شاڵاوەكانى ئەنفال و تێكەڵاو كردنى دوو كولتورى دژ بە یەك
Friday, 18/04/2014, 12:00
2113 بینراوە
بە دەر لەوەى هەموو هێزەكان پشكێكیان بەر دەكەوێت لە بەشدارى كردنى ئەنفالدا !! بەڵام تاوانبارى سەرەكى و ئەنجامدەرى تاوانى ئەنفال كردنى هاونیشتمانیانى كوردستان ((حزبى بەعسى فاشیزم)) بوو ، (میشیل ئەفلەق) باوكى ڕۆحى و دامەزرێنەرى بەعسیزم ڕستەیەكى سەیرو سەمەرەى هەیە دەڵێت : ـ ((هەموو خاكمان بەرێ ، بەڵام ئیمان و بڕوامان لێ بسێنیتەوە پەرتەوازە دەبیین)) مەبەستى ئەفلەق بڕواو ئیمانى پان عەرەبیزمە كە لە ئایینى ئیسلامەوە سەرچاوە دەگرێت ،،ئیسلام و عروبە دوو چەمك و دەستەواژەى كولتوری خێڵەكى بەدەویە و پێكەوە تەنها یەك واتاو مەبەست دەبەخشن ئەویش نرخاندن و تەقدیس و بەرزڕاگردنى عەرەب و عەرەبیزمە لە بەرامبەر گەلانى دنیادا .
جودا كردنەوەو داماڵینى بیرى ئیسلام لە عروبە ناسیۆنالیزمى عەرەب دەبێتە كەفى سەر ئاوو زوو ئاوا دەبێت ، پان عەرەبیزم خەونێكى ڕاسیزمانەیە و تێكەڵاو بە لاهوتیەتى ئایینى كراوە بۆ ئامانجێكى تایبەتى كە بریتیە لە پەروەردە كردن و خوڵقاندنى دۆخێكى سایكۆلۆژى و فۆرمەڵە كردنى تاكێكى كۆنسێرفاتیزم بە كولتورى سەلەفیەت كە بۆ بەرز ڕاگردنى ناسیۆنالیزمى عەرەبە سەرەتایەكانە ، ئەم زاخاودان و چاندنى ڕۆحى سەلەفیەتە لە خەیاڵ و هزریى تاكدا بە جۆرێكە كە وەكو زەردەواڵە پابەندە بەو كون و كولتورەوە كە لاى تەقدیس كراوە و ناوى پان عەرەبیزمە ، لە نێو خەیاڵدانى یوتۆپیایەك ڕۆ چووە و گەیشتۆتە باوەڕو قەناعەتێكى میتافیزك و غەیبانی وا كە پایەى بەرزو خۆشبەختى ئەو یان ئینسانى عەرەب لەوەدایە ((بكوژێت و بكوژرێت))لە پێناوى فەنتازیاو بەهەشتێك كە لە دونیایەكى میتافیزیكدایەو لە چاوەڕوانى ئەمدایە ، ئەو ڕوبارە خوێنەى كە ڕۆژانە لە دونیاى ڕۆژهەڵات و وڵاتە عەرەبیەكاندا ڕێ دەكات و دەیانبینین ، ئەو مەشهەدە ترسناكانەى كە ئێمە لە میدیاكانەوە شاهیدى دەبین و مرۆڤ بە شێوەیەكى وەحشیگەرى و بەڕبەڕى لەت و پەت دەبێت و سەر دەبڕێت ، بە دەستى ئەو تیرۆرستانەوە كە پەروەردەى زەلكاوى ئایدۆلۆژى و تێكستى لاهوتیەتن و بەشێكە لەو پەروەردەیەى كە لاهوتیەتى ئایینى بۆ جێبەجێ كردنى پرۆژەى كەڵكەڵەى ناسیۆنالیزمى پان عەرەبیزم پیادە دەكرێت ..
شاڵاوەكانى ئەنفالیش بەشێك بوو لەو پرۆژەیە دژ بە گەلى كوردستان ئەنجام درا ، پێیانوابوو گەلى كوردستان مەترسیەكى گەورەن لە پیادە كردنى پرۆژەى پان عەرەبیزم دا ، بەو خەیاڵە چەپەڵەى ئەوان سڕینەوەى سیماى كورد لە بوون دا هەڵگردنى لەمپەرێكە لە بەردەم سەرخستنى ئەو پرۆژە شۆفێنیەتەیان . ئەگەر چى هەر لە سەرەتاوە مۆدێرنە و ئامانجى بەرهەمەكانى مۆدێرنە بۆ خۆشبەختى ئینسان و پێشكەوتنى ژیارو شارستانیەت وكۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بوو ، لە گەڵ ئەوەشدا دژ بە پرۆژەكانى ئایینى و كولتورى لاهوتیەت بوو ، بەڵام بە داخەوە دیوێكى بەرهەمى مۆدێرنە بوو بە هۆكارى چەندین جەنگى نێو دەوڵەتى و هەردوو جەنگى جیهانى ((یەكەم و دووەم)) بە ملیۆنەها مرۆڤى كردە قوربانى ئەو جەنگانەو شارستایەت و مرۆڤایەتى دووچارى نەهامەتى و قەیران كرد ، هەروەها مۆدێرنە جگە لەوەى دیوێكى فەزیلەت و كرانەوەو پێشكەوتن بوو بۆ مرۆڤایەتى ، لە گەڵ ئەوەشدا چەندین ئایدو ئەفكارى قێزەون و ناپەسەندى بەرهەم هێنا بوو بە هۆى نانەوەى پەشێوى و دووبەرەكى لە نێو گەلانى جیهان دا و هەروەه بە ڕێخستنى جەنگ و خوێن ڕشتن كە ملیۆنەها مرۆڤى وەكو ماشیین هاڕى كە برتیە لە ((نازیزم و ، فاشیزم و بەعسیزم و ....هتد)) .
هزرى بەعسیزمیش بەشێك بوو لە بەرهەمەكانى مۆدێرنە ، بەڵام تێكەڵاو بە كولتورى لاهوتیەتى ئیسلام ، بەعس و ئەرتەشى عێراق لە هێرشەكان و قڕ كردنى كورد و گەلى كوردستان سودى لە تكنۆلۆژیاى سەربازى مۆدێرنەو مۆراڵى نازیزم و تێكەڵاو كردنى بە دنیابینى و عەقڵیەتى بەدەویانەى لاهوتیەتى ئایینى ئیسلام كە لە ترادسیۆن و بنەماى تاڵانى ((غەنائم)) دامەزراوە بە ڕێوە چوو . سەربارى ئەنفال كردن و قڕ كردنى ئینسانى كورد ماڵ و حاڵیشیان بە تاڵان برا . زەنجیرە هێرشە سەربازیەكان بە ناوى ئەنفالەوە ، گەڕانەوە بوو بۆ هزرو ترادسیۆن و ئەو عەقڵێتە لاهوتیە كە ڕەوایى دەدات بە لە ناو بردن و كوشتنى ئەوانیتر تەنها لە پێناو داگیر كردنى خاك و بە تاڵان بردنى ماڵ و موڵكیان و سەرخستنى پرۆژەى پان عەرەبیزم ،،
ئەم تاوانەش بە كەرەستەى تكنۆلۆژى سەربازى پێشكەوتووى مۆدێرنە ئەنجام درا . تەنانەت ئەوڕۆ لە كوردستانى ڕۆژئاوا جاڕى ئەنفال كردنى كورد دەدەن و دەیانەوێت ئەزموونى كوردستانى باشور دوپات بكەنەوە ، كەواتە كورد تا ئێستاش هەڕەشەى ئەنفال كردنى لە سەرە و دەبێت سیاسەتێكى نوێ و بە عەقڵێتێكى نوێوە مامەڵە لە گەڵ دەوروبەرەكەى خۆیدا بكات ...