لەسەروبەندى تەجمیدكردنى وەزیرى كاروبارى شەهیدان
Sunday, 19/04/2009, 12:00
1306 بینراوە
لەگەڵ بوونى ئەم هەموو كۆمەڵەو رێكخراو و ناوەندى جۆراوجۆرى بوارى بەدواداچوونى ئەنفال و كیمیاباران و ژینۆساید لە نێۆەخۆ و دەرەوەى كوردستاندا وەك رێكخراوى چاك، سەنتەرى ئەنفال، كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیاباران و گروپ و نێوەندیترى جۆربەجۆر .... هەوڵدانیان بە چالاكى هەمەچەشن بۆ بەدواداچوون و دەرخستنى راستیەكان و داكۆكیكردن لە مافى قوربانیان بەهاوشان لەگەڵ چەندین چالاكوانى خۆبەخش و ئیشكردن لەم بوارە بەشێوەیەكى ئەكادیمى و كارا لە كاركردنى بێ وچان، هەموو ئەمجۆرە كەسایەتیانەى نێو ئەم نێوەندانە كە شارەزاییەكى زۆر چاكیان لە پرسى ئەنفالدا هەیە ، لەم سەروبەندەدا زۆر پێویست بوو كەسێكیان لەم نێوەندانە هەڵبژاردایە بۆ ئەم پۆستەى وەزیرى كاروبارى شەهیدان و ئەنفالكراوان یان هەرنەبێ پرسوڕایان بەكەسایەتیەكانى نێو ئەم نێوەندانە بكردایە، داخى گران نەك هەروایان نەكرد بەڵكو لەپڕێكا كەسێكى نەشیاوى وەك چنار سەعدیان بۆ ئەم پۆستە هەستیارەى وەزیرى شەهیدان دامەزراند، كە هڕەى لە بڕەى دەرناكا، چنارێكى بێهەست و نەزان نەشارەزا چى ئەزانێ لە مەسەلەى ئەنفال..!؟ ئایا ئەحساسى ئەجولێ بۆ ئێشوئازارەكانى لێقەوماوان..!؟ ئایا چنارى وەزیر توانیویە تۆزێك لە ئازارو مەینەتیەكانى خانەوادەى شەهیدان كەم بكاتەوە..!؟ ئاخود برینیانى قوڵتر كرد، ئەوەى چاوەڕوان نەكراوبوو لە چنار بینرا، كتوپڕیەكە لەمەشدابوو كە بەر لەكاندیدكردنى چنار سەعد بۆ ئەم پۆستە دەنگۆى ئەوە هەبوو كە (عەدالەت عومەر- چالاككار لە بوارى بەدواداچوونى ئەنفال و بێسەروشوێنان) بكرێت بە وەزیرى كاروبارى شەهیدان هەموو لا باس ئەكەن و ئەگێڕنەوە كە بە شەوێك پێش ڕاگەیاندنى دامەزراندنى كابینەى پێنجەم تەنیا بە تەلەفۆنێك خەبەر ناردرا بۆ (عەدالەت عومەر) و پێى ڕاگەیەنرا كە بەداخەوە نایكەن بە وەزیر بەڵكو لەجێگەى ئەو چنارێكى بێ ئەزمون دەكرێت بە وەزیرى كاروبارى شەهیدان، كەسێكى وەك عەدالەت عومەر سەرتاپاى ژیانى پڕە لە بەخشش و قوربانیدان و چالاكوانێكى شارەزاو لێهاتووە لە بوارى ئەنفال كەچى بەرژەوەندى تایبەتى كەسانێك وایخواست كە چنارێكى نەزان و گەوج بكەن بە وەزیرى شەهیدان ئەم وەزارەتەى كە خەونى چەندساڵەى شەهیدان بوو، سەرەنجامیش چنار بووە بەڵاى سەرى ئەو كەسانەى كە خۆیان بەوەزیریان دانابوو، بەڵایەك كە هەموو گیانى گەندەڵ و كێشە و ناڕەزایى خەڵك بێ تا ئەو ئاستەى هەر خۆیان بە بێدەنگى (چنار)یان تەجمید كرد چونكە رەفتارەكانى چنار گەیشتە ئاستى مەترسیەكى لە ڕادەبەدەرو هەرەسى گەورەى بەرژەوەندیە گشتیەكان و لەتەكیدا بەرژەوەندى كەسانى هاوسەنگەرى چنار لەدزى و گەندەڵى، هەرئەمەشنا بەڵكو نارەزاییەكانى خەڵك گەیشتە رادەى واژوو كۆكردنەوە بۆ لەكارلادانى وەزیرو خۆپیشاندان لەدژى بریار و كردەوەكانى.