کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو مۆمەى تۆ هەڵت كرد تائێستاش تاریكى ناخى گەندەڵكارن ئاشكرادەكات بۆچلەى سەركردەى گەنج (سۆران ساڵح حسێن)

Sunday, 13/09/2009, 12:00


مۆمێكت لەتاریكى شارێكدا پێكرد , تەنها بۆئەوەى لە تاریكى مۆرڤ كوژەكاندا گەنجانى شار هەناسەكانیان ئازاد بكەن , ئەو مۆمەى تۆ هەڵت كرد تائێستاش تاریكى ناخى گەندەڵكارن ئاشكرادەكات , بە هۆتافەكانت گوێى بەرپرسانى شارت كەڕ دەكرد  تا بۆئەوەى بەهۆشى خۆیان بێنەوەو چى دیى یارى بەچارەنوسى مرۆڤەكانەوەنەكەن , لەبرى گوێرایەڵى بۆ بەڵێنى بەرپرسان , هاوڕێیەتى گەنجە یاخیى بوەكانت لەدەسەڵاتى كوردى هەڵبژارد , تاژمارەیان زیادبكەى , هەربۆیە (سۆران گیان) وەك سەرۆك یادمان كردیتەوە .
 چل شەوە ئەستێرەیەك لەئاسمانى بەختەوەرى هاوڕێكانمدا ون ون بەشیوێن خۆیدا دەگەڕى , چل ڕۆژە سیماى شار و كۆڕى ڕۆشنبیران بێدەنگ بَیدەنگ ئاوێزانى دەریایەك لەغەم بون و كەسێك نییە سیماى شار پڕبكات لەخەندەو زمانى پڕلە داهێنان و ئازایەتى ڕۆشنبیرەكان لەگەڵ دیالۆگدا ئاشت بكاتەوە, تا وەك هەمو جارێك ببنە یەكەمین كەسانێك لەسەر ئاستى كوردستاندا بەپڕۆژەكانیان ئومێدێك بەژیان بەخشنەوەو خورپەیەك بە دلێً پڕ لە بەدڕەوشتى بەرپرسە گەندەڵكارەكانى شاردا بهێنێـت  و هێندەى تر بچوكیان بكاتەوە ... چل ڕۆژە ئەو بەرپرسانەى پێكەوە فێرمان كردن كە هەموشتێك پارەو  كورسى و ئافرەت  نییەو ژیان بێ تێگەیشتن لەماناى هەقیقەت هیچ بەهایەكى نییە , ئەمڕۆ چل ڕۆژە ئەوان بەختەوەرن بە ئاوابونى ئەستێرەى یەكێك لەسەرسەخترین دوژموناكانیان , ئێمەش غەمبارترین مرۆڤ و هاوڕێ تین (سۆران) گیان .
 سۆران گیان دڵم پڕە لەژان , هێشتا ناتوانم بڕوابەوەبكەم كە بۆدواجار تەنها بەچاوان و بە ئاماژەیەك وتت " هاوڕێم ئیدى تەواو ناتبینمەوە " ئەوەچى جورئەتێك بو سۆران گیان كە دەتزانى لە گەڵ نهێنى خۆشەویستە دڵ شكاوەكەتدا بەرەو ناخى گڵ دا ئۆغر دەكەیت و بەپێكەنینەوە دەتوت " هاوڕێم چاودیریان بكەن بزانن تاچەند ساڵى تر لە تاقى كردنەوەى ڕەوشتدا ئەو بەرپرسە شەهوەتیانەى شار  ئیكمال دەبن " .
 سۆران گیان هێشتا كارمان زۆرمابو تا ئەنجامى بدەین , هێشتا بەرپرسە نابەرپرسەكان  دادگاى نەكراون هێشتا پارتى و یەكێتى مل هۆڕانە سەرقاڵى دزى و سامان كۆكۆدنەوەن , هێشتا كچان و ژنان لەلایەن بەرپرسە شەهوانیەكانەوە ئەتك دەكرێن و لەدیوەخانى خێڵەكاندا بەتۆمەتى ئابڕوبردنى عەشیرەت  دەكوژرێن و دەسوتێنرێن و پارچەپارچە دەكرێن .
 سۆرە گیان , تۆ لەوێ نەبوى كەوەك سەرۆك بەڕێمان كردى , تۆ لەنەوێ نەبوى , تەنها یادگارى و  وێنەى خۆپیشاندانەكانى دەربەندیخان و سلێمانى و هەولێر و ڕۆژانى زیندانى كانى گۆمە و زیندانى سەرشەقام لەوێ بون , ئەوان شاهیدى نەمرى توى گەنج و تۆى ڕۆشنفكر و تۆى مرۆڤ بون , هاوڕێگیان توێ لەوێ نەبوى تا نرخى خۆت ببینى و بزانى ئەوەى تۆ كارت بۆدەكرد و هەوڵت بۆ دەدا چەند بەرهەم دارەو ئەو خەڵكە چۆن بە ڕێزەوە دەست لەسەرسنگ  شكۆمەندانە یادیان دەكردیتەوە .
 سۆران گیان , گوللەكانى ئاشایشى و پۆلیس نەیان توانى جەستەى پڕلە وەرت ببڕن و ئازارت بدەن ,  شەلاقەكانى ئاسایش و پۆلیس نەیان توانى هیچ ئاسەوارێك لەسەر ورەى بەرزت بەجێبهێڵن , پیلانى بەرپرسە گەندەڵ ڕەفتارەكانى شار نەیان توانى كۆتاى بەژیانت بهێنن ,  تەنها شێرپەنجەیەكى ترسنۆك نەبێـت , سۆران گیان هاوڕێ چاونەترسەكەم , لەوە دڵنیابە كە هاوڕێكانت لەجاران زیاتر باوەڕیان بەخۆیانەوە و بۆهەمیشە كارو كردار و وتەكانى تۆ بەرنامەى كاركرنەو تا كوردستان پاك نەبێتەوە لە خیانەتكار و بەرپرسى بەد ڕوشت , ئەوا ووتە جوانەكەت دەكەینە دروشمى كاركردنمان و ئێەش لەگەڵ تۆ دەڵێن " نەوەیەك بەڕێوەیە هەمیشە دژى گەندەڵى شەردەكات " .
 سۆران گیان , ئیدى كاتى ئەوە هاتەوە بنویت ؟ چونكە لەم ژیانەدا ئازرت زۆر چەشت  ,ئەونەخۆشیە كوشندەیە زۆرئازارى پێچەشتى , بنو هاوڕێگان پشویەك بە ڕۆحى هیلاك و جەستەى پڕلەبرینت بدە , توخوا بنو ئازیزەكەم دەزانم زۆرهیلاكى , بنو دەزانم تۆدەمێكە ماندوى .   
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە