کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەیامەکەی کوردستانپۆست - بۆ ده‌نگدان مه‌چۆ، ئه‌و ده‌نگه‌ی تۆ! ره‌وادانه‌ به‌ خیانه‌ت و فه‌سادیی و ناپاکیی - بەشی نۆیەم

Sunday, 26/05/2013, 12:00










کێن ئەوانەی بەشداری هەڵبژاردن ئەکەن

کۆمەڵگای باشوور دابەش بۆتە سەر چەند توێژێکی کۆمەڵایەتی سیاسی وا کەوا جیاکردنەوەیان گەلێ ئەستمە. ئەمەش نەك لەبەرئەوەی چینە دیارە بۆرژوا مافیاکە نادیارەو لەکاتێکدا کۆی دەسەڵاتیان قۆرخکردوە و سەر زەوی و بن زەوی کوردستانیان بۆ خۆیان تاپۆکردوە. نەك لەبەرئەوەی تەنها ئەم تۆێژە بەرپرسە لەهەموو پرس و دۆزەکانی ئێستا و داهاتووی ئەم گەلە. نەك لەبەرئەوەی ئەم چینە مشەخۆرە و پیشخۆرە دەمڕاست و یەکلاییکەرەوەی هەموو باس وخواستەکانی نیشتمانە. بەڵکە ، لەکۆمەڵگایەکی وا کەبەرتاقای کراسێکی حزبی و دواجار بنەماڵەیی بەبەردا کراوە، وای لە کۆمەڵگا کردوە نەتوانێ بڕیار لەدەستی ئەودا بێت و نەتوانێ چارەنووسی خۆی بەدەستی خۆی دەست نیشان بکا. بەو پێیە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا تێکەڵ و پێکەڵەیەکی وای تیا دروست ئەبێ ،کەوا تاکەکان و گروپەکان وابەستەیی و گرێدانیان پێوە دیارە و ئەشێ ئەوەی ئەمڕۆ لای علمانیەت بێ ،سبەینێ لەسەر مقەبایەك لەبەرخاتری موسڵمانێك نوێژ دابەستێ . وەیان ئەوەی تا ئەوسەر ئیسلامی و هزربەندانی سەلەفیەت بێ ، لەبەرخاتری علمانیەك لەسەر مێزی خواردنەوەی ئەودا دانیشێ .
دیارە کۆمەڵگای ئایینی وەك ئەوانەی لە هەندێ ووڵاتی وەك کەنداوی عەرەبی هەن ، کەوا پاشا و خانەوادەکانیان کۆی جوگەکانی کۆمەڵگاکانیان داگیر کردوەو خۆیان قسەکەر و گوێگرو بڕیار دەرن. ئاوهاش لەو کۆمەڵگایانەی کەوا بەحزبی و بەبنەماڵەیی کراون ، وەك کۆمەڵگای باشوور. بەهەمان شێوە دوو سەرکردەو دوو ناوی بەرچاو کەخۆی لە(بارزانی و تاڵەبانی)دا ئەبینێتەوە ، تا هەنووکە بەیارمەتی چەند (شاگردێك)ی بەناو (ئۆپۆزیسیۆن) کەلەڕاستیدا دروست کراوی خۆیانە و هەوڵ وکار و ئەجندایان تەنها بۆ مانەوەی دەسەڵاتە، خستۆتە گەر. بۆیە لەم هەردوو جۆرە کۆمەڵگاکەی (ئایینی و بنەماڵەیی) گەل لە ٣ لاوە گەمارۆ دراوە. دەسەڵات دەستی خستۆتە بینەقاقای، ئۆپۆزیسۆن پەلو پۆی گرێداوەو لەجووڵەی بڕیوە و نەزان و گەمژەکانیش بەرچاویان تەڵخ کردوەو ناتوانێ بەرپێی خۆی ببینێ.
ئەم ٣ هێزە ستەمکار ،داپڵۆسێنەر،شەقوەشێن،گەمژەکەر،گەوجێنەرە بەهەموویان بەیەکەوە هانی شەقام و خەڵکەکە ئەدەن کەبەرەو هەڵبژاردن بچن.وا لەخەڵکی ئەکەن کەوا ئەم هەڵبژاردنە لەوانەی پێش خۆی ناچێ و گەلێ شەفاف و پاکە. ئەم هاندان و پاڵنانە بۆ ئەوە نیە کەوا دەسەڵات گەر دۆڕا کورسی خۆی جێدێڵێ، بەڵکە بۆ ئەوەیە درێژە بەتەمەنی درێژی دەسەڵات بداتەوە. داخۆ لەهەریەك لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٢ و ٢٠٠٩ چەندە بینیمان کەوا دەسەڵاتی گەل ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕەگ و ڕیشەیان دابکوتن و بەهێزتر بن!! ئایا ئەو ٢ هەڵبژاردنە توانی چی لەهەژموون و کاریگەری (بارزانی و تاڵەبانی)کەم بکاتەوە؟! ئایا ئەو ٢ هەڵبژاردنە چەندە توانیبووی حوکمی بنەماڵە لاواز بکا؟؟ حەتمەن ئەوەی ئەبینین تەواو پێچەوانەی ئەوەن کە ئەبوو هەڵبژاردن بیکردنایە. کەچی بەداخەوە لەبەر بوونی ئەو ٣ هێزەی سەرەوە کەئاماژەمان پێدا ، هەڵبژاردن تەنها وەك گەمەیەکی تر، توانی درێژە بەتەمەنی فەرمانڕەوایەتی بێ ڕەوایەتی بدا.
کاتێ هەڵبژاردن ئەکرێ، یەکەمین هێز کەبەشداری پێئەکرێ،هێزە میلیشیاییەکانی حزبە. ئەوەتا ئەو هێزانەی کەوا بۆ پاراستن و بەرژەوەندی هەردوو بنەماڵە هەن ، یەکەم ڕۆژی هەڵبژاردن بۆ ئەوانەو بەپاس و ئۆتۆمۆبیلی حزب ئەیانهێنن و بەزۆر دەنگیان پێئەدەن. ئەمانە وا چاو ترسێن کراون کەوا گەر بێت و دەنگ بەو ٢ بنەماڵەیە نەدەن ئەوا سزا ئەدرێن و نان بڕاو ئەکرێن. ئەم هێزە میلیشیایە لە بنەڕەتدا وەك هێزێکی میشینەری(سوخرەیی) وایە و کۆیلەکراوە و مێشكیان بۆ بیرکردنەوە نیە و زمانیان بۆ پەیڤین بەکار ناهێنن و جگە لە سەرۆك و پاراستنی ئەوان کاری تریان پێناکرێ.
ئەم ٢ بنەماڵەیە جگە لە میلیشیاکانیان پێوستی زۆریان بەچەند غولامێکی قەلەم وەشێن هەیە تا بتوانن مێژوویەك بۆ بنەماڵە بنووسنەوەو لای خەڵکی بەنرخیان بکەن . ئەمانە چەند کەسێکی زمان لووس و دەربارن، کەوا جگە لەپارەو پۆست و شتی ماددی گوێ بەهیچی تر نادەن. ئەم چەند کەسە لەهەموو سەردەم و ساتەکانی سیاسی ووڵاتدا لەکوێ ڕۆژ دەرکەوێ، ئەوان وەك گوڵە بەڕۆژە ڕووی قایمی خۆیان ئەسووڕێنن و چاوی لێناترووکێنن. ئەمانە بەو قەڵەمە هەرزانەی خۆیان کۆیلە ئەکەن بە ئازاد، ترسنۆك ئەکەن بەجوامێر، نیشتمانفرۆش و جاش ئەکەن بە سەرکردەی حەکیم ، گەمژەو بودەڵەش ئەکەن بەسیاسی و دانا. جا بۆیە مەترسی ئەم (سوخرە کیش)انە گەلێ مەترسی دارترە لەوانی تر و گەلێ بەئاسانی ئەتوانن خەڵکی تەفرە بدەن و لەخشتەیان بەرن. لەبەرئەوەی ئەمانە ئامادە باش کراون بۆ هەرکارێك کەوا خەڵکی سادە گێژو ووێژبکەن بەجۆرێك کەوا لەڕێگای (دەسەڵاتی ٤) و میدیای ئازاد و سەربەخۆوە گوللەی ووێڵی خۆیان بگرنە خەڵکی و جەماوەر بەگشتی.
هەریەك لەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن چینێکی تری ئایدۆلۆژی و پیۆلۆژی ئایینیان بەرداوەتە خەڵکی و لەڕێگای فتواو قسەی ڕۆژانی هەینی و سیمینارەکانیان کە لەڕێگای تەلەفیزیۆنەکانیان پەخش ئەکرێ، خۆیان بۆ ئەو پەیامە ئامادە کردوە ،کەوا وای لەخەڵکی بگەیەنن ئەمانە تەنها لەخزمەت خەڵکی هەژار و لیقەوماو ئیسلامدان. ئەم توێژە ئەگەر چی تەنها یەك (فاتیحا و نوێژێك)بۆ زیندوو و بۆ مردووش بەبەلاش دانایەن، لێ ئامادەن وای نیشان بدەن، کەوا جەماوەر پێوستە پابەندی دەسەڵات ببن و گەر دەسەڵات هەڵەی کرد ، ئەوا تەنها نیشانی بدەن. هەروەك چۆن لەپەیامەکەی (باوکی حارپ)بینیمان. دەسەڵات ڕەوەیەك لەم توێژەی دروست کردوەو لەکاتی تەنگانەو هەڵبژاردندا بەکاریان دێنن. ئەوەتا ئەم چینە دەسەڵاتێکی سێبەریان دروست کردوەو کەوا لەسەر (فیدەر)ی دەسەڵات ڤۆڵتییەی خۆیان وەرئەگرن و بەجەماوەردا تەزووەکەی ئەبەن و سڕیان ئەکەن. کێ هەیە هەریەك لە (مەلا بەشیر،مەلا چنگیانی،مەلا عوزێر و چەندینی تر) نەناسێ کەچۆن تا سەر ئیسك داکۆکی لەم دەسەڵاتە مافیا و دزە ئەکەن و خەڵکی ئەگەوجێنن. کەچی لەکاتێکدا کەهەمان دەسەڵات کوڕی گەلەکەمان تیرۆر ئەکەن،وەیان بەدەرزی خراپ چاوی دەیاها خەڵکمان کوێر ئەکەن هیچ لەو بەناو مەلایانە نایەنە دەنگ و بڵێن ئەی دەسەڵات ستۆپ. کوا بۆ نەمان بینی ئەم کۆلکە مەلایانە لەئاست ئەو هەموو بێڕێزییەی بەخەڵکی ئەکرێ و بارەگا ئەسووتێنرێ و دەنگی ناڕەزایی کپ ئەکرێ بێنە دەنگ ؟
بەداخەوە لەنێوان ئەوانەی سەرەوە ،توێژێکی دی بەدی ئەکرێ کەوا نەئەوەن لەبەربوومی دەسەڵات بخۆن و کەڵکیان لەدەسەڵات وەرگرتبێ و خاوەنی هیچ پلەو پۆستێکی وابن کە بتوانن وەك دەسەڵات پیسخۆری و دزی بکەن. وەیان ئەوەبن کەبتوانن هێزو توانای خۆیان لەگەڵ توێژە زوڵملێکراو داهاڕاوەکە بێت کەلەم حاڵەتەدا ئەتوانین بەڕێژەی لەسەرو ٧٠% بیخەمڵێنین . ئەم ڕێژەیە گەر بێتو لەگەڵ ئەو ڕێژە زۆرەی هەژاران،کەسوکاری شەهیدان،ئەنفال و قوربانیانی چەکی کیمیاوی . لەگەڵ ئەو توێژە نوێیەی کەساڵانە خوێندن تەواو ئەکەن و چاوەڕی ئەوەن کە دابمەزرێن ، لەتوانایاندا هەیە بەرەیەکی وا گەورە دروست بکەن کە تەواو هاوکیشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بگۆڕێ. دیارە ئەم چینە وەك چینێکی ڕاڕا دەرئەکەوێ و هەر ڕۆژەی خاوەن پەیامێك و ئەجندایەکە تاکە قوربانی سەرەکی ئەم دەسەڵاتەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە