کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەسەر هەوڵی تیرۆرکردنی دانیال میترال، داواملێکراوە بێمە سەر خەت

Sunday, 04/12/2011, 12:00















ماڵپەڕی بەڕێزی کوردستانپۆست:
دوو نووسینی هەر یەک لە بەڕێزان: "حەمە سوسەیی و حەمید عوسمان"م لە ڕۆژی ٢/١٢/٢٠١١دا بە نونیشانەکانی " با لەپلانی تیرۆرکردنی دانیال میتیران، د.فٶاد بابان بێتە سەر خەت" و " با لە شاردنەوە و ناردنەوەى مدیرى ئەمنى سلێمانیشدا،دكتور فواد بابان بێتە سەرخەت" خوێندەوە.
جا لەبەرئەوەی لە هەردوو وتارەکەدا داوای هاتنە سەرخەتم لێکراوەو هەندێک قسەی واش کراوە کە پێویستی بە ڕوونکردنەوەیە، بۆیە هەر بۆ مێژوو ئەم چەند دێڕە لەو بارەیەوە دەنووسم.
یەکەم: پێش هاتنی خاتو دانیاڵ مێترانی کۆچکردوو، نوێنەری ڕێکخراوی "فڕانس لیبەرتی" لە سلێمانی ئاگاداری لێژنەی سلێمانی "ڕێکخراوی مافی مرۆڤی لە کوردستان"دا کرد کە وەک ڕێکخراوێکی هاوشێوەی خۆیان لە کوردستاندا بوو، میوانداری خاتو دانیال مێتڕان و هاوەڵەکانی بکرێت.. جا لەبەر ئەوەی ئەو کات ڕێکخراوەکەمان جێگەو ڕێگەیەکی وای نەبوو بۆ میوانداری کەسایەتییەک بشێ لە ئاستێکی وادابێ، بۆیە داوا لە من کرا کە میواندارییەکە لەماڵی ئێمەدا بێت.. ئێوارەی ڕۆژی ٥/٧/١٩٩٢ بە ئامادەبوونی چەندین ئەندامی ڕێکخراوەکەو کەسایەتییەکانی سلێمانی و ڕاگەیاندنەکانی ئەو کاتە میواندارییەکی شایستە بۆ خۆی و بەڕێز "کۆشنێر" وەزیری تەندروستی فەرەنسای ئەو کات و وەفدە یاوەرەکەیان کرا. لەو دانیشتنەدا بەناوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤەوە وتارێکم خوێندەوە کە جگە لە بەخێرهاتنیان، باری گشتی دوای ڕاپەڕین و دەستخۆشی لێکردنی حکومەتی فەڕەنسا کە بە هەوڵی ئەوان بڕیاری ٦٨٦ی ٥/نیسانی ١٩٩١ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکرا.. دوای نانخواردنی ئێوارە لە ماڵی ئێمە نەمانەوە و شوێنی دییان بۆ ئامادەکرابوو. ڕۆژی دواتریش من و حاکم ڕەئوف ڕەشید و مامۆستا عەبدوڵڵە محەممەد ئەمین و چەند ئەندامێکی تری ڕێکخراو لە گەڵیاندا چووین بۆ هەڵەبجە و لە قوتابخانەی یەکەمی کچانی هەڵەبجە، مامۆستا عەبدوڵڵە وتاری ڕێکخراوەکەی سەبارەت بەکارەساتی هەڵەبجە خوێندەوە، هەر لەوێش وەفدەکە چەندین بەرکەوتووی چەکی کیمیاویان بینی کە کچێکی گەنجی کوێربووی کارەساتەکەیان لە ناودابوو. سەبارەت بەو پەلامارە تیرۆرستییەش کە لەکاتی ڕۆیشتنماندا بۆ هەڵەبجە کرایە سەریان، ئێمە لە هەڵەبجە هەواڵەکەمان زانی. کاتی گەڕانەوەشیان لە هەڵەبجە نەهاتوونەتە ماڵی ئێمە.
دووەم: ڕووداوەکانی ڕۆژی ڕاپەڕین.
سەرەتا نە خانووەکەی ئێمەو نە هیچ خانوویەکی تریش بە ئەمنە سوورەکەوە نەنووساوەو شەقامێکی بەرینی پتر لە ١٠مەتر جوێمان دەکاتەوە.
بەرەربەیانی ڕاپەڕین وەک دەزانن خەڵکی ڕاپەڕیوی شار و پێشمەرگە هەڵیانکوتایە سەر سەرجەم دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێم بە ئەمنە سوورەکەشەوە. سەرەتا لە ناو ماڵی خوالێخۆشبوو "فائیقی حەمە پۆلیس" و کۆڵانەکانی دەوروپشتەوە تەقە لە ئەمنە سوورەکە دەکراو چەکدارانی ناو ئەمنەکەش وەڵامی دەستڕێژەکانی ئەمانیان دەدایەوەو چەندین فیشەک بەر خانووەکان کەوتووە، لەوانە دیواری ماڵی ئێمە کە تا ئێستاش شوێنەواریان ماوە. دوای ئەوەی چەند پێشمەرگەیەک ویستیان لە پشتی ماڵەکانی ئێمەوە بچنە ناو ئەمنەکەوە، دەستڕێژیان لێکرا، هەندێکیان شەهیدو بریندار بوون، لەو کاتەدا دەوروپشتی خانووەکانمان پڕ بوو لە ڕاپەڕیوانی شارو پێشمەرگە. بۆیە ماڵ و منداڵانمان کەوتنە ئامادەکردنی خواردن و ئاو و چا بۆ ڕاپەڕیوان و دەرگاشمان واڵاکردەوە تا بریندارەکانیان بێننە حەوشە گەورەکەمان بۆ یارمەتیدان و تیمارکردنیان. چارەسەری سەرتاییمان بۆ دەکردن و خاڵی منداڵەکانم "ئازادی کامیلی کاک ئەمین" بە کۆستەرەکەی بریندارە قورسەکانی دەگەیاندە خەستەخانە، لەنێو زامدارەکانیشدا پێشمەرگەیەکی گەنجی جوان و چوار شانە بەناوی "قارەمان" لە سەر قاڵدرمەی حەوشەکەماندا گیانی لە دەست دا، پێشمەرگەیەکی تریش بە تەقینەوەی نارنجۆکێک لە دەستیا سێ پەنجەی پەڕی بوو، بەڵام بە ورە بەرزییەوە گاڵتەی پێدەهات.
سەبارەت بە بەڕێوەبەری ئەمنی ئەو کاتەش، وەک لە "موهەنەد" کە خەڵکی حەدیسەیەو دانیشتووی سلێمانییەو هاوپۆلی "نەوفەل"ی کوڕی بەڕێوەبەری ئەمن بووە، بۆی باسکردم دوای دۆزینەوەی لاشە سووتاوەکەی و هێوربوونەوەی ڕاپەڕین کەسوکارەکەی هاتوون و لاشەکەیان بردۆتەوەو لە "حەدیسە" بە ڕێوڕەسمێکی فەرمیانە ناشتویانە. بۆ زیاتر دڵنیابوونتان دەکرێ خۆتان لە سلێمانی پێوەندی بەو برایەوە بکەن و ڕاستییەکە لەو ببیستن. بۆیە ئیتر با ئەم گولە بەتاریکی نانەوەیە کپ بکرێت و ئەوەندە خەڵکی بێتاوان تاوانبار نەکرێت.
سەبارەت بەوەی کە خێزانەکەم عەرەبە، ئەوەش فڕی بە ڕاستییەوە نییە و کچی خوالێخۆشبوو "کامیلی کاک ئەمین"ی دامەزرێنەرو یەکەمین بەڕێوەبەری بەشی کوردی ڕادیۆیی بەغدا بوو.
هیوادارم ئەم ڕوونکردنەوانە بەری چاوی هەمووانی ڕووناک کردبێتەوەو مەبەستەکەشی پێکابێ.

ئەم وێنانەی خوارەوە لە ڕۆژی ٥/٧/١٩٩٢ لە میواندارییەکەی ماڵی خۆماندا گیراون


کاتی خوێندنەوەی وتاری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە لایەن دوکتۆر فوئادەوە
ئەوانەی لە وێنەکەدا دیارن و دەناسرێنەوە، لە ڕاستەوە: مامۆستا عەبدوڵلە محەممەد ئەمین، مامۆستا ساڵح، حاکم شێخ لەتیف شێخ تەها...دوانیان نەناسراونەتەوە، خوالێخۆشبوو نەسرین مستەفا مەزهەر، مامۆستا جەمال عەبدول، نەورۆز حەمە سەعید، فوئاد بابان، نوێنەری فرانس لیبەرتی، وەرگێڕی، خوالێخۆشبوو دانیال میتران و دەیان کەسی دی کە لە وێنەکەدا دەرنەکەوتوون.



ڕیزی دواوە: خوالێخۆشبوو مامۆستا حسێن مستەفا، ئاورنگ حسێن مستەفا
نوێنەری فرانس لیبەرتی، خوالێخۆشبوو دانیال میتڕان



دوکتۆر حەمید فەڵامورز، ئاو بەدەستەکە نەناسراوەتەوە
دوکتۆر فوئاد بابان، کۆشنەر

دوکتۆر فوئاد بابان

٤/١٢/٢٠١١

کوردستانپۆست داوا لە بەڕێز کاک حەمە سوسەیی .. دەکەین کە بە نووسینێک قسەی خۆی لەو بارەیەوە بکات، بزانین ئەو زانیاریانەی کە لە نووسینەکەی پێشووتردا نووسیوێتی سەرچاوەکەی لە کوێ بووە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە