ئاشوبەکەی زاخۆ و خەیاڵی ئیسلامیەکان!
Monday, 12/12/2011, 12:00
ئەو ساتانەی ووتاری نوێژی هەینی مەلا ئیسماعیل لە شاری زاخۆ حەماسەتی سادەلەوحانەی ئیمانداری ئەگۆڕێت بۆ دەمارگیری ئیسلامیانە، نە پارتی نە یەکگرتوو نە غەیری ئەوان جێگای هیچ باسوسەرنجێک نەبوون.
کاتێک ڕقو تۆڵەی باوەڕداری ئایینی وەکو کاردانەوەو دەرەنجامی پەیامو فەتوای مزگەوتەکان بەرامبەر بە ڕوخساری مۆدێرنیزمو شارستانیەت، بە هاندانی مەلایەک ئەبێتە ئاشوبو ئاژاوەو هەڵئەکشێت بۆ تێکدانو لەئاگربەردانو سوتاندن، هیچ ئیسلامیەکی کوردستانو هیچ مەلایەکی ئەم ووڵاتە، هیچکام لە کۆنەپەرستانو کۆنەخوازانی هەرێمی کوردستان ڕانەچڵەکینو ویژدانیان بەدەنگ نەهات، بەڵکو سەرتاپایان بە یەک هەستو بە یەک ڕۆحو گیان چاوی ئومێدی خۆیان بۆ سەرهەڵدانی "ڕابوونی ئایینی خەڵکی کوردستان" بڕیبووە کڵپەی ئاگرو چەڕەدووکەڵی هەڵقرچانی باڕو مەیخانەو ئوتێلەکان. دانەجیڕەیان بوو کڵپەی ئاگری ئاژاوەکە هەموو کوردستان بگێتەبەر!
بانگبێژانی سیاسیو باوەڕداری ئایینی ئیسلام هەر هەموو پێکەوە بسکەی سمێڵیان ئەهاتو لە ناخیانەوە بە ویقارێکی ئایینیانەوە بە بینینو گوێبیستی هەواڵەکانی پەلاماربردنی مەغۆلیانە بۆ سەر شوێنە شارستانیەکان لە شارۆچکەی زاخۆ، ویژدانو ئینسافیان گەشکەی ئەکردو ئاهی ئاسوودەیی دڵو دەروونیانی ساڕێژئەکردن.
ئەو دەمانەی سەرنجی هەموو جووڵانەوەی ئیسلامیو هەموو ئەو هێزو لایەنانەشی ئیسلام هەم وەکو فەرهەنگو کەلتوری خەڵکی کوردستان وێنا ئەکەن، هەم وەکو سەرچاوەی تەحمیقی جەماوەرو گەوجکردنی گشتی ئامڕازێکە بە دەستیانەوە بۆ نفوز پەیداکردن، بە بێ جیاوازی ئەچەقێتە سەر هێرشو پەلامار بۆسەر شوێنو ناوەندی مەساجەکانو باڕو مەشروب فرۆشیو شوێنی گەشتیاریو حەوانەوەی گەشتیاران، وە کاتێک شەپۆلی تیلەی چاوەکانی ئیسلامخوازانو فەتواکارانی ئایینیو بانگەشەکارانی ئایینی ئیسلامو هاوپەیمانو دۆستیانیان بە ووردو درشتیانەوە ئەگەڕێتە سەر ئاشوبو ئاژاوەیەک کە لە منبەری مزگەوتێکی زاخۆوە بانگی بۆ چڕێنرابوو، ئەو کێوە لە درۆی شاخدارو بانگەشەی فریوکارانە بۆ تێکچوونی ئەزمونەکەو ترس بۆ سەر تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگاو بەتەنگەوەبوون بۆ مافی مرۆڤو مەترسی بۆ سەر پێکەوەژیانو یەکتری قبووڵکردنو ئازدیو ئەم شتانەدا لە خانەکانی بیرچوونەوەدا زیتەی چاویان ئەهات! پلاتفۆرمو مانیفێستۆی گشت هێزە بۆرژواییەکانی کوردستان، بە ئیسلامیانەوە بە قەومیانەوە بە لیبڕاڵیانەوەو تەنانەت بەو ڕۆشنبیرو میدیا ئەهلیانەشەوە کە جگە لە ڕاکردن بەشوێن ڕووداوەکاندا هیچی تریان لەدەست نایەت، بەکردەوە کەوتبوونە خانەو بەرەی دژ بە ئاسوودەییو سەقامگیریو ڕەواڵی ئاسایی ژیانی هاوڵاتیان. هەموویان تەنیا لە خەمی خۆیانو حزبەکانیاندا بوونو بەس.
دەرەنجام، درێژەی پێشهاتو ڕووداوەکان دەریخست کە ئەوەی ڕوویدا حەماقەتێک بوو لە دڵی ئایینی ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتبوو، یانی لە مزگەوتی ماڵی خواوە ئاشوبێک بوو کەوتبۆوەو لەجیاتی ئەوەی شارستانیەتو پێشکەوتن بە تەنیا بسوتێنێت، دەستی لە نوێنەرانی خوداش نەپاراستو بنکەو بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامیشی گرتەوە.
بەڵێ، ئەم خەیاڵە خۆشەی ئیسلامیەکانو کۆنەخوازان بە بەرزبوونەوەی کڵپەی گڕو دووکەڵی بنکەو بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی بە خێرایی ڕەویەوەو هەموو چاوە چەقیوەکانی سەر ئاشوبەکەی زاخۆ لەجێی خۆیان حەپەسانو واقیان ووڕما! ئینجا یەکگرتوو وە ئیسلامیەکانی تریش هاتنەوە هۆشو ووردە ووردە کەوتنە بەیاننامەو ڕاگەیاندن نووسین بۆ پاساودانی بێدەنگ بوونیان کە وەکو لایەنگیریان بۆ ئاشوبەکە لای خەڵكو مێژووش تۆمار بووە.
ناهەقیان نەبوو ئاخر. ئەوان هەموویان بەو هێرشە مەغۆلیانەی شاری زاخۆ ختوکەی شادیو نەشئەی خۆشحاڵیەک لە دڵو دەروونیانەوە، عەقڵی لەکارخستبوونو چووبوونە خەڵوەتی بیرکردنەوە لە چۆنێتی دەرکێشانی ئەحکامی شمشێری ئیسلامیانەی ئیسلامو قورئان لەنیو پەیامو پڕۆژەی کۆنەپەرستانەی خۆیانەوە بۆ دامەزراندنی ئیمارەتی ئیسلامی لەجێگای دەسەڵاتی جووت حزبی جووڵانەوەی کوردایەتی. ئەم خەیاڵە ترسناکەی ئیسلامیەکان بە سوتانی بارەگای یەکگرتوو وەکو گوایا هێزێکی ئیسلامی نەیاری پارتی لە بادینان بەتاڵ بوویەوە.
ئێستا ئیتر دانووستانو پێکهاتنو ڕێککەوتنو گفتوگۆ، هیچ نیە جگە لە موناسەباتێکی دیبلۆماسیانەی نێوان حزبەکانی کوردستان هەموویان. ئیتر ئەو ئەکشنانەی دوای ئاشوبەکەی زاخۆ ئەیبینین شتێکی دیکەیەو ڕۆتینیاتێکە دوای ڕەوینەوەی مەترسیەکی گەورەی خەیاڵی ئیسلامیەکان. ئێستا ئیتر کاتێک کۆمەڵگا بەخۆشحاڵیەوە نەبوویە ئەکتەرو کاراکتەری تەحقیق بوونی خەیاڵی ئیسلامیو مەلاکانی کوردستان، ململانێو پێکهاتنو نەهاتنی پارتیو یەکگرتو یان ئیسلامیو قەومیەکانی کوردستان هەمان تاسو حەمامی ڕبردووەو لێگەڕێن با هەر تەقەیان بێت! ئەم هەڵوێستەی هاوڵاتیانی ووشیاری کوردستان بەگشتیو تەواوی ژیان دۆستانو ئازادیخوازان جێگای شانازیو ئافەرینە!
کوردستانو هاوڵاتیانی ڕێگانادەن کۆمەڵگاکەیان بکەوێتە دەستی هەمەجیەتێکی ئیسلامی ترسناکتر لە مەغۆلیەکان. ژیان بەردەوامە. شارستانیەت بۆپێشەوە. ڕیتمی ڕوو لە گەشەو پێشڕەوی ژیانی مۆدێرنی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێبازی خۆیەتی. ئینسان، وە جیهانی شارستانی لە فەزایەکی دوور لەم جۆرە ئاشوبو ئاژاوانەدا ئارامترو ژیرانەتر مێژوو تۆمار ئەکاتو سەرەوەری بۆ نەوەکانی دابین ئەکات.
١١-١٢-٢٠١١
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست