ئایا مرۆڤ چێژ لە چەوساندنەوە زیاتر دەبینێت یان لە ئازادی؟
Sunday, 29/06/2014, 12:00
2450 بینراوە
ڕەنگە وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە گشت گیرە هەروا کارێکی ئاسان نەبێت، چونکە، ئەم دوو تەوەرە، دوو جیهانبینی یەکجار دژ بەیەکن و پێکەوە ناتوانن هەڵکەن. مرۆڤ خۆی تەنها بونەوەرە کە دەسەڵاتی بەسەر خۆی و زیندەوەرەکانی تریشدا هەیە، بۆیە هەر مرۆڤ خۆیەتی، داهێنەری ئەو دوو چەمکە دژەیشە. من بەیەقینەوە دەڵێم، مرۆڤ یان سروشت بەگشتی، هیچ هێزێکی لەدەروە ڕا نیە هەڵیبسوڕێنێت و، بەپێی خواست و ویستی خۆی یاری بە توڕەیی یان نەرمی سروشت و زیندەوەرەکانی بکات. بە پێچەوانەوە ئەوە تەنها مرۆڤ خۆی بوو لە بەرەبەیانی سەردەمی بەکارهێنانی عەقڵی و بەکارهێنانی دەستەکانی بۆ کارکردن پێی، لە پێناو خۆیدا و توانای گەڕان و داهێنانە سەرەتاییەکانی، کارێکی وایکرد، کە خۆی بۆخۆی هێزێک لە خەیاڵی خۆیدا دروست بکات و بیکات بە هەڵسوڕێنەری ژیان و سروشت یش. زیندەوەرەکانی تر، وەک مرۆڤ نین، ئەوان، نازانن ئازادی و چەوساندنەوە چ تام و لە زەتێکی هەیە، ئەوان، تەنها لە پێناو تێرکردنی خۆیاندا، پەنا دەبەن بۆ خوادرنی ئەوی بەرانبەری، نەک لەوەی بە دوژمنی خۆی بزانێت و بیەوێت خۆی بسەپێنێت بەسەریدا، بەڵکو تەنها بەرهەمی غەریزەی برسێتیە وای لێدەکات کە بەوکارە هەستێت. بەڵام مرۆڤ ،بەئاگاییەوە دەست بۆ کاروچالاکیەکانی خۆی دەبات و لە پێناویدا، درێغی ناکات لە کوشتن و تێاچونی ئەوی ڕێگری بکات لە بەردەمیدا. ئاخۆ ئامانجی مرۆڤ چیە لە ژیاندا؟ ئایا مرۆڤ دەکرێت بۆ خۆش بەختی و ئارامی ئایندە دەست بۆ جەنگ ببات، یان تەنها بۆ چێژ و جێنەخستنی ئازادی و ئارامی بۆ ئەوانی تر!؟
مێژووی ڕابردوی مرۆڤایەتی، بەپێی ئەو سەرچاوانەی کە توانراوە هەڵبگیرێت ئاخۆ لە ڕێگای نوسینەوە بێت یان لە ڕێگای مانەوەی ئەو وێنانەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەردەمی نووسین، ئەو بەڵگانە دەگێڕنەوە، کە مرۆڤ، تەنها کائینێکی ڕووت نیە کە تەنها وەک ئاأەڵەکان ببینرێت، بەڵکو مرۆڤ، خۆی هەر لە سەردەمی سەرەتایی پاش قۆناغی هەرەوەزی، پێی ناوەتە نێو، ئاکاری خود پەرستی، لە پێناو دەست ڕاگەیشتنی، بە زیاتر و زیاتردا، کە دەکاتە بەشی ئەوانی تر، کە دەستیان پێڕا نەگەیئشتوە.(پەرتوکی مێژووی مرۆڤایەتی،ئارنۆڵد توینبی کە دڵشاد مستەفا وەسانی، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی)گێڕانەوەی ئەو جیهانبینیەی ڕابردووی مێژووی مرۆڤایەتی دەگێڕێتەوە. چەوساندنەوەی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ، مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆنی مرۆڤایەتی و هەر لەو ساتەوەختانەشەوە، بەشی سەرەوە، واتە ئەوانەی هێزوهەیمەنەی خۆیان سەپاندوە بەسەر ئەوانی ژێر خۆیاندا، بۆ چێژ وەرگرتنی خۆیان و ئازادی ڕەهایی خۆیان، چەوساندنەوەیان وەک باشترین جێگر بۆ ئازادیەکەی خۆیان دامەزراندوە. خۆ گەر چەوساندنەوە نەبێت، ئەوا، ئەوانی سەرەوە ناتوانن ئازادیە خود پەرستیەکانی خۆیان درێژە پێبدەن. ئەوە ئەو چینە دەسەڵاتدارەیە، کە خۆی کردۆتە حاکم بەسەر کۆمەڵگاوە، چەوساندنەوە بەرهەم دەهێنێت،. ئاخۆ ئەوە دەسەڵاتی سەرەوە نیە، وا نیشان دەدات کە مرۆڤ خۆی زیاتر چێژ لە چەوساندنەوە وەر دەگرێت تا چێژ لە ئازادی؟ ئەوە سەرانی سیستەمی چینایەتین، هەمیشە، مرۆڤیان وا نیشان داوە کە بەرهەمی بان هێزێکی مرۆییە و ئەوەی لە چارەنووسی نوسراوە هەرئەوە دەبێتە بەشی! بۆ ئەو چینە کۆمەڵایەتیەی بەردەوام لە نێو ئاستی نزمی هۆشیاری دایە، بونە مرۆییەکەی لەلایەن حاکمانی سەرەوە کە چی دینی بن یان عەقڵانی، لێ دەسێنرێتەوە و ئەوی مرۆڤ تەنها وەک زیندەوەرێکی بێتوانا وێنا دەکرێت. بۆیە هەمیشە، فەرهەنگی باوی چەوساندنەوە وا دەنەخشێنن کە ڕەوایەتیەکی ناڕاستەوخۆی پێ بدرێت و پێمان بڵێن گەر ئەو چینە فەرمان ڕەوایە نەبوایە، ئەوا مرۆڤایەتی ئێستا نەدەگەشت بەم ئاستە پڕ لە داهێنانەی ئێستای؟
ئەوانی سەردەست، بەم فەلسەفەیە دەیانەوێت ڕەوایی بۆخۆیان و دەوڵەتاکانیان بدەن! ئاخۆ زۆر جار وا نایەتە پێش چاو گەر وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، بەهێزی یاسا و پۆلیس نەتەنرا بێت ئێستا مرۆڤەکان یەک لە نێو یەکتریدا دەبوون بە دڕندە و بەر دەبونە گیانی یەکتری؟ ئاخۆ هەیکەلەی دەوڵەت وەک ئەو سیحرە نابیرێت کە ، کەسی ساحیر وا دەکات لە بینەرەکەی،نازانرێت بە چ جۆرێک وا لە چاوی دەکات کە پارچە پەڕۆیەکت بۆ بکات بە کۆترێک. کەواتە خودی سەرانی دەسەڵاتدار، بنیات نەری پێگەی دەوڵەتەکانن و هەر ئەوانیشن تا ئێستا بەرهەمی درێژەدان بەجەنگ و نەدانی ئارامیەک بۆ ئەو گەلە مرۆڤەی کراون بە کۆیلەی بەشی سەرەوەی دەسەڵات، بوونی هەبێت.
ئەوە دەرئەنجامی ئەو چەوساندنەوە چینایەتیە بوە، مرۆڤ وا لێبکرێت کە خوێندنەوەی بۆ ئازادی، تەنها بە ڕێژەیی ببینێت، نەک بتوانرێت ببێت بەکارێکی ڕەهایی و مرۆڤایەتی بتوانێت چێژی یەکجارەکی لە خۆیی و لە تواناییەکانی خۆی ببینێت. ئاخۆ بۆچی لە سەرەتایی سەردەمی چینایەتیەوە تا ئێستا کە مێژوەکەی بۆ دەیان هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، توانراوە پەیڕەوی لە چەوساندنەوە بکرێت و بکرێت بەکارێکی بەردەوام، بەڵام ئازادی، تەنها وەک کارێک و ئامانجێکی ڕێژەیی بینراوە؟ ئاخۆ مرۆڤایەتی توانای ئەوەی هەیە، بگات بە ڕۆژگارێک لە جێی چەوساندنەوەی چینایەتی، ئازادی بکات بە بنەمای ژیانی گشت مرۆڤایەتی؟ ئاخۆ گەر ئازادی گشتی جێخستە بکرێت، مرۆڤایەتی پەکی دەکەوێت یان بەرەوپێشەوە دەتوانێت هەنگاوی داهێنەرانەی زیاتر بهاوێژێت؟ ئایا هۆشیار بوونەوەی چینایەتی ئەرکێکی تەنها بزوتنەوە سیاسیە جەماوەریە یەکسانیخوازەکانە یان ئەرکی کۆی بیرمەند و ڕۆشنبیر و کەسانی خاوەن دەسەڵاتیشە؟
کاتێک دەڵێین دەسەڵات، بۆخۆی مانای سەپاندنی توانای چینێک دەبێت بەسەر چینێکی تردا، لە کاتێکی واشدا، ئەو دەسەڵاتە، خۆبەخۆ کە خزمەت بە کەمایەتیەک دەکات لە کۆمەڵگادا، دەبێتە دەسەڵاتێکی چەوسێنەر. بۆ مانەوەی دەسەڵاتی چەوسێنەر، بەبێ بوونی خستنەژێر دەستی ئابوری و هۆشیاری گشتی کۆمەڵگا دەسەڵات ناتوانێت درێژە بەتەمەنی خۆی بدات. لە کاتێکی وادا، دەسەڵات، هەزاران بیرمەند و ڕۆشنبیر، بەرهەم دەهێنێت کە ڕەوایەتی بدات بەدەسەڵات و وا بەگوێی کۆمەڵگادا بدرێت کە مانەوەی ئەو دەسەڵاتە لە پێناو مانەوەی ژیانی کۆمەڵگا و مرۆڤدایە. خۆ هەروا کارێکی ئاسان نەبوە، کە ئاینەکان خراونەتە نێو چوارچێوەی دەوڵەتەکانەوە، چونکە، بوونی ئاینەکان وای لە مرۆڤە چەوساوەکان کردوە کە بڕوایان بە دواچارەنوسی خۆیان بکەن کە لە قەدەرەوە لەسەریان فەرز کراوە، بۆ کارێکی واش، نەتوانینی خۆ بە ئاگا هێنانەوە لە کۆی ئەو خەڵەتاندنانە، دەوڵەت پێویستی بەو توێژە بیرمەند و ڕابەری دینی و ڕۆشنبیرانە هەیە، کە هاوشانی دامودەزگای سەرکەوتگەری پۆلیس و زیندان و جەنگ، لە مەیداندا بن بۆ ڕەوایەتی دان بە خودی دەوڵەت و دەسەڵات.
مرۆڤایەتی بەدەر لە وەهم، دەتوانێت ئازادی بخاتە جێگای چەوساندنەوەی چینایەتی و، کۆتایی بەو جیهانبینیە تاریک و بێئیرادە کردنیەی مرۆڤی چەوساوە بهێنرێت، ئەویش لە ڕێگای کۆتایی هێنان بەخواستی خاوەنداریەتی تایبەتی. کاتێک خاوەنداریەتی گشتی خرایە جێی خاوەنداریەتی تایبەتی چینێکی دیاریکراو لە کۆمەڵگادا، ئەو کات چەوساندنەوە کۆتایی پێدێت، بۆ گەشتن بەو ئامانجە مەزنەش، شۆڕشی کۆمەڵایەتی یەکسانیخوازی، دەتوانێت دوا ئەلتەرناتیڤی مادیی واقعیانە بێت، کە چیتر چەوساندنەوە بوونی نەمێنێت و مرۆڤ و ئیرادەکەی بەدەستی خۆی بنەخشێنرێت نەک بە بان هێزێکی سەروسروشتی. کاتێک ئاگایی مرۆڤ بخرێتە پێناو داهێنان و بەرگری کردن لە ژیانی گشتی مرۆڤایەتی، ئەو کات زیندەوەر و سروشتیش، دەکرێنە ئامانجی بەرەوپێش بردنی زیاتری، نەک بەرەو کاۆتایی هێنان، وەک لەم سەردەمەدا دەیبینین، بە چ ئەندازەیەک تێک دانی کەشی سروشتی هەنگاو بەرەو نادیاریەکی تاریک دەهاوێژێت. دەتوانرێت ئازادی ببێتە دوائامانج، کە کۆی مرۆڤایەتی لە جیاتی چەوساندنەوەی یەکتری و چێژ وەرگرتنی بەشێک لەو چەوساندنەوەیە، ئەو کات گشت، چێژ لە ئازادی دوور لە چەوساندنەوە ببینێت!
تاهیر حاجی حەسەن
٢٩/٦/٢٠١٤