نوێکراوەتەوە: تورکیا بە یارمەتیی پارتیی هێرشێکی بەربڵاو دەکاتە سەر قەندیل
Wednesday, 26/10/2011, 12:00
سەرچاوەیەک، کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، ئەم هەواڵ و چەند زانیارییەی پێڕاگەیاندیین:
بنەماڵەی بارزانی رێککەوتنێکی تەواویان لەگەڵ میت و سوپای تورکیادا کردووە، لەو رێکەوتنەدا هەرچی ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتیی خۆیان هەیە خستوویانەتە بەر دەست حکومەتی تورکیا و ئازادییان بە سوپای تورکیا داوە، کە هاتووچۆی تێدا بکەن و کاری سەربازیی دژی گەریلاکانی پەکەکە لە قەندیل و هەر شوێنێکی تردا هەبێت ئەنجام بدەن، جگە لەوەیش دەزگای هەواڵگری پاراستن و هاوشێوەکانی یارمەتیی و هاریکای تورکەکان دەکەن، هەر زانیارییەکیان هەیە، یان کۆی دەکەنەوە دەیدەن بە میتی تورک تەنانەت وتی بە دووری نازانین، کە چەکدارەکانی پارتی، جلی میت و سوپای تورکی لەبەر بکەن و بەشداری شەر دژی پککە بکەن. هۆکاری ئەوەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە پارتی سەیری شەرەکە و سەرەنجامەکەی دەکات، ئەو دەزانییت ئەگەر وەک سالانی 92, و 95 بەدواوە بەپێش سوپای تورک بکەوێت، ئەوا باجی سیاسیی گەورە دەدات، کە پەکەکەی ئێستا، وەک سالانی 95 بەدواوە نییە، بەڵکو ئەمڕۆ هێزێکە دەتوانی گورزی گەورە لە تورکیا بوەشێنێت و 35ەرلەمانتار هاریکاری دەکەن و جەماوەری باکور گیانفیدای ئەو حزبەن.
هاوکات ئاستی هوشیاریی تاکی کورد لە باشوور لە بواری نەتەوەیی وەک سالانی 90کان نییە، باشترین نمونەش ئەوە هێنایەوە، کە کاتی خۆی بنەماڵەی بارزانی ، بەئاشکرا ناپاکی و لە پێش سوپای تورک دەکەوتن و کۆمەلکوژی ساڵی 97 یان لەناو شاری هولێر ئەنجام دا، کەچی هیچ شوێنێک و مینبەرێکی راگەیاندن نەبوو ریسوایان بکات، بەلام مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، لەدوو ئاخافتنیاندادژی پەکەکە، ئیدانەی کوشتنی جەندرمەکانی تورکیان کرد. لەناو خەڵکییدا بەشیوازی جۆراو جۆر دەنگی لێکەوتەوە.
سەرچاوەکە ئەوەی باسکرد، هەر لە ئیستاوە ئەو بازگە و مۆڵگە چەکدارەکانی پارتیی هەیە لە نزیک قەندیل و ئەو رێگایانەی کە دەچنەوە سەر ئەو چیایە تەسلیم بە سوپای تورک کراوە و ئیستا ئەوان چوونەتە شوێنی.
ئەو سەرچاوەیە کە زانیارییەکەی پێدان ئەوەی نەشاردەوە، وتی ئێمە زانیارییمان لەبەر دەستدایە، کە تورکیا وەکو دەوڵەتێکی سەر بە ناتۆ، لە لایەن ئەمەریکا و وڵاتەکانی سەر بەو بلۆکە یارمەتیی دەدەن بۆ لێدانی پەکەکە، هەموو ئەو لایەنانە وایان بڕیار داوە دەبێت کۆتایی بە بزووتنەوەی چەکدارانەی پەکەکە بهێنرێت، بەڵام بڕوام وایە، ئەوان ناتوانن سەرکەوتن بەدەست بهێنن.
سەرچاوەیەکی پارتیی پەیوەندیی پیوەکردین و قسەکانی دەمڕاستکردەوە، وتی سەد چەکداری زێڕەڤانی لەگەڵ سوپای تورکدان بە جلی سەربازی تورکییەوە هاوبەشی دەکەن، فەرمانیش لە عەزیز وەیسی وەردەگرن. سەروەها سەرچاوەکە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی، لە پەیمانەکەدا وا بڕیار دراوە، کە دەیانەوێت ئەزمونی تامیلەکان پیادەبکەن، کە بەهاریکاری پارتیی و بنەمالەی بارزانیی بچنە سەر چیای قەندیل و هەرچی سەرکردەکانی پەکەکە هەیە تیرۆری بکەن.
تورکیا و ئێران و ئەمەریکاش بۆ ئەمڕۆکە پێیان باشە بنەماڵەی بارزانی رابەرایەتیی هەموو چالاکییەکی سیاسیی کوردی بکات، بە عەقڵی پارتیی سیاسەتیی کوردی بەڕێوە بچێت، چونکە لەوان باشتریان دەستناکەوێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.، کوردستانپۆست پرسیاری لە سەر هەلویستی یەکێتی لەم بارەوە ئاراستە کرد و لە وەلامدا وتی: یەکێتی کۆمەلێک باڵە و ئەوەی تا ئێستا دیارە بالی دکتۆر بەرهەم بەتەواوی لەگەل بنەمالەی بارزانیدا رێککەوتووە و تا ئیستا کەس بەم نهێنییە نازانێت، کە بە هەموو شیوەیەک هەوڵ بدەن هاریکاری تورکیا بکەن، ئەم باڵەی د. بەرهەرمیش بۆ داژیەتی کردنی پەکەکە لە کاردایە، چونکە بەرهەم سالح سەیری ئایندەی خۆی و بەرژەوەندییە ئابورییەکانی خۆی دەکات، بۆیە تێکەل بەبنەماڵەی بارزانی و تورکیا بووە. باڵی کۆسرەت و تالەبانیش تائیستا بێدەنگن و لەو بارەیەوە جوڵە ناکەن، بەڵام ئەگەریی ئەوەش زۆرە ئەوانیش بەهۆی بەرژەوەندەییەکانی خۆیان بکەونە سەنگەری ناپاکییەوە.
لە کۆتاییدا ئەو سەرچاوەیە ئەوەی بە کوردستانپۆست راگەیاند، کە بەم هەواڵە پێویستە خەڵکی کوردستان هوشیار بێت و ئاگاداری ئەو پیلانە گەورەیەی داگیرکەران و بنەماڵەی بارزانی بێت، چونکە شکستی ئەم جارەی تورکیا، شکستی بنەماڵەی بارزانیشە، ئەوان هەول دەدەن ئەو ماوەیە هێرشەکەیان بکەن تا زستان دانەهاتووە، بۆیە هیوادرین خەڵکی هوشیار بێت، ئەم هێرش و هەوڵەی پارتیی و تورکیا سەرەنجامەکەی بۆ ئەوەیە ئیرادەی کوردان بەتەواویی تەسلیم بە بنەماڵەی بارزانی بێت، بەڵام چۆن وەک شەڕی زاب ئاسا لوتی ئەو سوپا فاشستەی تورکیا تێکشکا، ئەمجارەش سەرکەوتن بۆ گەلی کوردە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست