چەند پێشنیارێك بۆ بەڕێوەبەرانی پرۆژەی پەیكەری سەردەشتی مەزن
Sunday, 30/05/2010, 12:00
[email protected] ئاگاداریەك بۆ ھەموو ئەو بەرێزانەی سەرپەرشتی پرۆژەی دروستكردنی پەیكەری سەردەشتی مەزن دەكەن. وێرای دەستخۆشی لە ھەموو مرۆڤێك دەكەم كە بەھەر شێوەیەك بێت بەژداری لەو پرۆژەیەدا دەكات ،من وەكو دڵسۆزێك بۆ ئەو پرۆژە گرنگ و جوانە ، ھەندێ پێشنیار دەكەم كە تەنھا لە بایەخ و دڵسۆزیمەوەیە بۆ پرۆژەكە.
- با ئەو پەیكەرە بۆ ھەردوو قوربانی ووشەی ئازاد سۆرانی مامە حەمەو سەردەشت بێت ، كە بەم شێوەیە پرۆژەكە دەوڵەمەند تر دەكات،و لە رووی تەعبیریشەوە پرۆژەكە زۆر سەرنج راكێش تر دەبێت.
- باشتر وایە كە پرۆژەكە لە ھەمان شوێنی رووداوەكە بێت . واتە لەو شوێنەی كە سەردەشی لێ دەسگیر كراو رفێندرا، كە ئێستا بۆ خۆی بووە بە شوێنێكی زۆر سەرنج راكێش،لەسەدان وتارو راپۆرتە خۆماڵی و جیھانیەكاندا باسی لێوە دەكرێت،وە بە بۆنەی ئاڵۆزی و ھەستیاری روداوەكە لەو شوێنە،بە ھەموو شێوەیەك ھەڵسەنگاندنی لەسەركراوە. زۆر جێی بایەخی میدیا جیھانیەكایش بووە. وەكو جێگایەكی بە ناوبانگ، من باوەڕم وایە كە ئەگەر پرۆژەكە لە ھەر شوێنێكی تر دابنرێت، ھیچ كاتێك بە قەدەر ئەو شوێنە ناودار نابێت كە سەردەشتی لێ رفێندرا. ئیتر كەم كەس ھەیە بەوێدا تێپەڕێت و باسی یاخود ئەو ڕووداوەی بیر نەكەوێتەوە. ئەوێ ئیتر جێی بایەخی خەڵكە و ھەموو كەسێك كە ڕێی كەوتە ھەولێر حەزدەكات بیبینێت.. ھەروەھا لە رووی سیمبۆڵیشەوە ،شوێنێكی زۆر گرنگە كە لە ناوەندی زانكۆكان دایە، كە سەردەشت خۆی لەوێ خۆێندكاربووە. بەرلە مەرگی خۆی لەدوا وتاریدا، سەردەشت خەم لە نەوەی داھاتوو دەخوات، كە دەكرێت ھەندێ لە پەیڤەكانی خۆیشی لە سەر بنوسرێت.
- ئەم پرۆژەیە با لەلای ھەندێ ھونەرمەندی جیھانی تەرح بكرێت ، داوایان لێ بكرێت كە چەند مۆدێلێك دروست بكەن تا بە بەژداری خەڵكانێكی شارەزا رەزامەندی لە سەر یەكێكان دەدرێت. مەبەستم ئەوەیە كە ئەم پرۆژەیە با لە چوارچێوەی توانا خۆماڵیەكانا حەسر نەكرێت لەگەڵ رێزم بۆ ھونەرمەندەكانی لای خۆمان.بەڵام زیاتر مەبەستم تێروتەسەل كردنی پرۆژەكەیە چونكە من واھەست دەكەم كە لەرووی مادیەوە گرفت نابێت بەو پێیەی كە خەڵكانێكی زۆر ئامادەی بخشینی مادین.
- ھەوڵبدرێت بە برۆنز دروست بكرێت كە لە وڵاتی خۆمانا ئەوەندەی من بزانم كاری برۆنز كەمە.
لەگەڵ رێزو دڵسۆزیەكی زۆرم بۆ ھەموو خەمخۆرانی(ووشەی ئازاد) و بۆ سەردەشت و ئەوانەی وەكو ئەو بیردەكەنەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست