کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جیاوازی سه‌رکرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رکرده‌ی حزبی

Sunday, 13/10/2013, 12:00


ئێمه‌ی کورد وا راهێنراوین که‌ ئه‌وه‌ بڵێینه‌وه‌ که‌ له‌ خۆمان سه‌روتر له‌ سیاسه‌تدا پێمان ده‌ڵێن، ئیتر رۆژێک له‌ رۆژان بیرمان له‌وه‌ نه‌کردووه‌ته‌وه‌ که‌ به‌دیهێنه‌رمان ئێمه‌ی به‌ ئازادی دروست کردووه‌ ته‌نانه‌ت له‌ په‌رستشی خودی به‌دیهێنه‌ردا ئازادی پێ به‌خشیوین. بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین که‌ ئازادین له‌ بیرکردنه‌وه‌دا تا خه‌باتی چه‌ندین ساڵه‌و شه‌ونخونی چه‌ندین بلیمه‌تی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌و به‌رخودانی ئه‌وان به‌ با نه‌درێت و میژوومان ئاوه‌ژوو نه‌کرێته‌وه‌. پێویسته‌ ده‌سته‌واژه‌کانی مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان راست بکرێنه‌وه‌و بخرێنه‌وه‌ سه‌ر راسته‌شه‌قامی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ییمان. دروستکردن یاخود به‌کارهێنانی هه‌ندێک ده‌سته‌واژه‌ به‌رامبه‌ر به‌ که‌سه‌کان جێگه‌ی هه‌ڵوێسته‌کردنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌کانمان له‌ بازنه‌ی ئه‌فسانه‌ی بێ‌بنه‌ماو ناوی وه‌همی به‌دوور بگرین...
له‌ وڵاتی چین به‌سه‌رهاتێک هه‌یه‌ که‌ وه‌کو په‌ندی پێشینانی کورده‌واری چه‌سپاوه‌ که‌ به‌ (چرپه‌ی چینی) (همسه‌ ێینیه‌) ناسراوه‌ که‌ یه‌کێک له‌ هۆڵێکدا ووتار بۆ سه‌د که‌س ده‌دات دواترچرپه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سه‌دا ده‌کات که‌ له‌ ته‌نیشتیه‌وه‌ دانیشتووه‌. به‌مجۆره‌ که‌سی دوای ئه‌و پرسیار له‌م ده‌کات و دواترئه‌وانی تریش به‌ هه‌مان شێوه‌ تاکه‌سی کۆتایی که‌ له‌ لای خاوه‌نی چرپه‌که‌وه‌ دانیشتووه‌، به‌ڵام کاتێک که‌ چرپه‌که‌ ده‌بیستێته‌وه‌ زۆر گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتووه‌ که‌ خودی خۆی خاوه‌نی چرپه‌که‌ بووه‌ له‌ هۆڵێکدا که‌ ته‌نها سه‌د که‌سی تیایه‌ و هه‌ر هه‌مووشیان له‌ هه‌مان شوێندان. بۆیه‌ ده‌بێ ئێمه‌ ده‌سته‌واژه‌ی سه‌رکرده‌ به‌ چرپه‌ وه‌رنه‌گرین به‌ڵکو له‌ چوارچێوه‌ی پێناسی دروستی خۆیدا به‌ کاری بێنین به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رکرده‌کان.
وه‌ک لای هه‌مووان ئاشکرایه‌ هه‌مووحزبێک که‌سێک سه‌رکردایه‌تی ده‌کات به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت که‌ هه‌موو سه‌رکرده‌یه‌کی حزبی سه‌رکرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌که‌. چۆن؟ سه‌رکرده‌ی حزبی به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی لایه‌نگر و هه‌واداری زیاتره‌ بۆ حزبه‌که‌ی بووه‌. به‌ شێوه‌یه‌ک هه‌موو هه‌وڵ و کۆششێکی له‌ پێناو گه‌شه‌کردنی حزبه‌که‌یدا به‌ خه‌رج ده‌دات و چۆنیه‌تی فراوانکردنی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری حزبه‌که‌ی و ئاشناکردنی زیاتری خه‌ڵکی به‌ لۆگۆی حزبه‌که‌ی له‌ ئه‌وله‌ویاتی کاره‌کانی ده‌بێت، هه‌روه‌ک دروستکردنی چین و توێژی جۆراوجۆر و جیاواز له‌ناو حزبدا بۆ پیرۆزکردنی هه‌نگاوه‌کانی و کایه‌سیاسیه‌کانی به‌ مه‌به‌ستی توندوتۆڵکردنی پێگه‌ی حزبی خۆی و فراوانکردنی ژماره‌ی هێڵه‌سووره‌کان بۆ ده‌ربازبوون له‌ ره‌خنه‌ و گازنده‌کان که‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵه‌سیاسیه‌کانی ئه‌مه‌وه‌ حزبه‌که‌ی توشی بووه‌...
سه‌رکرده‌ حزبیه‌کان زیاترحه‌زیان به‌ ژیانی شار و کاری دیپلۆماسی و جلوبه‌رگی که‌شخه‌یه‌. به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ راوێژکاری تایبه‌تی بۆ هه‌ڵبژاردنی جۆری جل‌وبه‌رگه‌کانی دیاری ده‌کات. واته‌خاڵی به‌هێزی خۆی له‌ جوانی جل‌وبه‌رگه‌که‌یدا ده‌بینێته‌وه‌. بۆیه‌ بازنه‌ی بیرکردنه‌وه‌شی به‌م هۆیه‌وه‌ له‌ ململانێی حزبی زیاتر تێپه‌ڕ ناکات...
ژماره‌ی حزبه‌کان و سه‌رکرده‌کانیان زۆره‌. ئه‌مه‌ش شتێکی ئاساییه‌، به‌ڵام گرفته‌که‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ له‌بری بیرکردنه‌وه‌ له‌ تۆکمه‌کردنی سیستمی ته‌ندروستی بۆ کۆمه‌ڵگه‌ ته‌نها بیری لای ته‌ندروستی خۆیه‌تی. له‌م رۆژانه‌دا ناوی سمتی سه‌رکرده‌یه‌کی دیاری حزبێک ژماره‌ی پێوانه‌یی شکاند و ناوی چووه‌ ناو کتێبی (گینسه‌وه‌). ئه‌ویش له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ته‌نها بۆ نه‌شته‌رگه‌ری مایه‌سیری بڕی (59) ملیۆن دیناری بۆ خه‌رج کراوه‌!
وا بزانم کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ باسی سه‌رکرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی بکه‌ین که‌ بۆ رووبه‌ڕوونه‌وه‌ی نه‌یاران له‌ شاشه‌ی تیڤیه‌کانه‌وه‌ به‌ده‌ر ده‌که‌وێت. کاتێک دیداری له‌گه‌ڵدا ساز ده‌کرێت جگه‌ له‌ وشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌م هیچ ده‌سته‌واژه‌یه‌کی تری لێ نابیسرێت و مه‌زڵومیه‌ت و مافخوراوی نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌کاته‌ چه‌قی چاوپێکه‌تنه‌که‌ی به‌ به‌کارهێنانی وشه‌ی نه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌...
له‌ وتار و په‌یامه‌کانیدا هه‌موو کوردان ده‌دوێنێت به‌ جۆرێک یه‌ک ئامانجی به‌رخودانی هه‌ر چوار پارچه‌ به‌یه‌که‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌. هه‌روه‌ک کاتێک باس له‌ به‌رخودان ده‌کات خۆی له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ ده‌بینێته‌وه‌ و به‌ هه‌ڵبژاردنی تاریکی زیندان قوتابخانه‌ی پێگه‌یاندن له‌ ژوورێکی ته‌نیادا بۆ ئاراسته‌کردنی نه‌ته‌وه‌که‌ی...
به‌هێزترین پێگه‌ی سه‌رکرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی سوچی زیندانه‌ بۆ ئاراسته‌کردنی نه‌ته‌وه‌که‌ی له‌ پێناو ده‌ربازبوونی له‌ سته‌می چه‌وسانه‌وه‌ و گه‌یشتن به‌ ئازادی. بۆیه‌ له‌ لای ئه‌وه‌ گرنگ نیه‌ چه‌ند سه‌رکرده‌ی سیاسی ووڵاتانی تر ده‌ناسێت ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لای ئه‌و ئه‌وه‌یه‌ که‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی و دوژمنه‌که‌ی ئه‌و بناسن. بۆیه‌ به‌رخودانی به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنانی نه‌ته‌وه‌که‌ی راستگۆیی پێ ده‌به‌خشێت له‌ لای نه‌ته‌وه‌که‌ی. بۆیه‌ ده‌ڵێین بوون به‌ سه‌رکرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی زۆر فیداکاری ده‌وێت دوور له‌ خۆنمایشکردنی زوومی کامێراکان و شاشه‌ی تیڤیه‌کان...
سه‌رکرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی هێڵی سووری جیاوازه‌ له‌ سه‌رکرده‌ی حزبی. چونکه‌ هێڵی سووری ئه‌م نه‌ڕشتنی خوێنی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یه‌تی به‌ ناهه‌ق له‌ لایه‌ن ووڵاتانی سه‌رده‌سته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ به‌خشینی خوێن و جه‌سته‌ی خۆی ده‌کاته‌ قوربانی زیندووڕاگرتنی نه‌ته‌وه‌که‌ی...
سه‌رکرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر ده‌م وه‌کو کوردستانیه‌ک ئاماژه‌ به‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان ده‌کات به‌ جۆرێک که‌ سه‌قامگیری ئاڵۆزییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌ چاره‌سه‌ری دۆزی ره‌وانی نه‌ته‌وه‌ی کورده‌وه‌ ده‌به‌ستێت. هه‌روه‌ک سه‌رکرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی رێز له‌ فره‌یی ده‌گرێت و که‌س تاوانبار ناکات به‌ به‌کارهێنانی ئایدیا و بیری تایبه‌ت به‌ تێکده‌ر و مه‌ترسی له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌و به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی په‌روه‌رده‌کردنی تاکی کوردیدایه‌ به‌ بیری نه‌ته‌وه‌یی نه‌ک بیری حزبی. بۆیه‌ زۆرترینی وه‌ڵامی ئه‌رێنی پێده‌گات له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌وه‌...
له‌ کۆتاییدا سه‌رکرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی وێنه‌ی خۆی به‌ به‌رخودان و دڵسۆزی هه‌نگاوه‌کانی له‌ ناخی تاکی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا هه‌ڵده‌واسێت نه‌ک له‌ سه‌ر دیواره‌کان...


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە