ئەخلاقى زەكەریا.
Thursday, 22/07/2010, 12:00
بڵند چیایى
زەكۆ گیان سڵاو .. هیوادارم دڵت بە ئاشكراكردنى ڕاستیەكان نەڕەنجابێ , دەبێ ئێمە كارێك بكەین ئێوەو نموونەكانى ئێوە لەو وڵاتە , دەست و پێوەند و پشت و پەناكانتان هێندە ڕیسوا بكرێن , جارێكى دیكە ڕووى ئەوەتان نەبێ چارەى خۆتان نیشانى ئەو خەڵكە بدەن و نەتوانن سەرو سامانیان وا بە نوێژى نیوەڕۆ بدزن.
زەكۆ گیان بە پرسیارەكانم دەست پێ دەكەم و دەڵێم: خێرە دەرگاى هەموو وەزارەتەكانى ئەو حكوومەتەو بەرپرسانى هەردوو پارتى دەسەڵاتدار بۆتۆ لەسەر پشتە و هونەرمەندانى بەستەزمانى دیكەش لە خەونیشدا بەرپرسێكى ئەو وڵاتە ناتوانن ببینن خەمەكانى خۆیانیان بۆ بدركێنن , تا دەشمرن كەسێك ئاوڕێیان لێ ناداتەوەو نایەنە سەر گۆڕ و پرسەكەشیان , تۆ ئەستێرەى هونەرى ئەو وڵاتەى؟ یان ئیشى دیكەیان بۆ دەكەى لە پشتى پەردەوە؟ ئەى بۆ پێم ناڵێى وەزارەتى شارەوانى و دەستەى وەبەرهێنان بۆ هێندە بۆتۆ ڕووخاون؟ بۆ پرۆژەكانتان بۆ چركەیەكیش ڕاناگرن؟ ئەوانیش دەكەى بە شەریكى گەندەڵى و دزیەكانى خۆت؟ یان جەنابى (هەورامى) لە پشتەوەى بەڕێزتانەوەیە , ئەو هەورامیەى نێچیرڤان بارزانى لە خەڵكى هەژارى ئەو وڵاتە كردە خەون نەوەك پوخڵەوات و گەندەڵیەكانى ئاشكرا ببێ , چونكە مومكین نەبوو ئەوەیان لێ قەبول بكرێ .
ئەى پێم ناڵێى تۆ هونەرمەندێكى زۆر موهیمى یان دزە گەورەكانى وڵاتى كە هەر چركەو كاتێك دەرگاى فرۆكەو فرۆكەخانەى هەولێر بە هەموو كارمەندانییەوە بە سوكریتیەوە لە خزمەتى جەنابتانە؟ ئەى كێ ئەو دەسەڵاتەى بە تۆ داوەكە بتوانى هەڵفڕینى فڕۆكەكان بە دەیان موسافییرەوە لە سەفەركردن ڕابگرى تا مەشروب خواردنەوەت لەگەڵ میوانە (ڕەزا سووكەكانت) تەواو دەبێت .
ئەى پێم ناڵێى كەى تۆ جێگەى كەریم سنجارى وەزیرى تیرۆریستی ناوخۆت گرتۆتەوە و بووى بە وەزیر و ئەو هەموو پاسەوانە دەوریان داوى ؟ یان بە هەڵە لە مەسەلەكە گەیشتووى وا دەزانى بەو حاڵە خەڵكى ڕێزت دەگرێ؟ئەها بیرم چوو .. ئەو پاسەوانانە كێ بۆى داناوى ؟ خۆت بە كرێیانت گرتوون ؟ یان برادەرانى سەرێ؟
زەكۆ گیان ڕەنگە مەسەلەى كڕینى فڕۆكەكەشت ببێ بە ڕاستى و فڕۆكەیەك بۆ خۆت بكڕى , ئەى ئەوە نییە سامانى ئەو وڵاتە خراوەتە خزمەتى جەنابتەوە؟ خۆ ئەگەر ئەو پارەیەى كە بەرپرس و خوێن مژو دزەكان دەیخەنە گیرفانى تۆوە , بەشى تەواوى خەڵكى هەژارى ئەو وڵاتە بكات.
پێ دەچێ لەو ماوەیە دەست بە دروستكردن و دامەزراندنى میدیایەكى پرۆفیشناڵ بكەیت و ئەو حاڵە شڕەى میدیاى كوردى گرتۆتەوە چارەسەر بكەیت بەو هەموو عەقڵ و تێگەیشتن و بیركردنەوە جوانانەى كە هەتەو هەموو ڕۆشنبیرانى وڵاتت سەرمام كردووە , ڕەوشەكە بگۆڕى و بیكەیت بە سەردەمێكى نوێ لە ژیانى ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان , پێشتر ئەو بەڵێنەت دابوو , هیوادارم ڕاست بێ , بەڵام تخوا بیرێك لە ڕۆژنامەنووسە چەلاو خۆرەكانى خۆشت بكەوە لەو پرۆژە جوانەى ڕاگەیاندت.
زەكۆ گیان ... زۆر دڵم بۆت دەسووتێ كە دەبینم لە میدیا جار جارە هێندە بە نەفامى و نەزانى قسە دەكەى , تۆ بیرێكت لە خۆت نەكردۆتەوە كە تۆزێك خۆت ڕۆشنبیر بكەیت و دوو وشە لە كتێبێك بخوێنیتەوە كە بتوانى لە نێو هاوڕێ دزەكانت دوو قسەى جوان بكەیت و خۆت لەوان جیا بكەیتەوە كە دزێكى موسەقەف ترى؟ ئەو خەڵكە بەستەزمانە وا دەزانێ كە تۆ هونەرمەندێكى زۆر موهیمى بۆیە لە میدیاكان دەرناكەوى تەنها لەگەڵ ڕۆژنامەنووسە چەلاو خۆرەكانى خۆت نەبێ , بەڵام مخابن كە نازانن تۆ لە نەفامى و نەزانینى خۆتەوە , كە نازانى دوو وشەى جوان دەرببڕى , بۆیە شەرم دەكەى خۆت نیشانى ڕۆژنامەنووسان بدەى.
زەكۆ گیان: بڕوا بكە كە لە تەلەڤزیۆنەوە تۆم بینى فەلەكەدین كاكەیى بەو هەموو جوانیى و سەقافەتەى خۆیەوە ملوانكەى زێر بە ملتەوە دەكات , زانیم بەستەزمانە زۆر خراپ تێى كەوتووەو خەڵاتەوە , چونكە ئەو فیستیڤاڵەى كە لە هەولێر لەسەر حیسابى دزیەكانى خۆت و پارتى بە هاوكارى لقى 2 بۆخۆت سازت كرد , وەك هەمان بەزمى فیستیڤاڵى سوید بوو كە جگە لە خۆت , كەسێكى دیكە لەو فیستیڤاڵە نەبوو , هەر خۆت درۆى شاخدار و ڕێكلامى پێكەنیناوى بۆ خۆت دروست دەكەى وەك ئەوەى خەڵك لە گوێى گادا خەوتبێ و نەزانێ چ كەسێكى بێ شەرم و ڕسواى و خۆت لەسەر حیسابى گیرفانى خۆت ئەو فیستیڤاڵانە ڕێك دەخەى نەوەك خەڵك زوو تۆى بیر چێتەوە كە چەند فاشیلى , وەك ئەو بەرهەمە كرچ و كاڵەى دوایت كە هەمووى هەفتەیەكى نەبرد خەڵك خستیە تەنەكەى زبڵەوە.
زەكۆ گیان : دەزانى ئەو رۆژانە بەسەر چوون تۆ خۆت بە سەروەرەى هونەرى گۆرانى و موزیكى كوردى بزانى , ئەو گەنجانەى ئێستا دێنە گۆڕەپانەكە , تۆو ئەوانەى چاویان لە هونەرى سەقەتى تۆ كرد , دەخەنە قەفەسێك كە شەرمى ئەوە بكەن جارێكى دیكە بە دەنگى نەشازتان خەڵكى بێزار بكەن.
زەكۆ گیان : شەرمت لەخۆت نەكردەوە كە خۆت لە تەلەڤزیۆنەكان بینیەوە ڕێكلامت بۆ هەڵبژاردنى دوو حیزبە دزەكە دەركرد, تفت لە چارەى خۆت نەدەكرد , لە خۆت نەدەپرسى كە بۆچى حەزى پارە هێندە ڕسواى كردى؟ ئەى تۆخۆت بە هونەرمەندى ئەو كوردستانە نەدەزانى؟ كەچى پارە دزراوەكان كە پارتى و یەكیًتى خستیانە گیرفانتەوە كوێرى كردووى؟ وابزانم ئەو خانووەى كە لە پیرمام دروستت كردووەو چەند ساڵە پارەى دزى لێ سەرف دەكەى , پارتى بەرامبەر نۆكەریت و ڕیسواییت بۆتى دروست دەكات.
تۆ پێشرەوى بە تورك كردنى گۆرانى و میوزیكى كوردى بوویت , شانازیش بەوە دەكەیت , ئەوە نییە بە شانازیەوە بەرنامەیەكى ئابڕو بەرانەت بەناوى فیلمى دیكۆمێنتیەوە لەڕێگەى چەند نۆكەرێكەوە بڵاو كردەوە , تێیدا خۆت و بەچكە ئەتاتوركەكانى دیكەش باس لەو بەرهەمە دەكەن كە تەمەنى تەنها هەفتەیەك بوو , وەك ئەوەى كارێكتان كردبێ كەسى دیكە پێى نەكرابێ, نەتان زانى هەزار تف و نەعلەتتان لێ دەكرێت لە برى دەستخۆشى , من هێندەى خەمم لەوە خوارد كە تۆ نازانى فیلمى دیكۆمنتى چییەو خۆت بە هونەرمەند دەزانى , ئەوەندە خەمم لەوە نەخوارد كە بەرهەمەكەت بەرهەمى تەنەكەى زبڵ بوو, چۆن نەتتوانى ئەوە بزانى كە فیلمى دیكۆمێنتى كۆمەڵێك بنەماى تایبەت بە خۆى هەیە؟ ئەى تۆ بێزت نایە لەگەڵ هونەرمەندان و دەرهێنەرو وێنەگرانى كورد كار بكەى , چونكە پێت وایە ئەوان نەزانن و دەبێ لە توركەكان فێرى كاربن , كەچى تا ئێستا فیلمى دیكۆمێنتى و ڕێكلامێك لەیەكتر جیا ناكەیتەوە .
زەكۆ گیان ... تۆ بەسەرچووى , ئەو زەكەریایەى پێشتر خەڵكى وەك سەركردەیەكى نەتەوەیى و نیشتیمان پەروەر و دڵسۆز دەیان بینى , ئەوە نەماییت, ئێستا هەموو ماڵى دونیا هى تۆ بێ , ناكاتە لەدەستدانى گەنجێك كە پێشتر بە ئەشقەوە گوێى بۆ بەرهەمەكانى تۆ دەگرت , هەموو موڵكى دونیا ناكاتە هاوارى گەنجێك كە پڕ بە قوڕگى لە ئاهەنگەكانتدا دەیگوت: زەكەریا... زەكەریا , پارەو سامان ئەو خۆشەویستیەى بۆتۆ دروست نەكرد , بەرهەمە جوانەكانت هەزاران هەزار گەنجى ئەو وڵاتەى لە دەورتدا كۆكردەوە , بەڵام هێشتا پاروى حەرامى پارتى و یەكێتى نەچوبووە قوڕگتەوە , كە خۆت بە موڵكى گەنجانى ئەووڵاتە دەزانى , چۆن بوو توانیت گۆرانى بۆ هەڵبژاردنى پارتى و یەكێتى بڵێى لە هەڵبژاردندا , كەچى نەت توانى و جورئەتى ئەوەت نەبوو وەك هونەرمەندێكى گەنج , ناڕەزاییەك دەرببڕى بەرامبەر كوشتنى گەنجێكى بێ تاوانى ئەو وڵاتە كە چەند ڕۆژێك بوو ئاهەنگى دەرچوونى كۆلیژى بەڕێكردبوو , ئەوە ئەركى كەسێكى وەك تۆ نەبوو بێیتە سەر شاشەكانى تەلەڤزیۆن , داوا لە حكوومەت و پەرلەمانى بێ خەبەرى كوردستان بكەى بكوژانى زەردەشت عوسمان ئاشكرا بكەن ؟ ئەى ئەگەر كەسێكى وەك تۆ ئەوە بە ئەركى خۆى نەزانێ ؟ ئەى كێ ئەو ئەركە لەبرى ئێوە جێبەجێ بكات؟
یان تۆش بەشێكى لەو تاوانە گەورە؟ دڵنیام بەرپرسە خوێن ڕێژەكانى ئەو وڵاتە لاى تۆ لەسەر مێزى خواردنەوەت زۆر بە پێكەنینەوە باسى تراژیدیاى تیرۆركردن و لە خوێن گەوزاندنى ئەو گەنجە بوێرەیان كردبێ , تۆش گوێت بۆیان شل كردبێ و بەدرۆ بەڕوویاندا پێكەنیتەوە نەوەك پرۆژەكانت لێ بسێننەوە , نەت گوتووە ئێوە ئەگەر ئەمڕۆ دەستتان بە خوێنى گەنجێكى بوێر سوربووبێت , ئەوە سبەى هاوڕێ و هاودەمانى ئەو و ئەو خەڵكە زوڵم لێكراوە , دەتان خەنە بەر پەتى سێدارە , ئەوەى سەددام بەخۆیەوە بینى , ئێوە خراپترى پێوە دەبینن , چونكە ئێوە تاوانێك دەكەن زۆر لە تاوانەكانى بەعس گەورەترو دڕندانەترە , نازانم چ دڵێكت هەیە بتوانى خۆت لەڕێگەى ئەو گەنج كوژ و خوێن مژانە دەوڵەمەند بكەى؟
ئومێدێك لە تۆ نابینم , خۆم بێ هودە ماندوو دەكەم , كەسێك نانێكى حەرامى خواردبێ , دەبێ دەستى لێ بشۆیت تا ڕۆژێ لە ڕۆژان دەكەوێتە بەر نەعلەتەى خواى گەورەو ئەو میللەتە , تۆش چاوەڕوانى ئەو نەعلەتەى خوا بكەو ڕیسوایى و شەرمەزارى خۆت بە چاوەكانت ببینە , دڵنیام پەشیمانیش دەبیتەوە , بەڵام ئەو كاتەى تۆ پەشیمان دەبیتەوە , شتێك نامێنێ ئومێدت پێى هەبێ.. بە نیازى دیدار زەكۆ گیان .. بە نیازى دیدار..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست