عەدالەتی سەدام لە کەلار
Saturday, 21/12/2013, 12:00
1918 بینراوە
گەر بیرەوەریم هەڵە نەکات و لاشم وایە هەڵەکردن لەگێرانەوەی ئەم چیرۆکە هەڵەی گەورە نین ، مەگەر شوێن و ناوەکان هەڵەبن.
باوکم ئەم چیرۆکەی لە ناسیاوێکی کەلاری بیستوو کە بۆی گێڕابوەوە ، ساڵانی هەشتاکان سەرۆکی مونەزەمەی بەعس لە کەلار بە ئۆتۆمبێلەکەی لە ئۆتۆمبێلی کەلاریەک ئەدات و شوفێرەکە (مابوو یان مردوو?) ، هەموو زیانی ڕووداوەکەی لە باوکی کەلاریەکە سەندبوەوە کە بێ تاوانیش ببوو لە ڕووداوەکە.
باوکی ئەو کوڕە هەست ئەکات ئەمە غەدری گەورەیە و لێی کراوە و بە تەگبیری دۆستێک ئەگاتە سەدام ، لەو دیدارانەی کە بۆ هاووڵاتی هەیبوون.....
پاشان هەموو پارەکە و بە قەرەبووی کوڕەکەشیەوە وەرگرتەوە و سەرۆکی مونەزەمە لە کەلار دوور خرایەوە و لە پلەکەی داماڵرا و (گیرا یان نا)
ساڵی ١٩٨٥ یش لەسەر سکاڵای تەجنیدی سلێمانی حەفتەیەک لە سجنی سەرەوە گیرام، ئەو کاتە ٣ کەسی لێ بوو کە برا و ئامۆزا بوون و لە گوندی (گردە نازێ یان ناوگردان) پیاوێکیان کوشتبوو و ژنەکەشیان ئەتکردبوو ، دزیشیان لەماڵەکە کردبوو، ئەمانە مەفرەزە خاسەی بەعس بوون و دوا جار بە سێدارە مەحکوم کران و لەموسڵ ئیعدامیان کردن.. سەریان سفر کردبوون و بۆ موسڵ ڕەوانە ئەکران، شەوانە پاش ئەوەی ئێمەیان ئەکردەوە ژوورە وە، سەهۆڵاوەکەی کە مابوەوە ئەیان کرد بەسەری هەرسێکیانا و مفەوز یان معاونێکی کورد بە کێبڵ لە تەوقی سەریانەوە ئەیان کووتان بە بەرچاوی هەموو بەندیەکانەوە.
ئێستا لە کەیسی کاوە گەرمیانیدا دەسەڵاتی کوردی و بەتایبەت یەکێتی ئەتوانێ هیچ نەبێ لەم کەیسەدا عادل بێ وەک حاکمێک لەنێوان خەڵک و کورەکانی خۆیدا خەڵک هەڵببژێرێت،
شێرکۆ بێکەسی نەمر ووتەنی ئەم نیشتمانە تاقە جارێ پێی لە گوناحێکی خۆی نەناوە
.
تێبینییەکی بچووک
لە ئاداری ساڵی 2003 کە ئەمریکا پەلاماری ئێراقی دا بۆ رووخانی ڕژێمی بەعس لە دوو بۆنەی جیادا ئەو پرسیارەمان لێکرا هەڵوێستی ئێوە چیە.
یەکەم لە دادگای مالمۆ پێش دەستپیکردنی دادگا لەسەر ئەوەی من خوشکەزایەکی هەتیوم وەک کوڕی خۆم هێنابوو بۆ سوید،، ئەو پارێزەرەی بۆ بەرگری ئێمە هاتبوو پرسی رای ئێوە چیە لەسەر پەلاماری ئێراق و جاری دووەمیش مامۆستاکەمان لە کۆرشی زمانی سویدی لەڕۆسنگۆرد کە ناوی ئاننا بوو هەمان پرسیاری کرد.
هەر ئەو وەڵامەم دانەوە کە ووتم .. من باوک و دایکێک و خوشکێکم لەوێن .. گەر ڕۆکێتێکی ئەمریکی لەخانووەکەیان بدا بەمەرجێ سەدام بڕوخێ بۆمن ئەوە هەموو شتێکە
شێرزاد عەزیز
سەنووسەری مالمۆکورد