کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


"په‌یامێك بۆ به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا"

Saturday, 20/04/2013, 12:00








برای به‌ڕێز كاك نه‌وشیروان،

سڵاو،
وه‌ك ئاگادارن، له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌، یه‌كه‌م ڕۆژی پاییز نیشانه‌كراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌هه‌رێم، ئه‌وه‌ش دوڕیانێكی چاره‌نوسسازه‌، كه‌ئه‌بێ پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌م هه‌رێمه‌ ڕاست بكرێته‌وه‌ یان به‌یه‌كجاری فاتیحای بۆ بخوێنرێ و پاییزی پرۆسه‌كه‌ش له‌و ڕۆژه‌وه‌ ده‌ست پێبكات.
ده‌سه‌ڵات له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌یه‌ كه‌درێژه‌ به‌هه‌ژمونی ناشیرینی خۆی بدات له‌ژێر حوكمی سه‌رۆكێكی ئه‌به‌دیدا، ئیتر به‌هه‌ر ده‌رخسته‌یه‌ك بێت.
ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌:
ئێوه‌ش وه‌ك كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بچنه‌ پێش "كه‌دڵنیام په‌سه‌ندی ناكه‌یت"، به‌پاڵپشتی ده‌نگده‌رانی گۆڕانخواز به‌گشتی و ئۆپۆزسیۆن به‌تایبه‌تی... وه‌ك ئه‌شیزانن بنكه‌ی یه‌كێتی "به‌ده‌ر له‌مه‌كته‌ب سیاسیه‌كانیان" له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی دیموكراتخواز له‌ناو پارتی "كه‌ناڕازین له‌سه‌ر درێژه‌دان ‌به‌بارزانیكردنی پارت و حكومه‌ته‌كه‌یان" و ئاماده‌ن ده‌نگ به‌كاندیدێكی وه‌ك ئێوه‌ بده‌ن، بۆ شكاندنی ئه‌و هه‌ژمونه‌ی كه‌ هه‌شت ساڵه‌ له‌سه‌ریان به‌رده‌وامه‌.
برای به‌ڕێز... چه‌ند جارێك له‌خۆتانم بیستوه‌ كه‌ئه‌ڵێن "هیچ شه‌ڕێكتان نه‌دۆڕاندوه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنه‌كانیش".. بۆیه‌ ئه‌كرێ ئه‌م هه‌نگاوه‌ش بنێن، ئه‌گه‌ر براوه‌بوین، ئه‌وا ئه‌توانن نه‌ریتێكی نوێ په‌یڕه‌و بكه‌ن به‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ له‌پۆسته‌ حزبییه‌كانتان بۆ ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌ی كه‌سه‌رۆك ئه‌بن "‌ئه‌وه‌ش‌ فاكته‌ری جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌حزب كه‌ساڵانێكه‌ هه‌وڵی بۆ ئه‌ده‌ین"، له‌م پێگه‌ نوێیه‌وه‌ ئه‌ركی گرنگ ئه‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆتان‌، به‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم دیاریكراون ئه‌توانن هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی له‌م هه‌رێمه‌ بچه‌سپێنن، ببنه‌ زامن و فلته‌ری تێنه‌په‌ڕاندنی یاسا سه‌قه‌ته‌كان كه‌به‌حوكمی زۆرینه‌ تێپه‌ڕئه‌كران له‌په‌رله‌مان.
ئه‌گه‌ر موه‌فه‌قیش نه‌بوین، ئه‌وا ئێوه‌ سه‌ركرده‌بون و ڕیزی پێشه‌وه‌ی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌و خه‌باتی ئینتیخابیتان هه‌ڵبژاردوه‌و، نابێته‌ شكست بۆتان، هه‌ر چۆن نه‌بۆته‌ شكست بۆ ئه‌و ده‌یان كاندیده‌ی وه‌ك ئێمه‌ومانان، كه‌موه‌فه‌ق نه‌بوین له‌هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كان و دنیاش ئاخره‌ت نه‌بو.
به‌پێچه‌وانه‌وه‌، هیچ كاندیدێكی تر به‌سه‌نگ و قورسایی ئێوه‌ نه‌بێت، له‌گه‌ڵ ڕێزم، ئه‌گه‌ر هه‌ڵگری ‌كۆڵێك بڕوانامه‌و خاوه‌ن كه‌سایه‌تی تایبه‌تیش بێت،‌ دوای سه‌ركه‌وتنی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان، ڕه‌ێیدی تێپه‌ڕبونی نابێت به‌ته‌نها بازگه‌یه‌كی پایته‌ختدا..
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ نه‌نێت و ته‌حه‌دای بوێرانه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌كات له‌سندوقه‌كانی ده‌نگدان، ئه‌وا جگه‌ له‌دوكانێكی سیاسی، پێگه‌یه‌كی تری بۆ نابێت پاش ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌.
دڵنیابن هیچ تاكێك له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌و ئێمه‌ش له‌ناویان ئاماده‌ی ئه‌وه‌ نین‌ چوار ساڵی تریش له‌ته‌مه‌ن به‌فیڕۆبده‌ین و بكرێته‌‌ قوربانیی بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵ... یان به‌‌به‌رچاومانه‌وه‌ وه‌زعی ڕاهین به‌رده‌وام بێت له‌سایه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵك و سیستمێكی نادادپه‌روه‌ر.
له‌گه‌ڵ ڕێزی،

ئامانج شێخ نوری
هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
19ی نیسانی 2013

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە