ئایا کاتی ئه‌وه هاتووه په‌که‌که واز له خه‌باتی چه‌کداریی بهێنێت؟
Tuesday, 03/02/2009, 12:00
1809 بینراوە
هاتنه‌کایه‌ی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که) له حه‌فتاکاندا پێویستیه‌کی مێژوویی بوو، که له ئه‌و کاته‌وه به شێوه‌یه‌کی داهێنه‌رانه گۆمی مه‌نگی هه‌لومه‌رجی کوردستانی تورکیای به ڕووی چه‌وسانه‌وه و سه‌رکوتکردنێکی بێوێنهداههژاند. په‌که‌که کاریگه‌ریی نه‌ك هه‌ر ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان هه‌بوو، به‌ڵکو ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، به باش و به خراپ کاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م به‌شه‌کانی تریش هه‌بوو و هه‌یه.
به‌ڵام له ئه‌و ساته‌وه‌ی که ئه‌وان وه‌کو پێویستییه‌کی هه‌نووکه‌یی ده‌ستیان به خه‌باتی چه‌کداریی کردووه هه‌تا ئێستا، گۆڕانی زۆر گرنگ و به‌رچاو به‌سه‌ر تورکیا و ناوچه‌که و دونیادا هاتوون.
ئه‌وه‌تا تورکیا چیتر کتومت تورکیای ژه‌نه‌راڵه‌کانی حه‌فتاکان نیه و پێی خستۆته سه‌ر ڕێڕه‌وی درێژخایانی دیموکراسی و هه‌نگاونان به‌ره‌و گه‌ڵاڵه‌بوونی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. ڕاسته تورکیا هێشتا له به‌رامبه‌ر دۆزی کورد زیاتر چاره‌سه‌ریی سه‌رکوتکه‌رانه‌ی سه‌ربازیی په‌یڕه‌و ده‌کات وه‌ك له ڕیفۆرمی سیاسی، به‌ڵام به زه‌بری گۆڕانه‌کانی ناو خودی تورکیا و گوشاری سنوورداری به‌رده‌وامی یه‌کێتیی ئه‌وروپا له‌سه‌ریان، چاکسازیی و گۆڕانکاریی سه‌ره‌تایی و بایه‌خدار خه‌ریکه دێنه ئاراوه. که‌مکردنه‌وه‌ی گوشار له‌سه‌ر به‌کارهێنانی زمانی کوردی و کردنه‌وه‌ی که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی TRT6، بێگومان هه‌نگاون به ئاڕاسته‌ی ڕاستدا. تورکیا جگه له ئه‌وه‌ی که له ڕووی سه‌ربازییه‌وه ده‌وڵه‌تێکی به‌هێزه، هه‌روه‌ها له ڕووی سیاسیشه‌وه پێده‌چێت که کارامه بێت. هه‌روه‌ها ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا له زۆر لایه‌ندا خاڵی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌یه و، هه‌ر ئه‌وه‌ش وه‌های کردووه که به هه‌ند له تورکیا بڕوانن و جاروباریش مه‌رایی بۆ بکه‌ن. له ڕوانگه‌ی ئه‌وروپاوه، ڕێکخراوی ئیسلامڕێبازی موجاهیدینی خه‌ڵقی ئێرانی هیچ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ ڕێکخراوی چه‌پڕه‌وی په‌که‌که نیه، به‌ڵام کاتێك ئه‌وان موجاهیدین له لیستی تێرۆر ده‌سڕنه‌وه و په‌که‌که ده‌هێڵنه‌وه، ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که به دوو پێوه‌ر و دوو چاوی جیاواز له دوژمنانی ئه‌و دوو ڕێکخراوه ده‌ڕوانن، واته له حکومه‌تی ئێران و له حکومه‌تی تورکیا! به کوردی و به کورتی، ئه‌وان تورکیا به دۆستی خۆیان داده‌نێن و هه‌رکه‌سێك دژایه‌تی ئه‌و دۆسته‌یان بکات به ناڕاسته‌وخۆ به دوژمنی خۆیانی ده‌زانن. به واتایه‌کی تر، ململانێی په‌که‌که هه‌ر ته‌نها له‌گه‌ڵ تورکیا نیه به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوایی دیموکراسیشه.
ئه‌ڵبه‌ته ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا زۆر کارامه توانیوایانه بوونی په‌که‌که بکه‌نه چه‌کێکی کاریگه‌ر له زۆر بواردا. ئه‌وه‌تا له بواری ناوخۆی تورکیا، کوردستانیان کردووه به ناوچه‌یه‌کی سه‌ربازیی و گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و وێرانکاریی، هه‌روه‌ها زوو زوو به بیانووی هاوسۆزیی و هاوکاریی "تێرۆریستانی" په‌که‌که، ته‌نگ به پارته کوردییه ڕێگه‌پێدراوه‌کان و چالاکڤانانی کورد و تورك هه‌ڵده‌چنن، پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتی و له‌یلا زانا و یه‌شار که‌مال نموونه‌ی ئه‌و ڕاستیه‌ن.
له بواری ده‌ره‌کیشدا، حکومه‌تی تورکیا کارتی بوونی په‌که‌که له‌سه‌ر خاکی کوردستانی عێراق به‌رده‌وام زۆر زیره‌کانه له دژی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌کارده‌هێنێت. ئه‌وه‌ش به سوودوه‌رگرتن له لاوازیی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، که جگه له ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی ناڕه‌زایی و تووڕه‌ییه‌کی زۆری جه‌ماوه‌ری کوردستان بۆته‌وه، هه‌روه‌ها پێده‌چێت چیتر ڕۆڵه تاقانه شیرینه‌که‌ی ئه‌مه‌ریکا نه‌بن و له هه‌موو بواره‌کاندا له قه‌ره‌ی حکومه‌تی ناوه‌ند له به‌غدا نه‌یه‌ن، که ئه‌وه‌تا ڕۆژ دوای ڕۆژ حکومه‌تی ناوه‌ند به‌هێزتر و جێگیرتر ده‌بێت و هاوکات ئه‌مانیش له بێ به‌رنامه‌ییدا شپرزه‌تر و دابڕاوتر له خه‌ڵك. ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کوردستانی عێراق مه‌به‌ستی ئه‌م نووسینه نیه، به‌ڵام ده‌شێت له شوێنی خۆیدا بێت ئاماژه به‌وه بکرێت که ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ئه‌وان بۆ کوردی عێراقیان خوڵقاندوه شتێکی چاوه‌ڕوانکراو بووه. ئه‌وه‌ش چونکه هه‌مان که‌سه‌کانی خه‌باتی شاخ به هه‌مان ئه‌قڵیه‌تی شاخ و به بێ هیچ به‌رنامه‌ڕێژییه‌کی ژیرانه، ویستان خۆیان بکه‌ن به سوارچاکی مه‌یدانی سیاسه‌ت! هه‌ربۆیه نه‌ك هه‌ر نه‌یانتوانی ببنه به‌شێك له هێزی بڕیارده‌ر له به‌غدا، به‌ڵکو پێده‌چێت که مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات له کوردستانیش جێگه‌ی پرسیار بێت. هه‌ربۆیه تورکیا په‌که‌که و ئه‌م پاشاگه‌ردانی و بوودهڵهییهی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی قۆستۆته‌وه و سازشی یه‌ك له دوای یه‌کیان پێده‌کات، به تایبه‌تی له مه‌سه‌له‌ی که‌رکوکدا.
ئه‌گه‌رچی کتومت به‌راوردێكی ته‌واو و ڕه‌وا نیه، به‌ڵام خه‌باتی چه‌کداریی په‌که‌که سه‌ره‌ڕۆیی و هه‌ڵوێستی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی له به‌رامبه‌ر ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به یاد ده‌هێنێته‌وه. هه‌روه‌کو چۆن حه‌ماس ناتوانێت ئیسرائیل "بنبڕ" بکات، هه‌ر ئاواش په‌که‌که ناتوانێت هێزی سه‌ربازیی تورکیا ببه‌زێنێت (ئه‌مه ڕاستییه‌که که خودی په‌که‌که ده‌یزانێت و له‌وانه‌یه به لای زۆرکه‌سه‌وه قسه‌یه‌کی تاڵ و ناخۆش بێت). هه‌ربۆیه به‌رپرسیارییه‌کی مێژووییه له ئه‌ستۆی سه‌رکرده‌کانی په‌که‌که‌دا که جارێکی تر شێوازی خه‌باتیان به گوێره‌ی هه‌لومه‌رجی نوێ هه‌ڵبسه‌نگێننه‌وه. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، که سومبوڵه سه‌رکرده‌ی په‌که‌که، واته ڕێزدار عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، هه‌میشه له به‌ندیخانه‌وه بانگه‌شه بۆ ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیان له تورکیا ده‌کات، به‌ڵام سه‌رکرده فیعلییه‌کانی په‌که‌که سوورن له‌سه‌ر درێژه‌دان به خه‌باتی چه‌کداریی!
شایه‌نی باسه وازهێنان له خه‌باتی چه‌کداریی به مانای ئاشبه‌تاڵ و کۆڵنه‌دان نیه و هیوادارم که ئه‌وه له‌گه‌ڵ نسکۆکانی تردا تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ نه‌کرێت. گۆڕینی شێوازی خه‌بات و نوێکردنه‌وه شتێکه که زۆر له بزووتنه‌وه‌کانی تری جیهان په‌یڕه‌ویان کردووه و ئاکامی زۆر پۆزه‌تیفانه‌ی لێکه‌تۆته‌وه. بۆ نموونه ڕێکخراوی سوپای کۆماری ئێرله‌ندی- IRA(که له ساڵی 1913 هاتۆته‌کایه‌وه) چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر وازی له خه‌باتی چه‌کداریی هێنا و له ئه‌و کاته‌وه باکووری ئێرله‌ندا بوژاندنه‌وه‌یه‌کی ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینوه. ئه‌وه جگه له‌وه‌ی که به‌ر له ڕاگه‌یاندنی وازهێنان له شه‌ڕ، IRA توانی ڕێکه‌وتنامه له‌گه‌ڵ حکومه‌تی به‌ریتانیا مۆر بکات سه‌باره‌ت به ئازادکردنی به‌ندکراوه‌کانی.
هه‌ربۆیه به‌هه‌مان شێوه، په‌که‌که ده‌توانێت سوود له هاتنی سه‌رۆك بۆراك ئۆباما بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێت و له ڕێگه‌ی ئه‌مه‌ریکاوه ده‌ست به دانووستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی تورکیا بکات. ئۆباما که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌کو سه‌رۆکێکی ئاشتیخواز ده‌یه‌وێت خۆی نیشان بدات، ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆره که پشتگیریی ته‌واو له ئه‌و جۆره هه‌وڵانه بکات، هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ نیشاندانی وه‌کو ده‌ستکه‌وتێکی خۆی، به تایبه‌تی که پێده‌چێت له سایه‌ی هه‌ڵوێستی تووندی ئێران و سوریا و حه‌ماس و حیزبوڵای لوبنانیدا نه‌توانێت سه‌رکه‌وتنی گه‌وره له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیل به‌ده‌ستبهێنێت.
په‌که‌که ده‌توانێت چه‌ند مه‌رجێكی گونجاو بۆ وازهێنانی له خه‌باتی چه‌کداریی دابنێت، سێ له گرنگترین ئه‌و مه‌رجانه ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌بن:
1- هێورکردنه‌وه‌ی بارودۆخی کوردستانی تورکیا و که‌مکردنه‌وه‌ی هێزی چه‌کداریی ده‌وڵه‌ت له ناوچه‌که‌دا له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکدا و له ژێر چاودێریی کارمه‌ندانی یه‌کێتی ئه‌وروپا و/یان ئه‌مه‌ریکا.
2- ئازادکردنی ئۆجه‌لان و ڕێگه‌پێدانی بۆ کارکردنی چالاکیی سیاسی به مه‌رجێك که بانگه‌شه بۆ خه‌باتی چه‌کداریی نه‌کات. ئازادکردنی ئۆجه‌لان جگه له‌وه‌ی که ته‌وژمێك به خه‌باتی کورد له تورکیا ده‌دات، هه‌روه‌ها مانا و به‌هایه‌کی مه‌عنه‌ویی گرنگی ده‌بێت.
3- ڕێگه‌پێدان به سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ئێستای په‌که‌که بۆ کارکردنی چالاکیی سیاسی به مه‌رجێك که بانگه‌شه بۆ خه‌باتی چه‌کداریی نه‌که‌ن.
ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه مه‌رجی ساده و زۆر گرنگن که له‌گه‌ڵ خواستی ئه‌مڕۆی جیهانی ده‌ستڕۆشتووی ڕۆژئاوادا ده‌گوونجێن و تورکیا ناتوانێت پشتگوێ‌یان بخات. ڕاسته پێشتر په‌که‌که ئاگربه‌ستی ڕاگه‌یاندووه، به‌ڵام جیاوازی نێوان ئاگربه‌ست و وازهێنان له شه‌ڕ جیاوازییه‌کی زۆره.
ئه‌ندامانی په‌که‌که هه‌میشه به کرده‌وه سه‌لماندویانه که ئاماده‌ی گیانبهختکردنن له پێناوی بیروباوه‌ڕیاندا، هه‌ربۆیه جێگه‌ی سه‌رسووڕمان ده‌بێت ئه‌گه‌ر جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌بێت که لێکدانه‌وه‌ی گۆڕینی شێوازی خه‌باتیان بکه‌ن!
سالار باپیر
له‌نده‌ن یه‌کی فێبریوه‌ریی 2009