کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەلبوومى ڕۆژ هەڵات

Tuesday, 22/03/2011, 12:00





ڕۆژ هەڵات كچێكى سۆزانى دزراوە
لە خاكى گەمەدا
لە لەندەن، لە پاریس، لە ژنێف، لەبەرلین
عوریانەو هەركێ دێ تێر دەنوێ لە گەڵیا
ئا لەوێ
من عەشقی خەیامو باروودىو بێكەسو مەولەوىو
شیرازىو تاغوورو چى دەنگى نەمرە
لەژێر پێ ى سوڵتانى دۆلارا دەبینم
گەورەكان شاباشى دەكەنو
گەورەكان ناڵێكن بۆ سمى ئەسپێكى ناپلیۆن
گەورەكان قۆندەرەن وان لە پێ ى ئیبلیسا
چۆك دادە ....... ئۆكەى سێر
كڕنۆش بە ...... ئۆكەى سێر
دایكەنە ........ ئۆكەى سێر
فەرمانەو گەورەكان جامبازى ڕۆژ هەڵات

- 2-

من مەڕم مەڕێكى ڕۆژ هەڵات
دەى گورگى ڕۆژ ئاوا كەڵبەتان بە كار بێ
من كەرم كەرێكى ڕۆژ هەڵات
دەى ئاغاى ڕۆژ ئاوا كێتان دێ باسوار بێ
من دزم بابلو ئەهرامو شانیدەر
بەیێكێ شەمپانیا دەدزم
خوا گەلى ڕۆژ ئاوا كىِ نەوتو سامانو
ئافرەتو پیرۆزى لێم دەوێ
با پێكێ شامپانیام بداتێ
من گەورەى سەر كورسى ڕۆژ هەڵات
بەندەى خواى ڕۆژ ئاوام
بۆ ماچى هێلینا بیرێ نەوت شاباشە
بۆ مەمكى هێلینا ووڵاتێ شاباشە
بۆ سمتى هێلینا كیشوەرێ شاباشە
هێلینا كچێكى بێ ئابڕووى نێو باڕى پاریسو لەندەنە

- 3-

ڕۆژ هەڵات
ڕۆژ ئاوا !

-4-

برسێتى لە زێدى ڕۆژ هەڵات
لەپەتاى ئایدزى ڕۆژ ئاوا زۆر ترە
برسێتى لە دەنكى گەردانەى مێینەو
تەزبیحى نێرینەو فرمێسكى دایكانو
گلانى باوكانو وەیشوومە زۆرترە
برسێتى كڵاوەو بۆیمەیەو مێخەك بەن
برسێتى شارەزاى كوێرە دێو
دەوارو بن دارو بن بەردو گشت جێ یە
برسێتى وەك خوایە كوێ بچى لەوێ یە
لەگەڵ وەش
مامرمان دەزانێ هێلكەكەى بۆ كێ یە
بزنمان دەزانێ شیرەكەى بۆ كێ یە
سەگیشمان دەزانێ حەپەكەى بۆ كێ یە
نەوتمان بۆ كێ یە
ئابڕومان بۆ كێ یە
زەویمان بۆ كێ یە
گەورەكان نازانن
بشزانن گێلێكن بە چوارپێ
هۆشێكن بەبێ گوێ
لەخاكى ڕۆژ هەڵات
ئاژەڵمان چاكترە لە گەورەى سەر كورسى

- 5-

هاى بەدەن، هاى بەدەن
دەى خەڵكى كڕیارى ئەم هەراج خانەیە
كۆوەبن عەنتیكەو سەمەرەم هێناوە
چاكترین لە كناى گەلانى ڕۆژ هەڵات
گەلى كورد هى عەرەب
گەلى تورك هى فارس
گەلى هند هى ئەوغان
لە كچى ئازەرو ئەرمەنو داغستان
هاى بەدەن ... هاى بەدەن
تۆ مسێو، كۆماندۆ، سۆپرمان
بۆم بوخچە گردانەى ڕۆژ هەڵات
بۆم شەكرە سێوانە
بۆم كوڵمو لێوانە
چەند دەدەن؟
هاى بەدەن ... هاى بەدەن

-6-

من گەورەى سەر كورسى ڕۆژ هەڵات
سەگێكى بەر دەرگاى ڕۆژ ئاوام
ببورن سەگەكان كەمترم
من گەورەى سەر كورسى ڕۆژ هەڵات پشیلەم
چى مشكى بێ كونو بێ لانەو بێ كوختى خۆمانە
دەیدزم بۆ گوربەى ڕۆژ ئاوا
تا بەڵكو پاروویەك بەر ماوەى خۆى بكا بە نۆشم
من گەورەى سەر كورسى ڕۆژ هەڵات
بە كسەى مستەرێ .... ئەوەڕم بە خۆشم

-7-

ڕۆژ هەڵات بە ئێستا و ڕابردوو كۆنینەو كولتوورو
فەرهەنگ زمانو شیعرەوە
بە سەرجەم ئاشوورىو ئەكەدىو بابلىو سۆمەریو ئەخمینىو كاردۆخىو عەباسىو ئەمەوىو ساسانىو هندۆسىو عوسمانىو.ى و.ىو .ى و گشتەوە
بەنەوەى سبەینێو بە پشتاو پشتەوە
بە پێكە ویسكی یەك
بەگوێزو كنگرو تۆڵەكەو بە لیمۆ بە خورماو زەیتونو
قارچكو قەسپەوە ، بە قاپێك كوللەى بۆر
بە قەترە بیبسییەك

-8-

بەدرۆ دەژینو بە درۆ دەنووسین
بەدرۆ دەڕۆینو بە درۆ دەخەوین
درۆمان باوكەو دایكەو برایەو كەسو كار
درۆمان بەستەلەك دەگۆڕێ بە بەهار
درۆمان لە چەرمۆ پیر ترە
درۆمان گەورەیەو درۆمان لە خۆمان ژیر ترە
درۆمان فەرمانى سوڵتانەو
درۆمان دڵدارىو شەڕ كردن
بەدرۆ دەژینو بە درۆ دەنووسین
درۆمان بووكێكە نێرینە نامێنێ نەیهێنێ
درۆمان زاوایەو مێینە نامێنێ كە بەستەى بەسەردا نەخوێنێ
بەدرۆ دەژینو بە درۆ دەنووسین


-9-
ڕۆژ هەڵات
ڕۆژ ئاوا ..........................1993



تێبینی// ئەم شیعرە لەساڵی1997 لە نامیلكە شیعری (شیعر)دا بڵاوكراوەتەوەو كە فەرید زامدار پێشەكی بۆنوسیوەو هونەرمەندی كۆچكردوو (غازی محەمەد) وێنەی بەرگەكەى كێشاوە، هەروەها لەساڵی2009 لەبەغداد لەمیهرەجانی جەواهیریدا بەزمانەكانى كوردی و عەرەبی خوێندراوەتەوە.

پێشكەشە بە هەموو سەرانی رۆژهەڵات
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە