پێشنیار بۆ هێوركردنەوەى بارودۆخى هەرێمى كوردستان
Friday, 18/02/2011, 12:00
رۆژى 16-2-2011 لە شارى سلێمانى كۆمەڵێك خەڵكى نارازى بە بەرد پەلامارى بارەگاى لقى 4 پارتى دیموكراتى كوردستانیان دا،پاسەوانەكانى لقى 4 بە گوللە وەڵامى خەڵكە نارازیەكەیان دایەوە و لە ئەنجامدا 57 كەس بریندار بوون و گەنجێكى 17 ساڵەش بە ناوى رێژوان عەلى شەهید بوو.ئەو روداوە دڵتەزێنە خەڵكى سلێمانى و خەڵكى هەرێمى كوردستانى هەژاند.تا ئێستە هیچ لایەنێكى سیاسى و مەدەنى بەرپرسیارى ئەو رێپوانەى نەخستۆتە ئەستۆى خۆى كە پەلامارى لقى 4 و شەهید و برینداربوونى لێكەوتەوە.
هەر دوا بە دواى روداوەكە، سەرۆكایەتى هەرێم و پارتى دیموكراتى كوردستان هەر یەك لە بەیاننامەیەكدا ،بەبێ ئەوەى رەخنە لە كردارى پاسەوانەكانى لقى چوار بگرن و هەوڵبدەن لە رێگەى یاساوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكەن وداواى لێبوردن لە خەڵكى كوردستان بكەن، رووداوەكەیان بە كارى گێرەشێوینى و دەستى دەرەكى هەڵسەنگاند و هێزێكى سەربازى گەوەرەیان بەرەو شارى سلێمانى جووڵاند و ئەمشەو دەبابەكانى پارتى گەیشتنە ناو شارى سلێمانىو هێنەدەى تر باروودۆخەكەیان شڵەقاند.
هەرچى بزووتنەوەى گۆڕانە لە رێگەى بەرنامەكانى كەناڵى تەلەفزیۆنى (knn) وە تا لە توانایدا بووە خەڵكى بۆ چالاكى مەدەنى و رێپێوان و لاساییكردنەوەى خەڵكى تونس و میسر هانداوە،بەڵام كاتێك كارەساتەكە قەوما، گۆڕان خۆى نەكرد بە خاوەنى شەهید و بریندارەكان ودژى هێرشەكەى سەر بارەگاى لقى 4 وەستا،ئەمرۆش بۆ روبەرووبونەوەى هەر هێرشێكى هێزەكانى پارتى، لە دەورى گردەكە درعێكى مرۆییان دروستكردووە.
ئاسایش و پۆلیسى حزبى دەسەڵاتدارى دەڤەرى سلێمانى،لەگەڵ ئەوەشدا كە ئەزمونێكى باشى لە خامۆشكردنى رێپێوان و نارەزایى خەڵكى كوردستاندا هەیە،ژمارەى ئەو كەسانەشى هێرشیان كردە سەر لقى 4 هێندە زۆر نەبوون كە كۆنترۆڵ نەكرێن،كەچى لە سنورداركردنى ئەو چالاكیەدا و لە پارستنى بارەگاى لقى 4 دا،رۆڵیان نەبینى.ئەو دەنگ وباسەش كە گوایە خۆپیشاندەران تەقەیان لە بارەگاى لقى 4 كردوە،هەرچەندە رۆژنامەنوسان شاهدى دەدەن كە لە رێگەى خۆپیشاندەرانەوە تەقە لە لق نەكراوە،مەگەر كەسانێك لە دورەوە تەقەیان لە بارەگاى لق كردبێت، لەسەر ئەم رەوشە تا ئێستەش ئاسایشى سلێمانى لەوبارەیەوە رونكردنەوەى نەداوە كە ئایا راستە تەقەكراوە لە بارەگاى لق؟ لە كوێوە تەقە كراوە.كێن ئەونەى تەقەیان كردووە؟ ئەم بێ دەنگیەى ئاسایش هێندەى تر رەوشەكەى نائاسایى كردووە و بارێكى بێ بڕوایى لە نێوان لایەنە دەسەڵاتدارەكانیشدا دوورستكردوە.
هاوكات لەگەڵ رووداوەكانى شارى سلێمانیدا بارەگاكانى گۆران لە پارێزگاى هەولێر و دهۆك لە لایەن لایەنگرانى پ د ك وە دەستیان بەسەردا گیرا.
ئەمە هەڵسەنگاندنێكى كورتى رووداوەكانى ئەم دوو رۆژەى شارى سلێمانى و هەولێر و دهۆك بوو،لەسەر رۆشنایى ئەو رەوشە و بۆ هێوركردنەوەى بارودۆخەكە ئەم پێشنیارانە دەخەمە بەرچاوى لایەنە پەیوەندیدارەكان :
1.بە زووترین كات هێزەكانى سەر بە پ د ك شارى سلێمانى چۆڵ بكەن و بگەرَێنەوە شوێنى خۆیان لە سنورى پارێزگاى هەولێر.هێزەكانى پۆلیسى سلێمانى بارەگاكانى پ د ك بپارێزێن . .
2.ئەو پاسەوانانەى بارەگاى لقى 4 كە دەستیان لە كوشتن و بریندار كردنى خەڵكدا بووە،دەستگیربكرێن و بدرێنە دادگا .
3.لێژنەیەكى بێ لایەن پێكبێت بۆ لێكۆڵینەوە لە سەر پەلاماردانى بارەگاى لقى چوار و ئەو كەمتەرخەمیانەى پۆلیس و ئاسایشى سلێمانى،وە لێكۆڵینەوە بكرێت كە ئاخۆ لە كاتى بەردبارانى لقى 4 دا تەقە لە لقى 4 كراوە،ئەنجامى لێكۆڵینەوەكە بۆ راى گشتى ئاشكرا بكرێت.
4.بارەگاكانى بزووتنەوەى گۆڕان لە هەولێر و دهۆك بدرێنەوە دەست بزووتنەوەى گۆڕان و داواى لێبوردنیان لێبكرێت و زیانە مادییەكانیان بۆ ببژێرن .
5.لەم ماوەیەدا راگەیاندنى بزووتنەوەى گۆران كەمێك نەرمى بنوێنێت و كەمێك هەستى دەسەڵاتداران و لایەنگرانى پارتى و یەكێتى راگرێت.
6.با لە كاتى چالاكى جەماوەرى و خۆپیشانداندا چالاكوانانى سیاسى پەنا نەبەنە بەر توندوتیژى،پەلامارى بنكە و بارەگاى حزبى و حكومى نەدەن،لە باتى توند وتیژى، گرنگى بدەن بە پەیامى سیاسى و هووشیاركردنەوەى خەڵك بە ماف و ئەركەكانیان،لە كاتى چالاكیدا داواى ماف و داخوازیەكانى خەڵكى كوردستان بكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست