كە: هەموو چركە ساتێك لەئێستادا زەمینەسازییە بۆ ئایندەو بۆ مێژووش..دەى ئێستا كێ درۆزنەو كێش ستەمكار.لەواقیعى كوردستاندا ئەمە پرسیارێكەو كەسى هەناسەكورت ناتوانێت وەڵامى باتەوە.؟. هیچ سەردەمێك نییە،كورد قەیرانى كۆڵەواریی سیاسی نەبێت،پەند لەمێژوو وەرناگرن،ڕەنگە لەگەڵم كۆك بن،و خۆشتان دووپاتتان كردوۆتەوە،بۆنمونە:لەبەرایی دروستبونى كۆمەڵە،شەهید "شەهاب" و سەركردە یەكەمەكانى تر ئەكەونە ڕێ بۆئێران و لەوێشەوە بۆسوریا،ئەمە لەوەها دۆخێكدا یەكەم هەڵەیە،دووەم هەڵەش كەچوون بۆچى هەمووتان بەكجار چوون..؟.ئەى كەگیران بۆچى ڕایاننەكرد..؟وەك (مەلا باسى كردووە ئاسان بووە هەڵهاتن)..یان لە دیدى ڕێبازو فكرەوە،ئەم (ماوتستۆنگەتان) لەكوێوە هێنا،كە هموو شۆڕشى ئەیلول لەو سەردەمەدا خاوەنى یەك جێب بووە،تەنها شڕە بێتەلێكتان هەبووە،"محەمەدى حاجى مەحمود" لەبەرنامەیەكدا وتى: ئێمە ماڵى خۆمان نەیزانیبوو هاتوینەتە دەرەوە،ماو لەودوورەوە چوزانێ ئێمە لەگەڵیداین..!.ئاخر ئەندێشەى بیری ماو چ سودێكى پێگەیاندن،لەكاتێكدا ئێوە لەسەر بیردۆزى چوار مەخزەنە فیشەكەكەو چوار ئابیچیەكە كارئەكەن.بۆخۆى لەكتێبەكەدا ئەلێت:"ئێمە لەم ساڵانەى دوایی وەفدێك چووینە چین،پێموتن:ئێمە چەندین سەركردەى وەك خاڵە شیهابمان لەسەر فكرەكەى ئێوە لەزینداندا بوو،لەسێدارە دران،ووتیان:ئێمە ئاگامان لەشتى وانییە.".
باس لە "نەرگسیەت" ئەكات و ئەیكات بە چەكوشێك و تاكۆتایی كتێبەكە"برایم جەلال" ى پێ ئەشكێنێت.گوایە،نەرگسیەت: بەكەسانێك ئەوترێت،زۆر عاشقى خۆیانن،لەخۆیاندا تواونەتەوە،جوانى كەس نابینن،هەموو شتیش ئەكەن تاخۆیان جوان بكەن.ئەگەر گەشتێك بەكۆڕ و نوسینەكانى "مەلا"دا بكەیت تا ئەگاتە ئەم شاكارە مەزنەى،ئەوا تێ ئەگەیت،هیچ كەسێك لە مەلابەختیار لوتبەرزترو نەرگسى تر نییە.هەر خودى خۆتان،شەڕى ماڵى بارزانى و پارتیتان كرد،ئاڵاى شۆڕشتان كرد،شەڕى بەرەى كوردى ئیرانتان كرد،شەڕى پەكەكەتان كرد،سەرمەشقى شەڕى ناوخۆ و براكوژى بوون،لەگەڵ ڕەهەندییەكان خۆت لێكردین بە تیۆرسین.چووى بەگژ دین و لایەنە ئیسلامیەكانیشدا.تەرجەمەیەكى خراپى ماركسیزمت كرد.ئینجا لەگەڵ گۆڕان.دوایی پەڕاندتەوە بۆناوخۆیی یەكێتى و زانیتان ئەمە دوا وێستگەى سیاسەتتانە.كە ئەزانن چیدى یەكێتى ناتوانێت كاروانى عەدالەت و ئازادى بگێرێتەوە..نا..نا برام تۆ زۆر سەهووى .ئێمە خۆشحاڵ نین،كە ئەم هەموو نشێوو بەردەڵانەتان بڕیوە،ئازارى دنیاتان چەشتووە،چوونە شەرارەى مەرگ،ئەمانە هەموو ئینسان دروست ئەكەن،گەشە بەعەقڵى ئەدەن،بەڵام سەربارى ئەمە بۆچى بەڕێگادا بڕون بەردباران ئەكرێن..؟بۆچى كۆر ئەبەستن تەماتە باران ئەكرێن..؟بۆچى فیكەتان لێبكەن..؟ئاخر بۆچى خەڵكى هەزارجار زیاتر لەئێوە گوێ بۆ "مەلا كرێكار" ڕادەگرێت..؟بۆچى خۆت و سەركردایەتیەكەتان بوون بەهەڕەشە لەسەر گیانى كادرەكانتان و خەڵكى قوڕ بەسەر..؟بۆچى....بۆچى.

* كارەسات لە خۆخۆریدایە.
لەمڕۆژانە،تەلەفزیۆنى نەورۆز بانگیان كردم،تا قسەیەك لەبارەى كۆنگرەى نەتەوەیی و بارى ئێستاى كوردستانەوە بكەم،كەچى زۆر بەنهێنى تەعامول و هەڵس و كەوتیان ئەكرد..ئەوە قوتعەیان هەر هەڵنەواسیبوو..!!.ئەمان بەحوكمى ئەوەى نزیكن لەباكورو پەكەكەوە،پرسیارى ئەو دۆخە ناخۆشەیانم كرد،وتیان دەسەڵاتى یەكێتى و پارتى لەترسى ئێران و بێگانە نایەڵن ئێمە بەئازادى و ئاشكرا كارى خۆمان لەهەرێم بكەین..ئاخر ئەمە قوڕپێوانى ئەوێت،بۆچى كەناڵى جەزیرەو سەحەرو هەزاران سیخوڕ بەكەیفى خۆیان تەراتێن بكەن بۆ كوردێك نەبێت جموجۆڵ بكات لەخاكى خۆیدا،ئەمەوێت لەپەراوێزى ئەم ناكۆكى و ململانێییەدا، ئەوەتان بیرخەمەوە ىكەكورد و سەركردایەتیەكەى گەورەترین كۆسپن لەبەردەم خواستەكانى خۆیدا،لە چاڵدێرانەوە كە هەر میرنشینێك لایەنگرى وڵاتێكى ئەكرد،تائەگاتە 17ى شوبات وابووە،ئەمە تەنها پیشەى ئەمانە نییە كە چێژ لەكوشتن و سەرشۆڕكردنى براكانى خۆیاندا ئەبینن.لە 17ى شوبات یەكێتى و پارتى چوون بۆ لاى ئێران تائەو دۆخەیان بۆ مەیسەر بكات،گۆرانیش كێشەكەى بردە ماڵى مالكى و ناوپەرلەمانى عێراقەوە.توركیاش بە هەموو لایەك كلكى تێوەرئەدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە