جاش قەڵەمەكان لەدوێنێ و ئەمڕۆدا
Tuesday, 20/07/2010, 12:00
لە بیرمدێ كە منداڵ بووم بۆ یەكەم جار ووشەی جاشم بەرگوێكەوت كاتێك باوكم لەماڵەوە دانیشتبوو ڕوخساری ڕەش داگەڕابوو بە پەستیەكەوە بە دایكمی ووت : جاشەكان پێشڕەوی سەربازە دڕندەكانی سەدامیان كردووە بۆ ڕوخاندن وسوتاندن وتاڵانكردنی گوندەكان ودواتریش خەڵكەكەیان بەرەو سەربازگەكان ڕاپێچ كردووە.
ئەو كاتە زۆر مەراقم بوو كە بزانم جاشەكان كێن؟ بەڵام لەبەر ئەوەی باوكم زۆر پەست و بێزار بوو نەمتوانی پرسیاری لێبكەم تا دواتر فرسەتم هێناو لە دایكم پرسی ئەویش وەڵامی دامەوەو پێی ووتم كوڕەكەم جاشەكان ئەو كوردە خۆفرۆشانەن كە لەپێناوپارەدا ئەبنە ئەڵقە لەگوێی دوژمنان و دژ بە خواست و ویستی نەتەوەكەیان ڕەفتارئەكەن . هەرچەندە ئەوە پێناسەیەكی گونجاوە بۆ ئەو جۆرە كەسانە بەڵام بەبڕوای من جاش تەنها ئەو چەند چەكدارە خۆفرۆشە نییە كە دژ بە خواستی نەتەوەكەیان ڕەفتار ئەكەن ، بەڵكو جاش هەموو ئەو كەسانەش ئەگرێتەوە كە لەبواری كارەكانیاندا ولەپێناو بەرژەوەندی تایبەتیدا دژ بە بەرژەوەندی گشتی ئەوەستنەوە و بۆ جێخۆشكردنی خۆیان خەریكی دوو ڕویی و هەڵخلیسكاندنی ئەم وئەون.
بێگومان بواری ئەدەبیات و ڕۆژنامەگەریش لەوجۆرە كەسانە بەدەرنییە و هەندێك نوسەرو ڕۆژنامەنوسمان هەیە كە جاش قەڵەمن.
جاش قەڵەمەكان لەپێناو پڕكردنی گیرفانیاندا ئەنوسن ئیدی گرنگ نیە بەلایانەوە كێن ئەو كەسانەی گیرفانیان بۆ پڕئەكەن ،دۆستن یا ن دوژمن ،خاك پەروەرن یان خاك فرۆش.
نوسینی ئەوجۆرە كەسانە وەك كاڵایەكی هەڕاج كراو وایە و بەهەموو نرخێك ئەیفرۆشن چونكە دڵنیان كەكاڵاكەیان بەهایەكی ئەوتۆی نییەو تەنها كاغەز ڕەشكردنەوە و ماندوكردنی چاپخانەكانە.
ئەوان لەباوپیاهەڵدان و ستایش كردندا دەستێكی باڵایان هەیە و ئەتوانن ترسنۆك بكەن بە ئازا و جاش بكەن بە پێشمەرگەو دز بە نیشتیمان پەروەرو خیانەت بە سەروەری و تەنانەت ئەتوانن سۆزانیش بكەن بە شەریفی مەككە.
ئەگەر ئاوڕێك بۆ دواوە بدەینەوە و بەئەرشیفی زۆرێك لەوجاش قەڵەمانەدا بچینەوە ئەوا بۆمان ڕونئەبێتەوە كە ئەوان لە سەردەمی سەدامی خوێنمژو دیكتاتۆردا چۆن خەریكی ستایش وپیاهەڵدان بوون بە باڵای سەرۆكی فەرماندەدا و شیعرو شانامەیان بۆ ئەهۆنیەوە وسەرۆكمان زێڕەیان بۆ ئەچڕی .
ئەوان لەو سەردەمەدا ئەیانویست كلتوری نەتەوەكەمان و شێوازی زمانەوانیمان تێكەڵ بە زمانی عەرەبی بكەن ، یەكێك لەو جاش قەڵمانە هەوڵی ئەوەیدا كە سەرو بۆری پیتە كوردیەكان بگۆڕێت بۆ فەتحەو زەمەی عەرەبی تەنانەت پیتی ێادی عەرەبی وەكو پیتێكی كوردی ئەژمار كردبوو.
جاش قەڵمەكان بەهەموو شێوەیەك دژی پیتە كوردیە لاتینیەكان بوون ،هەر ئەوانیش بوون شەهیدی قەڵەم دڵشاد مەریوانیان لەسەر ووتنەوەی پیتی لاتینی بەگرتندا ودواتریش لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لەسێدارەدرا، ئەوان تەنانەت دژی خوێندنیش بوون بەزمانی كوردی ،لەكاتێكدا لەسلێمانی و شارو شارۆچكەكانی دەورو بەری خوێندكاران و ڕۆشنبیران هاواریان ئەكرد وئەیان ووت : بەكوردی بە كوردی نامانەوێت عەرەبی ،لەبەرامبەردا جاش قەڵەمەكان لە هەولێرو دهۆك ڕاپۆرتیان بۆ كاربەدەستە باڵاكانی بەعس لە بەغدا بەرز ئەكردەوە و داوایان ئەكرد كە خوێندن لەكوردستاندا بە عەرەبی بێت بەڵگەش لەسەر ئەوە هەتا ساڵی 2000 ئەو قوتابخانانەی لەهەولێرو دهۆكدا خوێندنیان بەعەرەبی بوون بە نزیكەیی هێندەی قوتابخانە كوردیەكان بوون .
ئێستاش ئەو جاش قەڵەمانە كاتێك بێئومێد بوون لە بەعسیەكان و هیچ ڕێگە چارەیەكی دیكەیان نەما ئیدی ڕویان لە دەسەڵاتی كوردی كردووە شانبەشانی ووردە جاش قەڵمەكانی دوای ڕاپەڕین پێكەوە بەستایلێكی كودەواریانەوە ئەنوسن.
لەڕاستیشدا كارێكی گران نییە لەبەر ئەوەی شێوازی نوسینەكان نەگۆڕاوە و هەر ماستاوچێتی و پەردەپۆشی و پینەدۆزیەكەی جارانە، تەنها جیاوازیەكەی لەوەدایە ئەوسا بۆ ڕازی كردنی دڵی بەعسیەكان دژ بە خواستی میللەت ئەیان نوسی ، ئێستاش لەپێناو ڕازی كردنی دڵی دەسەڵاتی كودیدا بەیادی جارانەوە ئەنوسن و كەمێك بە دەستكاریەوە، لەبری بڵێن عاش القائد ئێستا ئەڵێن بژی سەرۆك ،لەبری بنوسن شمال العراق ئێستا ئەنوسن هەرێمی كوردستان، لەبری بنوسن اربیل عاسمە سیفیە للعراق ئێستا ئەنوسن هەولێری پایتەختی كوردستان .
ئیمەیل:
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست