داكۆكییەك لە بەلێن عەبدوڵا
Wednesday, 05/08/2009, 12:00
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو چەندین هەواڵم خوێندەوە لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕەكان لەسەر ئەوەی بەڕێز بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حیزبی زەحمەتكێشان و ئەندام پارلەمانی كوردستان لە قافدا گیراوەو لە كوردستان خانەنشینی پارلەمان و لە دانمارك خانەنشینی نەخۆشی هەبووە,سەرچاوەی هەواڵەكەش كەناڵێكی تەلەفزیۆنی دانماركییە كە ڕاپۆرتی لەسەر ئامادە كردووە,ئیتر ئەوەی هات هەڵای خۆی كرد و بەڕەیەكی فرێ دایە مزگەوتەوە,وەك ئەوەی تەنها بەڵێن وای كردبێت دەیان هەزار كورد بە هەمان شێوە نەبێت جوت و دەبڵ جوت وزیاتر مانگانەیان هەبێت لە كوردستان و هاندەران و خۆیان لە دانی باج شاردبێتەوە.
هەمان هەواڵ بە ڕەنگاو ڕەنگ چەند جارێكی دیكە بە ئیمەیل بۆم نێردرایەوە,وەك ئەوەی خاوەند ئیمەیلی بەڕێز هەنگوینی لە دارا دۆزیبێتەوە,یەكدنیا ڕەخنەی سیاسیم لە كاك بەڵێن و پارتەكەی هەیە,وەلێ خۆی و پارتەكەی لە ناشرینەكانی كوردستان نین تا ئەو دەهۆڵەی بۆ لێبدرێت,كارەكەشی ئەو تاوانە گەورەیە نییە تا بەوشێوەیە باسبكرێت,یەكێك لە دورەوە ئەم هەواڵە ببینێت ,وا دەزانێت كاك بەڵێن یەكەم كوردە كاری وای كردبێت,زۆر بە كورتی لەسەر ئەم بابەتە هەڵوێستی خۆم دەرە بڕم.
منیش لە گەڵ ئەوەدام كاك بەڵێن دووجار تۆمەتبارە,لە لایەك بۆخۆی تێكۆشەرێكی دێرینی پاكی ناسراوە,مێژوویەكی پاكیزەیی لە تێكۆشاندا هەیە,نابوایە ئەم لەكە بچوكەی بخستایەتە سەر خەرمانی گەورەی سومعەو مێژووی تێكۆشان و كەسایەتی خۆی,باجی خۆی بدایا شای هەڵپەڕاندایا .هاوكات ئەندامی حیزبێكی بەناو چەپە,ئەمەش لە ڕوانگەی باوەڕەكەیەوە كفرە.
-لەم ئەوروپایە هەزاران و دەیان هەزار مرۆڤی دی هەیە,هەم لە حیزب و حكوومەتە حەیاتەكەی كوردستان لە مەڕ خۆمان مانگانەیان هەیە و هەم لەسەر سۆسیال دەژێن,لە ناویاندا ئەندامانی سەركردایەتی,پایە بڵندی حیزبی,فایلداری تازە ئۆپۆزسیۆن,پێشمەرگە كوژ,......زۆر نموونەی سەیرو سەمەرە وعاجباتی هەیە,كاك بەڵێن دوا كەسیانە ڕەخنەكە شوملی بكات.
-ئەگەر كاك بەڵێن پێشتر بە پارتەكەی وتبێت من كارێكی وام كردووە,وە ئەو پارەیەی وەریگرتبێت حیزب پێی زانیبێت و نەیشاردبێتەوە,وابزانم ناچێتە پای ئەو تاوانە گەورەیەوە وا ئەم دەهۆڵەی بۆ لێدەدرێت,تەنانەت ئەگەر باسیشی نەكردبێت لە گوناحە گەورەكان نییە وا بەمشێوەیە دەهۆڵی بۆ لێبدرێت.سكرتێرەكان وەك كاكە حەمە دەڵێت:هەیانە ڕاپۆرتی لەسەر چایچییەكەی نووسیوە,خەڵكیان كوشتووە,عەلی حەسەن مەجیدیان ماچ كردووە,شەڕی ناوخۆییان هەڵگیرساندووە,پاسەپۆرتی سەدامی وەرگرتووە,سەروەت و سامانی كوردستانی دزیووە....دیارە ئەم كارەی بەڕێز بەڵێن عەبدوڵاش دەچێتە پای هەڵەوە,بەڵام لە ئاست هەڵە و تاوانی سەركردە و سەرۆكی پارت و لایەنەكانی دی مووەیەكە لە چاو حەزیایەك ,كەسیان نییە گەورەتریان نەكردبێت.
بێشك ئەمەی بەرامبەر بەڵێن عەبدوڵا كرا,كارێكی نەخشە داڕێژراوە بۆ لێدانی كەسێتی ئەو,ئەگەر هەموو كەموكوڕیەكان بەڵێن هەر ئەوەندە بێت,ئەوا لە سەركردە پاكیزەییەكانی حیزبەكانە,هیوادارم ئازایانە دان بەم هەڵە بچوكەی خۆیدا بنێت و ڕونكردنەوەی خۆی بدات,ئەویش نە یەكەم و نە هەزارەم و نە دەهەزارەم كورد و بەرپرس نییە كە لەم هاندەرانە كارێكی وایكردبێت و خۆی لە باجدان شاردبێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست