هەڵەبجە و حیزمەت
Wednesday, 16/03/2011, 12:00
هەڵەبجە چى بەسەرهات و چى لێكرا و بۆ واى لێ كرا ؟ ،پێویست ناكات من لێرە دا باسى بكەم ، چونكە زۆرى لە بارەوە ووتراوە ، گرنگ ئەمڕۆ ئەوەیە هەڵەبجە چى بۆ كراوە ، حیزب یان حكومەت ، كەمن پێم وایە ووشەیەكى تێكهەڵكێشى بۆ دروست بكەین و ناوى بنێین (حیزمەت) ، چونكە ئەوەندە حیزب ئیشى حكومەتى كردوەو بە پێچەوانەوەش ئێمە لێمان تێك چوە كامیان كامیانن ، ئایا حیزمەت چى بۆ هەڵەبجە كردووە ، من پێم وایە كارى ئەم كائینە! تەنها ئیشكردن بووە لەسەر لایەنى عاتیفى كارەساتى هەڵەبجە ، بە مانایەكى تر هەوڵى داوە لە ڕێگەى زەقكردنەوەى ئازارەكانى هەڵەبجەوە ئەوەندە فرمێسكمان پێ بڕێژێت لە بەر چاوسڕینەوە فریاى خوێندنەوەى واقیعى هەڵەبجە نەكەوین ، هەموو ساڵێك تیڤیەكانى حیزمەت هەڵەبجەمان بەوێرانى پیشان دەدەن ، تا هەمیشە وێناكردنمان بۆ هەڵەبجە لە كەلاوەیەكى دووكەڵاوى زیاتر نەبێت ، فریاى ئەوە نەكەوین بیر لە ئاوەدانكرنەوەى بكەینەوە ، بیست ساڵە حیزمەت لە شەوى 15ى 3 وە بەیاننامەیەك دەردەكات و بۆ شانزەى سێش لەكۆشكەكانى خۆیەوە دەڕوات تا تاجەگوڵینەكانى دانێت ، بیست ساڵە بەڵێنەكان لە كاغەزى بەیاننامەكان نایەنە دەرەوە ، بیست ساڵە تاجە گوڵینەكان هەر نایلۆنن و گوڵێكى بۆندار ناگرن ، هەڵەبجە هەر نوقمى غوبارە ئەگەر ئەوسا غوبارى خەردەل هەناسەى لێ دەكوشت ، ئەمڕۆ غوبارى درۆى موئەسسەساتى یە ، بیبست ساڵە درۆ بە خەڵكى ئەمشارە دەفرۆشن ، خەڵكى ئێرە ناهەقى نیە قاچە پلاتینەكانیتان تێگرێت ، ئێوە بیست ساڵە درۆبارانیان دەكەن ، هەڵەبجە هەرچى بكا و هەرچى بڵێ بە حیزمەت ناهەقى نیە ، چونكە بیست ساڵە هەڵەبجە بووەتە تورەكەى سواڵ بەدەست سیاسەتى حیزمەتەوە ، بیست ساڵە هەڵەبجە بووەتە كۆگایەكى بازرگانى ، خەزێنەیەكى لەبننەهاتوو ، بیست ساڵە وەك كرێكارێك بێگارى پێ دەكەن ناهەقى نیە ئبتر بە تەكلیفەكانتان بڵێ نا ...نا ....نا ، لە تیڤیە زەرد هەڵگەڕاوەكەى حیزمەتى زەردەوە گوێم لە پسپۆڕێكى بوارى مامەحەمەییزم بوو دەیگوت باوكى ڕۆحى نەتەوەییمان بارزانى دەبێت بپارێزرێت لە زمانپیسان و ئەو گۆڤارانەى بەناوى ڕاپۆرتى شیكارى یەوە ئیهانە بە موقەددەساتى گەل دەكەن ، بۆیە دەبێت پەڕلەمان یاسایەك دابنێت تا بەیاسا ئەوان بپارێزین ، سەیرە گەلۆ داوا دەكەن مرۆڤێك بپەرسترێ و پیرۆز بكرێ و بپرێزرێ كە ئێسقانیشى نەماوە و بەقەد ئازارەكانى هەڵەبجە ش پرسیار و تەم و مژ لەسەر پیكیزەیی خۆى و شۆڕشەكەى هەیە ، بەڵام ئەو شەهیدە زیندووانەى هەڵەبجە كە هەر ڕۆژە و یەكێكى تریان گیان دەسپێرێت نانێرنە دەرەوە بۆ پاراستنى ژیانیان ، یاسایەك دەرناكەن بۆ قەدەغەكردنى فرۆشتنى هەڵەبجە لە بازاڕى مەرامەكانیان دا ، حیزمەت دەبێ بزانێت ئەو قاچە پلاستیكیانەى لە سەرۆكەكەى گیران هێماى تووڕەیی هەڵەبجەیە لەو قەباحەتەى بە ناوى ئەوەوە دەكرێت ، جاڕزبوونە لە مەنتیق و مۆدێلى بەیاننامە و تاجە گوڵینە كە هى 1991 ن و هەمووساڵێك گەرمیان دەكەنەوە ، بۆیە لەمڕۆ بەدواوە هەڵەبجە هەر بڕیارێك بدات و هەرچى بكات یاساییە ، ئەگەر هەڵكوتێتە سەر بارەگاكانى حیزمەت ، مۆنۆمێنتە درۆیینەكان بسوتێنێت ، شەقامەكان هەڵتەكێنێت ، بارەگاكان تاڵان بكات ، تەنانەت كەسایەتیەكانى حیزمەتیش سەربڕێت هەقى خۆیەتى ، چونكە زۆرى ووت و جوابتان نەدایەوە ، زۆرى پێكراو زۆر كەمى بۆ كرا ، بووە واقیعێكى تاڵ بۆ خەڵكەكەى و كۆگایەكى پارە بۆ سیاسیەكان . ، هەڵەبجە هەرچى بكات حەقیەتى .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست