کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆمەڵی ئیسلامی و ڕووداوەکانی هەولێر و دەرەنجامەکەی

Friday, 11/05/2012, 12:00




لە کایەکانی ژیاندا بە هەموو خوێندنەوەیەک تێگەشتنی هەڵە دەرەنجامی هەڵە بەدەستەوە ئەدات ، هەندێک جار تێگەشتنی هەڵە و زوو بڕیاردانێکی کاڵ و کرچ نەک هەر مەبەست ناپێکێت بەڵکوو ئەبێتە هۆی فیتنە و دووبەرەکی و ئاشوبێکی دی ، بەندە مەبەستم لە نوسینی ئەم بابەتە ناو زڕاندنی هیچ لایەن و کەسایەتیەک نیە ، تەنها خوێندنەوەیەکی واقیعیانەیە بۆ رووداوەکانی هەولێر و دەرەنجامەکەی، ، ، لە نەرویجەوە  مولحیدێک سوکایەتی ئەکات بە قورئان ! بێڕێزی ئەکات بە بیر و باوەڕی میللەتێکی مسوڵمان ، لە گۆڤاری چرپەی سەر بە پارتی بابەتێکی بێ مانا و ناقۆڵا بڵاو ئەکرێتەوە ، بەڵێ ئەمانە ئیهانەیە ، بەڵێ ئەمانە بێڕێزیە و دوورە لە ئەخلاقیاتی بەرزی نوسەر و ڕۆژنامەنووس و ئینسانی عاقڵ ، بەڵێ ئەمانەی کە ئەکرێ بەرامبەر بە دینی ئیسلام و زاتی پەروەردگار زادەی عەقڵیەتێکی نەخۆشە ، زادەی فکری عیلمانیەتە ، بەڵێ مسوڵمانان ئەبێت هەڵوێستیان هەبێت ، هەموو یاسا و ڕێسا ئاسمانی و ئەرزیەکان ئەڵێت مرۆڤ ئازادە لە پەرستندا لە هەڵبژاردنی دین و بیر و باوەڕدا ، مرۆڤی ژیر و تەندرووست ئەگەر گوێ بە یاسا ئاسمانیەکانیش نەدات بە پێی یاساکانی سەرزەوی سوکایەتی ناکات بە خەڵک و دین و خودای خەڵک ، ئەگەر لەم چوارچێوەیە لایدا ئەوا مرۆڤێکی نا تەندرووست و دوورە لە ئەخلاقیاتی جوانی ئینسان ، بۆیە ئەگەر کەسێک یان لایەنێک یان حیزبێک ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕشایەوە بە پیرۆزیەکانی خەڵکدا ، مانای وا نیە ئیتر پیرۆزیەکان قودسیەتیان لەدەست داوە و پێویستە مسوڵمانان خۆیان کەون بۆ گەڕاندنەوەی قودسیەت بۆ دین ، ئەوەی کە ئەو مرۆڤە ئەقڵ بەستوە ئەیکات تەواوی ماریفەت و تێڕوانین و سەلیقەی ئەو کەسە ئەو گۆڤارە ئەو حیزبەیە ، بە کوردیەکەی عەقڵیان هەر ئەوەندە بڕ ئەکات ، لێرەدا کاری یاسا و حوکمەتە کە یاسا و ڕێسایەکی گشتی دابنێ و بێڕێزی بە ئەدیانەکان نەک هەر ئیسلام بەڵکوو هەموو دینەکانی دیکە خاڵی سور بێت و کەس بۆی نەبێت دەستیان بۆ بەرێت ، ئەگینا هەمان سیناریۆ سبەی یان ساڵێکی کە یان هەرکاتێکی دی دووبارە ئەبێتەوە ، وە کاری حکومەتە کە ئیجرائاتی تەواو بکات لەگەڵ سەرپێچیکاراندا ، پێویستە مسوڵمانانیش حەکیمانەتر لەوەی کە هەیە بیر بکەنەوە و کێشەکە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت ، ئەویش بە دانانی یاسایەک ،
ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەی مامۆستایانی ئاینی لەگەڵ سەرۆکی حکومەت نێچیرڤان بارزانی کارێکی تا ڕادەیەک حەکیمانەبوو ، توانیی پەیامی خەڵکی ئیسلام دۆستی کوردستان بدات بە گوێی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکمەت و پەڕلەمان و خەڵکی کوردستاندا کە مسوڵمانانی کوردستان بێڕێزی بە بیر و باوەڕیان قبوڵ ناکەن ،
پێویست بوو زانایانی ئاینی و خەمخۆرانی ئیسلام چیان بکردایە ؟
١_ پێویست بوو زانایانی ئاینیی کە وەکیلی مسوڵمانانن داوایی یاساییان تۆمار بکردایە ، بەهۆی فشارەوە گۆڤارەکە دابخەن و سەرنوسەری گۆفارەکە بدەنە دادگا.
٢_ پێویست بوو پەڕلەمان و سەرۆکایەتی حوکمەتیان ناچار بکردایە بە دانانی یاسایەک بۆ ئەوەی چیدی سوکایەتی بە ئەدیانەکان نەکرێت لەژێر ئازادی ڕادەربڕیندا ، چونکە ئەمە نە خزمەتە بە خەڵکی کوردستان ، نە خەڵکی کوردستان بەو بابەتانە قایل ئەبن.
٣_پێویست بوو مامۆستایانی ئاینی بڕیاری خۆپیشاندان نەدەن ، چونکە لە کاتی خۆپیشانداندا هەموو کەسێک بەشداری ئەکات ، ڕەنگە ئەو هێز و لایەنانەی کە مەبەستیانە بدەن لە سیمای جوانی ئیسلام و ئیسلامیەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکە بگۆڕن و گۆمەکە بشڵەقێنن و وەک کردیشیان ، یان مسوڵمانێکی ساویلکە لە توڕەییدا پەلاماری پۆلیس بدات پەلاماری شوێنە حکومیەکان بدات و پێی وابێت ئەمەیە دەلیلی خۆشەویستی بۆ دین ، هەر بۆیە بە باشە لەسەر مسوڵمانان ناکەوێت .
دەرەنجامە خراپەکانی خۆپیشاندانەکەی شاری هەولێر چەند ئەگەرێک هەڵ ئەگرێت
١_ پارتی وەک هێزی یەکەم لە هەولێر و دەسەڵاتی بەدەستە ، مەبەستی بووە لە ڕێگای یەکێک لە دەزگاکانیەوە کۆمەڵێک مسوڵمان توڕە بکات و بیانڕژێنێتە سەر جادە ، و وەزعەکە بشەڵەقێنێت .
٢_پارتی مەبەستی بوە دەزگاکانی ڕاگەیاندن مەشخوڵ بکات بەم باس و خواسەوە و مسوڵمانان و ئیسلامیەکان بە توندڕەو و گێرەشێوێن بناسێنێت ، ئەگەرچی گومانی ئەوە ئەکرێت کە بشێک لە خۆپیشاندەران سەر بە هێزەکانی زێرەڤانی و پارتی بوبن و بە جلی مەدەنیەوە ، وە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکەیان گۆڕی و کاری گێرەشێوێنیان ئەنجام دا ، بۆئەوەی پارتی بەو بیانوەوە ئیسلامیەکان و کەسە دیارەکان دەستگیر بکات و کەمێک مسوڵمانان چاوترسێن بکات.
٣_بۆ ئەوەی دووهەمین ساڵیادی تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان بکەوێتە پەراوێزەوە و ڕوپەڕی ڕۆژنامەکان و باس و خواسی خەڵک بابەتێکی دیکە بێت ، چونکە پارتی و زێرەڤانی ئەزانێت کە خەڵکی کوردستان ئەو زوڵمەیان بیر ناچێتەوە کە پارتی دژ بە سەردەشت ئەنجامیدا و تیرۆریان کرد .
٤_کاریگەری کۆنگرەی شەشەمی یەکگرتوو پارتی خەجاڵەت کرد ، ویستیان ئەو کاریگەریە لە دڵی خەڵک و ڕۆشنبیراندا بسڕنەوە ، چونکە کۆنگرەی شەشەمی یەکگرتوو لە کەش و هەوایەکی زۆر دیموکراسی و شەفافدا ئەنجامدرا و بە سەرکەوتووی کۆتایی هات ، لە درێژایی مێژووی سیاسەتی پارتیدا شتی وا نەبووە ، بۆیە ئەمە بویە مایەی ئەوەی سەردڵیان بگرێت و بەدوای پینەکردنی خەجاڵەتیەکەیاندا بگەڕێن .
کۆمەڵی ئیسلامی لەم نێوەندەدا
پێویست بوو سەرکردایەتی کۆمەڵ و بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر بەشداری خۆپیشاندانەکەیان نەکردایە ، هەرچەندە زۆرێک لە مامۆستایانی ئاینی سەر بە کۆمەڵی ئیسلامیش بەشدار بوون لەخۆپیشاندانەکەدا ، چونکە عەقڵیەت و حیکمەتی حیزبێکی ئیسلامی دەبێت زۆر لەوە گەورەتربێت کە بەناو نوسەرێکی دەم ڕووت سەرکردایەتی حیزبێک بێنێتە جۆش و خرۆش و توڕەیان بکات و دەریانپەڕێنێتە سەر شەقام ، ئەگەر ئەم هەڵوێستەی سەرکردایەتی کۆمەڵ بۆ ڕاکێشانی جەماوەرە و بۆ جوڵاندنی لایەنی عەتف و عاتیفەی خەڵکە ئەمە کارێکی ناجۆرە ، وە ئەگەر بۆ بەرگریشە لە دینی ئیسلام ، کۆمەڵ ئەیتوانی وەک هێزێکی سیاسی چەندین شێوە ڕێگای دیکە بگرێتەبەر کە ئامانجی باشتری ئەدا بە دەستەوە ، چونکە کۆمەڵ خاوەنی ٤ ئەندام پەڕلەمانە لە پەڕلەمانی کوردستان ، وە هێزێکیش نیە توانا و دەسەڵاتی هیچی نەبێت و قسەیان هیچ نەڕوات ، هەموو ئەمانە وایان کرد هەڵمەت گۆران بناسرێت ! وە مافی پەناهەندەی لەو وڵاتە مسۆگەر بکات ، بۆیە دیسانیش دەیڵێمەوە پێویستە مسوڵمانان زۆر لەوە حەکیمانەتر بڕواننە مەسەلەکان و کێشەکان بە حیکمەتەوە چارەسەر بکەن ، نابێت مسوڵمانان بهێڵن دەسەڵات وەک داردەست بەکاریان بینن (خوای گەورە خۆی ئەم دینەی ناردوە و هەر خۆشی ئەیپارێزێت)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە