ده‌سه‌لاتێکی به‌ربه‌ریی و کۆمه‌لگایه‌کی بێڕێبهر: خوێندنه‌وه‌یه‌کی تر بۆ رووداوه‌کانی بادینان (به‌شی دووەم)
Tuesday, 13/12/2011, 12:00
پرسه سه‌ره‌کییه‌که: سه‌نته‌ره‌کانی مه‌ساج و مه‌یخانه‌کان و شتی ترئه‌و ده‌سه‌لاتانه‌ی رێگای عه‌قڵ و عه‌داله‌ت قبوڵ ناکه‌ن ده‌بێ چاوه‌رێی تۆله‌و توند‌و تیژی بکه‌ن هه‌موو بۆچوونه‌کانی سه‌ره‌وه رووداوه‌کان ده‌که‌نه رووداویكی سیاسی ئایدیۆلۆجی و به پێی تیۆری پیلان (موئامه‌ره) لێکی ده‌ده‌نه‌وه و یان له ناو جوغزی ته‌سک و نادروستی ناکۆکی نێوان پارتی و یهکرتوودا چه‌قیان پێده‌به‌ستن له کاتێکدا ئه‌و ناکۆکییه ده‌شێ هه‌ر رواله‌تیی و کاتیی بێ و به هۆکاری ده‌ره‌کی یان به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیی بێ جارێکی تر ساردببنه‌وه و بکه‌ونه‌وه ناو یه‌ک جۆگه‌ی سیاسییه‌وه . مه‌ترسییه‌که ئه‌وه‌یه هیچ له‌م بۆچوونانه توخنی کێشه سه‌ره‌کییه‌که ناکه‌ون که گوایه به هۆیه‌وه هه‌راکه‌ی زاخۆ‌و ناوچه‌کانی تری بادینان به خیڕایی په‌ڕه‌ی سه‌ند ئه‌ویش بوونی ژماره‌یه‌کی زۆر سه‌نته‌ری مه‌ساج و مه‌یخانه یان دوکانی مه‌یفرۆشی یه له‌و ناوچانه‌و وه‌ک ده‌رده‌که‌وێ له زۆربه‌ی ناوچه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا رووداوه‌کان هه‌ر چۆنێ ئاماده‌ییان بۆ کرابێ ئه‌و هۆکاره‌ی که ئه‌و خه‌لکه‌ی به راستی یان به به‌رنامه کۆکردۆته‌وه پرسی بوونی نه‌خوازراوی سه‌نته‌ره‌کانی مه‌ساج و مه‌یخانه‌کانه. مه‌سعود بارزانی و برازاکه‌ی جیاوازی و ناکۆکی تایه‌فی و کۆمه‌لایه‌تی به هۆی ئه‌و توندوتیژییه ده‌زانن و پارتی به گشتی راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ ده‌یه‌وێ یه‌کگرتوو وه‌ک نه‌خشه‌دانه‌ر و هاندهرو بزوێنه‌ری ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و ناکۆکییانه وێنا بکات وه‌ک شه‌ری ئیسلام دژ به یه‌زیدی و مه‌سیحییه‌کان. باشه خۆ له سلێمانی و که‌لارو قه‌لادزێ مه‌یفرۆشه‌کان و مهساجدارهکان، که هه‌بن، یه‌زیدی و مه‌سیحی نین، ئه‌ی گه‌ر له‌وێش ئه‌و دوکانانه بسوتێنرێن، وه‌ک له سلێمانی هه‌ولی سوتاندنی مه‌ساجێک درا، چۆن هۆکاری تایهفیییان بۆ دروست ده‌کرێ؟ هه‌ندێ نوسه‌رو روناکبیری تریش به‌داخه‌وه هه‌ر له روانگه‌ی ئایدیۆلۆجی و نه‌بوونی بۆچوونی زانستی و نه‌بوونی زانیاری و لێکۆلینه‌وه‌ی مه‌یدانیی و تێگه‌یشتنی سیاسیی و سۆسیۆلۆجییه‌وه، یه‌کسه‌ر بوونی مه‌ساج و مهیفرۆشخانهکان به رواله‌تێکی ئازادی کۆمه‌لایه‌تی ده‌زانن که ده‌بێ به‌رامبه‌ر به هه‌ره‌سه‌ی فه‌نده‌مینتالیستی دینی ، که ده‌شێ هه‌بێ یان وه‌همی بێ، به‌رگری له‌و ئازادییانه بکرێ و پرسی داخستن یان باسکردنی مه‌ساج و مه‌یفرۆشیی و مهیخانهگهری له کوردستان نههێنڕێته گۆرێ. به‌لام ئه‌مه راست نییه.
1. بوونی مه‌ساج و مه‌یخانه‌کان، که تا ئێستا بابه‌تێکی شاراوه بوو، وه‌ک هه‌موو ده‌رده‌کانی تر دیارده‌یه‌کی تره له دیارده‌کانی بێیاسایی و ده‌سه‌لاتی مافیایی و به‌رژه‌وه‌ندیخوازی حیزبی که بنه‌ماو بنچینه‌و به‌های یه‌که‌م و دوایی به‌ده‌ستهێنانی قازانج و سه‌رمایه خڕکردنه‌وه‌یه به بێ بوونی دستوورو یاسا‌و رێسای ئه‌خلاقی و یه‌کسانی ده‌رفه‌ت و رای دیمۆکراتی خه‌لک و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌لایه‌تی. به‌راستی من ئێستا ده‌زانم ته‌نیا له سلێمانیدا زیاتر له 20 سه‌نته‌ری مه‌ساج هه‌یه. هه‌رخواش ده‌زانێ چه‌ند مه‌یخانه‌و مه‌یفرۆشیش هه‌یه. به پێی هه‌والێکی ئه‌مرۆی (ئێن.ئار.تی) (10/12/11) له سلێمانی له كۆی هه‌ژده سه‌نته‌ری مه‌ساج پانزه سه‌نته‌ریان له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شت و گوزاری سلێمانیه‌وه داخراون. له به‌ر ئه‌وه‌ی کۆمه‌لگایه‌کی زانین نییه و کۆمه‌لگایه‌کی حیزبیی تۆتالیتاری ئیتستیغلالی داخراوه، هه‌موو شتێ شاراوهیهوئامارو زانیاری ده‌رباره‌ی راستییه‌کان و دیارده‌کان و پرۆسه‌کان نییه، نازانرێ ته‌نانه‌ت له ناو هه‌ناوی کۆمهلیشدا چ روو ده‌داو چۆن ده‌ردو فاکته‌ره کۆمه‌لییه‌کان له سه‌ره‌وه‌را وه‌کو ڤایروس ده‌چنه ناو ده‌مارو جمگه‌کانی ژیانی خه‌لکه‌وه. هه‌ر له سلێمانی له پاڵ مه‌ساجه‌کان (که مادام زانیاری نییه گومانه‌کان له جێی خۆیاندان که ئه‌وانیش بۆ له‌شفرۆشی به‌کاربێن)، و مه‌یخانه‌و مهیفرۆشهکانهوه وه‌ک راپۆرتێکی ئاوێنه نیشان دا 400 خانه‌ی له‌شفرۆشی هه‌یه. ئه‌مانه هه‌مووی مانای ده‌ردو دارزانی کۆمه‌لایه‌تیی و ئیتستیغلال و بازرگانیکردن به جه‌سته‌ی ئافره‌ت و به ته‌ندروستی کۆمه‌ل و بلاوبوونه‌وه‌ی ئه‌یدز و داروخاندنی شیرازه‌ی ژیانی کۆمه‌لایه‌تی له ئه‌نجامی نایه‌کسانی و بلاوکردنه‌وه‌ی هه‌ژاری به ئه‌نقه‌سته‌وه هه‌یه و به هیچ جۆر نیشانه‌ی ئازادیی و لیبرالی و پیشکه‌وتنی سروشتی کۆمه‌ڵ نین.
2. مه‌حاله له شوینێکی وه‌ک له‌نده‌نیش ئه‌وه‌نده خانه‌ی له‌شفرۆشی هه‌بێت. له ولاتانی وه‌ک به‌ریتانیاو سوێدو ولاته ئه‌وروپییه‌کانی تریش ده‌وله‌ت سنوور بۆ دیارده‌ی له‌شفرۆشی و مه‌یفرۆشتن و جگه‌ره‌فرۆشتن داده‌نێ. له به‌ریتانیا ئێستا بۆ له‌شفرۆشی وه‌ک له کوردستان باوه، ته‌نیا ئافره‌ت ناکرێته قوربانی و ناگیرێ به‌لکو وه‌ک سوید پیاوه‌کانیش ده‌گیرێن و سزا ده‌درێن. مه‌ی به هیچ که‌س له خوار ته‌مه‌نی 21 سالییه‌وه نافرۆشرێ و مه‌یفرۆشان ده‌بێ روخسه‌تیان هه‌بێ و که به‌ده‌ستهێنانی ئاسان نییه‌و مه‌رجی یه‌کجار زۆره و به‌رده‌وام چاودێری و سزای زۆر توند بۆ فرۆشتنی کحولیاتی قاچاغ و جۆر خراپ هه‌یه. هتد جگه له‌وه‌ش له رێگه‌ی به‌رنامه‌ی چاودێری و په‌روه‌رده‌یی و هوشیارکردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامه‌وه حکومه‌ت هه‌ول ده‌دا به هه‌موو جۆرێک له دیارده‌ی جگه‌ره‌کێشان و زۆر خواردنه‌وه که‌مبکاته‌وه که بۆته یه‌کێک له ده‌رده هه‌ره گه‌وره‌کان له رۆژاوا دا له رووی ته‌ندروستی و کۆمه‌لایه‌تی یه‌وه. زۆر دیراساتی زانستی له به‌ریتانیاو ئه‌مریکا و ولاتانی ئه‌وروپی ده‌ری خستووه پێوه‌ندییه‌کی گه‌وره‌و سه‌لمێندراو له نێوان مه‌یخواردنه‌وه‌و جگه‌ره‌کێشان و زیادبوونی نه‌خۆشێیه‌کانی سه‌ره‌تان هه‌یه. له %18 ی نه‌خۆشییه‌کانی سه‌ره‌تان له‌ی پیاوان و له %4 لای ژنان پێوه‌ندی به زۆر خواردنه‌وه هه‌یه، ئه‌وانه‌ی ده‌خۆنه‌وه دو قاتی ئه‌وانه‌ی ناخۆنه‌وه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه تووشی نه‌خۆشی دڵ و سه‌کته‌ی قه‌لبی ببن. جگه له‌مه‌ش خواردنه‌وه‌ی گه‌نجان له رووی گرفته کۆمه‌لییه‌کان و زیادبوونی توندوتیژی و تاوانکاری له نێوان گه‌نجان و گرفتی ئیدمان و سیکسی پێشوه‌خت و نه‌خوازراوو زیادکردنی ره‌فتاری نامه‌ده‌نی دژهکۆمهڵی له زیادبووندایه. راستی مه‌یخواردنه‌وه یه‌کێکه له کێشه کۆمه‌لایه‌تی و ته‌ندروستییه هه‌ره گه‌وره‌کان که به‌ریتانیا به زۆر شیوه ده‌یه‌وێ سنووری بۆ دابنێ. به تایبه‌تی به باج خستنه سه‌رو زیادکردن سالانه‌ی نرخی مه‌شروبات که بۆته هۆی په‌ککه‌وتنی کاری سه‌دان (په‌ب) و داخستنیان له به‌ر نه‌مانی کڕیارو قازانج نه‌کردن. دیاره له کوردستان وه‌ک هه‌ر شتێکی تر هیچ زامنێک نییه که ئه‌و مهشروباتهی دێ ساغ بێ و ژه‌هری کوشنده‌ی ته‌واو نه‌بێ که ته‌نیاو ته‌نیا بۆ قازانج و بۆ لادان و کۆنترۆلی مه‌لایه‌تی ئه‌و بازرگانییه وا په‌ره‌ی پێده‌درێ.
3. به پێی یاسای بازار، فرۆشی هه‌ر کالاو خزمه‌تگوزارییه‌ک پێوه‌ندی به بوونی کریارو داواکاری بۆی هه‌یه. مادام ئێمه کۆمه‌لگایه‌کی دیمۆکراتی زانیاری کراوه نین ئه‌وه‌ش روون نییه چ دواکارییه‌ک و پێویستییه‌کی کۆمه‌لایه‌تی بۆ خزمه‌تگوزاری لهشخانهکان و مه‌یخانه‌کان و مه‌ساجه‌کان هه‌یه، کریاره‌کانیان کێن؟ کێن ئه‌وانه‌ی پاره‌یان هه‌یه‌و به‌رده‌وام ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه به‌کاردێنن و ده‌بنه هۆی ته‌شه‌نه‌کردن و زیادبوونیان وه‌ک دیاره داوکاریی زیاتر بۆ کردنه‌وه‌ی مه‌ساج به ئاشکراو هه‌لبه‌ت سێکسخانه که به نهێنی هه‌یه. ئه‌مه پێویستی به دیراسه‌ی سۆسیۆلۆجی زانستی ورد‌و به‌رفروان هه‌یه تا بچینه ناو ورده‌کاری کۆمه‌لایه‌تی دیارده‌که‌وه، لایه‌که‌ی تر ئه‌وه‌یه کێن قازانج له به‌رێوه‌بردنی له‌شفرۆشخانه‌کان و مه‌یخانه‌و مهساجهکانهوه ده‌که‌ن؟ كێن ئه‌و جۆره بازرگانییه به‌رێوه ده‌به‌ن؟ ئایا راسته ،ته‌نیا یه‌زیدی و مه‌سیحییه‌کان، ئه‌وه ده‌که‌ن؟ کێ روخسه‌تیان ده‌داتێ و شه‌ریکه له‌گه‌ڵیان؟ ئایا دیارده‌کان له ناوچه‌یه‌کی ته‌سکدا هه‌ن یان له هه‌موو کوردستان ته‌شه‌نه‌یان کردووه؟ له‌شفرۆش و مهساجکارهکان و مهشروباتهکان له کوێوه دێن و چۆن دێن و کێ ده‌یانهێنێ؟ نرخ و نهوعییهتیان چۆنه؟ چۆن ئه‌م دیاردانه کار ده‌که‌نه سه‌ر ژیانی خه‌لک و بیرکردنه‌وه بۆچوونیان؟ دیاره ئه‌مانه به موعجیزه روو ناده‌ن و له ناو جه‌رگه‌ی کۆمه‌ل و به پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وامی کڕین و فرۆشتن روو ده‌ده‌ن. ئه‌مانه که‌مێ له‌و پرسیاره زۆرانه‌ن که ده‌بوو لێژنه‌که‌ی په‌رله‌مان وه‌لامیان بداته‌وه‌و پێویستییان به وه‌لامدانه‌وه‌ی زانستی ورد‌و دروست هه‌یه.
4. ئه‌وه‌ی ئاشکرایه‌و ده‌توانرێ وه‌ک راستییه‌ک بوترێ ئه‌وه‌یه دیارده‌ی مه‌ساج و مه‌یخۆریی و سێکسخوازیی وه‌ک هه‌موو لایه‌نه سه‌لبی و ده‌ردو دیارده کوشنده‌کانی تر پێوه‌ندی به ده‌سه‌لاتی قۆرخکاریی حیزبی و سیاسه‌تی ده‌وله‌مه‌ندبوون و قازانجی مافیاکانی ده‌سه‌لاته‌وه هه‌یه به بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌هایه‌کی ئه‌خلاقی و ئینسانی و نه‌ته‌وه‌یی و دینییان هه‌بێ و هیچ ترسێکیان له هیچ لێپرسینه‌وه و موحاسهبهکردنێکی یاسایی هه‌بێ. هیچ دیارده‌یه‌کی پیس و زیانبه‌خش نییه به‌رپرسانێکی حیزبی پیس و زیانبه‌خشی له پشته‌وه نه‌بێ. له سالی 2008 که گه‌رامه‌وه سلێمانی هه‌ندێ براده‌ر چه‌ند شه‌و له سه‌ریه‌ک داوه‌تیان ده‌کردم بۆ یانه‌ی کۆمه‌لایه‌تی که له ناو پارکی ئازادی دروستکراوه. زیاتر‌و زیاتر هه‌ستم به دزێویی و نائاساییبوونی بوونی شوینێکی خواردنه‌وه له‌و شوێنه کرد. پارکی ئازادی له ناو جه‌رگه‌ی شاره‌و ئه‌و پارکه به هه‌موو مانایه‌ک ده‌بوو سه‌دی سه‌د شوێنێکی خێزانیی دوور له مه‌یخواردنه‌وه‌و مه‌یفرۆشی و خربونهوهی گه‌نده‌لان و مه‌یخۆرو سه‌یاره‌و قه‌له‌بالغی بێت. جگه له‌مه‌ش ئه‌و پارکه مه‌فڕوزه ملکی گشتی و شوینێکی گشتی بێ چۆن ده‌کرێ بکرێ به ملکی تایبه‌تی و بۆ قازانجی تایبه‌تی و بۆ چالاکییه‌کی دژهکۆمهلایهتی و خیزانیی له‌و چه‌شنه داگیر بکرێ و به‌کار بێت؟ ئایا له‌و سه‌دان پارکه گشتییانه‌ی له‌نده‌ن تاقه پارکێک هه‌یه کرابێته شوێنی خواردنه‌وه‌و (په‌ب)ی تێدا بێت؟ که‌چی تاقه پارکێکی گشتی ناو شارێکی وشک و برنگ و بێههناسهو سه‌وزایی و شوێنی گشتی بۆ گه‌نجان و خێزان، ئاوا ملهورانه کراوه‌ته نادی خواردنه‌وه؟ کێ ئه‌و جۆره بریارانه ده‌رده‌کا؟ چۆن؟ له‌و ولاتانه‌دا که یاسا‌و ئه‌خلاق و دیمۆکراسی هه‌یه، بۆ روخسهتدان به هه‌ر چالاکییه‌کی بازرگانی ساده‌ش نه‌ک هی وه‌ک کردنه‌وه‌ی نادی خواردنه‌وه، شاره‌وانی یان ئه‌نجومه‌نی هه‌لبژێردراوی ئه‌و شوێنه، به پێی یاسا، پرس به هه‌موو دانیشتوانه‌کانی ئه‌و شوێنه‌و ده‌وروبه‌ری ده‌کا، خه‌لکی ئه‌و شوێنه چ به کۆمه‌ڵ چ وه‌ک تاک ده‌توانن ناره‌زایی نیشان دهن و کردنه‌وه‌ی ئه‌و چالاکییه بوه‌ستێنن یان په‌نا بۆ دادگا به‌رن. کام ئه‌نجومه‌نی شار، شاره‌وانی، دادگا له کوردستان بریاری داگیرکرنی ملكی گشتی و کردنه‌وه‌ی نادی و مه‌یخانه‌و مه‌ساجه‌کان ده‌دا؟ پارکی ئازادی ده‌بوو قاوه‌خانه‌ی مۆدیرنی هه‌رزانی چاو قاوه‌و خۆشاو خواردنه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی رۆژنامه و گۆڤاره‌کانی بۆ کچ و کوڕ و خێزان لێبایه نه‌ک نادی خواردنه‌وه. به‌لام سه‌رنج ده‌ده‌ین لای ئێمه زه‌وی و ئاسمان، بنئهرزو سه‌رئه‌رز، داگیر ده‌کرێ، بینایه‌و قوتابخانه‌و ره‌وزه‌و بینای حکومی، مافیای حیزبی داگیریان ده‌کا، ته‌نانه‌ت قوتابخانه‌ش، وه‌ک قوتابخانه‌ی فریشته‌ی مێژوویی، بۆ قازانجی مافیاکانی ده‌سه‌لات تێک ده‌درێ به بێ ئه‌وه‌ی که‌سێک نووزه‌ی لێوه بێ، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌زگایه‌ک به خه‌به‌ر بێ، ئۆپۆزیسیۆنێک ده‌م بکاته‌وه، ئه‌نجومه‌نێک نارازه‌یی نیشان دا، پرسێک به که‌س بکرێ، یان گوێ به بیروبۆچوونی هاولاتیان و به‌ها ئه‌خلاقی و ئینسانییه‌کان بدرێ.
5. ئه‌م تاوان و ناهه‌قیی و کهلهگاییانه به سه‌دان شێوه و نموونه دووباره ده‌بنه‌وه و زیاتر و زیاتر کۆمه‌لگا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سته‌یه‌کی که‌م، سه‌دی یه‌که تاوانکاره‌که، دادهرزینن. له لایه‌کی تریشه‌وه هه‌رچی ده‌زگای زانستی و لێکۆلینه‌وه‌و به‌کارخستنی عه‌قل و ریکخستنی ئیداریی و مه‌ده‌نی کۆمه‌ل و ژیان هه‌یه له لایه‌ن مافیای ده‌سه‌لاته‌وه په‌کی خراوه. میدیای حیزب و لافاوی گۆڤار‌و رۆژنامه زێرابییهکانی هه‌موو لایه‌نێكی زانین و ده‌ربرین و راستی بۆگه‌ن کردووه. زانین و ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری بوونه زبلدانی حیزب. وشه‌کانی یاسا و دیمۆکراسی و دادگا له درۆی شاخداری بێشه‌رمانه زیاتر نین که ئۆپۆزیسیۆنیش دوای ئه‌و هه‌موو نانبرین و هیرش و ئیهانه‌و ئه‌تک کردنه ئه‌وانیش درۆزنانه‌و ریاکارانه ئه‌و وشه بۆشانه وه‌ک فریادره‌س دووباره ده‌که‌نه‌وه. درۆ‌و دووروویی و ساخته‌یی و شاردنه‌وه‌و ژێر په‌رده‌دان و ژێر بهڕهنان سیاسه‌ت و پراکتیسی رۆژانه‌ی بیست ساله‌ی ده‌سه‌لاتی به‌ربه‌رییه. بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ ته‌رجه‌مه‌م بۆ بی.بی.سی ده‌کرد. له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساله‌دا ره‌نگه به ده‌یان جار هه‌واڵ و راگه‌یاندنی سه‌رانی ده‌سه‌لاتم ته‌رجه‌مه کردبێ که دوو حکومه‌ته‌که‌یان کراون به‌یه‌ک، پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و مالیهش یه‌کیان گرتۆته‌وه و هه‌موو شتیک ته‌واو بووهوتهنیا چه‌ند گرفتێکی ته‌کنیکی بچووک ماون! ئایا راسته شه‌ش ساڵ گرفتی ته‌کنیکی بچووک ماوه‌و چاره‌سه‌ر ناکرێ یان درۆی گه‌وره‌ی بێئابرووانه چاره‌سه‌ر ناکرێ. جا چۆن هێزه‌کانی ده‌ره‌وه رێزی ئه‌م جۆره سه‌رکردانه ده‌گرن یان بۆ نۆکه‌ریی نه‌بێ حیسابێکیان بۆ ده‌که‌ن؟
6. ئه‌م رواله‌ته ساخته‌و شاردنهوهنانهن که حه‌قیقه‌تی دارزانی کۆمه‌لایه‌تییان ون کردووه: ئه‌رێ رۆژانه ، سالانه چه‌ند ژن ده‌کوژرێن و خۆ ده‌سووتێنن؟ بۆچی؟ چه‌ند گه‌نج خۆ ده‌کوژن؟ چه‌نده‌ها هه‌زار تووشبووی سه‌ره‌تان و نه‌خۆشی دل و نه‌خۆشی ده‌روونی و عهقلیمان هه‌یه؟ چه‌نده‌ها هه‌زار پیرو په‌ککه‌وته‌مان هه‌یه و چۆن ژیان به سه‌رده‌به‌ن؟ چه‌ندان هه‌زار گه‌نجی ئاواره‌ی ده‌ستی ئه‌و ده‌سه‌لاته بهربهرییهمان هه‌ن که له رێگا‌و بانه‌کان بوونه قوربانی یان له ئاواره‌یی له دۆزۆخدا ده‌ژین؟ چه‌نده‌ها خه‌لک له سه‌ر جادده‌و رێگا‌و بانه‌کان ئه‌نفال ده‌کرێن؟ منالانی هه‌توو بێکه‌س چۆن ده‌ژین؟ چه‌ند منالی ژێرته‌مه‌ن کار ده‌که‌ن و له قوتابخانه‌و ژیانی ئاسایی بێبه‌ش کراون؟ چه‌نده‌ها تانکی گه‌وره‌ی نه‌وتدزین سامانتاڵانکردن رۆژانه جادده‌کان قهلهبالغترو خه‌ته‌رناکتر ده‌که‌ن؟ چهندههاههزار دۆنم زه‌ویوزاری گشتی داگیرکراوه؟ چه‌نده‌ها سه‌رچاوه‌ی نه‌وتی و غاز به بێئاگایی و به گه‌نده‌ڵی به تالان دراوه به شه‌ریکه‌کانی بێگانه؟ چه‌نده‌ها پرۆژه‌ی ساخته له سه‌ر کاغه‌ز هه‌ن و پاره‌که‌یان دزراوه‌و لووش دراوه؟ چه‌نده‌ها مووچهخۆرو خانه‌نشینی حیزبی مشه‌خۆرو بێکار هه‌یه؟ چه‌نده‌ها ده‌زگای جاسووسی تورکی و ئێرانی هه‌یه؟ پرسیاره‌کان بی کۆتایین و وه‌لامه‌کان سفرن. هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه له ولاتانێ په‌رله‌مان و دیمۆکراسیان هه‌بێ له سه‌دان پلاتفۆرمه‌وه هه‌ر له په‌رله‌مان و کۆمیته‌کانه‌وه تا کۆنفرانسی نه‌قابات و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی و میدیای سه‌ربه‌خۆی ناحیزبی ئازاد، هتد موناقه‌شه ده‌کرێن و له‌لایه‌ن سه‌دان ده‌زگای ئه‌کادیمی و زانستی و لێکۆلینه‌وه‌ی ستراتیجی و (پینک تانکه) ه‌وه شیده‌کرێنه‌وه به‌رنامه‌ی چاره‌سه‌ری دریژخایه‌نیان بۆ داده‌ندرێ.
7. هه‌راکه‌ی زاخۆ و لێکه‌وته‌کانی ته‌نیا نیشانه‌یه‌کی بچووک به‌لام گرگ و خه‌ته‌رناکی تری که‌له‌که‌بوونی کێشه کۆمه‌لایه‌تیی و سیاسییه کوشنده‌کانه که گه‌ل و ولات و ژیانی هاوولاتییانیان کردۆته قوربانی. به‌هۆی که‌له‌که‌بوونی ئه‌و کێشه کوشندانهو شاردنه‌وه‌و ساخته‌کاری و درۆ‌و ده‌ڵه‌سه‌ی بێ‌کۆتایی ده‌سه‌لات و نه‌بوونی هیچ رێگا چاره‌سه‌رییه‌کی یاسایی و مه‌ده‌نی و دیمۆکراتی و ئه‌خلاقییه‌وه بۆ خه‌ڵک، ته‌قینه‌وه‌ی کۆمه‌لایه‌تی توندوتیژ دره‌نگ یان زوو کارێکی حه‌تمییه. له تونس ئه‌وه‌ی له پێش هه‌موو شتێکدا بووه ئامانج و نیشانه‌ی په‌لامارو تالانی خه‌لک کۆشک و ته‌لارو شوێنی سیاحی و دوکان و سوپه‌رمارکێته‌کانی بنه‌ماله‌و که‌سانی سه‌ر به ده‌سه‌لات بوو، له لیبیا کۆمه‌له کۆشک و ته‌لاری عه‌زیزییه‌ی قه‌زافی و بنه‌ماله‌که‌ی له‌گه‌ڵ گرنگی مێژوویی و ئهرکیتێکچهرییان تالان کراو ته‌خت کرا، زۆر به‌شی شاری سرت ته‌نیا له رقی ئه‌وه‌ی قه‌زافی بۆ خاتری خێزان و خێڵه‌که‌ی خۆی گرنگیی زۆری به‌و شاره‌دا بوو و پێشی خستبوو، به‌شێکی زۆری وێران کرا. ئه‌و ده‌سه‌لاتانه‌ی رێگای عه‌قڵ و عه‌داله‌ت قبوڵ ناکه‌ن ده‌بێ چاوه‌رێی تۆله‌و توند‌و تیژی بکه‌ن. گه‌ر ئه‌و پرۆسه‌ی تاوان و دزی و داگیرکاری و داوێنپیسیی و دارزاندنی شیرازه‌ی کۆمه‌لایه‌تی له لایه‌ن %1 ی یه‌کی بنه‌ماله و ده‌ست و پیوه‌نده حیزبییه‌کانیان کۆتایی نه‌یاو له رێگای ده‌ستورو یاسا‌و دامه‌زراوه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه به‌خێرایی راست نه‌کرێته‌وه، ئه‌وا دره‌نگ یان زوو ده‌بێ چاوه‌رێی هه‌مان سیناریۆبن و هه‌ر له زاخۆوه تا دهۆک و پیرمام و سه‌ری ره‌ش و هه‌ولێر و سڵێمانی، کۆشک‌و ته‌لار و بازاڕ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌نده‌ڵه ملهوڕه‌کان ده‌بێ چاوه‌رێی ته‌قینه‌وه‌ی رقی خه‌لک بن. راستتره هه‌ولی سوتاندنی مه‌ساج و مه‌یخانه‌کان له بادینان و سلێمانی و قه‌لادزه و که‌لار، وه‌ک سه‌ره‌تای ئینزارێکی به‌ڕێوه‌بوونی ئه‌و ته‌قینه‌وه ببینرێ نه‌ک وه‌ک به‌ربه‌ره‌کانییه‌کی ئایدیۆلۆجی دینی و تایه‌فی. ئه‌وه داواکارییه‌کی ره‌وای خه‌لک و ههنگاوێکی عه‌قلانی و دیمۆکراتییه بۆ پاراستنی ته‌ندروستی فیزیکی و کۆمه‌لایه‌تی و ئه‌خلاقی گه‌ل، به ده‌ر له هه‌ر ڵێکدانه‌وه‌یه‌کی دینیی، که خه‌لک داوای قه‌ده‌غه‌کردنی هێنان و بازرگانی و فرۆشتنی مه‌شروباتی که‌حولی و جگه‌ره و زۆربوونی مه‌ساجخانه‌و مه‌یخانه‌و مهیفرۆش و له‌شفرۆشخانه‌کان بکات.
ده‌سه‌لاتێکی به‌ربه‌ریی و کۆمه‌لگایه‌کی بێڕێبهر: خوێندنه‌وه‌یه‌کی تر بۆ رووداوه‌کانی بادینان (به‌شی یەکەم){ماویه‌تی)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست