کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كەركوكیەكان بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی دژ بە گەریلاكان ریسوا و شەرمەزار دەكەن

Wednesday, 16/11/2011, 12:00







كەركوكیەكان لە بەرامبەر بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوی فسفۆری و كیمیایی و ناپاڵم دژ بە گەریلاكانی پارتی كریكارانی كوردستان، لە باكووری كوردستان، بەتوندی سیاسەتی سەرانی توركیا ریسواو شەرمەزار دەكەن، ئەو كارە دڕندایەتیە بەسیاسەتی قڕكردنی گەلی كورد دەبیننو، لە رێپۆرتاژێكدا دەدوێن:

(مەریوان فازل) سەرپەرشتیاری پەروەردەیی گوتی:
نەماندەزانی ئەمریكا خاوەن ئەوهێزە گەورەییەو بەناوە میللەتان دەپارێزێت، تەنها شاخێك لە نێوان كوردی باشورو باكوردا هەیە، ئێمە چاك بین و ئەوان ئیرهابیبن، ئەو سیاسەتە دوو فاقییە تەنها لە سیاسەتی ئەمریكادا دەبینرێ، هەموو شتێك بۆ ئەمریكا و توركیا و داگیركەران رەوا بێ، بۆ ئەو نەتەوانەی داوای مافی خۆشیان دەكەن تاوان بێت، ئەمریكا تاوانی وڵاتی توركیا دەبینێو دەنگ ناكات، دووریش نییە ئەو مادە كیمیاوییانەی دابێتە سەرانی تورك، شوێنی گەریلاكانیشی بۆیان ئاشكرا كردبێت، لە راگەیاندنەكان دەبینین توركیا داكۆكی لە سۆمال و فەلەستین دەكات، زووڵمیش لە كوردیش دەكا كە لە بەرامبەر هیچ نەتەوەیەك لە جیهاندا نەكراوە، بۆ ئەمریكا بێدەنگی بەرامبەر تاوانی ئەرمەن و كورد پیشان دەدات، لەبەر ئەوەی تورك هاوپەیمانی خۆیەتی، بۆیە دەبێت كورد بەیەك دەست هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانیت راستیەكان لە رێگای میدیا بۆ ڕای جیهان بگەێینێ كە(36)گەریلا بەچەكی كیمیاوی و قەدەغەكراو سوتینراون وەك مۆم تواونەتەوە، بۆ ئەوەی دنیا بزانێت توركیا لەلایەك نەتەوەی خۆی دەگوژی و لەلایەكی تر هاوكاری سۆمال و غەزە دەكات.
(عەبدوڵوەهاب ئیسماعیل)رۆژنامەنووس گوتی:
بەڕاستی ئەو كارەساتە گەورەیەیی توركیا هێنای بەسەر گەریلاكانی پارتی كریكارانی كوردستان، بەبەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوی كیمیاوی و ناپاڵم و فسفۆر، كە ئەمەش دژ بەیاساكانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەكگرتوەكان و ئاینی موسلمانە، بەڵام بێدەنگی ئەمریكا و ئەوروپا لەسەر هەندێ شتی كەم و بێ بایەخ كەداكۆكی لەهەندێ لایەن دەكات، لەبەرمبەر تاوانی گەورەش كە بەرامبەر گەلی كورد پەیرەو كراوە بێدەنگی هەڵدەبژێرێن، سیاسەتی دووفاقی بەرامبەر خەباتی گەلی كورد پیشانی دەدرێت، بۆ دەبێ خەباتی بەهاری عەرەبی بەڕەوا ببینن و داوای ئازادییان بۆ دەكەن، وەك ئەوەیە پەندێك لە ئەمریكا و ئەوروپاییەكان كە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاری دەهێنن و دەلێن: (گەلێك لەناو بچێت سەرنج و تێبینی لەسەر وەردەگرین ، بەڵام كەسێك لەناو دارستانی خۆیان بكوژرێ ئەوا تاوانە هەرای گەورەی لەسەر دەكەن) كورد لەگەڵ هیچ خەباتگێری فەلەستبین و دنیا كەمتر نییە، لەبەر ئەوەی لۆبی كوردی لە دەرەوە،لاوازەو بەو شێوەییە نییە، دەبێ چوار بەشی كوردستان و پشت بەستن بەراگەیاندنی خۆمان لۆبی خۆمان لەدەرەوە بەهێزكەین تاوانی سەرانی توركیا بە جیهان ئاشنا بكەین، بزانرێت چ رژێمێكەو چ دیموكراتییەك و سیاسەتێكی دوو فاقی بەكار دەهێنێ، لەلایەك بەناوی گەلانی چەوساوە دەدوێت، لەلایەكیتر گەلی كورد جینوساید دەكات.
(عەبدوڵرەحمان قادر) مامۆستا لە قوتابخانەی نەورۆزی سەرەتایی تێكەڵاو گوتی:
هێشتا جینوسایدی گەلەكەمان و و زامی هەڵەبجەمان سارێژ نەبووە، وا كورد لە باكوری كوردستان جارێكیتر لەلایەن دەوڵەتی توركەوە بە فوسفۆر و كیمیا وەڵام ئەدرێنەوە،(36) گەریلا لە سەر مافی ڕەوای گەل بە كیمیا و چەكی قەدەغەكراو دەسوتێنرین، بۆ ئەوە دەبێ چارەنووسیان بێت، بان و دوو هەوای دەسەڵاتی كوردیش بۆ چەند سەربازێكی سوپای تورك پرسە نامەو رەش بۆشی خۆیان راگەیاند، بەلام بۆ(36) گەریلا بێدەنگیان هەڵبژارد، لێرەدا دەبێ لە بەرامبەر ئەو تاوانە مافی مرۆڤ وئەمریكا وبیری ئازادیخوازی گەلان لەكوێ خەوتوون، بۆچی دەوڵەتی تورك شەرمەزار ناكەن، بۆچی ئەم چەكە كۆمەڵ كوژانە قەدەغە ناكەن كە لەراستیدا قەدەغەكراوی نێو دەوڵەتین، بەلام پێموایە تەنها و تەنها بۆ بێدەنگیو قڕكردنی گەلی كورد چەكی كیمیاوی لەلایەن ئەمریكا و توركیا بەرەوایی دەبینرێت.
(هاورێ سیروان) هاوڵاتی:
من وەك تاكێكی كورد وڵاتی تورك بە كیمیا باران كردنی گەریلاكانی پەكەكە لە چەلێی باكوری كوردستان ریسوا وشەرمەزار دەكەم، ئەگەر تەماشا بكەین رۆژانە فڕۆكە چەنگیەكانی توركیا بەسەر هەرێمی كوردستان دەسورێنەوەو بوردومانی قەندیل دەكەن،بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە نیگەرانی لای زۆربەمان دروستكردوە بێ هەڵوێستی حكومەتی ناوەندی عێراق و ئەمریكایە، پێویستە لەبەرامبەر كردوە قێزوەنەكانی توركیا بێدەنگ نەبن، ئەگەر لەرووی مرۆڤایەتیشەوە بێت.
(دانا عەلی سەعید) مامۆستای خوێندنی كوردی:
من وەك تاكێكی كورد ناڕەزایەتی بەرامبەر تیرۆری وڵاتی توركیا نیشان دەدەم، بەرامبەر ئەوكارە قێزەونەی سەرانی توركیا كە دەرهەق 36 گەریلای پەكەكە ئەنجامدرا، پێویستە بەهەڵویست راپۆرت بۆ هەموو وڵاتێكی جیهان بەرزبكرێتەوە، بۆ ناساندنی تاوانی حكومەتی ئاكەپە كەبەناوی ئیسلام و مرۆڤایەتی تیرۆر ئاڕاستەی گەلی كورد دەكات. لە هەر چوار بەشی كوردستان دەبێ بەكۆی دەنگ سیاسەتی حكومەتی ئۆردوگان شەرمەزار بكرێو ئەوكارە دژ بەمرۆڤایەتیە قبووڵ نەكرێت.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە