کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چیرۆكى ئەو قوتابیەى بڕیاریدابوو قوتابخانە بەجێبهێڵت!!

Tuesday, 24/08/2010, 12:00


(ئ.ح)رۆژانە بەبەردەوام دەهاتە ئیدارى قوتابخانەو داواى مۆڵەتى دەكرد هەر رۆژەو بەبیانویەك رۆژێكیان دایكى نەخۆشەو رۆژێك سەرى دەهێشێت و رۆژێك دەڕۆنە فڵان شوێن....ئەگەر سەیرى سیماو روخسارت بكردبوایە تەواو لەوە دەگەیشتى ئەو كوڕە كێشەیەكى هەیە بەڵام نایدركێنێت تاوەكو رۆژێك دڵتەنگیەكەى گەیشتە ترۆپك و بە گریانەوە خۆى بە ئیدارەى قوتابخانەدا كرد داواى كرد مۆڵەتى بدەینێ سەرەتا بە تەواوى لە فرمێسكەكانى دڵنیانەبووین چونكە زۆر جارى دیكە بۆ مۆڵەت هاتبوو بەڵام ئیدارەى قوتابخانە داواى بەرپرسى لێدەكرد تاوەكو مۆڵەتى پێبدات ئەو فرمێسكانەشى گومانى ئەوەى لێدەكرا بۆ وەرگرتنى مۆڵەت بێت بەڵام دواى ئەوەى بردرایە ژوورێكى تەنهاو لەگەڵیدا دەستمان بە گفتووگۆكرد تەواو لەوە تێگەیشتین كە ئەو كوڕە بەهۆى گرفتى خێزانى زۆر لەماڵەوە دووچارى گرفتى دڵتەنگى هاتووە بەردەوامیش لەبەر نەبوونى و هەژارى خۆى بە قوتابیانى هاوپۆلى بەراورد كردووە تاوەكو دەرئەنجام قوتابخانە بۆ ئەو نەبووەتە شوێنێك تاوەكو لێوەى ئاراستەى ژیانى بگۆڕێت بەڵكو بووەتە شوێنێك بۆ زیندانكردنى دڵ و دەروونى ئەو، ئەو رۆژە لەگەڵیدا كەوتینە گفتوو گۆ !!!
توێژەرى كۆمەڵایەتى : (ئ) بۆ دەگرى ؟
(ئ): مامۆستا بێزارم زۆر بێزارم!!
توێژەرى كۆمەڵایەتى : لە چى بێزارى ؟
(ئ): لە هەموو شتێك!!
توێژەرى كۆمەڵایەتى : چۆن مرۆڤ لە هەموو شتێك بێزار دەبێت لە كاتێكدا چارەسەر بۆ زۆرێك لە شتەكان مرۆڤەكە خودى خۆیەتى نەك شتەكان.
(ئ) لە گەڵ ئەو قسەیەدا كەمێك هاتەوە سەرخۆى و فرمێسكەكانى سڕى
.
توێژەرى كۆمەڵایەتى "(ئ) گیان ژیان ئەوە نییە هەموو شتێك بە دڵى ئێمە بێت، بەڵام دەكرێت خۆمان لەگەڵیدا بگونجێنین و تام لە شتەكان بكەین، هیچ مرۆڤێك نییە لەسەر ئەو گۆى زەوییە هەموو ژیانى بە خۆشى بردبێتە سەر ئەگەر خۆشى هەبێت ناخۆشیش هەیە، خۆ ناكرێت هەموو رۆژێك شایی و پێكەنین بێت، مرۆڤى گەورە ئەوكاتە دەردەكەوێت كاتێك دەكەوێتە تەنگژەوەو خۆڕاگرانە بڕیار دەدات بەرگەى بگرێت خۆ ئەگەر مرۆڤ لەگەڵ كێشەكاندا چۆك دابدات ئەوە ئەوان رەحمیان نییە و بە ویستى خۆیان مرۆڤى بێئیرادە داگیر دەكەن.
(ئ) : راستە مامۆستا بەڵام من زۆر بێزارم نازانم چى بكەم، كێشەى من باوكمە باوكم .
توێژەرى كۆمەڵایەتى : كێشەى تۆ باوكتە و كێشەى ئێمەش دایكمە .
(ئ) : مامۆستا دایك چییە، بۆ كێشەت هەیە لە گەڵى ؟
توێژەرى كۆمەڵایەتى : دایكم نەخۆشە و ماوەى دوو ساڵە جەڵتە لێیداوە خۆزگە یەك جارى تر (ئ) گیان دەمبینیەوە وەكو جاران بەڵام بە داخەوە پزیشكەكان دەڵێن باشتر دەبێت بەڵام هەرگیز چاكنابێتەوە.
توێژەرى كۆمەڵایەتى : باوكى تۆش نەخۆشە .
(ئ) نا مامۆستا باوكم نەخۆش نییە باوكم بووەتە بەڵا بۆ ماڵەوە بەردەوام شەڕمان پێدەفرۆشێك كێشەمان بۆ دروستدەكات لەگەڵ ئەوەش كارەكەى دەیكات خزمەتگوزارى بەردەرگاى ماڵانەو قوتابیەكان زۆرجار وا هەست دەكەم بە ئیهمالییەوە قسەم لەگەڵ دەكەن، جگە لەوەش جگەرە زۆر دەخوات و بۆنى ژوورەوە زۆر ناخۆش دەكات.
توێژەرى كۆمەڵایەتى : (ئ) گیان ئەوانەى باستكردن هیچیان گرفت نین خۆت بۆ خۆت گەورەت كردوون، ئەگەر نا كەسایەتى زۆر گەورە هەیە پێشووتر باوكى كەمئەقڵ و كارى زۆر خراپترى كردووە تەنانەت سواڵیشى كردووە بەڵام ئێستا ئەو زۆر كەسێكى گەورەیە .
بەهەر حاڵ ئەوە گفتووگۆیانە بەردەوام بوون ئەو رۆژە (ئ) بڕیاریدا بەسەر خۆیدا بچێتەوە و بەردەوام بێت لە خوێندن.
بەیانى ئەورۆژە ناوى (ئ) بە نەهاتوو لەلایەن مامۆستاكانەوە بۆ ئیدارەى قوتابخانە هێنرا، دەركەوت (ئ) بڕیاریداوە خوێندن بەجێ بهێڵێت، ئەوەى گرفتى گەورەى بەجێهێشتنەكەشى بوو (ئ) لە كۆتاییەكانى ساڵى خوێندنى (2008_2009) دا بوو، هەر ئەو رۆژە سەردانى ماڵى (ئ) مان كرد دایكى بە دڵێكى پڕو چاوى پڕفرمێسكەوە وتى "لە ماڵەوەیە بەڵام زۆر دڵى تەنگە و دەڵێت چیتر ناڕۆمەوە خوێندن، رێگەمان لە دایكى وەرگت تاوەكو بڕۆینە ژوورەوە بینیمان (ئ) خۆى لە ژێر جێگایەك ناوە، راستیەكەى خەوى لێنەكەوتبوو، بەڵام نەمانویست زیاتر لەوە سەربخەینە سەرى لە ژوورەكەدا بە دایكمان وت "مادام خەوتووە كاتێكێكى تر دێینەوە ".
سبەینێى ئەو رۆژە پەیوەندیمان بە پۆلەكەى (ئ) كرد بەڵام دووبارە نەهاتبوو، ئێوارەى هەمان رۆژ سەردانى ماڵیانمان كرد، دواى سڵاوو چوونە ژوورەوە (ئ) لە ژوورەوە بە دڵێكى تەنگەوە دانیشتبوو چوینە ژوورەوە و لەگەڵیدا كەتینە گفتووگۆ باسى ئەوەمان نەكرد كە بۆ نە هاتووە پرسیارى چەند شتێكمان لێكرد كە پەیوەندى بەخوێندنەوە نەبوو بەڵام (ئ) خۆى دواى ئەوە وتى "مامۆستا تاقەتى خوێندنم نیە زۆر بێزارم، نازانم بە مەكتەب زۆر دڵ تەنگ دەبم لە ماڵەوەش هەر دڵم تەنگە ".
توێژەرەرى كۆمەڵایەتى : دەكرێت (ئ) گیان بە بێ پێچ و پەنا پێمان بڵێت گرفتت چییە؟
(ئ) : راستیەكەى مامۆستا باوكم زۆر سەردەخاتە سەرم جگە لەوەش هیچ شوێنێك نییە دەرسى لێبخوێنم ماڵەوەمان بچوكە خۆت دەبینى دوو ژوورى بچوكە ئێمەش زۆرین، ئەو شەوانەى ئیمتحانم هەبێت ئەگەر سەرماش بێت لەبەر دەنگە دەنگى ماڵەوە دەرۆیشتمە سەربان دەمخوێند،...زۆر شتى تریشى باسكرد.
ئەو رۆژە گفتووگۆكانمان لەگەڵ (ئ) بەردەوام بوو بەڵام بەڵێنى ئەوەى پێنەداین بگەڕێتەوە قوتابخانە .
لەرێگەى قوتابیەكى نزیكى (ئ) كە ناوى (ز) بوو ئامۆزاى بوو داوامان لە باوكى (ز) كرد پەیوەندى بە باوكى (ئ) بكات و لەو گرفتانەى كوڕەكەى ئاگاداربكاتەوە بۆ ئەوەى تێبگات كوڕەكەى بۆ وازى لە خوێندن هێناوە، چونكە بۆ (ئ) سەخت بوو ئەو شتانە بە باوكى بڵێت بۆ ئێمەش خۆش نەبوو لەبارەى شەڕوئاژاوەكانى لە ماڵەوە قسەبكەین یان لەبارەى زۆرى جگەرە خواردن و سەرنانەسەر كوڕەكەى، ئەوەبوو باوكى (ز) ئەو ئەركەى پێى سپێردرابوو بە باشى جێبەجێى كرد تەنانەت بەڵێنى لە باوكى (ئ) وەرگرت كە زەویەكیان هەیە بیفرۆشێت و خانوویەكى رێك لەشوێنى ئەو خانووە دووژووریە بچوكە دروستبكات بە مەرجێك (ئ) بخوێنێ .
دواى ئەو بەڵینە پەیوەندیمان بە (ئ) كرد گفتووگۆكان دەستیان پێكردەوە ئەو رۆژە كە ئەو بەڵێنانەمان بە (ئ) دا كە باوكى بە براكەى خۆیدابوو (ئ) شێوەو روخسارى گۆڕاو بەدڵێكى خۆشەوە بەڵێنى پێداین بگەڕێتەوە خوێندن، بەڵێنى ئەوەشى دا تەحەمولى ئەو ژیانەى بكات و بەهەر شێوەیەك بێت ئەمساڵى خوێندن بەرێبكات.
(ئ) ئەوساڵى خوێندنى بە پلەیەكى كەم بەرێكرد بۆ ساڵى دواتر هاتەوە قوتابخانە خۆى سەردانى كردین و لەگەڵیدا كەوتینە قسە پرسیارمان لێكرد چۆنیت و باوكت چۆنە ؟ وەڵامەكانى بۆمان خۆشبوو وتى زۆر باشم و باوكم وەعدەكانى جێبەجێكردووە وتى "وا خەریكە خانوەكەمان تەواو دەبێت و ژوورێكیان بۆ خۆمان دادەنێم، ئێستا زۆر باشم".
ئێستا (ئ) پۆلى پێنجەمى ئامادەییەو لە قوتابیە باشەكانى قوتابخانەكەمانە.
بەهیواى سەركەوتن بۆ هەموو قوتابیەك.
: توێژەرى كۆمەڵایەتى لە ئامادەیی ئەحمەدى خانى*

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە