قوبادی تاڵەبانی هەوڵی ئاژاوەنانەوە دەدات
Monday, 02/12/2013, 12:00
1589 بینراوە
یەکێتی نیشتمانی هەست بەپاشگوێخستن دەکات، هەست بە کەم قەدری وکەم بایەخبوونی دەکات ئەمەش دوای ئەو شکستە گەورانە دێت کە ڕووبەڕووی بووبووەوە لە هەڵبژاردنەکاندا. یەکێتی هەست دەکات پارتی بەگشتی ونێچیرڤان بەرزانی بەتایبەتی کە تەنها کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی کابینەی هەشت زیاتر لە ئەوان بایەخ بە نەوشیروان وبزوتنەوەی گۆڕان دەدەن.
ئەم هەڵوێستەی نێچیرڤانیش بە ئەوپەڕی حیکمەت وعاقڵی دادەنرێت، لەکاتێکدا یەکێتی بەگێژاوێک وبوومەلەرزەیەکی گەورەدا، تەم ومژاوی وتاریکی وئایندەیەکی نادیار وترسناکدا تێدەپەڕێت وهەنگاو دەنێت زۆر زەحمەتە کەسێک گرەو وقوماری لەسەر بکات. چەند باڵ وچەند سەرکردەیەک پەیدا بوون ڕای زۆر جیاواز وبیر وبۆچوونی دوور لەیەک منداڵێکیش دەزانێت کە بەم زووە تەقینەوە گەورەکە ڕوودەدات.
یەکێتی بە گشتی وقوبادی تاڵەبانی بەتایبەت ئەم گۆڕینە وبارە نوێیەیان بەدڵ نێیە، بۆیە هەر ڕۆژێ قسیەک وهەوڵێک دەدەن بەشداری گۆڕان لە حکوومەت، نزیک بوونەوەی پارتی وگۆڕان تێکبدەن.
قوبادی تاڵەبانی کە تەنها ڕۆژێکیش لە شاخدا نەبووە وپێج دەققەش لە ڕێکخستنەکانی نهێنی وکوردایەتیدا کاری نەکردووە ئێستا دەیەوێت سەرکردایەتی یەکێتی بکات وبۆیە لەم ڕۆژانە قسەی زۆر دەکات ولەهەوڵی خۆدەرخستن وخۆسەرخستنە.
قوبادی تاڵەبانی لەم کاتەدا دەڵێت لەکاتی شەڕی برا کوژیدا باوکی ویستوویەتی شەڕ ڕابگرێت بەڵام نەوشیروان قەبووڵی نەکردووە. ورووژاندنی ئەم باسەش لەم کاتەدا هەوڵدانی ڕاوە ماسییە لە ئاوی لێڵدا، هەوڵی ئاژاوە نانەوە وتێکدانی نزیکبوونەوەکەی گۆڕان وپارتییە، هەوڵی تێکدانی ئارامی کوردستانە.
جەنابی قوباد دەبوایە لە باوکی ڕەحمەتی بپرسیایە ئەرێ بۆچ شەڕت دەستپێکرد ولە پێناوی چیدا؟ لە پێناوی چیدا هەزاران لاوی کوردت بە کوشتدا وکوردستانت وێران کرد؟ هەموو میللەتی کوردیش ئاگای لە وەڵامەکەیە وڕەحمەتی خۆشی دانی پێدا ناوە کە تەنها دژایەتی کردنی ماڵی بەرزانی بوو. هەموو کورد لە بیریەتی ئەو کاتەی مەرحوم دەیگوت چۆن نەمهێشت باوکی بیخوات ئاواش ناهێڵم مەسعودیش بێخوات. هەموو کەس دەزانێت جەنابی تاڵەبانی وەکوو خۆی دانی پێدا نا تەنها لە حەسوودی وناحەزی وڕقایەتی بنەماڵەی بەرزانیدا بە بێوچان لە هەوڵ وکۆششدا بووە وهەر شکستیش بەشی بووە، بۆیە بەناچاری ئاڵا سپێکەی هەڵدا وچۆکی دادا نەک چونکە حەزی لە ئاشتی بوو.