لە (هیدایەتی مەلا عەلی)یەوە بۆ بەڕێز (هادی مەلا عەلی) سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
Thursday, 25/10/2012, 12:00
بەڕێزم سڵاو ئەم کاتەت باش:
بەرنامەی (بەڕاشکاوی) کە بەڕێز (ڕێبوار ئەوڕەحمان) پێشکەشی دەکات لە کەناڵی ئاسمانی (ئێن ئاڕ تی) لە ڕێکەوتی ٢٣-٩-٢٠١٢ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەڕێزتان ئەنجامدا، ئەوەی ڕاستی بێت بەشێکی زۆری قسەکانت ئەوەی دەهێنا قسەی لەسەر بکرێت و لەڕوانگەیەکی جیاوازەوە وەڵامت بدرێتەوە، بەڵام لەکۆی ماوەی چاوپێکەوتنەکەی بەڕێزتان یەک دەقیقەی کۆتایی قسەکانت، بۆ من بوویە سەرچاوەی ئەوەی کە بیکەمە چەقی وەڵامدانەوە بە بابەتێکی گرنگ و سەرنج ڕاکێش کە بەداخەوە تاکو ئێستا وەک پێویست نەبۆتە جێگای قسەوباس.
ئەوەی کە من ئەم بابەتەم ڕاستەوخۆ لە دوای چاوپێکەوتنەکەی بەڕێزتان نەنوسی هۆکارێک هەبوو، ئەویش ئەوەبوو کە من چاوەڕێم دەکرد (مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو) بەفەرمی وەڵامی تۆ بدەنەوە، چونکە وەک بەڕێزتان دەزانن کێڵگەی سیاسەت لە کوردستان جۆرێکی لێهاتووە دەبێت زۆر بە وریایەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەیت، زۆر جار بۆ هەواڵێک کە ئامادە دەکرێت هەمانکات (پۆزشی) بە هەڵە و بەسەردا تێپەڕینی هەواڵەکەش ئامادە دەکرێت، بۆیە پێمباشبوو بۆ ماوەیەک چاوەڕێ بکەم، چونکە من ئاگادارم کە تۆ بیروڕای جیاوازت هەیە لە ناو (یەکگرتوو)، ووتم: لەوانەیە ئەم قسانە لەژێر کاریگەری ئەو هەلومەرجەدا بکرێت، بۆیە دوای بێدەنگە لێکردنی (یەکگرتوو) دڵنیابووم و ئێستا بە کاتێکی گونجاو دەزانم بۆ نووسینی نامەکەم بۆ بەڕێزتان.
بەڕێزتان لە کابینەی (٤)ی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە (نێچیرەڤان بارزانی) سەرۆکایەتی دەکرد، تۆ وەک وەزیری (داد) دەست بەکار بوویت، بەپێی قسەکانی خۆت، تۆ سەرەڕای کاری وەزیریت لەو کابینەیەدا، هەمانکات دەڵێیت: لەڕووی کاری حیزبیەوە بەشێک لە ئیشەکانت باشترکردنی پەیوەندی نێوان (یەکگرتووی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کورستان) بووە، لە نێوان (تۆ وەک بەرپرسێکی یەکگرتوو لە وەزارەت لەگەڵ نێچیرەڤان بارزانی وەک بەرپرسێکی پارتی لە سەرۆکایەتی حکومەت)، هەمانکات دەڵێیت: لەڕێگەی تۆوە (ئەمینداری گشتی، ئەندامانی سەرکردایەتی، سەرجەم ئەندامانی مەڵبەندەکان، سەرجەم ئەندام مەکتەبەکانی یەکگرتوو لە سنوری هەولێر و دهۆک بەهرەمەندبوون لە (ئیمتیازات و پارچە زەوی) لە ڕێگەی ئەو پەیوەندیە حیزبیەی نێوان (تۆ و نێچیرەڤان بارزانی) کە بە پەردەیەکی حکومی داتانپۆشی بوو.
بەڕێز (هادی مەلا عەلی) من دەڵێم: ئەوەی لە کوردستان هەیە، لە (مەترێک زەوی، لیترێک نەوت، یەک دینار)، موڵکی خەڵکی کوردستانە و هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە مافی سەرەتایی خۆیەتی کە بەهرەمەند بێت لێی، لە بەڕێزتانەوە تاکو ئەمینداری حیزبەکەتان، بەڵام ئەوەی لیرەدا جێگای سەرنج و تێڕامانە، بەکارهێنانی پۆستی (حکومی و ئیداریە) بۆ بەرژەوەندی (حیزبی)، لە کاتێکدا بەردەوام حیزبەکەی تۆ بانگەشەی (چەمکی هاوڵاتیبوون) و جیاکردنەوەی (حیزب و حکومەت) دەکات.
بەڕێزم: دڵنیام تۆ ئەو ڕاستیە دەزانیت کە پۆستی (وەزیری) لە حکومەتێکی نۆرماڵ و خاوەن پڕنسیبیە مەدەنی و ئینسانیەکان، پۆستێکی (ئەخلاقی،ویژدانی،ئیداریە)، بەرپرسیاریەتیە لە بەرانبەر سەرجەم کۆمەڵگا وەک یەک، نەک تەنها بۆ بەرژەوەندی بەرپرسە باڵاکانی حیزبەکەت، دەبێت بەڕێزتان ئەو ڕاستیە زۆر باش بزانیت کە تۆ لە (وەزارەت) سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەت نەبووی، بەڵکو (وەزیری) هەموو ئەو هاوڵاتیانەبووی کە کاریان کەوتۆتە (وەزارەتەکەت)، ئیتر بە چ هەقێک یان بە چ پێوەرێک تۆ کارت باشتر کردنی پەیوەندییەکانی نێوان (پارتی و یەکگرتوو)بووە؟؟؟؟؟، پارچە زەوی و ئیمتیازاتت بۆ بەرپرسانی هاوشانی خۆت و حیزبەکەت وەرگرتووە، ئەی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە حیزبەکەی بەڕێزتان بەرپرسنین چی؟؟؟؟، حکومەتێک ئەمە وەزیری (داد)ی بێت، ئاخو وەزیری ناوخۆکەی چۆن بێت، حیزبێک ئەمە کاری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیەکەی بێت، ئاخو پێویست دەکات گلەی لە کەسانی تریان بکرێت.
بەڕێزم: ئێوە بەردەوام باسی دەزگا نهێنیەکانی (یەکێتی و پارتی) دەکەن، وەک دوو حیزبی دەسەڵاتدار لە کوردستان، بەڵام جۆری پەیوەندی (تۆ و نێچیرەڤان بارزانی) ئەوەندەی لە پەیوەندیەکی (دەزگا نهێنی و هەواڵگیریەکان) دەچێت، هیچ نزیکایەتیەکی نیە لەگەڵ پەیوەندی نێوان (وەزیر و سەرۆکی حکومەتەکەی)، لەکوێی دنیا بێجگە کوردستان و وڵاتە سەرکوتگەرەکان، پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان ئیدارە و کابینەکانی حکومەت و وەزارەتەکان، بەم جۆرەی (یەکگرتووی ئیسلامی و پارتی) داڕێژراوە؟، لە کوێ (وەزیر و سەرۆکی وەزیران) بە نوێنەرایەتی حیزبەکانیان لە ژورێکی تاریکدا دانیشتوون و سامان و سەرچاوەی ئابوری کۆمەڵگایان لە نێوانی حیزبەکانیان دابەش کردوە؟؟؟ بە بڕوای من ئەوەی (پارتی و یەکگرتوو) کردویانە پێویستی بەوەیە کە وەک دۆسیەیەک کاری لەسەر بکرێت، ئێوە یەک وەزارەتان بەدەستەوە بووە بەو جۆرە کارتان کردوە، بیهێننە بەرچاوی خۆت ئەگەر دەسەڵاتان بەدەست بێت چی بە خەڵک دەکەن ؟؟؟؟، ئەوەی بەڕێزتان و حیزبەکەتان کردوتانە ئەو ڕاستیە دەردەخات کە ئێوە، هیچ کێشەیەک و هیچ جیاوازییەکتان نیە لەگەڵ دەسەڵات، تەنها کێشەتان بەشی زۆر و بودجەی چەورە، ئۆپۆزسیۆن ماسکێکی کاتیە بۆ بەدەست هێنانی زەوی و ئیمتیازاتی مسۆگەر تر.
بەڕێزم: ناعەدالەتی هەڵسوکەوتی تۆ لە وەزارەتەکەت تەنها بۆ خەڵکی دەرەوەی حیزبەکەت نەبووە، بەڵکو سەریشی کێشاوە بۆ ناو حیزبەکەی خۆشتان، من دەیان ئەندام و کادیری (یەکگرتوو) دەناسم کە بە فەلاکەت نانی ڕۆژ بۆ ژیانیان پەیدا دەکەن، هەمانکات زۆر هیلاک و دڵسۆزانە بۆ حیزبەکەی تۆ کار و چالاکی دەکەن، بەڵام بۆچی بۆ وەرگرتنی (ئیمتیازات و پارچە زەوی) تەنها (ئەمینداری گشتی، ئەندامانی سەرکردایەتی، ئەندامانی مەڵبەند، ئەندامانی مەکتەبەکانی یەکگرتوو) بەهرەمەند دەبن، ئایا ئەم هەڵسوکەوتە هەمان ئەو بەرخوردە نیە کە دەسەڵاتی بنەماڵەی دەیکات، بۆ بەرژەوەندی چەند کەسێکی دیاری کراو، لە کاتێکدا حیزبەکی بەڕێزتان بەردەوام ڕەخنە لە دەسەڵاتی بنەماڵەی و ناعەدالەتیەکانی دەگرێت.
بەڕێزم: جیاوازی نێوان کردار و شیعار ئەمڕۆ لە کوردستان بۆتە دیاردەیەکی فروانی حوکمڕانیەتی، ئێوە بەردەوام باسی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و شەفافیەت و مافی هاوڵاتیبوون دەکەن، بەڵام ئەگەر (وەزیر) هەموو هەوڵی بۆ دابین کردنی (ئیمتیازات) بێت بۆ بەرپرسانی حیزبەکەی، ئەی کێ کارەکانی هاوڵاتیان دەکات؟ کێ هەوڵی ئەوە دەدات کە هاوڵاتیان بە یەکسانی لە بەروبومی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی ئەم کۆمەڵگایە سودمەند بێت ؟؟؟؟ وەزیری (داد) ئەم کارە دەکات یان سەرقاڵی کۆبونەوەی دووقۆڵیە لەگەڵ سەرۆک وەزیران ؟؟؟؟؟.
بەڕێزم: ئەوەی خەڵکی کوردستان بە ئێوە و دەسەڵاتدارانی ئێستا ڕازیە، ئەوەی باسی ژمارەی کورسی پەرلەمان و نفوسی حیزبەکانتان دەکەن، دڵنیابە سەرچاوەکەی نەبوونی ئیرادەیەکی یەکگرتووی فراوانی خەڵکە بۆ دانانی سنورێک بۆ شانۆگەری و سیناریۆکانی نێوان ئێوە و دەسەڵات، ئەوە (عیلەتی بێ بەرگییە کە هەتیوو مەیلی هەتاو) دەکات.
لە کۆتاییدا من داوا دەکەم لە بەڕێزتان و (مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو) داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان بکەن، چونکە بە بڕوای من تۆ و حیزبەکەت بە ئەمانەتەوە کاری (وەزارەتان) ئەنجام نەداوە، تۆ بەناوی وەزیرەوە ئەرکێکی ترت ڕاپەڕاندوە، تۆ و حیزبەکەت بەرژەوەندی گشتیتان وەک پەیژەیەک بەکار هێناوە بۆ بەرژەوەندیە حیزبی و شەخسیەکانی خۆتان، ئەمەش بێ ویژدانیەکی گەورەیە بەرانبەر خەڵک و مافەکانیان.
لەگەڵ ڕێزی دووبارەم
هیدایەت مەلا عەلی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست